لەیادی ٢٢ سالەی گیانبەختکردووان شاپور و قابیلدا

گیانبەختکردووان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دوو مرۆڤی ماندونەناس بوون خەباتیان بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئازاد و یەکسان دەکرد، ئەوان خەباتیان بۆ مافی کرێکار و نەداران دەکرد و بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان تێدەکۆشین، خەباتیان بۆ مسۆگەرکردنی بژێوی ڕۆژانەی ئاوارە لێقەوماوەکانی کەرکوک و …

 

لەیادی ٢٢ سالەی گیانبەختکردووان شاپور و قابیلدا

گفتوگۆ لەگەڵ بۆپیشەوە

ڕێککەوت: ١٣/٤/٢٠٢٠

بۆپێشەوە: شاپور و قابیل لەلایەن باندێکی ئیسلامیەوە تیرۆرکران، بەڵام لەژێرسایەی دەسەڵاتی پارتی و ژینگەیەک کە پارتی سازیکردبوو. لاتان وانییە کە پارتیش بەشدارە لەو کردەوە تیرۆریستیەدا؟

شاخەوان: گیانبەختکردووان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دوو مرۆڤی ماندونەناس بوون خەباتیان بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئازاد و یەکسان دەکرد، ئەوان خەباتیان بۆ مافی کرێکار و نەداران دەکرد و بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان تێدەکۆشین، خەباتیان بۆ مسۆگەرکردنی بژێوی ڕۆژانەی ئاوارە لێقەوماوەکانی کەرکوک و ناوچە بەعەرەبکراوەکان دەکرد. چاڵاکیەکانی ئەوان لە ٩٠ـەکانی سەدەی ڕابڕدوودا، لەسەردەمێکدا بوو کە شەڕی ناوخۆ پێگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕامیاریەکانی کۆمەڵگەی ئێفلیج کردبوو و هەربەرەیە جگەلە دەنگ و ڕەنگ و هێزی داپلۆسێنەری خێڵەکیانەی خۆی چیدیکەی قبووڵ نەبوو، لەسەردەمێکدا کە ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگە داڕمابوو، بێکاری قوڕگی کرێکار و جوتیار و خەڵکی کەمدەرامەتی گرتبوو، لەسەردەمێکدا کە کۆنەپارێزی ئیسلامی لە بۆشایی ڕامیاری کۆمەڵگەی کوردستاندا گەشەی دەکرد و تەڕووشکی پێکەوە دەسوتاند، ئارایشگە و شوێنەکانی کۆبوونەوەی ژنانی ئاوردەدا، دژی کەمترین کرانەوەی ژن کاری تیرۆریان ئەنجام دەدا، مافەکانی ژنانیان ژێرپێی رەوتی کۆنەپارێز و پیاوساری ئیسلامی دەکرد و کۆمەڵگەیان بەرەو داخراوی ڕادەپێچا، مەلا کۆنەپەرست و تووندڕەوەکانی لەنمونەی مەلا بەشیر لە مزگەوتەکاندا لەدژی کرانەوە و ئازادی ژناندا ئاگریان دەکردەوە و کوشتی مافخوازانیان حەڵال دەکرد.  