خه‌ته‌نه‌کردن له باشوری کوردستاندا: کاره‌ساتێک له‌ژێر چاوپۆشی ده‌سه‌ڵاتدا
دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن
خه‌ته‌نه‌کردن لێکردنه‌وه و فرێدانی ئه‌م به‌شانه‌ی ئه‌ندامی سێکسوالی مێینه‌یه که له لایه‌ن بیروباوه‌ری دیارکراوه‌وه له‌به‌ر هۆکاری جودا ئاره‌زوو ناکرێن و به په‌سند داناندرێن. واته خه‌ته‌نه‌کردن کرده‌یه‌که بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌ستێکی دیاریکراوی جۆره دید و بروایه‌ک ئه‌نجام ده‌درێت، که پێی وایه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌کرێ ئامانجێکی دیاریکراو بهێنرێته‌دی.
دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن یه‌کێ له دیارده کۆنه‌کانه که زیاتر له کۆمه‌لگه موسوڵمانه‌کان و کۆمه‌ڵگه دواکه‌وتووه‌کانی ئه‌فه‌ریکادا که‌موزۆر ماوه و درێژه‌ی هه‌یه. خه‌ته‌نه‌کردن دیارده‌یه‌کی کۆنه و به‌پێی زانیاریه‌کان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌کانی میسر. دیارده‌که زیاتر له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه مۆسولمانهکان، هه‌ندێ له کۆمه‌ڵگه کریستیانه‌کان، جووه‌کان و ئهنیمیستهکان[1] و هی دیکه تا ئێستا باوه. له رۆژئاوادا ئه‌م دیارده‌یه پێشتر له هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌دا تا ناوه‌راستی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌بووه.
به‌پێی زانیاریه‌کان خه‌ته‌نه‌کردن له نزیکه‌ی 28 وڵاتی ئه‌فریکایی باوه له‌وانه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له سۆماڵ که سه‌دا 98ی کچه‌کان خه‌ته‌نه ده‌کرێن، له میسر سه‌دا 80ی کچه‌کان خه‌ته‌نه ده‌کرێن، له سودان سه‌دا 89ی کچه‌کان خه‌ته‌نه ده‌کرێن، له ئه‌سیوپیا سه‌دا 85ی کچه‌کان خه‌ته‌نه ده‌کرێن، له مالی سه‌دا 50ی کچه‌کان خه‌ته‌نه ده‌کرێن، هه‌روه‌ها ئه‌م دیارده‌یه له کۆمه‌ڵگه موسهڵمانهکانی ئه‌نده‌نوسیا و مالایزیا، وه له هه‌ندێ له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پیاده ده‌کرێت. له وڵاتانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تی له لایه‌ن په‌نابه‌ره مۆسولمانهکانی وه‌کو سۆمال، سودان و وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست یا خه‌ڵکی دیکه که له‌م وڵاتانه هاتوون که خه‌ته‌نه‌کردن تیایاندا وه‌ک ترادیسیۆن باوه، خه‌ته‌نه‌کردن به نهێنی هه‌یه[2].
دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن له لایه‌ن هه‌ندێ له شاره‌زایانه‌وه به ترادیسیۆنێکی مێژوویی و که‌لتوری داده‌ندرێت، لای هه‌ندێک به ئایینه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. له دیدی که‌لتوریانه‌ی هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌دا که خه‌ته‌نه‌کردن بۆته ترادیسیۆنی کۆمه‌ڵگه، به‌شه‌کانی ئه‌ندامی سێکسوالی ژن وه‌کو ناشیرن و پیس سه‌یر ده‌کرێن، هه‌روه‌ها له‌به‌ر پێدانی ئاره‌زووی سێکسی ئه‌وانه ئه‌م به‌شانه به په‌سند نازانن، بۆیه ئه‌وانه پێیانوایه بڕینی به‌شێک یا چه‌ند به‌شێکی ئه‌ندامی سێکسوالی ژن له لایه‌ک ده‌بێته هۆی خاوێنی، له لایه‌کی دیکه دهبیێتههۆی کهنترۆلکردنی ئاره‌زووی سێکسی ژن. هه‌روه‌ها له‌هه‌ندێ له‌م کۆمه‌ڵگانه‌دا ئاره‌زووی پیاو له به‌رامبه‌ردا ڕه‌چاو ده‌کرێ، کاری ده‌ستێوه‌ردانه‌که یا بڕین و ده‌ستکاریه‌که به‌شێوه‌یه‌ک ده‌کرێت که له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی سێکسی پیاودا گونجاوه[3].
