تێپه‌راندنی ده‌ستوری کوردستان هه‌نگاوێکی دیکه‌ی داسه‌پێنه‌رانه‌‌

ده‌ستوری کوردستان که‌ له‌ ئۆگستی 2006 دا بڵاوکرایه‌وه، دوای نزیکه‌ی سێ ساڵ بێده‌نگ بوون و به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌ مانگێک هاته‌وه‌ ناو ناوان و به‌په‌له‌ له‌ پارله‌مان په‌سند کرا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ 25ی ژوڵایدا گشتپرسی له‌سه‌ر بکرێت. ده‌ستوره‌که‌ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پ.د.ک و ی.ن.ک و هه‌ندێ پارتی  پشتگیریکه‌ری ده‌سه‌ڵات (چوار پارته‌که‌) دارشتراوه‌. به‌مجۆره‌ ئه‌ندامانی پارله‌مانی سه‌ر به‌م پارتانه‌ به‌ 96 ده‌نگ دژ به‌ 1 ده‌نگ له‌ 24ی ژوندا په‌سندیان کرد. حه‌فت ئه‌ندامی پارله‌مان دژی ئه‌م ده‌نگدانه‌ بوون و به‌شداریان له‌ دانیشتنه‌که‌دا نه‌کرد. ئه‌وانه‌ پێیانوایه‌ پارله‌مان کاتی به‌سه‌رچووه‌ و ره‌وایه‌تی له‌ده‌ست داوه‌، بۆیه‌ ناتوانێ هیچ بریارێک په‌سدند بکات. پارله‌مانی کوردستان هه‌روه‌کو له‌سه‌ره‌تاوه‌ میکانیزمێکی تێپه‌راندنی بریاره‌کانی ی.ن.ک و پ.د.ک بووه‌، ئه‌م جاره‌ش به‌ئه‌رکی پێسپێردراوی رامیاریانه‌ی هه‌ڵسا.

 

کاتێ به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م به‌ر له‌ په‌سندکردنه‌که‌ ده‌نگۆی په‌سندکردنه‌که‌ هاته‌گۆڕێ، گه‌لێ له‌ شاره‌زایان و ڕۆشنبیران و خه‌لکی دیکه‌ دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌ هۆشیاریان دا و داوای ئه‌وه‌یان کرد که‌ ده‌ستور به‌مشێوه‌یه‌ که‌ گومان له‌ ره‌وایتی پارله‌مان هه‌یه‌ و ده‌ستور که‌موکوری زۆری تێدایه‌ نابێ په‌سند بکرێت. پرۆتستۆ و که‌مپین دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌ کران، به‌ڵام وه‌کو پێشتر له‌ بۆنه‌ی دیکه‌دا بینراوه‌، گوێ به‌م ره‌خنه‌ و ناره‌زاییانه ‌نه‌درا.

 

ده‌سته‌ی پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستور که‌ ده‌سته‌یه‌کی سه‌رۆکایه‌تی بۆ پێکهێنرابوو و له‌ لایه‌ن فرسه‌ت ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتی ده‌کرا، له‌ دوای 2006 ه‌وه‌ تا دوو مانگ به‌ر له‌ ئێستا هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجام نه‌دا. ئه‌م تێبێنی و پێشنیارانه‌ی پسپۆر و ڕۆشنبیران دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ستور بڵاویانکرده‌وه‌ یا راسته‌وخۆ بۆ ده‌سته‌ی ده‌ستوریان نارد، زۆربه‌یان پشتگوێخران و سه‌یر نه‌کران. به‌پێی ئاگاداری د. نوری تاله‌بانی شاره‌زا له‌ بواری کانوندانان و ده‌ستور، سه‌رۆکی ده‌سته‌که‌ که‌ که‌سێکی خۆسه‌پێنه‌ره‌،‌ به‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌که‌ی گوتبوو بۆخۆیان ئازادن ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م تێبینیانه‌ ده‌که‌ن.

من ئه‌وسا هه‌وڵمدا تێبینی بۆ سایته‌که‌یان بنێرم ‌، به‌لام سایته‌که‌ کاری نه‌ده‌کرد! به‌کورتی ئه‌م بانگاشه‌یه‌ی ئه‌وان بۆ شاره‌زایان و خه‌ڵکی دیکه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی تێبینی و پێشنیار ته‌نها ریکلامه‌بوو. جگه‌ له‌ داواکاری و تێبینیه‌کانی پارته‌ لایه‌نگره‌کانیان پێشنیاری خه‌ڵکی بێلایه‌ن گرنگیان پێنه‌درا.

