قادر شۆڕش لە ناوچەی باڵەکدا (١٩٧٩-١٩٨٠)

لەیادی ٣٦ ساڵەی کۆچیدوایی قادر شۆڕشدا، هەندێ زانیاری و بیرەوەری بڵاودەکەینەوە کە لەلایەن پێشمەرگەی دێرین و کادیری ئەوسای ناوچەی باڵەک برای بەڕێز مام عەلی بەدەستمان گەیشتووە.

قادر شۆڕش لە ناوچەی باڵەکدا (١٩٧٩-١٩٨٠): لە  لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩ دوای گیران و شونبزربوونی گیانبەختکردوان عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی، بەهۆی دروستبوونی مەترسی راستەوخۆ لەسەری قادر شۆڕش شاری هەولێر جێدەهێڵیت و لە دۆڵی سماقولی لە گوندی سەروچاوە پەیوەندی بەهێزەکانی پێشمەرگەوە دەکات و پاشان دەچێ بۆ سەرکردایەتی حزبی سۆسیالست کە ئەوسا لە دۆڵەتوو دەبێ، دوای ماوەیەکی کەم دەکرێتە بەرپرسی ناوچەی باڵەک و دەچێتە ئەوێ. سەبارەت بە چوونی قادر شۆرش بۆ ناوچەی باڵەک و ژیانی ئەو لەوێدا، پێشمەرگەی دێرین و کادیری هەرێمی ٩ی باڵەک مام عەلی دەگێڕێتەوە: کاک ئەحمد فەقێ رەش (فەرماندەی هەرێمی ٩ی باڵەک) وهەندێ لەهەڤالانمان لەمانگى ئابى 1979 لە سەرکردایەتى بوون لەوێ بەدیدارى مام قادرشۆرش شاددەبن. ئەوسا ناوچەی باڵەک بەرپرسی نەبوو، وە پێویستی بە لێپرسراوێکی گونجاو و بەتوانا دەبێت، لێپرسراوێک جێگەی باوەڕ بێت و بگونجێت لەگەڵ خەڵکەکە. بۆیە کاک ئەحمەد و هەڤاڵانی مام قادر زۆر بە گونجاو بۆ ئەرکە دەبینن. ئەویش رەزامەند دەبێت و بەخۆشحالیەوە داواکەیان پەسند دەکات. لە رۆژى 10/8/1979 مام قادرشۆرش لەگەل کاک ئەحمد فەقێ رەش لەرێگەى ئێرانەوە بەپیادە گەیشتنە دۆڵى روست. ئەوکات بارەگامان لە ئەشکەوتێک بوو، شوێنێکى فێنک و ئاوێکى سارد و سازگارى هەبوو. یەکتریمان ماچکرد و زۆربەگەرمى بەخێرهاتنمان کرد. کاک ئەحمد فقێ رەش وەکو بەرپرسی ناوچە بەئێمەى ناساند. کە ناوى قادر شۆرشى هێنا، لامان سەیربوو کەسێکى لەو تەمەنە ناوى شۆرشى بەدواوە بێت! زۆر خۆشحاڵ بووین، ئەگەرچى نەمان دەناسى. بەڵام لەیەکەم دیداردا بەخەندەى لێوەکانى و قسەى خۆش خۆشەویستى خۆى خستە دڵمان. زۆر دلخۆشبووین بەهاتنى. ناوچە پێشمەرگەی تایبەتی نەبوو، هەرێم و کەرتەکان هەمیشە ئامادەی هاوکاری بوون، هەرکاتێ پێویستمان بە هاوکاری هەبوایە ئەوان ئامادەبوون. هەرگیز کێشەمان لەمبارەیەوە نەبوو. مام قادر شۆڕش وەکو بەرپرسی ناوچە بەدڵسۆزی کاریدەکرد، بەڵام هەمیشە بەشێوەی هاوڕێیانە و برایانە ڕەفتاری دەکرد. پەیوەندی بەرپرسی ناوچە لەگەڵ ئەندامانی ناوچە زۆر پتەوبوو، لەسەر بنەمای متمانە و خۆشەویستی ئەو پەیوەندیە دامەزرابوو. ئێمە پێشتر مام قادرمان نەدیتبوو و هیچ شارەزایمان لەسەری نەبوو، بەڵام لەیەکەم دیدار بە پیاوێکی ڕوح سوک و خوێن شیرین هاتە بەرچاو. لە کارکردن لەگەڵیدا زیاتر ئاشنای دڵسۆزی و پاکی و ڕەفتارە جوانەکانی بووین. بۆ ئیشوکاری ڕێکخستن و ڕەفتارمان لەگەڵ پێشمەرگە و جەماوەری ناوچەکە هەمیشە وەک باوکێک ڕێنمایی دەکردین. ئەو هەرگیز خۆی لە پێشمەرگە جیانەدەکردەوە، وەک ئێمە بەشداری کاروباری رۆژانەی دەکرد. بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستا چای ئامادە دەکرد، بەتایبەت لە زستاندا سۆبەی دادەگیرساند و پەرداغێک شیری نیدۆ و نانێکی بەدەستەوە دەگرت و دەیخوارد. دوایی گەشتێکی بەدەوروبەری بارەگادا دەکرد، هەم وەکو وەرزشێک و هەمیش بۆ چاودێری و پشکنینی ناوچەکە. زۆرجار ڕاهێنانی چەکی بە پێشمەرگەکان دەکرد، قسەی خۆش و نوکتەی باس دەکردن، بەتایبەت ئەو سەردەمەی سەربازی ئینگلیز بوو، جاروباریش فێری وشەی ئینگلیزی دەکردین.  وایلێهات وەک کەسێکى نزیک لەهەموومان و خەمخۆر بوو بۆ هەڤالەکانى.