به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه و حه‌دیس له‌سه‌رده‌می ئیسلامی کۆندا ئه‌م دیارده‌یه هه‌بووه و پێغه‌مه‌به‌ری موسوڵمانان پشتگیری کردووه. له نێو مه‌لا مهسوڵمانهکاندا ناته‌بایی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه. هه‌ندێ له مه‌لا موسوڵمانه‌کان خه‌ته‌نه‌کردن به پێوسیتیه‌کی ئایینی ده‌زانن، هه‌ندێ دژی ده‌وه‌ستن[4]. به‌ڵام وه‌کو روونکراوه‌ته‌وه دیارده‌که زۆر پێشی ئیسلام هه‌بووه و له زۆر کۆمه‌ڵگه‌دا پیاده‌کراوه، هه‌روه‌کو گوترا له هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌ی ناموسولماندا له کۆن و ئێستادا پیاده ده‌کرێت.
جگه‌له‌وه له‌م کۆمه‌ڵگانه‌ی ئه‌م دیارده‌یه هه‌یه، خه‌ته‌نه‌کردنی ژن له کۆنه‌وه کۆمه‌ڵێ لێکدانه‌وه و چیرۆکی ئه‌فسانه‌یی بۆ دروستکراوه و له هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌م چیرۆکانه گرنگیان لای خه‌ڵک تا ئێستا هه‌یه.
زیانه ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ته‌نه‌کردن
له‌م کۆمه‌ڵگانه‌ی خه‌ته‌کردن تیایاندا باوه، کچ له لایه‌نی فیزیکی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هه‌وڵی گۆرینی ده‌درێت، کۆمه‌ڵێ میکانزم بۆ ئه‌م گۆرانه دروستکراون. مه‌به‌ستی ده‌ستدرێژییه فیزیکیه‌که و سه‌پاندنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که کهنترۆڵکردن و گونجاندنی ژنه له‌گه‌ڵ دیدێکی تایبه‌تدا. به‌مجۆره جگه‌له‌وه‌ی له‌ڕیگه‌ی دهستێیوهردانهکهدا هه‌ندێ ئه‌رک و فه‌رمانی سروشتی زگماکی ئه‌ناتۆمی و ئۆرگانیزمی لهناودهبردریت، کچ واپه‌روه‌رده ده‌کرێت که له ئاستی داخوازیه‌کانی دیده تایبه‌ته‌که‌دا بێت و ده‌بێ هه‌وڵی پارستنیان بدات. به‌م شێوه‌یه نابێ ئه‌م ئاره‌زووانه ده‌ربخات یا ئه‌م کرده‌وانه ئه‌نجام بدات، که له لایه‌ن دیدی سه‌پێندراوی خێزان و کۆمه‌لگه‌وه ناپه‌سندن.