ئەوسا چاڵاکیەکانی ئەوان خەباتێک بوو لە زەمینەیەکی ئەستەمدا کە بە ناحەز و دوژمنانی سەرسەختی ئازادی و یەکسانی و دادوەری تەندرابوو. لەڕاستیدا هەوڵوتێکۆشانی ئەوان لەو ئیپۆکەدا بوێری و ئازایەتیەکی لەڕادەبەدەری پێویست بوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆن و ئێستاشدا هێزێکی کۆنەپارێزی پاوانچی و خۆسەپێنەرە، هەروەها هەڵپەرستە و ژیرانە بەمیتۆدە دژەنیشتیمانی و نادیموکراسیەکان کار بۆ بەهێزبوونی خۆی دەکات، وەکو لەسەر بەدەستهێنانی دەسەڵات بەسەدان و هەزاران ڕۆلەی کوردستانی لەدژی پارتی ڕکابەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کردە سووتەمەنی.  وەکو مێژوویان دەریدەخەن پارتی هەرگیز نایەوێ و ناهێڵی هێزێکی چەپی کرێکاری سەربەخۆ لەژێر دەسەڵاتیدا گەشەبکات و پێبگات، نەک هەرئەوە پارتی ڕێگەی هیچ هێزێکی چەپی کوردستانی یا هەر بزوتنەوەیکی ئازادیخوازیتر نادات کە سەربەخۆبێ و بتوانێ بنکەیەکی خەڵکی بەرفراوان بەدەستبهێنێ و توانای دەسەڵات پەیداکردنی هەبێت. بێگومان پارتی لەو سەردەمەدا کە هێزێکی خاوەن میلیشیای پشووتەنگ بوو بەوردی چاودێری چاڵاکی و جموجۆڵی گیانبەختکردووان شاپور و قابیلی کردووە، هەوڵیداوە گەماڕۆیاندات، بۆنمونە چەندینجار لەسەر چاڵاکیەکانیان دەستگیری کردوون و خراونەتەژێر ئازاری دەرونی و هەڕەشە. ئەوسا پارتی ئەو هێزەبوو لەبەرەی زەردا دەسەڵاتی ڕەهای دیسپۆتیانەی هەبوو، سەبارەت بە خەڵکی بێپشتیوان چی پێخۆشبا دەیتوانی بیکات. بێگومان پارتی ئاگاداری جموجۆڵی ئیسلامیەکان بووە کە لەبەرئەوەی سەربە ئێران و وڵاتە ئیسلامیەکان بوون نەیانوێراوەتێ، بەڵام هەوڵیداوە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی بەکاریانبهێنێ. لەلایەکیتر ئیسلامیەکان بەئاشکرا دژی هەموو ئەوانە بوون کە داوای کرانەوە و ئازادی تاکیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد.  ئەوان بەرلەتیرۆرکردنی شاپور و قابیل لە هۆڵی میدیا هەوڵی تیرۆری هەندێ چاڵاکوانی ژن دەدەن، کە گیانبەختکردوو شاپور بەرەنگاریان دەبێتەوە و کارەتیرۆریستیەکەیان هەڵدەوەشێنێتەوە. بێگومان پارتی و ئیسلامیەکان لەوە ئاگاداربوون. دەسەڵاتی پارتی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی دژی تیرۆری ئیسلامیەکان نەبوو. گیانبەختکردوان شاپور و قابیل دوو سەرکردەی دیاری چاڵاک بوون، ئەوان دوو نەیاری بەهێزیان هەبوو، یەکەم پارتی کە هەوڵی لاوازکردن و کەمۆکردنی ئەوان و بزوتنەوەکەیانی دەدا، دووەم ئیسلامیەکان کە داواکاری و بانگاشەی ئەوانی پێ لادان و کوفر بوو، بەمجۆرە لەناوبردنیان بەپێی شەرعی ئەوان ڕەواکرابوو. هەروەها گرنگە ئاماژە بەوەبکەین، کەوا پارتی دژی کرانەوە و ئازادی تاکەکانە، چونکە ئازادی و پرەنسپە دیموکراسیەکان دژی بوونی دەسەڵاتی نادیموکراسیانەی ئەوانە، بۆیە لەو ڕوانگەیەشەوە پارتی سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی لاگرنگ بووە.