به‌پێی گوتنی د. نوری ئه‌م ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌که‌ له‌کاتی پشووی پارله‌مادا ناکانونیانه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نائاساییدا که‌ له‌ ئۆگۆستی 2006 و ژولای 2008 دا سازیکرد، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ کۆمه‌ڵی ده‌ستکاری له‌ ده‌ستوره‌که‌دا‌ کردووه‌. واپێده‌چێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌م کاره‌ راسپیردرابن. و‌ه‌کو له‌ کرداره‌کانیان ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌وان که‌سانێکن به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌جوڵێنه‌وه‌، نه‌ک ئه‌رکی کانونی ئه‌وان چییه‌ و ده‌بێ چۆن به‌ئه‌رکی خۆیان هه‌لبستن. ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا ده‌رده‌که‌وێ، ده‌سته‌ی ده‌ستور و سه‌رۆکه‌که‌ی ده‌سته‌یه‌کی ته‌مبه‌ڵ و بێتوانا و لایه‌نگیری ده‌سه‌ڵات بوون، بێتوانا و ناپرۆفیشنال بوون، بۆیه نه‌یانتوانی به‌ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵسن.

 

جێگه‌ی سه‌رنجه‌ که‌سێکی شاره‌زا و خاوه‌ن توانای وه‌کو د. نوری تاله‌بانی ده‌ستی له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستور کێشایه‌وه‌، ئه‌و هۆکاری ده‌ستکێشانه‌وه‌که‌ی بۆ که‌شی‌ نادیموکراسی و داسه‌پێنه‌رانه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستور، وه‌ کاری ناکانونی و ناره‌وای ده‌سته‌که‌ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌. د. نوری تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1992دا‌ پرۆژه‌ی ده‌ستوری ئاماده‌کرد و خستیه‌ به‌رده‌می سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتداره‌‌کانی ئه‌وسا، به‌ڵام گرنگی پێنه‌درا. 

 

بۆ مسۆگه‌رکردنی دڵنایی داد و ستاتی داد، ده‌ستور بنچینه‌یه‌کی هه‌ره‌گرنگی بوونی ستاتی دادپه‌روه‌ره‌. بۆیه‌ ده‌بوایه‌ له‌ ساڵی 1992 ئه‌م ده‌ستوره‌ بنوسرێت و په‌سنبکرێت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پارته‌کان له‌ ئاستی ئه‌م ئه‌رکه‌دا نه‌بوون، ‌ ئه‌وسا ئه‌وه نه‌کرا.

 

پێویسته‌ بگوترێت، که‌وا پارله‌مانی کوردستان له‌ 4 ی ژونی 2009 دا کاتی کانونیی خولی خۆی تێپه‌راند، بۆیه‌ پرسیار له‌سه‌ر ناره‌وایی درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی پارله‌ماندا هه‌یه‌، له‌ کاتێکدا وڵات هیچ کێشه‌یه‌کی رامیاری یا ته‌نگژه‌یه‌کی نه‌بووه‌ که‌ بتوانێ درێژبوونه‌وه‌که‌ ره‌وا بکات. درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پارله‌مان، له‌ سایه‌ی کانون و بڕیاره‌ لاستیکیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی هاتۆته‌دی. که‌ کشان و هاتنه‌وه‌یه‌کی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکه‌کان ده‌گۆڕێت. 

 

بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ و ره‌وایه‌تی دان بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی پارله‌مان، پارله‌مان نمونه‌ی پارله‌مانی سودانی هێنابۆوه‌، پارله‌مانی سودان که‌ پارله‌مانی رژێمێکی ئیسلامیی و دیکتاتۆره‌ که‌ تاوانباره‌ له‌ کوشتی 300 هه‌زار و ده‌ربه‌ده‌رکردنی 2 ملیۆن موسوڵمانی دارفوری له‌ خاکی خۆیاندا، تاوانباره‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی کریستیانه‌کانی خوارووی سودان، تاوانباره‌ له‌ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا، کراوه‌ته‌ نمونه‌ بۆ هه‌نگاوه‌کانانیان. له‌م هه‌موو وڵاتی ئازاد و پیشکه‌وتوو نمونه‌ی پارله‌مانی سودانی تۆتالیتار و ژینۆسایدکار لای پارله‌مانی کوردستان له‌ هه‌مویان گرنگتر بوو. به‌ڕاستی لێره‌دا نرخ و به‌های ئه‌م پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان چاکتر ده‌رده‌که‌وێت.

 