له لایه‌نی ته‌ندروستیه‌وه خه‌ته‌نه‌کردن زام و زیانی هه‌میشه‌یی فیزیکی، ده‌روونی و سێکسوالی له‌خۆی ده‌گرێت. زیانه‌کانی خه‌ته‌نه‌کردن پزیشکیانه سه‌ڵمێندراون. خه‌ته‌نه‌کردن له خراپترین باردا ده‌بێته‌هۆی مردن. له ئه‌جامی خه‌ته‌نه‌کردندا، کچ ئازاریان بۆ دروست ده‌بێت که ده‌کرێ هه‌میشه‌یی بێت، ده‌کرێ تووشی شۆک یا کێشه‌ی ده‌روونی ببن، ده‌کرێ تووشی خوێنبه‌ربوون بن. ده‌کرێ ببێته‌هۆی سه‌ختکردنی فرێدانی پاشماوه که ده‌بێته‌هۆی ئاوسان و نه‌خۆشی. له کاتی زگبووندا ده‌کرێ زیان به منداڵ له سکی دایکدا بگه‌یه‌نێ و منداڵ تووشی نه‌خۆشی ببێت، له کاتی بوونی منداڵدا به‌هۆی ئیفلیجی ئه‌ندامی سێکسوالی ژن ده‌کرێ زیان رووبدات، که ده‌کرێ ببێته‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی مندال یا دایک. خه‌ته‌نه‌کردن هه‌روه‌که برینی ئه‌م به‌شانه‌یه که ئاره‌زووی سێکسی ده‌وروژێنن، نه‌مانیان که‌مکردنه‌وه‌ی ئاره‌زووی سێکسی ژن ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌روه‌ها ده‌کرێ ببێته‌هۆی پێگه‌یاندی ئازار له کاتی جووتبووندا. که‌می و زۆری زیان و ئازاره‌کان به جۆر و ئاستی کوشنده‌یی خهتهنهکهوه به‌نده[5].
ده‌کرێ زام و برینی ده‌روونی له هۆشی په‌نادراو و شاراوه‌ی کچی قوربانی بچه‌سپێ، به‌جۆرێک دواتر له ژیانی رۆژانه‌دا به‌جۆرێک له جۆره‌کان خۆی ده‌رببرێت و گوزارشت له ئازاهکه بکات،له شێوه‌ی دیپرهسیۆن و نامۆیی، نه‌مانی ئاره‌زووی سێکس و جووتبوون، هه‌ست به‌که‌می کردن و نه‌خۆشیه‌کانی هۆش. هه‌ندێ له ده‌روونناسه‌کان وایبۆده‌چن که ئه‌م شۆک و تراومایه‌ی خه‌ته‌نه‌کردن دروستی ده‌کات ده‌کرێ ببێته‌هۆی جۆرێک له پاسیڤبوونی هه‌لسوکه‌وتی مرۆڤه قوربانیه‌که، که به‌هه‌ڵه که‌سایه‌تی مرۆڤه‌که وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی نه‌رم و ملکه‌چ لێکده‌درێته‌وه و سه‌یری ده‌کرێت. ئه‌وه له‌م کۆمه‌ڵگانه‌ی که ملکچی و بێده‌نگی به‌تایبه‌تی ژن به‌رز ده‌نرخێندرێت، ئه‌م لێکدانه‌وه هه‌له‌یه هه‌یه[6].