بەداخەوە تیرۆرکردنی مافخوازان شاپور و قابیل لە ١٨ی ئەپریلی ١٩٩٨ دا ڕوویدا، لەو ژینگەیە ڕوویدا کە گوزارشتمانکرد. بەپێی دانپێنانی یەکێ لە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، دانبەوەداددەنێ کەوا سەرکردەیەکی بزوتنەوە بەناوی بیلال سلێمان سەرپەرشتی چاڵاکی تیرۆرکردنەکە دەکات، چوار چەکداری ئیسلامی بۆ تاوانەکە دەنێرێ کە تاوانەکە ئەنجام دەدەن. واپێدەچێ بزوتنەوەی ئیسلامی بەپلانی دیاریکراو و ڕێکخراو بڕیاری تیرۆرکردنەکەی داوە، چونکە گینابەختکردووان بەپێی بڕوای شەریعەی ئەوان دژی ئیسلام بوون و لەناوبردنیان جیهادبووە، بۆیە ئەو پلانە بەئەگەریزۆر لەبازنەیەکی فراوانتری سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوە ئیسلامیە گوتنی لەسەرکراوە.

تیرۆرکردنەکە بۆ پارتی سوودی خۆی گەیاند، چونکە ئەو بزوتنەوەچاڵاکەی ئەوانی شەلکرد و ئیدی پارتی لەو لایەنە پشتی لێکردەوە. ئەوسا دەسەڵاتی پارتی رێگەی پرسەی هاوڕێیانی شاپور و  قابیلی نەدا، کە لەسلێمانی بۆیان کرا، هەروەها ڕێگەی بە لایەنگرانی ئەوان نەدا بۆنە سازکەن و پرۆتستۆی تاوانەکە بکەن. بۆئەوەی گومانەکان لەسەرخۆی لابەرێ پارتی بەیانێکی ڕووزەردی دەرکرد.

بێگومان لەبەرئەوەی پارتی دەسەڵاتی ئەوێی بەدەستەوە بووە لە ئاسایشی خەڵکی ئەو دەڤەرەی ژێردەستی بەرپرسیاربوو. لەبەرەئەوەی پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی بەرژەوەندی تایبەتیان لە نەمانی ئەو چاڵاکوانە نەترسانە هەبوو، بەئەگەریزۆر دەسەڵاتدارانی پارتی چاوپۆشیان لە جووڵەی تیرۆریستە ئیسلامیەکان کردووە، ئەگەر هاوکاریشیان نەکردبن. مەلا بەشیر ڕۆڵی گرنگی لەناوزەدکردنی ئازادیخوازاندا هەبوو و کوشتیانی بەجیهادێکی ڕەوا دادەنان لەژێر چەتری پارتی پارێزگاری لێکرا و پشتگیری لێکرا. بۆیە هەڵسوکەوتی پارتی دوای تیرۆکردنەکە و کاردانەوەی لاوازی لە گرتن و سزادانی تاوانباران ئاماژە بەوە دەکەن.

بۆپێشەوە: لاتان وایە چۆن دەکرێت، تۆمەتبارانی ئەوە کردەوە تیرۆرستیە و نەخشەداریژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟

شاخەوان: دوو مرۆڤی خەباتگێڕی بەرگریکار لەمافی ئاوارە و بێکار و کرێکاران بەڕۆژی ڕووناک لە شاردا لە ١٨ی ئەپریلی ١٩٩٨ دا تیرۆر دەکرێن. کاردانەوە و لێپێچانەوەی پارتی کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوابوو چیبوو؟ دەگوترێت دوو کەسی ئیسلامی دەستگیرکراون، وە دەگوترێت ئەوانە لەسەر تاوانی دیکە سزادراون. واتە پارتی وەکو دەسەڵاتی ئەوێ هەر چوار کەسە بکەرەکەی نەگرتووە، سەرکردەی ئەوسای بزوتنەوە بیلال سلێمانی نەگرتووە کە یەکێک لە تاوانبارەکان ئاماژەی بۆدەکات. لێکۆڵینەوەی لەسەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ ساغکردنەوەی ڕاستیەکان نەکردووە. دەسەڵات نە ئەوسا و نەئێستا ئامادە نییە گرنگی بەو لایەنە بدات. لەوەگەڕێ کە بەرپرسانی پارتی خۆیان دەستیان ڕاستەوخۆ لە کارە تیرۆریەکە هەبووە یا نا بڤەیە. ئەوانە هەمووی گومان دەخەنە سەر مامەلەی پارتی لەگەڵ تاوانەکە. لەلایەکیتر لەکۆمەڵگەیەکدا کە یاسای دادوەرانە سەروەر نەبێ، دادگا دەسەڵاتی نەبێت و سەربەخۆ نەبێت، میلیشیا حوکم بکات، لێکۆڵینەوەی یاساییانە و دادوەرانە بەداخەوە هەرگیز ڕوونادەن. ئاشکرایە گرتن و دادگاییەکەی ئەوسای دەسەڵاتی پارتی بە بەرژەوەندی حزبی دەورەدرابوو، پارتیانە و گوماناوی بوو، بۆیە هەرگیز رەوا و دادوەرانە نەبوو و ناشتوانی لەکەشێکی ئەوهادا دادوەرانەبێت. لەو ژینگەیەدا کە لەجەنگەڵێکی کۆنەپارێزدا نقوومبوو ئارەزووناکرێ راستیەکان ئاشکرابکرێن و تاوانباران بدرێنە دادگا. بەکورتی لەسایەی دەسەڵاتی دیسپۆتی میلیشیادا دادوەری نییە، ئەگەر دادگا هەشبێت بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵاتی میلیشیا دەجووڵێ.