ئەوسا جەولەمان بۆ گوندەکانى شێرکاوە، گویزلنگە، گویزان، دارالسلام، چۆمبالۆک، چۆمان سمایل ئاغا، بێشە و دۆل بالیس دەکرد ئەوگوندانە ئەوسا هێشتا ئاوەدان بوون (لە ساڵى 1983 راگوێزران). رێکخستنمان لەو گوندانە هەبوو بەڵام لیستى ناومان نەبوو ئەوەش لەبەر پاراستنى هەڤالانمان، بەلام لەزاکیرەمان دابوون و دەمانناسین. ئەندامانی رێکخستنەکانمان بە مام قادر ناساند، ئەویش کۆبونەوەى لەگەل بەرپرسى رێکخراوەکان و شانەکان دەکرد، ئاشنایەتى باش لەنێوانیانیاندا دروست بوو، وە رێکخستنەکان لەگەل مام قادر ئاسودە بوون و برواى تەواویان پێى هەبوو. لە کۆبوونەوە حزبیەکاندا لەگەل رێکخستنەکان زۆربایەخى بەلایەنى رۆشنبیرى و پاراستنى نەهێنى دەدا.

ئەگەر مام قادر ڕاسپاردەیەکى هەبوایە بۆ هەولێر یان مالەوە ئەوا هەڤالێکى رادەسپارد و دەیناردە دوکانى رادیۆسازێک لەهەولێر، نازانم خزم بوو یان یان هاورێى، دیاربوو باوەرپێکراوى بوو و لەرێگەى ئەو کارەکانى بۆدەکرا. جارێکیان نامەیەک و وێنەیەکى لەمالەوە بۆهات، وێنەکە کچێکى منال بوو، دوو پەنجەى بەئاماژەى سەرکەوتن بەرز کردبووەوە، ناوى موژدە بوو. لەسەرپشتى وێنەکە موژدەى سەرکەوتن لەپۆلى شەشى سەرەتایی و موژدەى سەرکەوتنى شۆرش بە مام قادر درابوو. وێنەکەى بە من و کاک ئەنور سعید نیشاندا. بەو نامە و وێنەیە زۆردلخۆش بوو.

