خۆپیشاندان بۆ بنیاتنان و باشترکردن

هەڵەیە خۆزگە بە گەڕانەوە بۆ ژێردەستی عێراق بخوازرێت. عێراق وێرانەیە و بەدەردی گەندەڵی، تایفی و مەزهەبیەوە دەناڵێنێت. شۆڤینیزمی ئیسلامی و ناسیونالیستی لەوێ بەهێزە و بێگومان دەستیان بڕوا نەک تەنها ئازادی تاک، بەڵکو دژی مافەکانی گەلی کوردستان دەوەستنەوە و بەرهەمی کۆڕەوەکەی گەلیش ناهێڵن.

خۆپیشاندان بۆ بنیاتنان و باشترکردن

مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و ناپاکچی خۆپیشاندان بکەن، تەنانەت مافی ڕەوای خەلکە خۆی ئەرکی گۆڕینی دەسەڵات بگرێتە ئەستۆ، لەکاتێکدا دەسەڵات دیسپۆتی و خۆسەپێنەرە و گوێ بە داواکاریەکانی خەڵک نادات.

پێویستە خۆپیشاندان بۆ چاککردن و بنیاتنان بێت، نەک تێکدان و وێرانکردنی بنەما بەڕێوەبەریەکان. ڕاپەڕینی بێ پلان و نارێکخراوەیی ئەنارکیەت دروست دەکات کە زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەگەیەنێت و بارەکە خراپتر دەکات باشی ناکات. بەداخەوە خەڵک تووڕەن و هەرچی بۆنی دەسەڵاتی لێ بێت ئامادەن بیسوتێنن، بەڵام وەکو گوترا دامەزراوە بەڕێوەبەرییەکان لە کۆتاییدا هی کۆمەلگەیە و زیانەکەش بەبەرژەوەندی گشت دەگات.

هەموو دەزانن کێن ئەوانەی هەرێمیان بەم رۆژە گەیاند. کە ئەوان لە ئاستی بەرپرسیاریدا نین و دژی بەرژەوەندیەکانی کوردستانن، ڕەوایە خەڵک لێیان تووڕە بن هەوڵی لادان و گۆڕینیان بدەن.

یەکەی سیاسی هەرێم دەستکەوتی ڕاپەڕین و کۆڕەوەکەیە و هی یەکێتی و پارتی نییە، هەروەها دامودەزگا بەڕێوەبەرییەکانی هەرێم هی گەلی کوردستانن. بۆیە وێرانکردن و سوتاندنی دامودەزگاکان زیانە بە بەرژەوەندیەکانی خەلک دەکەوێت. بەهەمان شێوە نەمانی یەکەی سیاسی هەرێم زیانە بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان دەکەوێت.

دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لێرەدا سەرنجی بدرێت. یەکەم: خەڵک دەبێ وریا بن نەکەونە داوی ململانێی پارتە ملیشیاگەراکانی کوردستان و بەدوای ئامانجی ئەوان نەکەون. وەکو بینیمان لە دەرفەتی گونجاودا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای یەکتر و تاڵانی بارەگای یەکتریان کرد. دووەم: پێویستە بیر لە گۆڕینی دەسەڵات بکرێتەوە نەک وڵات وێران کردن و رادەستکردنی بە دەسەڵاتی عێراق.  هەڵەیە خۆزگە بە گەڕانەوە بۆ ژێردەستی عێراق بخوازرێت. عێراق وێرانەیە و بەدەردی گەندەڵی، تایفی و مەزهەبیەوە دەناڵێنێت. شۆڤینیزمی ئیسلامی و ناسیونالیستی لەوێ بەهێزە و بێگومان دەستیان بڕوا نەک تەنها ئازادی تاک، بەڵکو دژی مافەکانی گەلی کوردستان دەوەستنەوە و بەرهەمی کۆڕەوەکەی گەلیش ناهێڵن.

گۆڕینی سیستەمی سیاسی کوردستان بە سیستەمێکی باشتر خەون و ئاوانی هەموو خەڵکی کوردستانە. ئەگەر لەتوانادا بێت، بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان پێویستە پلانی بنچینەیی هەبن. پلانی قۆناغی گواستنەوە هەبێت و کار بۆ سەپاندنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بکرێت. ئەوەش لەڕاستیدا بەبێ هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی خەڵکیی کارا تائێستا ئەگەرێکی ناریالیستانەیە.

 

شاخەوان شۆڕش

٨/١٢/٢٠٢٠