دیاره‌ ره‌خنه‌ گیران و داواکاری دواخستنی په‌سندکردن به‌رزرکرایه‌وه‌. ده‌سه‌ته‌ی کانونی پارله‌مانی کوردستان وه‌لامی که‌س و رێکخراوه‌ بێلایه‌نه‌کانی هه‌ر نه‌دایه‌وه‌، له‌وه‌ڵامی که‌سانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتدا لوتبه‌رزانه‌ وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ ره‌خنه‌کان و داوای دواخستنی په‌سندکردنی ده‌ستور ده‌داته‌وه‌، بۆنمونه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ختی و نادروستی ده‌نگدان له‌سه‌ر سێ بابه‌ت ( ئه‌ندامانی پارله‌مان، سه‌رۆک، ده‌ستور) ده‌ڵێن “ئه‌وه‌ ‌تایبه‌تمه‌ندی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنه‌ و ئه‌وان په‌سندیان کردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ کار ئێوه‌ نییه‌!”. دیاره‌ کۆمیسیۆنی باڵا له‌ژێر کاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ رامیاریه‌کاندایه‌ و سه‌ربه‌خۆ نییه‌. قه‌ده‌غه‌کردنی لیستی هیوا به‌ڵگه‌ی ئاشکرایه‌. هه‌روه‌ها پێیان ده‌لێ، “ئێوه‌ش درێژبوونه‌وه‌که‌تان گومانی له‌سه‌ره‌”. لێره‌دا بێئاگایانه‌ خۆی گومان ده‌خاته‌سه‌ر ره‌وایی درێژکردنه‌وه‌ی خولی پارله‌مانه‌که‌یان.

 

ده‌ستوره‌که‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ 2006 دا بلاوکراوه‌، پڕبوو له‌ که‌موکوری و لاوازبوو، جگه‌له‌وه‌ی که‌ پێشه‌کی و پاشه‌کیه‌که‌ی که‌ وه‌کو ده‌ڵێن سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ده‌ستور نووسیبویه‌وه‌، زۆر درێژدادر، رامیاریانه‌، لاواز و ناکانونی نوسرابوون. ئێستا ئه‌وه‌ی په‌سندکراوه‌ چییه‌ و چۆنه‌، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه‌یانبینیووه‌ و نازانن چی تێدایه‌. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و پارله‌مانه‌که‌یان ده‌زانن چی تێدایه‌. سه‌باره‌ت به‌مه‌ پسپۆر و شاره‌زایانی ره‌خنه‌گر ده‌نگیان ناگاته‌ خه‌ڵک، ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵک ده‌گات ته‌نها پێداهه‌لگوتنی ده‌ستور، رۆڵی مێژوویی ده‌سه‌ڵات و قارمانیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌. هه‌ره‌کو پێشتر له‌ بۆنه‌ی تر بینراوه، ‌راگه‌یاندنی سه‌ره‌کی له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و له‌وێشه‌وه‌ ته‌نها ده‌نگی به‌ڵێ و ستایش ده‌بیسترێت.  

 

جگه‌ی سه‌رنجه‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی پێیوایه‌ په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و بنیادنانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی قانوون. به‌مجۆره‌ ی.ن.ک و پ.د.ک و لایه‌نگرانیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ تائێستا ستاتی کانون و دادوه‌ری له‌ کوردستاندا بوونی نه‌بووه‌. دوای 18 سال فه‌رمانره‌وایی داسه‌پێنه‌رانه‌ی پر تاوان، سکه‌نداڵ و گه‌نده‌ڵی، ‌ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران خه‌ریکه‌ هه‌ست به‌ پێویستی بوونی ده‌ستور ده‌که‌ن. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیان بوونی ئه‌م ده‌ستوره‌ “به‌مجۆره‌” ده‌خوازێ.  

 

به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌یه‌کی کانونی پرۆفیشناڵ دانه‌ڕشتراوه‌، به‌ڵکو ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی رامیاری پ.د.ک و ی.ن.ک و لایه‌نگرانیانی کردووه‌،‌ واپێده‌چێ ئه‌م ده‌ستوره‌ زۆر بڕ ناکا و کێشه‌ی زۆری ده‌که‌ویته‌پێش، بۆیه‌ چاره‌نووسی ئه‌م ده‌ستوره‌ ئه‌گه‌ر تورهه‌لدانی نه‌بێت، ده‌ستکاری و گۆڕینی بنچینه‌ییه‌ له‌ داهاتووی نزیک یا دووردا.

 

نامه‌وێ زیاتر له‌سه‌ر ده‌ستور بڕۆم و ره‌خنه‌ و تێبینیه‌کانی پێشووم دووباره‌ بکه‌مه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ خوێنده‌وه‌ی زیاتر ده‌کرێ سه‌یری ئه‌م لینکانه‌ بکه‌ن که‌ تیایدا به‌ درێژتر له‌سه‌ر ده‌ستور و سیسته‌می پارله‌مانتاریزم و سه‌رۆکایه‌تی نوسراوه‌‌.

 

 

http://kadirshorsh.com/Desturi%20Kurdstan1.pdf

 

http://kadirshorsh.com/Desturi%20Kurdstan2.pdf

 

http://kadirshorsh.com/Desturi%20Kurdstan3.pdf

 

http://kadirshorsh.com/DesturiKurdstan4.pdf

 

http://kadirshorsh.com/Serokaeiti%20ya%20Perlemantari%20le%20b.%20Kurdistan..2.5.05.pdf

 

http://kadirshorsh.com/Perlemani%20Kurdistan%20u%20pesindkirdni%20sistemi%20serokaieti..18.pdf

 

 

شاخه‌وان شۆڕش

ژونی 2009