دیموکراتیزه‌کردن چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
له‌م قۆناغه‌دا داموده‌زگا، دامه‌زراو و ستره‌کتوری نادیموکراسی هه‌لده‌وه‌شێندرێنه‌وه و به‌ها نادیموکراسیه‌کان لاده‌بردرێن، له‌جێگه‌ی ئه‌وانه‌دا داموده‌زگا، دامه‌زراو، ستره‌کتوری دیموکراسی و به‌ها دیموکراسیه‌کان داده‌مه‌زرێندرێت و پشتگیریان ده‌کرێت. له کۆتایی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا چاوه‌روان ده‌کرێت ده‌ستوری نوێ په‌سند کرابێ، ده‌زگا و دامه‌زراوه دیموکراسیه‌کان که‌وتبنه‌گه‌ر. هه‌روه‌ها پارت و ئێ‌لیتی رامیار توانیبێتیان مه‌نتالی بیرکردنه‌وه، میتۆدی کار و کارگه‌ی رامیاریان له‌گه‌ڵ نۆرمه دیموکرسیه‌کاندا گونجاندبێ
له‌م وتاره‌دا ته‌نها سه‌رنج دراوه‌ته چه‌مکی فه‌رمانره‌وایی دیموکراسیانه و گرنگی به گواستنه‌وه‌ی سیسته‌م له رژێم و سیسته‌می نادیموکراسیانه بۆ رژێم و سیسته‌می دیموکراسیانه دراوه. چونکه چه‌مکی دیموکراتیزه‌کردن بۆ وڵاته دیموکراسیه‌کان یا نیمچه دیموکراسیه‌کانیش به‌کار ده‌هێندرێت. جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه چه‌مکی دیموکراتیزه‌کردن و چه‌مکی دیموکراسی دوو چه‌مکی به‌رفراوانن و واتای جۆراوجۆر ده‌گه‌یه‌نن، جگه له روانگه‌ی جودا بۆ لێکدانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له لایه‌نی دیاریکراوی ئه‌م چه‌مکانه‌وه، لێکدانه‌وه و دیدی جیاواز له‌مه‌ڕ خودی ئه‌م چه‌مکانه‌دا هه‌یه. ئه‌وه جگه‌له واتا و تێگه‌یشتن له‌م چه‌مکانه له لایه‌نی مێژووییه‌وه و گۆڕانی واتاکان به‌پێی به‌ره‌و پێشچوونی سه‌رده‌م.
به‌پێی واتا باوه‌که‌ی دیموکراتیزه‌کردن که بۆ پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردنی وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین، رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، خوارووی ئه‌وروپا و وڵاتانی دیکه کراوه و ده‌کرێت، دیموکراتیزه‌کردن پرۆسه‌یه‌که بریتییه له گۆران له فه‌رمانره‌وایی ئاوتێریتاری و نادیموکراسی به‌ره‌و فه‌رمانره‌وایی دیموکراسیانه. فه‌رمانره‌وایی دیموکراسیانه که چه‌مکی دیموکراسی په‌سندکردووه سه‌یر ده‌کرێت به واتای: ده‌سه‌لاتی خه‌ڵک، دابه‌شکردنی ده‌سه‌لاته‌کانی کانوندانان، به‌رێوه‌بردن و دادوه‌ری، یه‌کسانی رامیاری (که مه‌به‌ست یه‌کسانی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌رییه)، یه‌کسانی بوار بۆ که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه، ئازادی که‌سه‌کان، سیسته‌می فره‌پارتی، بوونی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگه‌ر، په‌رله‌مانتاریزم، پێشبڕکێی ئازدانه، هه‌ڵبژاردنی به‌رده‌وام له کاتی دیارکراودا، به‌شداری ئازادانه‌ی که‌س و رێکخراوه‌کان له هه‌ڵبژاردندا، بریاردان به پێی ده‌نگی زۆرینه، رێزگرتن و مسۆگه‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندی که‌مینه[i] هتد. ئه‌م تێگه‌یشتنه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌م سیسته‌می دیموکراسییه وه‌رگیراوه که له رۆژئاوادا پیاده ده‌کرێت. له‌م سیسته‌می دیموکراسیدا چاوه‌روان ده‌کرێ ئه‌م خاڵانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ کرا بهێندرێنه دی. هه‌روه‌ها هه‌روه‌کو دێیڤید هێلد David Held ئاماژه بۆ گه‌لێ له خاڵه گرنگه‌کان ده‌کات[ii]،هه‌روه‌ها هه‌روه‌کو چاوه‌روان ده‌کرێت، ئه‌م سیسته‌مه دیموکراسییه ده‌بێ پارێزگاری و مسۆگری که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه بکات به شێوه‌یه‌ک که:
1. پارێزگاری هاوڵاتی له ده‌ستدرێژی و پێشێلکاری ده‌سه‌لات و هه‌روه‌ها له یه‌کتر له نێوان خۆیاندا به شێوه‌یه‌ک که ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ره‌وتێکی رامیاری وا بکات، که له‌گه‌ڵ ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک گونجاوه.
