رۆستەم عەوێنەیی: سادەیی و دەوڵەمەندی لەهەگبەی مرۆڤێکی جواندا

لە ساڵی ١٩٨٣دا ئاشنایەتیم لەگەڵ مام رۆستەم عەوێنەیی پەیدا کرد، مام رۆستەم ئامۆزای گیانبەختکردوو عەلی هەژار بوو، لە رێکخستنە نهێنیەکانی حزبی سۆسیالست بەناوی پۆلا ناسرابوو، بۆیە لای زۆر لە هاوڕێیانی خەباتی نهێنی شار دواتریش بەو نازناوە دەناسرایەوە. بەرلەوەی بیناسم، نازانم لەبەرچی بوو، گیرانی برادەرانی بوو یا شتیتر ماوەیەک لە خەباتی نهێنی دوورکەوتبۆوە، دواتر لەگەڵ ئێمە دەستی بە کار کردەوە و بەنهێنی کاری سیاسیشمان دەکرد. بەکورتی هەردووکمان مەمنوعیش بووین، لەگێژاوی ژیانی رامیاری ئەوسادا لەژێر گوشاری دارایی رۆژانەدا، من خوێندکاری خوێندگەی شەوان و کرێکاری ڕۆژان، ئەو وەکو عەریزەنوس و رادیۆچی، ململانێی دەسەڵاتی داگیرکەرمان دەکرد و پێمانوابوو لەداهاتوودا کۆمەلگەیەکی پیشکەوتوو و کراوە و ئازاد پێک دەهێنین. باواز لە سیاسەت بێنین. ئەو بابەتەش لەسەر سیاسەت نییە، بەڵکو لەسەر مرۆڤێکی جوان و لەبیرکراوی شاری هەولێرە.

دوای ماوەیەکی کەم لە ناسینی ئەو مرۆڤە سادە و رەوانبێژە زیاتر لەیەکتر نزیک کەوتنیەوە و برادەرایەتیەکەمان بەهێزتر بوو، لەبەر کاری حزبی و رێکخستن نا بەڵکو لەبەرئەوەی هەردووکمان بەجۆرێ لەجۆرەکان برینداری ڕۆژگار بووین و متمانە و لەیەکترگەیشتنێکی باشمان بەیەکەوە هەبوو. ئەو ئەزموونی لە  بوارەکانی ژیاندا کەم یا زۆر هەبوو، زمان پاراو و قسەخۆش بوو، من وەکو گەنجێکی خوێنگەرم و کەم ئەزموون پێویستی زۆرم بە نزیکایەتی ئەو کەسایەتیە گەورەیە هەبوو. بۆیە هەرگیز لەسەردانی مام رۆستەم بێزار و ماندوو نەدەبووم.

ئەوسا مام رۆستەم لە گەرەکی تەعجیل لە شاری هەولێر دەژیا، بەخۆی و ماڵ و منداڵەکەی لە ژورێکی لاکێشەیی تاریک دەژیان، خانووەکە وەکو زۆر لە خانوەکانی تەعجیل کۆن بوو و لە کۆنیاندا داڕزابوو، ژوورەکە یەک پەنجەرەی بچووکی لەلای پێشەوە هەبوو بۆیە لای پشتەوەی ژوورەکە هەمیشە تاریک بوو. نازانم مانگی بەچەند بەکرێی گرتبوو. هەرجارەکی لەگەڵیدا بچووبامەوە، منداڵە ورد و جوانەکانی بە غار بەپیلیەوە دەهاتن. ئەوسا کچێک و چوار کوڕی قشت و خنجیلانەی هەبوون. کەمێک دەستی سەرتاشیم هەبوو ئەگەر رێم کەوتبا ئەوێ و پێویستی کردبا سەری ئەو کوڕە شیرنانەم بەخۆشحاڵیەوە دەتراشی.

مام رۆستەم جار جارە شاڵوشەپکێکی بەهدینی لەبەردەکرد و کڵاوجەمەدانیەکی دەشتەکیانەی لەسەردەکرد و بەوجۆرە ڕێی دەگرتەبەر و دەچووە کار، جار وابوو بە رانکوجۆغەرێکی دەشتەکیانە، یان پانتۆر و کراس یا چاکەتێکی سادە و شڕ بۆ کار دەچوو. هەر کە لە دەرگەی ماڵ دەهاتە دەرەوە بە رووێکی خۆش چاکوچۆنی لەگەل دراوسێکانی بە دەنگێکی گەورە بە زمانێکی پاراو وەستایانە دەکرد و ڕەت دەبوو، لەسەر جادەی تەعجیل بەرەو کۆتری سەلام سڵاوی لە دوکاندارەکان دەکرد، ئەوەی لەهاتنی ئاگاداربایە سڵاویان دەکرد و ئەویش بە خۆشحالیەوە وەڵامی دەدایەوە، ئەگەرنا ئەو بەدەنگە گەورەکەی سڵاوی لێدەکردن. لەگەڵ هەندێکیان سڵاوەکە گوتنێکی خۆشیشی لەگەلدابوو و گەلێجار پێکەنین بوو بە کێشەکانی رۆژانە و ژیان.

