هەندێ تێبینی لەسەر وتارەکەی مەسرور بارزانی

خۆ من ڤایرۆسی کۆرۆنام نەهێناوە: ئەو نەیهێناوە بەڵام مەسروور چی بۆ خەلکی ئەو کۆمەڵگەیە کرد کە خۆی لێی بەناو سەرۆکە؟ چەند نەخۆشانەی دروستکرد؟ چەند گرنگی بە نەخۆشخانەکاندا؟ چەند داوودەرمان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی خستە بەردەست خەلکە نەخۆشەکە؟ چەند هاوکاری کرێکار و فەرمانبەر و خاوەن پیشە بچووکەکانی کرد و قەرەبووی زیانەکانی بۆ کردنەوە؟ چەند مووچەی کرێکار و فەرمانبەرانیدا؟ لەبری مووچە پێدان، مووچەی کەمکردنەوە، کەچی هێشتا مووچەی پێنادرێت. لەبری بەهێزکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکانی سەربە خۆیان و تورکەکان کەوتنە گیانی نەخۆشەکان و خەلکیان ڕووتاندەوە و دەڕووتێننەوە.

 

هەندێ تێبینی لەسەر وتارەکەی مەسرور بارزانی

 

دەکرێ لەسەر چۆنیەتی و گوتنەکانی ئەو زۆر بنوسرێن، بەڵام لێرەدا بەکورتی هەندێ تێبینی لەسەر هەندێ خاڵ دەخەمەڕوو.

سەرۆک و فەرشی سوور: لە هەر ولاتێکدا سیستەمێکی تاڕادەیەک ڕەوای هەبێت، کە سەرۆک وەزیران دەچێتە پەرلەمان، نە فەرشی سووری بۆ رادەخرێت و نە ڕێچکەی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت. راخستنی فەرشی سوور ئاماژەیە بۆ ئاستی لووتبەرزی ئەو مرۆڤە کە خۆی لەسەرووی هەموو دەسەلات و دامودەزگاکانەوە دەبینێت. ئەگەر پەرلەمان کارتۆنی نەبووایە، پەرلەمانی دروست و تەواوبایە، ئۆپۆزیسۆن بە رەخنەی تیژ و گەندەڵکوژانە ئارەقەی شەرمەزاریان پێ دەڕشت و بەسەری کزەوە دەچووە دەرەوە.

خۆ من ڤایرۆسی کۆرۆنام نەهێناوە: ئەو نەیهێناوە بەڵام مەسرور چی بۆ خەلکی ئەو کۆمەڵگەیە کرد کە خۆی لێی بەناو سەرۆکە؟ چەند نەخۆشانەی دروستکرد؟ چەند گرنگی بە نەخۆشخانەکاندا؟ چەند داوودەرمان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی خستە بەردەست خەلکە نەخۆشەکە؟ چەند هاوکاری کرێکار و فەرمانبەر و خاوەن پیشە بچووکەکانی کرد و قەرەبووی زیانەکانی بۆ کردنەوە؟ چەند مووچەی کرێکار و فەرمانبەرانیدا؟ لەبری مووچە پێدان، مووچەی کەمکردنەوە، کەچی هێشتا مووچەی پێنادرێت. لەبری بەهێزکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکانی سەربە خۆیان و تورکەکان کەوتنە گیانی نەخۆشەکان و خەلکیان ڕووتاندەوە و دەڕووتێننەوە.