٢٢ ساڵ دوای تاوانەکە باشوری کوردستان تائێستا خاوەنی حکومەتێکی بەکردەوە یەکگرتوو و نیشتیمانی نییە، خاوەنی دەستورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو نییە، دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەوز هەریەکەی لە ئاشێک لێدەکەن، وەکو پیشوو بنەماڵە و حزبی خاوەن میلیشیا فەرمانڕەواییان بەدەستە، پەرلەمان لاوازە و کارتۆنیە، دەسەڵاتی دادوەری ناسەربەخۆیە و داواکاری گشتی ناوێرێ توخنی ئەو کێشانە بکەوێ کەبە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانەوە بەندن. دیارە سەرانی پارتی بانگاشەی سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەیی دەکەن، بەڵام بۆ لەئاست تاوانبارانی راستەقینەی تاوانەکە تائێستا بێدەنگە؟ بۆ درێژە بە داپۆشینی چۆنیەتی تێوەگڵانی خۆی لەتاوانەکەدا دەدا؟ چاوپۆشین و پەراوێزکردنی کەیسە مافخوراوەکان، وە چاوپۆشی لە تاوانباران پەیوەندیان بە نکۆڵیکردن لە دادوەری هەیە کە تایبەتمەندیەکی دیاری دەسەڵاتی دیسپۆتی خێلگەرایە. بێگومان ئەگەر دەسەڵاتێکی دیموکراسی و دادوەر و مافپەروەر هەبوایە، دەبوایە ئەو کەیسە زیندووبکرێتەوە، لێکۆڵینەوەی بەرفراوان و چڕ بکرێن، راستیەکان ساغ بکرێنەوە و تاوانباران بگیرێن و بدرێنە دادگا. بەداخەوە ئەو بنەما گرنگەی بێلایەنی و دادوەری بوونی نییە، بۆیە ناڕیالیستانەیە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بکەین لەسایەی دەسەڵاتێکی ناڕەوای نادیموکراسیدا کەیسەکە زیندووبکرێتەوە و تاوانباران سزای دادوەرانە وەرگرن.

بۆ پیشەوە: یەکێک لەکارە هەرە بەرجەستەکانی هاوڕێیان شاپوور و قابیل بەدەستهێنانی کۆمەکی پێداویستی ژیان بوو بۆ ئاوارەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس، ئەمڕۆ بەجۆرێک لە قەیرانی پەتای کۆڕۆنۆدا لە کوردستان ئەم کۆمەککردنە پێویستی هەیە، دوای ئەوەی خەڵک لەماڵەوە کەرەنتینە کراون و حکومەتی هەرێمیش بێدەربەستە لە وەڵامدانەوە بەدابینکردنی گوزەرانی خەڵک بەتایبەت هەژاران. چۆن ئەم بەراوردە دەکەن.

شاخەوان: گیانبەختکردووان شاپور و قابیل لەنزیکەوە لەگەڵ ئازارەکانی نەدار و لێقەوماوان دەژیان، وەکو دوو مرۆڤی خاوەن بەرپرسیاری بەپێویستیان زانی لەنەبوونی و بارودۆخی نالەباری ئاوارەکان بێدەنگ نەبن، گرنگی بە کێشەکانیان بدەن و داخوازیەکانیان بگەیەننە دەسەڵاتی شەقوشڕی کوردی کە دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی داهاتی کوردستانداگرتبوو و لەئاست بژێوی خەڵکیدا بەرپرسیاربوون. ئەوسا باشوری کوردستان خاوەنی دەیان کۆنتراکتی نەوتیش نەبوو و سەرمایەدارەکان بازاڕیان کز بوو. ئێستا چینی کەمدەرامەت و نەدار بەگشتی ژمارەیەکی زۆر پێکدەهێنن، جگەلە دانیشتوانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر ئاوارەش هەن. لە باشوری کوردستاندا دەیان هەزار ئاوارەی ئێزدی هەن کە لە تاوانی گەلکوژی شەنگال و دەوروبەری ڕزگاریان بوو و ئێستا دوور لە زێدی خۆیان ئاوارەن و لە تراومای دوای گەلکوژیدا دەژین. هەروەها دەیان هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان هەن کەلە  هێرشی پاکتاوی تورکیای فاشیست ڕزگاریان بووە و پەنایان هێناوەتەبەر باشوری کوردستان،  هەروەها بەهەزاران ئاوارەی باکوری کوردستان هەن کە لەکەمپی مەخمور لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە لەژێرچاودێریدان. پێویستە بیریبخەینەوە کەوا ئێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانی رۆژئاواوە بۆ ئاوارەکان هاوکاری دەکرێن. جگەلەوانە بەشیکی زۆر و دیاری کۆمەڵگە کەمدەرامەتە لەبەر بێکاری و وەستانی کارگە و شوێنەکانی کارکردن بەهۆی کەرەنتینی پەتای کۆرۆنا. ئەوانە هەموو ئەو چینە کەمدەرامەت و نەدار و هەژارە پێکدەهێنن کە پێویستیان بە خۆراکی ڕۆژانە و باشترکردنی گوزەران و باری تەندروستی و کۆمەلایەتی هەیە.  دیارە بژێوی ژیانی ئەو خەڵکە هەمووی لە ئەستۆی حکومەتی ئێراق و هەرێمدایە.