لە21/10/1979 لەگوندى ناوەندە کۆبوونەوەیەکى فراوانى هەرێم و ناوچە ئەنجامدرا بۆ وەرگرتنى ڕاى هەڤالان لەسەر ووتووێژ لەگەل رژێم.  هەموومان کۆکبووین لەسەر ووتووێژ بەمەرجێک راوێژ لەگەل لایەنەکانیتر بکرێت. لەسەر ئەو بابەتە راپۆرتێک نوسرا. پێویست بوو راپۆرتەکە بەدەستێکی ئەمین و بەزوویى بگاتە سەرکردایەتى حزب.  مام قادر ئامادەیى خۆی دەربڕى، کە بەخێرایی و بە ڕێگەى شار بیگەیەنیتە شوێنى خۆى. هەمان رۆژ براکەم کە کادرێکى رێکخستنى نەهێنى بوو، هاتە لامان، گوتى “من مام قادر دەگەیەنمە شار”. ئێمە مالمان لەچۆمان بوو، ئێوارە مام قادر پالتۆیەکى درێژى کردەبەر و لەگەل براکەم چوونە چۆمان. شەو لەمالى ئێمە بوو. ماڵەوەمان لاى دراوسێکان گوتبویان “ئەوە مامى گەورەمانە لە گوند هاتۆتە سەردانمان”. بەیانى 22/10 لەڕێگەى رێکخستنەکانەوە بەسەیارە بەرێکرا و بەسەلامەتى گەیشت.

ئەوسا ئێمە زیاتر لەرێگەى رادیۆ دەنگوباسى دونیامان دەزانى، بەتایبەتى رادیۆى ( مۆنتیکارلۆ) و ( لەندەن)، هەرچەندە کەم باسى کێشەى کورد دەکرا، بەڵام لەگۆرانکاریەکانیش بێ ئاگانەبووین. مام قادر بە ووردى موتابەعەى بارودۆخەکەى دەکرد، لێکدانەوەو شیکردنەوەى لەسەر مەسەلە سیاسیەکان هەبوو، بەتایبەت ئەو سەردەم لە ئێران گۆرانکارى روویدابوو، کێشە لەنێوان کۆمارى ئیسلامى و کورد هەبوو. سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەل رژێمدا، مام قادر لەگەل گفتوگۆبوو، هەرچەندە دەیگوت ئەو رژێمە فێلبازە، زەحمەتە هیچ بەکورد بدات، بەلام ناکرێت دەرگاى گفتوگۆ دابخەین، باکورتیەکە لاى ئەوان بێت. مام قادر لە 22/11/1979 دواى یەک مانگ لەرێگەى ئێران گەرایەوە. بەرلەوەی نێوانى کۆمارى ئیسلامى و حزبى دیموکرات تێکبچێت لە ڕێگەی ئێرانەوە هاتووچۆمان لەگەڵ سەرکردایەتی حزب هەبوو. بەڵام کە کێشە دروست بوو هاتووچۆمان سەخت بوو، حزبی دیموکرات هاوکارمان بوون. ئەوکاتە من لە ئێران بووم، رۆژى دواتر لەگەل مام قادر گەڕاینەوە دۆلی روست. هێزەکانمان هاوکاری حزبی دیموکراتیان دەکرد، ئەندامی سەرکردایەتی سۆسیالست ملازم ئەنوەر مەجید سوڵتان لە نێوان سەقز و بانە لە 2/9/1979 شەهیدبوو. هەروەها لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ڕژێمدا هەردوو فەرماندە سەید سەلیم و شینەبۆڵی لە شەڕی سماقولی شەهیدبوون.

مام قادرشۆرش بەگەشبینیەوە لەخەباتى رزگاریخوازى کوردى دەڕوانى. بڕواى بەسەرکەوتنى شۆرش پتەوبوو. کاتێک راهێنانى چەکى پێ دەکردین، دەیگوت “مادام دوژمن گوێ بەئاشتى و گفتوگۆ نادات، بەم چەکە واى لێدەکەین ملکەچى داواکانمان بێت!” بۆگالتەش دەیگوت “دەنا(ریخەرۆکیان) بەگۆرێ وەردەکەین!”.

