چارلی هەبدۆ

گۆڤارەکە وابووە و ڕێبازەکەی وابووە کە لە ڕەخنەکانیدا گاڵتە ئامێز و ڕەق و تیژ بێت، گاڵتە بە کەسایەتیەکان بکات و لەمیانەیدا رەخنەی تیژ ئاراستە کردووە. ئەو کارەی نووسەرانی رۆژنامەکە کردوویانە لە چوارچێوەی مافی ئازادی دەربڕیندا بووە و مافێکە لەدەستوری فەرەنسادا چەسپێندراوە.

چارلی هەبدۆ

٢٧/١٠/٢٠٢٠
شاخەوان شۆڕش

گۆڤاری چارلی هەبدۆ گۆڤارێکی هەفتانەی چەپی ساتیرکار و کۆمیدیە لەساڵی 1970 وە هەیە، رەخنەکانی ڕادیکاڵ و تیژ و تووندن بەتایبەتی بەرامبەر بەو کەس و گروپانەی بابەتی رۆژەڤی کۆمەلگەن، گۆڤارەکە کاریکاتێری پێکەنیناوی لەسەر کەسایەتی و دینەکان و پێغەمبەرەکان بۆ نمونە عیسا بەتایبەتی هەبووە، گۆڤارەکە وابووە و ڕێبازەکەی وابووە کە لە ڕەخنەکانیدا گاڵتە ئامێز و ڕەق و تیژ بێت، گاڵتە بە کەسایەتیەکان بکات و لەمیانەیدا رەخنەی تیژ ئاراستە کردووە. ئەو کارەی نووسەرانی رۆژنامەکە کردوویانە لە چوارچێوەی مافی ئازادی دەربڕیندا بووە و مافێکە لەدەستوری فەرەنسادا چەسپێندراوە.

کە ئەو رۆژنامەیە چەند وێنەیەکی کاریکاتۆری لەسەر محەمەد پێغەمبەری موسولمانان لەساڵی 2006 و ساڵانی دواتر بلاوکردەوە، ئیسلامیەکان گڕیانگرت و فەتوای لە ناوبردنی نووسەرانیاندا. لە ئەنجامدا لە سالی 2011 و 2015 دا کەوتنەبەر هێرشی ئیسلامییە تووندڕەوەکان. جێگەی تێبینییە کەوا جگەلە کۆمەلگەی موسولمان و بەتایبەتی ئیسلامیەکان، هیچ کۆمەلگەیەک کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ بلاوکردنەوەی وێنەکاریکاتێریەکاندا پێشتر نەبوو. لەڕاستیدا ئەو کاریکاتێرانەی لەسەر عیسا دروستیان کردووە زۆر لەوەی سەر محەمەد گاڵتەئامێزتر زەق و هێرشبەرانەترن. وێنە کاریکاتۆرەکان زۆربەیان لە ئەنتەر نێتدا هەن و دەتوانن بیان بینن. گرنگە لێرەدا ئەوە بگوترێت، بیروهزری نوسەران و وێنەکێشانی گۆڤاری چارلی هەبدۆ هی خۆیانە و هی حکومەتی فەڕەنسا نییە.

لە فەرەنسا و ولاتانی دیکەی رۆژئاوای ئەوروپادا مافی ئازادی دەربڕین هەیە، زۆر ئاساییە رەخنە لە بابەتە گشتیەکان راشکاوانە بگیرێت. چونکە بابەتەکان گشتین و پەیوەندیان بە هەموو کۆمەلگەوە هەیە. ئەو بابەتانە بۆنمونە وەکو حکومەت و پارتەکان و کەسە گرنگەکان، هەروەها بیروڕاو ئایدۆلۆژیا و دینەکان و کەسایەتییەکان. دەکرێ بڵێین کەوا سەبارەت بە کەمینە ئێتنیەکان تاڕادەیەک بە وریاییەوە رەخنە دەگیرێت، بەڵام بەرامبەر بە زۆرینە زۆر راشکاوانەتر و تووندترن.

ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێ، جودایەکی گەورە لە نێوان ئاستی هوشیاری مرۆڤەکان و کۆمەلگەی رۆژهەلاتی و ڕۆژئاواییدا لەڕاستیدا هەیە. هەروەها جودایەکی گەورە لە نێوان قورسایی دین لە کۆمەلگەی رۆژهەلاتی و ڕۆژئاواییدا هەیە. لە رۆژئاوای ئەوروپادا دین رۆلێکی ئەوتۆی نییە و دەسەلاتێکی لاوازی کۆمەلایەتی هەیە، لە کۆمەلگەی موسوڵماناندا لە گەلێ وڵاتدا دین رۆڵی کاریگەر لەسەر یاسادانان و بەڕێوەبردن دەبینێت، ئەگەر دەستی بەسەر هەموو بوارەکاندا نەگرتبێت. لە کۆمەلگەی موسولماناندا ئیسلامیەکان لەهەر کوێ بن ئامادەن لەسەر دین گیان ببەخشن، بەڵام لە رۆژئاوای ئەوروپادا ئەوە نابیندرێت و دین بابەتێکە ئەوە ناهێنێ مرۆڤ خۆی لەسەر بەکوشتدات. توندڕەوەکانی دینی مەسیحی بۆنمونە ئەوانەن کەوا لە دەرگەی ماڵان دەدەن و پەیامی ئایینەکەیان دەگەیەنن، بەڵام ئەوانە دژی هەموو جۆرە تووندووتیژیەکن.

ئەم رووداوەی ئێستای فەرەنسا و یاخیبوونی بەشێک لە کۆمەڵگەی موسولمانان لە دژی فەرەنسا، ئەوەمان پێ دەڵێت کە هێشتا ئەم جوداییە زۆر گەورەیە و زۆر بە ڕوونی هەیە.