2. سه‌روه‌ری لای خه‌ڵک ده‌مێنێته‌وه له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیه‌وه. خه‌ڵک نوێنه‌ر هه‌لده‌بژێرن، که سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، به‌ڵام له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه چاودێری ده‌کرێن و سه‌روه‌ریش لای خه‌ڵک ده‌مێنێته‌وه.
3. بهکهسنهکردنی ده‌سه‌لات، به پارتنهکردنی ده‌سه‌ڵات و ئازادکردنی ده‌سه‌ڵات له به‌رژه‌وه‌ندی که‌س و پارت.
4. ده‌سه‌ڵات کانونیانه له نێوان سێ به‌شی کانوندانان، به‌رێوه‌بردن و دادوه‌ری دابه‌ش بکرێت، بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م به‌شانه له یه‌کتر، له که‌س، پارت، ئایین و ئایدۆلۆژیای تایبه‌ت.
5. فه‌رمانره‌وایی ده‌ستور که ئازادی له ده‌ستدرێژی یا کرده‌ی مهرجئامێزی ده‌سه‌لات، یه‌کسانی له‌به‌رده‌م کانون له شێوه‌ی ئازادیه جۆراوجۆره‌کان، ئازادی سیڤیل و رامیاری مسۆگه‌ر ده‌کات.
6. بوونی ئۆپۆزیشیۆنی ئازاد، که بتوانێ دیموکراسیانه ده‌سه‌ڵات بخاته ژێر چاودێری و لێپرسینه‌وه، وه هاوڵاتیان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵک له کرده‌ی مهرجئامێز و نادیموکراسیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بپارێزێت.
7. جوداکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل به‌شێوه‌یه‌ک سنور بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی رامیاری دابنێت، مسۆگه‌ری ئازادی که‌سه‌کان له خاوه‌ندارێتی، ژیانی تایبه‌ت و گوزه‌رانیان بکات.
8. گه‌شه‌کردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل هه‌بێت.
9. مسۆگه‌ری خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت له هۆکاره‌کانی به‌رهه‌مهێناندا، هه‌روه‌ها مسۆگه‌ری ئابوری ئازاد له پێشبرکێی ئازاد‌دا، وه مسۆگه‌رکردنی له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتدا.
