مامۆستا سەلام گۆمەشینی چاوی بەیەکجاریی لێکنا

مامۆستا سەلام گۆمەشینی یەکێ بوو لەو مرۆڤانەی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول زوو دەستی بەچاڵاکی سیاسی کردەوە، لە هەولێر دراوسێمان بوو لەگەڵمان زۆر گەرموگوڕ بوو، مەنزیلەت خانی خێزانی و منداڵەکانی هەروا، یەک ماڵ بووین.

منداڵەکانی مامۆستا سەلام ورد بوون و هیچ داهاتیکی ئەوتۆیان نەبوو، کە لە ساڵی ١٩٧٩ دا ڕووی لە چیا کرد و بووە پێشمەرگە. ئەمن هەنگینێ گچکە بووم و هیچم لە سیاسەت نەدەزانی، بەڵام لە پسکەپسکی کامەران و مامۆستا سەلامی هەستم بەشتەکی کردبوو. لە ساڵی ٨١ دا کە داکم گیرا و هەراتین چووینە گوندی نازەنین، چووینە خانوێک کە لەسەر گردەکی لە قەد چیا بوو، ماڵی مامۆستا سەلامیش لەوێ بوون. یادی بەخێر مامۆستا سەلام خۆی لەوێ نەبوو، چون ئەو و زۆرینەی هێزەکان چووبوونە سەرکردایەتی، کۆنگرەیان هەبوو. لەگەڵ وان دووبارە بەیەکتر گەیشتینەوە. خانووەکە دوو ژوور بوو. ئەوان لە ژوورێک، ئێمەش لە ژوورەکەی دی. دوو ژووری ڕەق و ڕووت کە لە قوڕ و بەرد دروستکرابوون. زۆریش پێی ڕازی بووین. هیچمان نەبوو، ئەوانیش تازە هاتبوون هەر هیچیان نەبوو. باش بوو بەهار بوو، فەردە برنجەکمان کڕی و رۆژانە برنج بە هیشکی یا یاپراغی بە شبیت و گۆشتی قووتیمان هەبوو. زۆری نەبرد ئەوان ڕۆیشتن بۆ دۆڵەتوو.

لەماوەی پێشمەرگایەتیدا ماڵی مامۆستا سەلام بەهۆی خەباتی ڕزگاریخوازی هەمیشە لەسەر پشتی هێستر بوو، دەمێ لە خۆشناوەتی، دەمێ لەسەرکردایەتی لە دۆلەتوو، دەمێ لە ڕەزاییە، دەمێ لە خواکورک هتد.

خەباتی مامۆستا سەلام وەکو هەر خەباتگێڕێکی ڕاستەقینە ماندووبوونی بێ بەرامبەر بوو. ئاواتی ئەو ڕزگاری کوردستان، دادوەری، ئازادی و یەکسانی بوو. بۆیە لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان زۆر ناڕازیی بوو. چاوی لە دەسەڵات و دەوڵەمەندی نەبوو، بۆیە هەرگیز خۆی نەدایە دەست حزبە دەسەڵاتدارەکان و ملی بۆ پارە و پۆست کەچ نەکرد. مامۆستا سەلام بەسەربەزری ژیا و بەسەربەرزی سەری نایەوە.

سروشتی ژیان وایە و ڕۆژێ دێ مرۆڤە جوانەکان جێمان دەهێڵن، دوای ملمانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، مامۆستا سەلامی سادە و پاک بەیەکجاری چاوی لێکنا و گەڕایەوەی باوەشی سروشت. گیانی پاکی شاد و یادی هەمیشە زیندوو. پرسە و سەرخۆشیمان بە مەنزیلەت خان و کاکە کۆسرەت و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان دەگەیەنین و هاوبەشی غەمیانین.

11-1-2021