ئه‌م به‌شانه‌ی ده‌بردرێن و فرێده‌درێن هه‌مووی به‌شێکی ئۆرگانیزمیی دانه‌براون له ئه‌ناتۆمی[7] مرۆڤی مێینه‌دا، که وه‌کو په‌نجه و گوێچکه و به‌شه‌کانی دیکه‌ی له‌شی مرۆڤ به‌شێکی پێویستن له ژیانی مرۆڤدا و بایهلۆژیانه[8] له‌گه‌ڵ بووندا هه‌ن. هه‌ر به‌شێک له‌م به‌شانه فه‌رمانی سروشتیانه و پێوستی خۆیان هه‌یه، بۆ بوون و ژیانی مرۆڤ گرنگ و پێویستن. بۆیه بوونی ئه‌م به‌شانه له‌خۆڕا نییه و زیاده نییه، به‌ڵکو پێداویستیه‌کی سروشتی ئۆرگانیزهیی و بایهلۆژیانه بوونیانی پێویست کردووه. بڕینی ئه‌م به‌شانه مرۆڤ ده‌باته بارێکی ناته‌واو له لایه‌نی فیزیکی و ئۆرگانیزیهوه، چونکه هه‌ندێ له به‌شه پێویسته‌کانی فرێده‌درێن و لێده‌کرێنه‌وه. وه‌کو چۆن په‌نجه‌یه‌کی مرۆڤ لێبکرێته‌وه به پێی فرمانه‌که‌ی که هه‌یه‌تی زیانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێ و ئه‌م مرۆڤه له تواناکانی له رووی ئۆرگانیزهیی و فیزیکیه‌وه که‌م ده‌بێته‌وه. په‌نجه یا گوێچکه یا ددان یا هه‌ر به‌شێکی دیکه ههریکهی فرمانی سروشتیانه‌ی جیاوازیان له‌یه‌کتر هه‌یه، بۆ ژیان و بوونی مرۆڤ گرنگن، ئه‌م به‌شانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به ئه‌ندامی سێکسوالی مرۆڤه‌وه هه‌یه به‌هه‌مان شێوه هه‌ر یه‌که‌ی فرمانی سروشتیانه‌ی جیاوازیان هه‌یه، بۆ ژیان و بوون گرنگن. ئه‌م به‌شانه‌ی ئه‌ندامی سێکسوالی مێیینه که لێده‌کرێنه‌وه، واتای فرێدان و لابردنی هه‌موو ئه‌م فه‌رمان و ئه‌رکانه‌یه که ئه‌م به‌شه ئه‌ندامانه هه‌یانه. خه‌ته‌نه‌کردن ده‌بێته‌هۆی ئیفلیجکردنی ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی مرۆڤی مێینه، که وا ده‌کات، سروشتیانه به فه‌رمان و ئه‌رکه‌کانی خۆیان هه‌لنه‌ستن، چونکه توانا و میکانیزمه‌کان فرێدراون.
به‌پێی زۆرینه‌ی بۆچوونه‌کان خه‌ته‌نه‌کردن مه‌به‌ستی کهنترۆلکردنی ئاره‌زووه سێکسیه‌کانی ژنه، چونکه ئه‌م دیدانه‌ی که له‌گه‌ل دیارده‌که دان، پێیانوایه ئاره‌زووه سێکسیه‌کانی ژن نابێ ده‌ربکه‌ون یا خۆیان ده‌ربخه‌ن و سه‌رنج رابکێشن، هه‌روه‌ها ده‌بێ کهپکرێنهوه. خه‌ته‌نه‌کردن ده‌ستێوه‌ردانێکی ده‌ره‌کییه و برینی هه‌ندێ ئه‌ندامه که به نه‌مانیان فه‌رمان و ئه‌رکی سێکسوالی ژن که‌م ده‌بێته‌وه یا لاواز ده‌کرێت. ئه‌مه دهستتێوهردانێکه جیایه له لایه‌نه په‌روه‌رده‌ییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که که هاوکات و پێش و پاشی خه‌ته‌نه‌کردنه‌که بۆ مرۆڤی مێینه له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه هه‌ندێ زامی هه‌میشه‌یی که له ده‌ره‌وه‌ی توانای چاککردنه‌وه دایه، به کچی قوربانی ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌گه‌ر دواتر ژن هه‌وڵی چاککردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانه بدات که فیزیکیانه پێیگهیهندراوه، ناتوانێ هیچ بکات و ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م زیانه فیزیکی و ده‌روونییه هه‌میشه‌ییه بژیت.
ژنی هوشیار ده‌توانێ تاڕاده‌یه‌کی گونجاو زیانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان چاک بکاته‌وه یا تێپه‌ڕێنێ که له لایه‌نه په‌روه‌رده‌ییه‌که‌وه پێی گه‌یشتووه. واته هه‌موو ئه‌م نۆرم و رێسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له چوارچێوه‌ی په‌روه‌رده‌ی کۆنه‌پارێزانه له مێشکی چه‌قێندراون دواتر وازیان لێبهێنێت و وابه‌سته‌یان نه‌بێت، له جیاتی ئه‌وان نۆرم و رێسای جودا له سهپیندراوهکه که خۆی وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد په‌سندیان ده‌کات وه‌ربگرێت. به‌ڵام ژن ناتوانێ چاره‌سه‌ری زیانه فیزیکی و ئۆرگانیزمیهکه بکات که له کاتی منداڵی‌دا پێی گه‌یه‌ندراوه.