ئەو بە سادەیی و کراوەیی خۆی و بە گفتوگۆی ڕەوانی و بە ئاکار و پۆشاکی کوردەواریانەی دەردەسەری و ئازارەکانی رۆژانە و رۆژگاری بەخەندەوە تێدەپەڕاند. ئەو منداڵی گەرەکی تەعجیل نەبوو، بەڵام دەتگوت لەوێ چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، بە پێخواستی خۆڵ و تەپ و تۆزی هاوینی محەتەی کوتاوەتەوە، پێلاوی لاستیکی لە قوڕ و لیتاوی زستانەی کۆڵانەکانی تەعجیل چەقیووە، هێندە چووبووە ناخی گەرەکەکە و هەناوی خۆشەویستی خەڵکی ئەوێ. مام ڕۆستەم و دوکاندارەکان لە شەقامی قەرەباڵغ و بێسەروبەری تەعجیلدا تێکەڵی رەتمی کوردەواریانەی بەیانیان یان ئێوارانی ئەوێ دەبوون. ئەوان لەو دیمەنە ساکارە مرۆڤکردەدا ئاوێتەی یەکدی دەبوون و بە خەندە و گۆتەی سوحبەتئامێز ئازار و دەردەسەریەکانی رۆژانەیان دەخستەلاوە.

مام رۆستەم بەپێ دەچووە کار و بەپێش دەگەڕایەوە. نیوەی رۆژ خەریکی عەریزە نوسین بوو، فۆرمی لەدایکبوونی بە پارەیەکی کەم پڕدەکردەوە. رێگاکەی هێندە دوور نەبوو، ئەوسا دائیرەی نفوس لە بەرامبەر سینەما سەلاحەدین بوو، کە دەگەیشت کورسی و مێزە رەقوتەقەکەی دەهێنا بەر دەرگەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و دایدەدان،  دادەنیشت و فۆڕمی لەدایکبوونی منداڵانی بۆ خەڵک پڕدەکردەوە. دوای نیوەرۆیانیش خەریکی چاکردنەوەی ڕادیۆ و تەسجیل بوو لە دوکانێکی بچوک لە نزیک ماڵەکەی خۆیاندا لە بەرامبەر باخچەی گڵکەند.

مام رۆستەم بە گەرم و گوڕیەوە بەخێرهاتنی مەعمیلەکانی دەکرد و فۆرمەکانی بۆ پڕدەکردنەوە، بە دەنگێکی کەمێ بڵند پرسیارەکانی دەشتەکیانە بە سوحبەتەوە لە ژنەکان دەکرد، بزەی دەخستە سەر لێویان، ئەوانیش بە بزەوە وەڵامیان دەدایەوە. زۆرجار یەکەم پرسیاری ئەوەبوو “ناوی مندارەکەت چیە خوشکۆرە؟”  دوایی دەیپرسی “مندارەکەت لەکەنگینێوە هاتیتە ناو خەموخەفەتی دونیایێ؟” لەبیرمە جارێکیان ژنێک هات و فۆرمی لەدایکبوونی دەویست. مام رۆستەم دوای بەخێرهاتنێکی گەرم پرسی “مندارەکەت ناوی چیە خوشکۆرە؟ ژنەکە گوتی ناوی “کەزیبانە”. مام رۆستەم حەزی لەناوی عەرەبی و ئیسلامی نەبوو، ئێمەش هەروابووین. ئەوسا باو باوی ناوی کوردی و نوێ بوو، کەموابوو ناوی عەرەبیت بەرگوێ کەوتبا. ئەوەش بۆ کاریگەری خەباتی ڕزگاری و دڕندەیی رژێمی داگیرکەری بەعسی عەرەبی دەگەڕایەوە.  مام ڕۆستەم پرسی “ئێ، کەنگێ خوشکە درۆزن هاتیتە دونیایێ”؟ ژنەکە لەو پرسیارە واقی وڕما و بەسەرسوڕمانەوە گوتی “هەیرۆ منداری من ناوی درۆزن نییە، ئەوە لەگەر کچەکەی منتە؟” مام رۆستەم: “بەرێ ئەوە ناوی کچەکەتە بەکوردی!؟” ژنەکە: “هەیڕۆ کوو وەیە!؟ ئەو ناوە لە قورعانێ هاتیە!” مام رۆستەم: “ئەمن حەقم لەوەی نییە لەکێ هاتیە، بەس ناوەکە عارەبیە و ئەوەش مەعنایتی”. ژنەکە: “کوودەبی کچی من ناوی درۆزن بی! ئەمن چزوانم ئەوە مەعنایتی، گۆتیان ئەو ناوە لە قورعانێ هەیە! ما بە چ بزانم، باش بوو وەتگۆت!” . کەمێک داما پاشان گوتی “دەباشە مادام ناوەکی کوردی خۆشی لۆ دابنێ”! مام رۆستەم یەکسەر وەڵامی دایەوە:  “ناوی شەونم کوە؟” ژنەکە خێرا پەسندیکرد: “پێم خۆشە، دەبنوسە شەونم”. بەمجۆرە ناوی منداڵەکە کرایە شەونم.

