ئازادی دەربڕین لەسەرووی هەر دینێک یا بیروباوەڕێکە

فەرەنسا دژی دینی ئیسلام نییە، بەلکو دژی ئیسلامیستەکانە، چونکە ئیسلامیستەکان دژی ئازادی و دیموکراسین. لە فەرەنسا ئازادی دەربڕین هەیە و رەخنە لە هەموو کەس و ئایینێک دەکرێ بگیرێت… ئازادی دەربڕین مافێکە و هەموو کەس هەیەتی، هەرکەسە خۆی ئازادە چۆن ڕەخنە دەگرێت، بۆیە دیدەکان لەمبارەیەوە جیاوازن، زۆرینە لەگەل ئەوەیە هۆشیارانە سوود لەو مافە وەربگیرێت…

ئازادی دەربڕین لەسەرووی هەر دینێک یا بیروباوەڕێکە

٢٤/١٠/٢٠٢٠

شاخەوان شۆرش

لەفەرەنسادا سیستەمێکی دیموکراسی و سیکولار پیادەدەکرێت، هەموو کۆمەلگە ئێتنیەکان بۆیان هەیە پیادەی ئایینی خۆیان ئاشتیانە بکەن، بۆیە موسڵمانان وەکو جووەکان یا ئێزدیەکان یا خەلکی دیکە بۆیان هەیە پیادەی دینی خۆیان ئاشتیانە بکەن. دەتوانن پیادەی مافی خۆیان بکەن و سکاڵا لە هەر جۆرە پێشێلکاریەک بەپێی یاسا بکەن. بەڵام نابێ دینەکان ببنە هۆی مەترسی لەسەر ئازادی و ژیانی هاولاتیان، وە پێویستە قبوولی یاسا و سیستەمی وڵات بکەن و بەرامبەر بە ئازادی هاولاتیان لە دەربڕیندا سنگیان فراوان بێت. تووندڕەوی کە دەبێتەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی هاولاتیان ڕێگەی نادرێت. بۆنمونە قبووڵی سەربڕین و کوشتی هاوڵاتیان لەژێرناوی دینەوە ناکرێت. ئەم سیستەمەی فەرەنسا پەیوەندی بەوە نییە کێ سەرۆکی فەڕەنسایە. ماکرۆن بێ یا هۆلاندە یا هەر یەکیتر هیچ لەبارەکە ناگۆڕێت.

فەرەنسا دژی دینی ئیسلام نییە، بەلکو دژی ئیسلامیستەکانە، چونکە ئیسلامیستەکان دژی ئازادی و دیموکراسین. لە فەرەنسا ئازادی دەربڕین هەیە و رەخنە لە هەموو کەس و ئایینێک دەکرێ بگیرێت… ئازادی دەربڕین مافێکە و هەموو کەس هەیەتی، هەرکەسە خۆی ئازادە چۆن ڕەخنە دەگرێت، بۆیە دیدەکان لەمبارەیەوە جیاوازن، زۆرینە لەگەل ئەوەیە هۆشیارانە سوود لەو مافە وەربگیرێت… سوکایەتی و ئیهانەکردن دژ بە کەمینەکان دەکرێ بەپێی یاسا سزای بکەوێتە سەر.

ئەو مامۆستایەی (ساموێل پاتی، مامۆستای ناوەندی لە گەرەکێکی پاریس) کە ئیسلامیەکی توندڕەو کوشتی، وەکو مامۆستا پیشەی خۆی پیادەکردووە، باسەکەی لەسەر ئازادی دەربڕین بووە، وە بەرلەوەی کاریکاتۆری پێغەمبەری موسوڵمانان پیشان بدات داوای لە خوێندکارە موسولمانەکان کردووە کە دەتوانن بچنەدەرەوە ئەگەر نایانەوێ بیبینن. ئەو مەبەستی نەبووە سوکایەتی بەکەس و هیچ دینێک بکات. دیارە ئیسلامیستەکان ئەوەیان قبووڵ نییە و ئەم ئازادیەیان بۆ هەزم ناکرێت.