کاتێ کچ پێده‌گا و هوشیاری ته‌واو په‌یدا ده‌کات و له زیانه‌که ده‌گات، ناتوانێ هیچ له‌گه‌ل زیانه فیزیکیه‌کان بکات، که کاتی مندالی به‌سه‌ریدا هێندراوه. منداڵ بێده‌سه‌ڵاته و له‌ژێر که‌نترۆل و ویژدانی دایک و باوکی، هه‌روه‌ها نۆرم و ئیتیکی باوی کۆمه‌ڵگه دایه، بێئاگایه له هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیان، ناهوشیاره له نۆرم و رێساکان، بوونه‌وه‌رێکی لاوازه و ده‌تواندرێ به ئاسانی زیانی پێ بگه‌یه‌ندرێت. منداڵ له‌م باره بێده‌سه‌ڵاتی و لاوازیه‌دا ده‌ستدرێژی ده‌کرێته‌سه‌ر و زیانی هه‌میشه‌یی پێ ده‌گه‌یندرێت.
به‌رپرسیاری له پاراستن، ته‌ندروستبوون و سه‌رکه‌وتوویی منداڵ له ژیاندا ئه‌گه‌ر هه‌مووی نه‌بێت، به‌شێکی زۆری له ئه‌ستۆی دایک‌وباوک دایه. کاتێ کۆمه‌ڵگه یا به‌شێکی کۆمه‌ڵگه له‌ژێر کاریگه‌ری به‌رچاوی بیروباوه‌ری تایبه‌تی داخراو دایه، لێره‌دایه که بیروباوه‌ر دێته‌ناوه‌وه و ده‌کرێ زیان به مرۆڤه‌کان بگه‌یه‌نێت. چونکه پیروباوهرهکه جۆره تێگه‌یشتن، لێکدانه‌وه، نۆرم و ئیتیکی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌پاندووه که دیدێکی تایبه‌تیان بۆ کۆمه‌ڵگه‌که، مرۆڤه‌کان و ههلسوکهتی مرۆڤه‌کان دروستکردوه. ئه‌م دیده تایبه‌ته وای له دایک و باوک کردووه که جۆره براویهکی تایبه‌ت و گونجاو له‌گه‌ڵ دیده باوه‌که دروست بکه‌ن، به‌مجۆره ئه‌وان کارێ ده‌که‌ن که له‌لایه‌ن بیروباوه‌ره باوه‌که په‌سنده و گونجاوه. که ئه‌وان له کرده‌کانیاندا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی متمانه و پهسندمهندی کۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن، پێیان وایه کارێکی باش و په‌سند ده‌که‌ن، به‌ڵام نازانن که ئه‌وان کارێ ده‌که‌ن زیان ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌وان سه‌ره‌تا خۆیان قوربانی دیدێکی تایبه‌تن، که وایکردووه ئه‌وان پیاده‌ی کانون و رێساکانی بکه‌ن ئه‌گه‌رچی زیان به که‌سێکی خۆشه‌ویستیان ده‌گه‌یه‌نێت. له خه‌ته‌نه‌کردندا دایک‌وباوک ڕیگه به‌وه ده‌ده‌ن زیانی هه‌میشه‌یی فیزیکی و ئۆرگانیزهیی و ده‌روونی به منداله‌که‌یان بگه‌یه‌ندرێت، چونکه دیده باو و سه‌پێندراوه‌که ده‌یخوازێ. ئه‌وان ده‌ستدرێژیه‌ک ده‌که‌نه سه‌ر منداله‌که‌یان که دیدێکی تایبه‌ت به‌سه‌ریدا سه‌پاندوون، بۆیه ئه‌وان ده‌چنه خانه‌ی تاوانکاری و که‌سێکی خۆشه‌ویستی خۆیان که منداڵی خۆیانه ده‌که‌نه قوربانی. بۆیه ئه‌گه‌ر بیر له بنبرکردنی ئه‌م دیارده‌یه بکرێته‌وه، ده‌بێ ئه‌م هۆکاره بنچینه‌ییانه که دیدێکی تایبه‌ت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه و که‌سه‌کاندا سهپانوویهتی چاره‌سه‌ر بکرێن. به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌م نۆرم و ترادیسیۆنه زاڵه ئایینی و کۆنهپارێزیانهی که هانده‌ری ئه‌م دیارده‌یه‌ن نههلێلدرێن و به تێگه‌یشتنن و لێکدانه‌وه‌یه‌ک که رێز له بوون، ئازادی مرۆڤ و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌گرێت، بگۆردرێن.