گرنگە بیریبخەینەوە باشوری کوردستان وڵاتێکی بەپیتوفەڕە و لەسەر دەریای سامانی سروشتی و نەوتدایە، ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت لە سامانی سروشتی گەل دەردەهێندرێت و دەفرۆشرێت، بۆیە باشوری کوردستان و حکومەتی ئێراقیش هەژارنین لەراستیدا، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەربردنی سامانی گەل لەلایەن چەند بنەماڵە و حزبێکی کۆنەپارێزی دینی و ناسیونالیستیەوە وڵاتەکە خراوەتە ژێر قەرز و داڕزێندراوە. پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە کەوا بەرزکردنەوەی داواکاریە سەرەتایەکانی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان لەئەستۆی هەر پارت و ڕێکخراوێکە کە خۆی بەپارێزەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاران و کەمدەرامەت و هەژاران و ئاوارەکان دەزانێت. لەساتوکاتێکی ئەوهادا بێگومان ئەو بۆشاییە گەورەیەمان دەکەوێتەبەرچاو کە بەنەمانی کەسانی چاڵاکی وەکو گیانبەختکردووان شاپور و قابیل دروستبووە.

دیارە لەگەڵ بوونی ئەو ڕاستیەی کەوا کرێکاران و کەمدەرامەتان بەبێ بوونی کار ناتوانن گوزەران بکەن، وە پێویستی ناکاییان بە هاوکاری دەسەڵاتدارن هەیە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم هیچ بەرنامەیەکی هاوکاری بۆ ئەو خەڵکە پی نییە! سەرانی دەسەڵاتی هەردوو بەرەی زەرد و سەوز خاوەنی ملیارەها دۆلارن کە لەداهاتی دزراوی گەل بەیەکەوەیان ناوە، مانگانە بەدەیان و ڕەنگە سەدان ملیۆن دۆلار دەدەنە کۆمپانیا بێگانەکانی دەرهێنانی نەوت، بەڵام بۆ چینەهەژارەکەی کوردستان دەستیان بەتاڵە و هیچیان پێ نییە! گەل سامانە سروشتیەکەی لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە دەدزرێت، بەلام دەبێ لەبرسان و بەزەقی چاویان چاوەڕوان بن بەڵکو ئەوە دونیایە دەزگا ساختە خێرخوازەکانی دەسەڵاتی خێڵگەرا بێن یارمەتیان پێبگەیەنن.

ئەو کیشەیە نەتەنها کیشەی چینی کرێکاران و کەمدەرامەتی وکوردستانە، ئەوە کێشەی هەموو کۆمەڵگەی کوردستانە، کە پێویستە دامەزاراوانە و لە ئاستی دەوڵەتدا چارەسەر بکرێت، پەرلەمان بودجەی تایبەت تەرخان بکات و پەسندکات، وە هاوکاری ناکایی بگەیەندرێتەخەڵک. کە ئەوە ڕوونادان بەڵگەی ئەوەیە ئەو بنەما دامەزراوەیی و دەوڵەتیە نییە و بزرە. هاوکاری بێکار و کەمدەرامەتان خێرنییە بەخەڵکی بکەن، چونکە لەداهاتێکەوە دێت کە هی خەڵک خۆیەتی. ئەگەر پارتە بەناوچەپەکان لەترسی مووچەکانیان ناوێرن داخوازیەکانی خەڵکی کەمدەرامەت و ئاوارەکان بەرزکەنەوە، بێگومان پێویستە ڕەگەڕێکخراو و ڕێکخراوە کرێکاریەکان و پیشەیەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگی لێنەکەن و داواکانی ئەو چینە پەڕاوێزخراوەی باشوری کوردستان بەرزکەنەوە و وەکو گیانبەختکردووان شاپور و قابیل خەباتیان بۆ بکەن.