نەهاتنی مووچە خەتای من نییە: بێگومان خەتای مەسرور و بابی و براو ئامۆزاکانی و ئەوانی ئەوبەرن. مەگەر بەقەولی خۆیان لە ولاتێکی فیدرالدا ناژین؟ مەسرور دەستوری زۆر لا گرنگە و دەلێ “بەپێی دەستور داوای مافەکانمان دەکەین”. بەلام مافە دەستوریەکان دوو لایەنەیە. مەگەر مەسرور و بابی و ئامۆزاکەی و ئەوانی ئەوبەر نەبوون کە بە دەیان کۆنتراکتی نەوتیان بێ پرسی بەغدا مۆرکرد. نەوتی کوردستانیان بێ پرسی دەسەلاتی ناوەند ناردە دەرەوە و فرۆشتنیان. ئاشکرایە بەغدا خۆی گەندەلی وێرانی کردووە و بەچۆکدا کەوتووە، خەرجیەکانی خۆی پێ دابین ناکرێ، بێگومان هەروا ئاسان بۆ ئێوەی نانێرێ کە بێ پرسی بەغدا نەوتتان برد و فرۆشت.

ئەدی نەتانگوت ئابووری سەربەخۆ دروست دەکەین؟ فەرموون واز لە بەغدا بهێنن و خەرجی خەلک و ولات بگرنە ئەستۆی خۆتان. بێگومانم ئەگەر ئەنگۆ داهات و سامانی گەلتان بۆ خۆتان نەبردبایە، داهاتی گەل بەزیادەوە بەشی هەموو خەرجیەکانی دەکرد و ئابووری ولاتیش بەرەو پێش دەچوو.

ئێمە بە هەلبژاردن هاتووین: کامە هەلبژاردن!؟ ئەو هەلبژاردنەی لە ژێر گەمارۆ و کۆنترۆلی هێزە چەکدارەکانی حزب ئەنجامدرا؟ هەلبژاردن لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرینەی کراوەتە کۆیلەی مووچەی موفتە و حزبی؟ قەت بیستراوە بنەماڵە و حزب گەل تووشی گەورەترین شکست و دۆڕان بکەن، لەجیاتی ڕووخان، خۆیان زۆرینەی دەنگەکان ببەنەوە!؟

پێموایە ئەکەر حزبەکەی مەسرور چەککەن، هێزە تایبەتەکانیان نەهێلدرێن، داهات و سامانی ولاتیان لەژێر چنگدا دەربهێنرێت، خەلک ترسی ئەوانی نەبێت، سەدا 10 دەنگەکانیش ناهێنن. ئەوە ئەگەر خەلک نەیانکەنە مێژوو، چونکە پێموایە ئەگەر پەلوپۆبکرێن خەلک لێیان بێدەنگ نابن.

کۆمپانیا تایبەتەکان یاسایین و مافی بەکرێگرتنیان هەیە: لەڕێگەی دەستبەرداگرتنی حزبی، لە گومرگی هێستران و ڕێچکەی سنورەکانەوە گەیشتنە سنورە گەورەکان، لە قاچاغی تانکەرەوە گەیشتنە لوولەکانی نەوت، سامانی سروشتی و داهاتی گەلیان هەمووی خستە ژێر چنگی خۆیان، دەیان و سەدان ملیار دۆلاریان بۆ خۆیان برد، گەل و ولاتیان خستە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلار. بوونە خاوەنی ملیارەها و کۆمپانیا گەورەکان و بچووکەکان. لەگەل ئاغا تورکەکانیان وەکو گورگ بەربوونە گیانی خەڵک و داهاتی گەل هەڵدەلووشن. هەرچی بەرهەمی گرنگە خستنیانە ژێر چنگی خۆیان و کەرتی حزبی و بنەمالەیی، وابڕوا هەرچی بوار هەیە دەیکەنە تایبەت، خەریکە رۆیشتنی سەر شەقامەکانیش دەکەنە پارە…

بەمجۆرە خۆیان خاوەن هێزە چەکدارەکانن، خۆیان خاون میدیاکانن، سەرچاوە داراییەکانیان لە ژێر چنگدایە، چی گرنگ هەیە و داهاتی هەبێت دەیکەنە تایبەت و دەیخەنە ژێرچنگی خۆیان، بەمشێوەیە کۆمەلگە و مرۆڤەکانیش دەخەنە ژێر چنگی خۆیان…

 

شاخەوان شۆڕش

١٠/١٠/٢٠٢٠