خه‌ته‌نه‌کردن و ئایین
هه‌ندێ له شاره‌زایان ئایین به سه‌رچاوه‌ی خه‌ته‌نه‌کردن نازانن، ئه‌م بۆچوونه پێیوایه خه‌ته‌نه‌کردن پێشی هه‌ندێ له ئایینه گه‌وره‌کان هه‌بووه، هه‌روه‌کو پێشی ئایینی کریستیانی و ئیسلام هه‌بووه. ئه‌گه‌ر بلێین خه‌ته‌نه‌کردن له ئایینه‌وه یا بیروباوه‌ڕێکه‌وه هاتووه، ده‌بێ ئه‌م دیارده‌یه له نوسراوه بنچینه‌ییه‌کانی یا رێتوال و پره‌نسیپه بنچینه‌یی و جێگیره‌کانی ئه‌م ئایینه یا بڕوایه هه‌بێ، ئه‌وجا ده‌توانین پشتگیری ئه‌م گۆته‌یه بکه‌ین. به‌ڵام ده‌کرێ ئایین یا بڕوا په‌سندی هه‌ندێ پرهسیپ و رێتوال یا دیارده‌ی دیکه که هه‌ن بکه‌ن و به‌خۆیانه‌وه بگرن. بیروبروا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان چ ئایینی یا رامیاری دارێژه‌ری یه‌که‌م و بنچینه‌یی هه‌موو ئه‌م په‌یام و بیرۆکانه نین که له کات و سه‌رده‌می دیاریکراودا رایده‌گه‌یه‌نن. به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی بروا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان سوود له بیر و هزری پێش و هاوسه‌رده‌می خۆیان وه‌رده‌گرن، له فۆرمی تر یا نوێ‌دا به بیر و په‌یامی که‌م یا زۆر جیاواز سه‌رهه‌لده‌ده‌ن. له‌سه‌رده‌می جیا جیادا هه‌ر ئایینێک که هاتووه و له کۆمه‌لگه‌دا چه‌سپیوه، کۆمه‌ڵی دیارده و نۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی ره‌تکردۆته‌وه و دژی وه‌ستاوه، له‌هه‌مان کاتدا په‌سند و پشتگیری کۆمه‌ڵی دیارده، نۆرم و ره‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی کردووه.