لەفەرەنسادا ئازادی گوتن، نوسین، گەیاندن و بڵاوکردنەوە مافێکە هەیە، کەسێک، گۆڤارێک یا ڕۆژنامەیەک وێنەیەکی کاریکاتۆری بڵاودەکاتەوە یا بۆچوونێکی تایبەت بڵاودەکاتەوە، ئەوە ڕای ئەو گۆڤارە یا ڕۆژنامە یا کەسەیە، نەک وڵاتی فەرەنسا. پێویستە ئەو دوو بابەتە لەیەکتر جوداکرێنەوە.

ولاتانی یەکێتی ئەوروپا هەڵگری هەمان بەها دیموکراسیەکانن کە لە فەرەنسادا هەیە. بۆیە نە گۆڕان لە سیستەم و بەهادیموکراسیەکانی فەرەنسا دەبێت، نەلە هیچ شوێنێکی تری یەکێتی ئەوروپا. ئەوە ئەگەر ولاتانی موسولمان یا ئیسلامی چاوەڕوانی گۆڕانێکی لەم جۆرە بن. سەرۆکی فەرەنسا ئیمانۆیل ماکرۆن لە ڕەخنەکانیدا جیا لەهەر سەرکردەیەکی ئەوروپی تووندتر بووە، دیارە ئەو شتێکی زیاتری نەگوتووە لەوەی کە گەلێ لە سەرکردە ئەوروپیەکان لێی ئاگادار نەبن. بەڵام ئەو یەکەم سەرکردەی ئەوروپیە راستەوخۆ و بەدەنگی بەرز رەخنەکانی دەردەبڕێ.

سەبارەت بە ئەردۆغان، لەبەرئەوەی فەرەنسا دژی سیاسەتی ئەردۆغانە، ئەردۆغان ئەو بابەتە بەهەڵە لە خەلک دەگەیەنێ و دژایەتی فەرەنسا لە نێو موسڵمانان بەهێز دەکات.  دیارە دژایەتی ئەردۆگان بۆ هەموو ئەوروپایە، دەلێ “چەوساندنەوەی موسوڵمانان لە ئەوروپا گەیشتۆتە ئاستی چەوساندنەوەی جوولەکەکان لە پێش جەنگی جیهانی دووەمدا!”  بابەتەکە پەیوەندی بە پۆلیتیکی هەرێمی هەیە و دژایەتی بەرژەوەندیەکانە. زۆرینەی سەرانی ئەوروپا زۆر لە ئەردۆگان بێزارن و دەزانن چ گەمژەیەکی خۆبەزلزانە، بەلام لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان کاردانەوەیان سنوردار و لاوازە. ئەگینا تەنها یارمەتی لە تورکیا ببڕن تورکیا دەکەوێ.

 

هەندێ بەناو ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە گوتنەکانی ماکرۆن سەغلەتن و چوونەتە لای کۆنسولی فەرەنسا و نامەی نیگەرانیان پێداوە. لەلایەن تورکیا و ئێران رۆژانە پێشێلکاری دەکرێت، کورد دەکوژن و خاک داگیر دەکەن، بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەنگی نەبووە و ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ ناڕەزایی نەچووە کۆنسلی ئەو ولاتانە، ئێستا لەسەرئەوەی فەرەنسا کاردانەوەی دژی ئیسلامییە توندڕەوەکان هەیە، نوێنەری پەرلەمان چووە نامەی نیگەرانیان داوەتە کۆنسلی فەرەنسا!

گەلی کورد بەگشتی پشتگیری ئازادی دەربڕین ومافە دیموکراسیەکان دەکات، وە ئاگاداری ئەوەن کەوا فەرەنسا ڕۆڵی گرنگی لە هاوکاری کوردان لە دوای ساڵی ١٩٩١ یەوە گێڕاوە. بۆ کورد فەرەنسا وڵاتێکی دۆستە. جگەلەوەی کورد خۆی لە جەنگی داعش و ئیسلامیەکانی سەر بە ئەردۆگانی دیکتاتۆرە، چۆن دەتوانێ پشتگیری ئەردۆگان لەم ململانێیەدا بکات.