مام قادر زۆرباش شارەزاى سروشتى گوندنشینان بوو، بە پێى ویستى ئەوان رەفتارى لەگەل دەکردن، زۆر بایەخى بەقسەى بریقەدار و زاراوە سیاسیەکان نەدەدا. بەزمانێکى پاراوى جوتیارانە قسەى بۆ دەکردن. زۆرجار نوکتە و قسەى خۆشى دێنایە ناو کۆر و مەجلیسەکان. هەمیشە سەرنجى بەرامبەرەکەى بۆخۆى رادەکێشا. وایدەکرد خەلکى سادە و نەخوێندەوار بە ئاسانى لە قسەکانى تێبگەن. هەندێجار دواى مام قادر پرسیارم لەخەلک دەکرد سەبارەت بەمام قادر و قسەکانى، دەیانگوت “وەلا پیاوێکى زۆر قسەخۆش و زیرەکە دەلێى لەگەل ئێمە گەورەبووە”. مام قادر زوو جێگەى خۆى لەناو دلى خەلکدا دەکردەوە، کە دابەش دەبووین هەرخاوەن مالە و حەزى دەکرد مام قادر ببیتە میوانى.

مام قادر تاکو بەهارى ساڵی 1980 بەرپرسى ناوچەى باڵەک بوو، لە رۆژى هەینى 20/4/1980 لەگەل دوو پێشمەرگە گەرایەوە سەرکردایەتى و بەیەکجارى لاى ئێمە ڕۆیشت. لە سەرکردایەتیەوە بڕیاری ئەوەدرابوو ئەو بگوازرێتەوە بۆ لقى هەولێر، چونکە پێویست بوو. مام قادر لاى ئێمە زۆر ئاسودەبوو، دڵى بەئێمە خۆشبوو، ئێمەش ئەومان بەدڵ خۆشدەویست. هیچ کات گلەیى و گازندەى لە ئێمە نەبوو. بۆیە بەڕۆیشتنى زۆر دڵتەنگ بووین. ئەو لەرێگەى ئێرانەوە گەڕایەوە سەرکردایەتى، ئەوکاتە بارودۆخمان ئاساى بوو لەگەل ئێران.

کە مام قادر ڕۆیشت بناغەیەکى جوانى بۆکارکردنمان جێهێشت، ئەگەرچى بۆشاییەکى گەورەى جێهێشت. بەڵام کارەکان بەشێوەى ئاسایى بەرێوەدەچوون. ئەوسەردەم بارى ژیانمان باشبوو هاتوچۆمان لەگەل حزبەکانى ئێران باشبوو، ئەوانیش سەردانى ئێمەیان دەکرد بەتایبەت دیموکرات و سازمانى چریکى فیدائى، بەگشتى وەزعى حزب باش بوو.

لە کۆنگرەى یەکەم لە ڕێکەوتی 12-15/5/1981 لەدۆلەتوو بەدیدارى مام قادر شاد بووینەوە، مام قادر لەگەل د. کامەران، زیاتر دەهاتە لاى ئێمە بۆ پشوودان. ئەو رۆژانەى کۆنگرە زۆر دلمان بە مام قادر خۆشبوو. لەهەلبژاردندا زۆریش کارمان بۆى کرد و دەنگەکانمان بۆ ئەو بوو. دواى تەواوبوونى کۆنگرە بەسوارى گوێدرێژێکى سپى بەرەو لاى ئێمە هات، لەگەل ئەنور سعید ناوەندەیى گالتە و قسەى خۆشى هەبوو، گەیشتە لێوارى جۆگەیەک کاک ئەنور پێیگوت “ئاگاداربە مام قادر کەرەکەت ناوکى نەکەوی!” ئەویش یەکسەر وەلامیدایەوە (هەى لەناوەندێت….) تەواوى نەکرد. هەموومانى ماچکرد و سوپاسی کردین، هەندێ وێنەى یادیگاریمان گرت و چیتر مام قادرمان نەبینیەوە.

سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ پێشمەرگەی دێرین و کادیری ئەوسای ناوچەی باڵەک مام عەلی بۆ ناردنی ئەو بیرەوەری و زانیاریانە.

١١/٦/٢٠١٩