چلچرای شۆڕش لە چل ساڵ تەمەنی خەباتی شارو شاخ دا

لە یادی ٣٥ ساڵەی گیانبەختکردنی قادر شۆڕشدا ئەم پیشەکی و هۆنراوەیە لەلایەن نوسەر و شاعیر حەمەی ئەحمەد جافەوە پێشکەشە

شۆڕش دەڵێ:‌ هاتووم كچی شار لە شاخ و…
سرووشت لە بەهار مارەكەم!
هاتووم
شەڕ بكەمە ئاشتی!
شار بۆ هەوێنی ئازادی و..
شاخ بۆ سەنگەر
تفەنگ بۆ تۆڵە
سروودی نان بۆ هەژاران
بۆ پێشمەرگەش…
ساقۆی گەرم وژوانی باران

چلچرای شۆڕش لە چل ساڵ تەمەنی خەباتی شارو شاخ دا

حەمە ئەحمەد جاف

لە كڵاوڕۆژنەی قەڵەمه كانى نێو گیرفانی مێژووی خاكی شیرینی دایك وتفەنگی نێو دەستی پێشمەرگەی كوردستان و سەنگەرو مەتەرێزی خەبات و تێكۆشان لە پێناوی گەیشتن بە مافی رەوای گەلی بەشمەینەتی كوردو لێرەوە بەرەو لوتكەی ورە و نەبەزین و كوردایەتی و مەردایەتی ورۆحی بە گژداهاتنەوە. لەوێ‌ لە دامێنی سەوزی چیا سنگ بەفرینەكانی مێژوو ، بەرەو هەواری باسەفای مەقەڕەكانی پێشمەرگە، ئەو پێشمەرگە جەسورانەی هەمیشەو بەردەوام بە هەڵوێستی نەگۆڕی كوردانەو كوردایەتی و زەبری مقاوەمەت و حەماسخوڵقێنی نەتەوەییی وەك چیای مێژوو كەڵەگەت، رووبەڕووی دوژمنانی نیشتیمانی كوردستان بوونەتەوە و داكۆكیان لە بوونی كوردو ناسنامەی نەتەوەیی كوردو كوردستانی دایك كردووە، هەرجارەویادی مەرگ و ماڵئاوایی پێشمەرگە و سەركردەیەكی ئازاو قارەمان و جوامێر لە كڵاو ڕۆژنەی ئەو گۆشەیەدا لەو دیدە كوردی و نیگا كوردستانییەوە دەچینە نێو سەنگەری شەوانی پێشمەرگەو سەركردەیەكی ئازاو چاونەترسی ئەوتۆ كە چل ساڵ خەبات و تێكۆشانی ماندوونەناسانەی شاخ و شاری تێكەڵ بە تەمەنی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانی مێژووی كوردو كوردستان كرد، ئەو پیاوە نەمرەی لە شەوانی تەنیايی شاخ و شاردا شەوچەرەی ژیانی شۆڕشگێڕیەتی خۆی پێشكەش بە سەنگەرومەتەرێزی شۆڕش و خەباتی نەپساوەی كوردستان كرد و كە مێژوو شانازی پێوە دەكات و لە دڵی سپی شاخ و شاردا سەربەرزانە دەمێنێتەوەو هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ رەوتی كاروانی مێژووی سەختی كوردایەتیدا دەچێتەپێش و لە ژێر سێبەری سەنگەرو ساباتی بەرداڵانی ئەشكەوتە شێدارەكان و به ر هەیوانی كوختە سەرمابردووەكانی ( پێشمەرگە ) وچانێك دەچینە خزمەت خەباتی نەپساوەی سەركردەو پێشمەرگەیەكی شۆڕشگێڕو ماندوونەناسی كوردو كوردایەتی، ئەویش شەهید (قادر شۆڕش) ی نەمرە … ئەو شەهیدەی لە 11/حوزەیرانی 1983 جێی هێشتین و بؤ دوايينجار ماڵئاواییی لێكردین، ئێمەش لەو مینبەرە پیرۆزەوە لە یادی 35 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر كۆچ ومەرگ و ماڵئاواییی پێشمەرگەو سەركردەی ماندوونەناس و شۆڕشگێڕی نەتەوەكەمان، رێز دەگرین، كه(35) ساڵ بەر لەمڕۆو لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆی ١١/٦/١٩٨٣دا ئەستێرەیەكی پڕشنگداری گەلی كوردوشۆڕش سەركردە و فەرماندە ى كوردستان( قادر شۆڕش) دڵە گەورەكەی لەلیێدان كەوت و بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی لێكردین.