خالی ده‌ستپێکی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له وڵاتێک‌دا که پێشتر دیموکراسی نه‌بووه و ئه‌زموونی دیموکراسی نییه، له زۆربه‌ی باره‌کاندا دارمانی یا نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر یا ئاوتێریتاریه و به دامه‌زراندنی سیسته‌می دیموکراسی ته‌واو کۆتایی دێت. قۆناخی گواستنه‌وه که هه‌نگاوه بنچینه‌ییه‌کانی دیموکراتیزهکردنهکه ده‌گرێته‌وه، به قۆناغی گواستنه‌وه له سیسته‌می نادیموکراسی بۆ سیسته‌می دیموکراسی کۆتایی دێت. ده‌کرێ ئه‌م قۆناغه چه‌ند مانگ یا یه‌ک دوو ساڵ بخایه‌نێ. له‌م قۆناغه‌دا داموده‌زگا، دامه‌زراو و ستره‌کتوری نادیموکراسی هه‌لده‌وه‌شێندرێنه‌وه و به‌ها نادیموکراسیه‌کان لاده‌بردرێن، له‌جێگه‌ی ئه‌وانه‌دا داموده‌زگا، دامه‌زراو، ستره‌کتوری دیموکراسی و به‌ها دیموکراسیه‌کان داده‌مه‌زرێندرێت و پشتگیریان ده‌کرێت. له‌م قۆناغه‌دا شێوه‌ی دیموکراسیانه بۆ هاوکاری و پێشبرکێ له نێوان پارت و رێکخراوه‌کاندا جێگه‌ی ستره‌کتوری نادیموکراسیانه‌ی پیشوو ده‌گرنه‌وه. له کۆتایی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا چاوه‌روان ده‌کرێت ده‌ستوری نوێ په‌سند کرابێ، ده‌زگا و دامه‌زراوه دیموکراسیه‌کان که‌وتبنه‌گه‌ر. هه‌روه‌ها پارت و ئێ‌لیتی رامیار توانیبێتیان مه‌نتالی بیرکردنه‌وه، میتۆدی کار و کارگه‌ی رامیاریان له‌گه‌ڵ نۆرمه دیموکرسیه‌کاندا گونجاندبێ[iii].
قۆناخی دوای ئه‌وه سه‌قامگیکردنی یا چه‌سپاندنی سیسته‌می دیموکراسی ده‌ستپێده‌کات که کاتێکی زیاتری له قۆناغی گواستنه‌وه پێویسته. له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌روان ده‌کرێ چه‌ند هه‌لبژاردنێک به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه له کاتی خۆیاندا بکرێن، به‌شداری و پێشبڕکێی ئازاد و بێمه‌رجی نادیموکراسیانه‌ی که‌س و رێکخراوه رامیاریه‌کان هه‌بن، ئۆپۆزیسیۆن و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان دیموکراسیانه له که‌شێکی ئازادا پیاده‌ی ئه‌رکه‌کانی خۆیان بکه‌ن، ئالوگۆڕی ده‌سه‌ڵات ئاشتیانه له کاتی خۆیاندا روو بده‌ن. سه‌رکه‌وتوویی ئه‌م پرۆسه‌یه ئاماژه به جێگیربوون و ره‌گداکوتانی به‌ها دیموکراسیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کات، هه‌روه‌ها ئاماژه به دامه‌زراندنی سیسته‌می فره‌پارت و بوونی یه‌کسانی و ئازادییه جۆراوجۆره‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو و به‌کار ده‌کات[iv]. لاوازی یا ناسه‌رکه‌وتوویی ئه‌م قۆناغه، ئاماژه به که‌موکوڕی و هه‌نگاوی دژ یا ناگونجاو له ده‌ستپێکی دیموکراتیزه‌کردن و هه‌نگاوه‌کانی دواتر به شێوه‌ی جۆراو جۆر ده‌کات، که ده‌کری ببنه‌هۆی ئیفلیجکردنی یا له باربردنی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن به ته‌واوی.
دیموکراتیزه‌کردن هه‌روه‌کو ئوفه یاکۆبسن Uffe Jakobsenده‌ڵێ، “هه‌ر گواستنه‌وه له سیسته‌می نادیموکراسی بۆ سیسته‌می دیموکراسی نییه، به‌ڵکو به‌هه‌مان شێوه گواستنه‌وه‌یه له دیموکراسی بۆ دیموکراسی زیاتر، که له میانه‌یدا به‌رفراوانکردن و قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیموکراسیه‌یه که هاتۆته‌دی”[v]. واته قۆناغی دوای ئه‌وه قۆناغی قووڵبوونه‌وه و فراوانکردنی به‌ها دیموکراسیه‌کان و زیاتر دیموکراتیزه‌کردنه له هه‌موو ئاسته‌کاندا. ئه‌م قۆناغه هه‌میشه‌ییه و پێداویستیه‌کی بێئهملاوئهملای سیسته‌می دیموکراسیه که بۆ باشترکردنی دیموکراسی پێویسته به به‌رده‌وامی به زیندوویی چاڵاکانه هه‌بێت.
روخانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و نادیموکراسی خۆی له خۆیدا هه‌نگاو به‌ره‌وه ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراسی نییه. ده‌کرێ له دوای ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراسی ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی نادیموکراسی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست. ئه‌مه په‌یوه‌ستداره به که‌لتوری رامیاری، ئاستی هوشیاری و پێشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌روه‌ها به‌تایبه‌تی ئه‌م ئێلیت و پارته رامیارانهی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه یا ده‌سه‌ڵاتیان ده‌که‌وێته ده‌ست. له کۆمهڵگهیکدا که ئه‌زموونێکی دیموکراسی هه‌رگیز نه‌بووبێت، خه‌ڵکه‌که ئازاد نه‌بووبن و له واتای ئازادی نه‌گه‌ن، هه‌روه‌ها دیموکراتیزه‌کردن ئامانجی نزیک و له پێشی ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ نه‌بێت، یا بوونی رێکخراو و بیروباوه‌ری دژ یا ناته‌با به دیموکراسی و به‌هێزیان له کۆمه‌ڵگه‌دا، دیموکراتیزه‌کردن به‌ئه‌گه‌ری زۆر گرنگی پێ‌نادرێت یا سه‌خته بتوانرێ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی بۆ بنرێت.
له بارێک‌دا له‌م کۆمه‌ڵگانه‌ی که هه‌میشه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و ئاوتۆریتار به‌رێوه‌چوون، له دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆر یا نادیموکراسی، ئه‌گه‌رهاتوو پارتێکی به‌هێزی رامیاریی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، ئه‌م پارته که له زۆربه‌ی باره‌کاندا خاوه‌نی جۆره مێژوو و بیروباوه‌ڕێکه، ده‌کرێ خۆی وه‌کو پارتی پێشه‌نگ و رزگارکه‌ری گه‌ل پێناسه بکات و پیشان بدات، له‌م باره‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره ئه‌م پارته هه‌وڵ بدات پره‌ستیژ و ده‌سه‌ڵاته ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاریه‌کان بخاته ژێر چنگی خۆی، چونکه ره‌وایی و دروستی له چاویلکه‌ی تایبه‌ت به خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌رژه‌وه‌ندی مهرجئامێزانهی پارت و سه‌رۆک وه‌کو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل ده‌بینێت، که واده‌کات تووشی به‌رزه‌فڕی و تاکڕه‌وی ببێت، به‌مجۆره ورده ورده له واتا و به‌ها دیموکراسیه‌کان که سه‌ره‌تا له‌ژێر ناوی ئازادییه‌وه ده‌گوترێن و بانگاشه‌یان بۆ ده‌کرێت، دوور ده‌خاته‌وه. له ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاته‌که وه‌کو ده‌سه‌ڵاته‌کانی پێشوو به تایبه‌تمه‌ندی جیاوازه‌وه له چوارچێوه‌یه‌کی نادیموکراسیانه ده‌ق ده‌گرێت، دژی گۆران به‌ره‌و ئازادی و کرانه‌وه ده‌وه‌ستێت. بۆنمونه کۆمۆنیسته‌کانی کوبا و باکوری کۆریا (هێزی ده‌ره‌کی پشتگیری کردن و داینان، که وه‌کو رزگارکه‌ری گه‌ل خۆیان پێناسه ده‌کرد)، به‌عسیه‌کانی ئێراق و سوریا،ZANU-PF پارته‌که‌ی مۆگابا له زیمبابۆ هتد. ئه‌م پارته