ئه‌م دیارده و نۆرمانه‌ی که به‌ر له‌بوونی ئایین هه‌ن و له‌گه‌ڵ بیروهزری ئاییندا گونجاون، ئه‌گه‌ری په‌سندکردنیان زۆره. بۆیه ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌ک سه‌چاوه‌که‌ی ئایینیش نه‌بێ، به‌ڵام که ئایین په‌سندی ده‌کات، که‌واته پهسندمهندی ئایینه‌که وه‌رده‌گرێ و له دیدی ئایینه‌که‌وه ره‌وایه‌تی پێ ده‌درێت. که هه‌وادارانی ئایین پشتگیری دیارده‌یه‌ک ده‌که‌ن و به که‌رسته‌یه‌کی گونجاوی پێکاندنی ئامانجێکی دیاریکراوی ئایینه‌که ده‌یبینن، واتای ئه‌وه‌یه ئه‌م دیارده‌یه وه‌کو کرده‌یه‌کی گونجاو له ئایننهکهدا وه‌رده‌گیرێت. ئه‌گه‌ر بڵێێن دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه، بڵێین له نوسراوه بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م ئایینه‌دا ئه‌مه نه‌گوتراوه، به‌ڵکو ده‌بێ سه‌یری ئه‌وه‌ش بکرێت که ئایا ئه‌م دیارده‌یه به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان وه‌رگیراوه و مۆری پهسندمهندی له لایه‌ن ئایینه‌وه لێدراوه. کاتێک ده‌تواندرێ بگوترێت ئایین په‌یوه‌ندی به‌م ترادیسیۆن و دیارده‌یه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر ئایین له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که په‌یره‌وی ئه‌م ترادیسیۆن و دیارده‌یه ده‌که‌ن، ره‌تی ئه‌م ترادیسیۆن و دیارده‌یه بکاته‌وه و دژی بوه‌ستێ. یا ناپه‌سندی بکا و به ناگونجاو له‌گه‌ڵ بیروبروای ئایینه‌که سه‌یری بکا یا جۆره ناته‌باییه‌ک پیشان بدات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به جۆرێک له جۆره‌کان ئایین ئه‌م دیارده‌یه بۆ یه‌کێ له ئاماجه‌کانی خۆی به‌کار بهێنێت، ئایین ناتوانێ خۆی لێ بێبه‌ری بکات. ده‌کرێ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌م دیارده‌یه بخاته چوارچێوه‌ی بیروباوه‌ره ئایینهیهکه و په‌یره‌وی بکات، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی سه‌ر به هه‌مان ئایین ئه‌مه نه‌کات. له‌م باره‌دا ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی په‌سندی کردوه و له‌گه‌ڵ ئاییندا گونجاندوویه‌تی و له رێگه‌ی ئایینه‌وه پیاده‌ی ده‌کات، ئه‌م ئایینه له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به بوون و په‌ره‌پێدانی دیارده‌که‌وه هه‌یه.
له ئیسلامدا له قورئان باس له خه‌ته‌نه‌کردن نه‌کراوه وه‌کو ده‌گوترێت، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌کی روون نییه که بیسه‌لمێنێ ئیسلام ئه‌م دیارده‌یه‌ی ره‌ت کردبێته‌وه. بیروبۆچوونی ناته‌با له‌م باره‌یه‌وه هه‌ن. له‌گه‌لێ کۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵماندا ڕیگه‌ی خه‌ته‌نه‌کردن دراوه و به‌گونجاو سه‌یری کراوه، مه‌لا موسولمانه‌کان پشتگیری ده‌که‌ن و هه‌وڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ده‌ن. واپێده‌چێ ئه‌م په‌سندکردنه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن له‌گه‌ڵ بیروبروای ئیسلام سه‌باره‌ت به ژن گونجاوی هه‌یه، هه‌ندێ له‌م ئامانج و مه‌به‌ستانه ده‌پێکێ که ئیسلام سه‌باره‌ت به ژن هه‌یه‌تی. بۆنمونه ئیسلام پێی وایه ده‌بێ ژن سه‌ری داپۆشێ و