چلچرای شۆڕش
بۆ گیانی پاك و بەرزە فڕی قادر شۆڕش

شیعری
حەمە ئەحمەد جاف
ـــــــــــــ
لە شارەوە…
بۆ شۆڕش و جاویدانی
لە شاخەوە…
بۆ مەتەرێزو قوربانی
نەهێنی شەو…
رێژنەی رژانی ئەستێرەو..
مانگ و..
رەشبەڵەكی كانی!
شەوان شۆڕش
دەستی داڵێنێتە ملی تفەنگە كەی و..
ئەشكەوت دەكا بە رایەخ و…
بەرد بە سەرین!
لەگەڵ لایلایەی سیسرك و
جریوەی ئەستێرەی ئاسمانی،
ساماڵی شین!
دەكەوێتە گێژی خەوێكی قوڵەوە
خەونی سەربەخۆیی وڵات
بۆ مانەوە!
هەڵزنان بە دوندی خەبات
بۆ شۆڕش و هەڵسانەوە!
ئەمشەو …شۆڕش
بە سواری ئەسپە شێی گوللەو…
پشتی تریفەی مانگەشەو
دەگەڕێتەوە بەر قەڵا….
بۆ ماچی شیرینی چۆلی و
شێخەڵاو تەعجیل و گڵكەند
ئەوڕۆ …شۆڕش
دەگەڕێتەوە سێبەری،..
درەختەكانی قەبرستانی ،
(شێخ محەمەد)
بۆ هەولێری زەرد هەڵگەڕاو
بۆ تەیراوای تینوو بۆ ئاو
بۆ قەڵاسنجی گوڵزێدی،
نیشتیمانێكی دڵشكاو!
**
شۆڕش دەڵێ:‌
هاتووم
كچی شار لە شاخ و…
سرووشت لە بەهار مارەكەم!
هاتووم
شەڕ بكەمە ئاشتی!
شار بۆ هەوێنی ئازادی و..
شاخ بۆ سەنگەر
تفەنگ بۆ تۆڵە
سروودی نان بۆ هەژاران
بۆ پێشمەرگەش…
ساقۆی گەرم وژوانی باران
**
ئەمشەو شۆڕش
لە سەمای بسكۆڵەی سپی ،
سنگی بە فرا
خەون بە نانی گوڵە گەنم و…
ئازادی تۆوە دەبینێ!‌
شۆڕش …سڵاو
سڵاوی سەنگەری خەبات
هەڵۆی بەرزە فڕی وڵات
گوڵدانێ‌ رێز…
سڵاو ئەی سروودی شارو…
شاخ و پێشمەرگەو مەتەرێز
**
من شۆڕشم…
لە سۆنگەی ئازادی خاكدا
پێشكەشدەكەم خوێنی گەشم
شۆڕشێكی گەلێ‌ ماندووم
تەنها بۆ دیدەنی قەڵاو…
خامە چاونەترسەكانی نێو گیرفانی،
واڵای پیرە مەچكۆ هاتووم
بۆ دیدەنی كەوەكانی قەرەچوغ و
گمەی كۆترە سپییەكانی،
بەر گزنگی هەتاو هاتووم
هاتووم
كچی شار لە شاخ و…
سرووشت لە بەهار مارەكەم!
هاتووم
شەڕ بكەمە ئاشتی!
**
من شۆڕشم…
بۆ نیشتیمان
هەگبەی چل ساڵی خەبات و…
بەرخودانم كردۆتە شان
بۆچەوساوەو سكی برسی
دەبم بە نان
من خەباتم
بۆ شەوەزەنگی وڵاتم
دەبمە چلچراو رووناكی
دەبمە سەنگەر
بۆ داكۆكی لەئازادی خەڵك و میللەت
تا قوتاربن
لەفرمێسك و خەم و مەینەت
دەبمە باران
دادەگژێمە خانووە قوڕەكانی هەژاران
دەبمە مێژوو
شانامەی خەمی شۆڕش و گوڵ و ئاگر
ئەنووسمەوە!!
تا رۆمانی مرۆدۆستی،
نامەی عیشق و خۆشەویستی
لە یاداشتنامەی قەڵەم و…
لە لوولەی تفەنگەكەمەوە
بخوێنمەوە!!
**
شۆڕشێكی بریندارم !!
چلچرای چل ساڵ خەباتی
تێكۆشانی شاخ و شارم
دێم ….نەداران
دێنمەوە هەواری یاران
دێم و باران
دێنمەوە بەهاری جاران
دێم و یەكجار
نێرگز دەدەمەوە یەخەی،
كوڕو كیژانی شاخ و شار!
خاك دەخەمە مێزی ئاڵاو…
نیشتیمانیش دەدەم بە تۆ!
منیش دەچمەوە بۆ چیاو…
دەچمەوە ناو دڵی مێژوو
لەوێ‌ دەبمەوە پێشمەرگە
**
6/6/2018
هەولێر

بۆ خوێندنەوەی بیرەوەریەکانی گیانبەختکردوو قادر شۆڕش سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

http://kadirshorsh.com/Kadir%20Sh..A4.pdf