ده‌سه‌ڵاتدارانه که خاوه‌نی ئایدۆلۆژیا و په‌یامی تایبه‌ت به‌خۆیان بوون، خۆیان له چوارچێوه‌ی پارتی رزگارکه‌ر و پێشه‌نگ پێناسه ده‌کرد و هه‌روه‌کو ئه‌وانه‌ی تا ئێستا ماون وه‌کو پێشوو ده‌یکه‌ن، کاتێ ده‌سه‌ڵاتیان گرتدهست، له ژێر ناوی دیموکراسی و ئازادی‌دا که لای ئه‌وان واتای ئه‌م چه‌مکانه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و لێکدانه‌وه ئایدۆلۆژیه‌کانیان گونجێندراوه، سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌هێز کرد و نه‌یارانیان ورده ورده پاککرده‌وه، ده‌سه‌ڵاته رامیاری، ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان خسته ژێر چنگی خۆیان و ده‌ستیان به جێبه‌جێکردنی په‌یامی ئایدۆلۆژیانه‌ی خۆیان کرد. به‌مجۆره جگه له په‌یام و لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان که وه‌کو به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یامی گشت ده‌یناسێنن، بیروباوه‌ره جیاوازه‌کان ره‌تکرانه‌وه و رێگه له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌لدانی پارت و رێکخراوی رامیاری گیرا، ده‌سه‌ڵات چووه چوارچێوه‌یه‌کی نادیموکراسی و دیکتاتۆری داخراو، دژ به گۆڕان، دژ به ئازای و کرانه‌وه.
له‌م جۆره ستاتانهدا پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن ئه‌گه‌ر که‌م یا زۆر هه‌نگاوی بۆ هاویشترابێت، هه‌وڵی وه‌ستاندنی به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له ژێر بیانووی جیاوازدا ده‌درێت. ئه‌وه به‌ئه‌گه‌ری زۆر هه‌نگاونانه بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه نادیموکراسیه‌کانی پارت و سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتدار. له زۆربه‌ی باره‌کاندا پارتی ده‌سه‌ڵاتدار که خۆی وه‌کو رزگارکه‌ر و پیشه‌نگی نه‌ته‌وه پیشان ده‌دات و خۆی به تاکه نوێنه‌ری ره‌وای گه‌ل ده‌بینێت، هه‌ست به مه‌ترسی له‌سه‌ر له‌قبوونی ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی کاتی خۆی ده‌کات، ئه‌م مه‌ترسییه‌ی که جۆرێک له ئازادی یا پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن هێناویه‌ته دی، بۆیه پارتی ده‌سه‌ڵاتدار خودی ئازادییه‌که یا پرۆسه‌ی دیموکراتیزهکردنهکه به مه‌ترسی له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه نادیموکراسیه‌کانی ده‌زانێت. به‌مجۆره له ژێر ناو و بانگاشه‌ی جیاوازدا، له دیارده ئازاده‌کان ده‌دات، دامه‌زراو و به‌ها دیموکراسیه‌کان شه‌ل ده‌کات، هه‌نگاوی دیار بۆ قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات له ژێرچنگی خۆیدا ده‌نێت. له‌مباره‌دا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م هه‌نگاوانه به پێویستیه‌کی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی وێنه بکات، وه به‌هۆی باڵاده‌ستیه‌که‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا، کار و کرده‌وه‌کانی خۆی وه‌کو خێروبێری پارت و سه‌رۆک بۆ خه‌ڵک پێناسه ده‌کات.
وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن ئه‌گه‌ر که‌م یا زۆر هه‌نگاوی بۆنرابێت، له‌هه‌ر قۆناغێکی پرۆسه‌که‌دا به بیانووی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، یا سه‌قامگیری ئاسایش یا یه‌کریزی نه‌ته‌وه‌یی یا بیانووی دیکه له لایه‌ن پارت و سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، هه‌مووی به‌جۆرێ له جۆره‌کان کاردانه‌وه‌ن دژی پرۆسه‌که. چونکه دیموکراتیزه‌کردن و سه‌قامگیری به‌ها دیموکراسیه‌کانه به‌هێزکردنی یه‌کریزی نه‌ته‌وه و رێکراگری ئاسایشی نه‌ته‌وه به‌ده‌ست دێنێت. له باری بوونی دیموکراسیدا هاوڵاتیان ستات و ده‌سه‌ڵات به هی خۆیان ده‌زانن و لێیان نامۆ نین، دڵنیایی داد، دادوه‌ری و فه‌رمانره‌وایی ده‌ستور هه‌یه، پشتگیری سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ستات به به‌رفراوانی له نیوان هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه هتد.. له باری فه‌رمانره‌وایی نادیموکراسیانه‌دا ئه‌م خاڵانه و هی دیکه یا زۆر لاوازن یا نین. بۆیه له ئه‌گه‌ری بوونی سیسته‌م و به‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراسیدا ستات یا ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانره‌وا خاوه‌نی ناسنامه‌ی به‌هێزی شاوڵی و ئاسۆیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌تی.
جیاوازی له نیوان دیموکراتیزه‌کردنی خۆڕسک، سه‌ربه‌خۆ و نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ دیموکراتیزه‌کردنی ناسه‌ربه‌خۆ و به‌هاوکاری کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. دیموکراتیزه‌کردن به بێ هاوکاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی یا نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کو پرۆسه‌یه‌کی ناوخۆیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ست پێده‌کات و هه‌نگاو بۆ سیسته‌می دیموکراسی ده‌نێت. له‌مباره‌دا ئاستی هوشیاری کۆمه‌لگه و مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه گه‌یشتۆته ئه‌م ئاسته‌ی که بوونی پرۆسه‌که و چوون به‌ره‌و سیسته‌می دیموکراسی بکاته ئامانجی هه‌نوکه‌یی و له‌پێش. ئه‌م جۆره دیموکراتیزه‌کردنه له ده‌ره‌وه ناهێندرێ و ناسه‌پێندرێ به‌ڵکو کۆمه‌ڵگه یا به‌شه هوشیاره‌کان، ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵگه و ئێلیته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کۆمه‌ڵگه په‌سندی به‌ها دیموکراسیه‌کانی کردووه و گۆڕان به پێویستیه‌کی سه‌رده‌م ده‌زانن، به‌مجۆره چه‌سپاندن و جێگیرکردنی به‌ها و دامه‌زراوه دیموکراسیه‌کانیان لا په‌سنده. نمونه‌ی ئه‌م جۆره دیموکراتیزه‌کردنه خۆڕسکه یا سه‌ربه‌خۆیه وڵاتانی رۆژئاوای ئه‌وروپان که بێگومان پرۆسه‌یه‌کی دوورودرێژ بووه و وڵاتانی رۆژئاوا کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کتر له پرۆسه‌ی کرانه‌وه و دیموکراتیزه‌کردندا هه‌بووه.
دیموکراتیزه‌کردن به هاوکاری هێز و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی یا نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ستپێک و هه‌نگاوه‌کانی به هاوکاری ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌کیه‌کان ده‌بێت. دیاره ئاستی هاوکاری و ده‌ستێوه‌ردان له شوێنێک بۆ شوێنێک جیاوازیان هه‌یه. له کاتی بوونی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کیدا، که له‌به‌ر روخانی رژێمی نادیموکراسی له‌به‌ر هۆکاری جیادا، کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی یا ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کی که ده‌کرێ له یه‌ک یا چه‌ند وڵاتێک پێک بێن به کاری ده‌ستێوه‌ردانه‌که هه‌ڵده‌ستن. دیاره پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن زیاتر له تێوه‌گلانی ده‌ستێوه‌ردانی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتوویی زیاتره، ئه‌گه‌ر ئامانجی رامیاری هێزی هاتوو دیموکراتیزه‌کردن بێت. له‌مباره‌دا ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی که له زۆربه‌ی باره‌کاندا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی زڵهێزه‌کانی رۆژئاوادایه، به‌شێوه‌یه‌ک له شیوه‌کان پشتگیری هێزه ناوخۆییه دیموکراسیخوازه‌کان ده‌کات و هه‌وڵی دیموکراتیزه‌کردن ده‌دات. سه‌رکه‌وتوویی ئه‌م پرۆسه‌یه په‌یوه‌ستداره به شوێن، ویستی کۆمه‌ڵگه و ئاماده‌یی کۆمه‌ڵگه پهیوهستدارهکه، هه‌روه‌ها بوونی به‌رنامه‌ی راکشاوی دیموکراتیزه‌کردن له لایه‌ن هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی هاتوه‌وه و ئاستی ویستی هاوکاری ده‌ره‌کی له پرۆسه‌که‌دا. له کۆمه‌ڵگه‌ی کۆنسهرڤهتیو و ئایینپارێزدا، له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که ئه‌زموونی دیموکراسی پێشتر نه‌بووه، سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن زۆر سه‌خته. چونکه دیموکراتیزه‌کردن له زۆر باردا به چه‌ک و هێز ناتوانرێ بسه‌پێندرێت، به‌ڵکو ده‌بێ کۆمه‌ڵگه پهیوهستارهکه جۆره ئاماده‌ییه‌کی تاراده‌یه‌کی دیار بۆ گۆڕانه‌که هه‌بێت. بۆنمونه پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له ئه‌فغانستان تووشی شکست هات و تا ئێستا سیسته‌مێکی دیموکراسی به‌کار نه‌توانراوه دروست بکرێت. له ئێراقدا پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن کێشه‌ی زۆره و هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌کانی قۆناغی گواستنه‌وه پربوون له کێشه و که‌موکوڕی، که ئێستاش به‌رده‌وامن و چاره‌سه‌ر نه‌کراون. له لایه‌کیتر روونی به‌رنامه‌ی دیموکراتیزه‌کردن، هاوکات به‌رنامه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان به له‌به‌رچاوگرتنی به‌هاکانی ئازادی و دیموکراسی له هه‌ردوو باردا کێشه‌ی زۆری هه‌بووه، ئه‌م که‌موکوڕیه به‌راده‌یه‌کی زۆر ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی هێزی هاتووی ده‌ستێوه‌رده‌ر. ئه‌م ناروونییه و دله‌راوکێ له چاره‌سه‌ر یا نه‌بوونی ویستی چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تیانه‌ی کێشه‌کان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه جیاوازه‌کاندا، وایکردووه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی پهیوهستدارهوه گومان له مه‌به‌ستی هاتنه‌که په‌یدا بکرێت.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له باری بوونی ناکۆکی نه‌ته‌وه‌یی کۆن و مێژوویی له ستاتی فره‌نه‌ته‌وه‌دا پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن و گۆڕان به‌ئه‌گه‌ری زۆر سه‌ختتر ده‌بێ. چ جۆره چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی که‌مه نه‌ته‌وه یا نه‌ته‌وه چه‌وه‌ساوه‌کان و له‌نوێ رزگاربووه‌کان داده‌ندرێت، خۆی له خۆیدا بوارێکی به‌رفراوانه و ده‌کرێ کێشه‌یه‌که‌ی گهروهبێ بۆ پرۆسه‌که ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست پشتگوێخستنی مافی که‌مینه و نه‌ته‌وه‌کان (که داوای جۆرێک له ئازادی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌ن) به‌جۆرێ له جۆره‌کان له ئارادا بێت. دیاره له‌مباریه‌وه بیروباوه‌ری جیاواز بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ن، به‌ڵام لێره وازی لێ دێنین.
شاخه‌وان شۆڕش
14ی مای 2009
[ii] Held, David (1998): Models of Democracy, Second edition, polity, p. 99.
[iii] Leksikon i statskundskab (1997): red. af Mogens N. Pedersen, Kjell Goldmann og Øjvind Østerud, s. 37.
[iv] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
[v] Jakobsen, Uffe (1999): Demokratisering – begreber, teorier og processer, i Demokrati og demokratisering: Begreber og teorier red. af Uffe Jakobsen og Morten Kelstrup, Forlaget Politiske studier 1999, s. 154.
سەرنج بنێرە