کاک عومەری سماقوڵی کۆچت بەخێر

کاک عومەر مەولود کەسایەتیەکی پاک و قارەمان، بەڕیز، سینگفراوان و میوان دۆست، لەرۆژانی سەختی خەباتی نهێنی لە شاردا لە هەشتاکاندا هەمیشە ئامادەی هاوکاری بوو، ئەگەر مەرگ لەبەردەمیشی بوایە کێشەی نەبوو. لە دەستوەشاندن لە هێزەکانی رژێم بوایە یا ئەرکیتری حزبی بوایە ئەو هەرگیز گلەیی نەبوو.

کاک عومەری سماقوڵی کۆچت بەخێر

کاک عومەر مەولود کەسایەتیەکی پاک و قارەمان، بەڕیز، سینگفراوان و میوان دۆست، لەرۆژانی سەختی خەباتی نهێنی لە شاردا لە هەشتاکاندا هەمیشە ئامادەی هاوکاری بوو، ئەگەر مەرگ لەبەردەمیشی بوایە کێشەی نەبوو. لە دەستوەشاندن لە هێزەکانی رژێم بوایە یا ئەرکیتری حزبی بوایە ئەو هەرگیز گلەیی نەبوو.

بەهۆی ئەوەی لەگەڵ کاک قادر (هۆشمەند) لە رێکخستنی شاردا بەیەکەوە کارمان دەکرد، زوو زووە دەچوومە ماڵی کاک عومەر، ئەویش هەمیشە بەڕێز و ڕوو خۆش بوو، ئامادەی هاوکاری بوو. ئەگەر هەڤاڵ هۆشمەند لەماڵ نەبا ئەوا چاوەڕێم دەکرد، دوای خواردنەوەی چەند چایەکی خەستی شیرین، هەڤاڵ هۆشمەند پەیدا دەبوو.

جارێکیان چەند کلاشینکۆفێکم لەکن بوو، ماڵی ئێمەش کەڵکی ئەوەی نەبوو چەکی لێ بی، چونکە لەلایەن رژێمەوە ناسرا بووین. کاک عومەر گوتی بۆ منیان بێنە. منیش کلاشینکۆفەکانم بە پەتووێک پێچا و لەناو گونیەکم پەستان و سەرم گرێدا. بەو شێوەیە دیار نەبوو گونیەکە چی تێدایە، ترومبێلمان نەبوو، لەگەڵ برادەرێکی نزیک کاک رەمەزانی پلکە خەجیجی رێککەوتین، کە پیکابێکی داتسۆنی هەبوو، ئەو هات و گونیەکەمان فڕێدا پشتی پیکابی. لەگەڕەکی موفتیەوە بۆ گەڕەکی سێتاقان چووین. باش بوو تووشی هیچ سەیتەرەکی ئەمن و جەیشی شەعبی نەبووین، ئەگەرنا بێشک سەرمان دەچووە قوڕێ. چووین بۆ لای ماڵی کاک عومەر، کە لەبەر دەرگە وەستابوو، گونیەکەم هێنا خوار و دامێ. ئەویش وەریگرت و لای خۆی پاراستنی.

جارێکیان (وەکو گوێم لێ بووە) مەفرەزەیەکی سۆسیالیست دێنە شار بۆ ئەنجامدانی چاڵاکیەک، کاک عومەر و یەک دوو کەسی دی هاوکاریان دەکەن و بەشداری دەکەن، لە چالاکیەکەدا زیان بە هێزەکانی دوژمن دەگەیەنن، کوژراو و برینداریان هەبووە. چالاکیەکە لە شار دەنگدەداتەوە و خەلک باسی دەکەن. ئەوجا هەندێ دەڵێن فلان مەفرەزەی سۆسیالیست بووە، هەندێ دەڵێن مەفرزەی فڵانی یەکێتی بوون. ئەو جۆرە قسانە دوای هەر چاڵاکیەک لە نێو خەڵکدا ئاسایی هەبوون. یەکودوو رۆژ دوای چاڵاکیەکە کاک عومەر لە ماڵێکدا مێوان دەبێت، کۆمەڵێک کەس لە برادەر و کەسوکار لەوێ دەبن. باسی چاڵاکیەکە دەکرێت، یەکێ کە خۆی مەیلی یەکێتی هەبوو، بەدەنگی بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێ “ئەوە یەکێتی بوون!” کاک عومەریش دەڵێ “نا نا یەکێتی نەبوون!” کابراش دەلێ “نا یەکێتی بوون!” کاک عومەر: “نا نا وەنیە، یەکێتی نەبوون!” کابرا: “نا یەکێتی بوون!” کاک عومەر: نا یەکێتی نەبوون!” کابرا:” وڵاهی یەکێتی بوون!” کاک عومەر” وەلاهی ئەمن دەزانم یەکێتی نەبوون!” کابرا هەر نایەتەڕایێ و دەڵێ ” یەکێتی بوون، بەس ئەتوو پێت ناخۆشە لۆیێ ئینکار دەکەی!” کاک عومەر:”کورە بەخوای یەکێتی نەبوون!” کابرا:”کوو دەزانی یەکێتی نەبوون؟” کاک عومەر:”کورە ئەمن لۆخۆم لەگەر بووم!”

چالاکیەکانی کاک عومەر مەولود ئاماژە بە ئازایەتی و چاونەترسی ئەو مرۆڤە قارەمانە دەکەن، نازانم خۆی هیچی نووسیتەوە یان نا، خۆزگە ورد و درشتیان دەنوسرانەوە.

زۆر بەداخەوە کاک عومەر چیتر بەرگەی ئازارەکانی ژیانی نەگرت و نەخۆشی زەفەریان پێ برد، چاوی بەیەکجاری خستەسەر یەک و بۆ دواجار بەجێیهێشتین. گیانی پاکی شاد، ئارامی و خۆڕاگری بۆ ئەندامانی خێزانەکەی و کەسوکاری و هاوڕێیانی. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزانە تێکۆشەر و مرۆڤدۆستەکەی دەکەین.

شاخەوان شۆرش

٣١/١٠/٢٠٢٠