جارێکیان لە دەرارخانەی کۆن رادیۆ و تەسجیلێکم وابزانم بە ٨ دینار کڕی، ڕادیۆ و تەسجیلێکی بەکەلەش گەورەبوو. هەر رۆژی یەکەم تێکچوو، بردمە لای مام رۆستەم، گوتم “ئەوەم کڕیە و باش ئیش ناکا، شریتی دەجوی!” مام رۆستەم سەیرێکی ڕەخنەگرانەی کرد و پرسی “کا بینە بزانم، ئەوە چەندت پێدایە؟” گوتم “٨ دینار!” گوتی “پەکو ٨ دینارت بەوەی دایە! ئەوە هەر کەلەشە!” زانیم گرانم کڕیە و قۆریان بڕیمە، بەرێ تازە رۆیشت، بیرم لەوە دەکردەوە هەرچۆنی بێ چاکیکەم و ئەگەر بتوانم بەکاریبهێنم. مام رۆستەم راستی دەکرد، هەرکە پشتی کردەوە عەیبوعاری باشتر بەدەرکەوت. هەرچۆنیبێ چایکردەوە، گوتی، “ئەو سەرئێشەیەی زوو لە کۆڵەخۆتکەوە!” .

مام رۆستەم شارەزایەکی باشی لە زمانی کوردیدا هەبوو، زمانی عەرەبی باش دەزانی، دەستی هۆنراوە و نوسینی هەبوو، زیاتر گرنگی بە هۆنراوەی کلاسیک یا نوێی بە بەوزن و قافیە دەدا. جارێکیان هەندێک هۆنراوەم نوسیبوون گوتم “کاک رۆستەم سەیریان بکە و لە تێبینی و رەخنەکانت ئاگادارم بکەوە.” دوای سەیرکردنیان تێبینی لەسەر هۆنراوە سەربەخۆکان هەبوو و زۆر ڕای لێیان نەبوو، شعرێکم بە وەزن و قافیە نوسیبوو ئەویانی بەدڵ بوو. مام رۆستەم هەندێ لە شیعرەکانی شاعیرە کلاسیکیەکانی وەکو ناڵی و حاجی قادر و شێخ ڕەزای لەبەر بوون و لە کاتی گونجاودا دەیگوتن. بێگومانم کەوا کۆمەڵی هۆنراوەی هەیە بەڵام بەداخەوە من هیچیانم لانییە.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩١ دا دوای کۆڕەوەکە شاری هەولێرم بەجێهێشت، بەداخەوە نەمتوانی جارێکیتر مام رۆستەمی گفت خۆش و ئاوەدان ببینمەوە، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە چیتر نایبینمەوە. بەداخەوە مام رۆستەم لە ڕێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دا کۆچیدوایی دەکات و بەیەکجاری چاو لێکدەنێ. لەو رۆژەدا خەموخەفەتەکانی ژیان، ئازار و نارەوایی و بێدادیەکان جێدەهێڵیت و ئیتر ئارام لێی دەخەوێت.

یادت هەمیشە زیندوو و بەرزبێت برا و مامۆستای خۆشەویستم

سلاو لە گلکۆکەت و لە گیانی پاکت

شاخەوان شۆرش

٢٦/٦/٢٠١٩