لایه‌نی ژنانه و سهرنڕاکێشانهی خۆی بشارێته‌وه تاکو سه‌رنجی که‌سانی بێگانه بۆلای خۆی ڕانه‌کێشێت، وه ژن له‌سه‌ریه‌تی ئه‌م لایه‌نانه ته‌نها بۆ پیاوه‌که‌ی خۆی بکاته‌وه و پیشانیان بدات. که بوونی ئه‌ندامی سێکسواڵی مێینه ده‌بێته‌هۆی وروژاندنی هه‌ست و نه‌ستی سێکسواڵی مێینه، ئه‌مه هۆکارێکه که مه‌ترسی بۆ لادانی ژن له‌م نۆرمه ئیسلامییه دروست ده‌کات، مه‌ترسی له‌سه‌ر پاوان‌کردنی ژن له لایه‌ن مێرده‌وه دروست ده‌کات، به‌مجۆره مه‌ترسی له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی یه‌کێ له فه‌رمانه پیاوسالاره‌کانی ئایینی ئیسلام دروست ده‌کات، بۆیه ئه‌گه‌ر میتۆدێک هه‌بێت ئه‌م هه‌ست و ئاره‌زووه سێکسواڵییه نه‌هێڵێت، واپێده‌چێ په‌سند بکرێت و پشتگیری بکرێت. له لایه‌کی تر له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه موسوڵمانه‌کانه‌وه جۆرێکی ئابروو به ئه‌ندامی سێکسواڵی ژن ده‌به‌سرێته‌وه، ئه‌گه‌ر کچ یا ژن به‌بێ مێردکردنی په‌سندکراوی سه‌رداره‌کانی له خێزاندا کاری سێکسی بکات یا هه‌ست و ئاره‌زووی سێکسی خۆی ده‌ربخات و نه‌یشارێته‌وه، وه‌کو بێئابروویی یا شکاندنی ئابرووی که‌س و خێزان سه‌یری ده‌کرێت. پێش‌گرتن به‌م ئابرووچوونه که وه‌کو کاره‌ساتێکی گه‌وره سه‌یری ده‌کرێت، زۆر گرنگی پێده‌درێت و لای گه‌لێ خێزانی موسوڵمان جێگه‌ی دانوستان نییه. خه‌ته‌نه‌کردن ئه‌م میتۆده‌یه که ده‌کرێ بتوانێ ئه‌م مه‌به‌سته بپێکی، دیاره بۆیه هه‌ندێ جۆری خه‌ته‌نه‌کردن زۆر کوشنده‌ن و به‌جۆرێکن که نه‌ک برینی ئه‌م ئه‌ندامانه‌یه که هه‌ست و ئاره‌زوو کپ ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵکو درووینهوهشه له هه‌مان کاتدا.
پێویسته بگوترێت جیاکردنه‌وه‌ی ئاین و که‌لتور زۆر سه‌خته و ناتوانرێ بگوترێت فلانه ئاییین و فڵانه که‌لتور له یه‌ک کۆمه‌ڵگه‌دا په‌یوه‌ندیان پێکه‌وه نییه و هاوته‌ریبن له یه‌کتر. چونکه که‌لتوری کۆمه‌ڵگه بریتییه له بۆماوه‌ی درێژه‌پێدراوی شێوه‌ژیان، نۆرم و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ها ژینگه‌ی گیانی و مه‌تریالی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه[9]. ئه‌م به‌هایانه کاریگه‌رانه له ژێر کاریگه‌ری ئایین دان و له زۆربه‌ی باره‌کاندا بیروبروا ئایینه‌که‌یه چوارچێوه بۆ به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان داده‌ڕێژێت. که ئایینێک بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ سنور و رێسای نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بۆ مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه دیارده‌کات، له ئه‌مجامدا ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌م نۆرم و کردانه په‌یره‌و ده‌که‌ن که له لایه‌ن ئایینه‌وه په‌سندن، جگه‌له‌وه‌ی که ئه‌م کرده و نۆرمانه به سه‌دان ساڵ له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه په‌یره‌و ده‌کرێن و ده‌بنه ترادیسۆن و نۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆماوه‌ی کۆمه‌ڵگه. ئایین رۆڵی بنچینه‌یی و سه‌ره‌کی له پێکهێنانی که‌لتوری کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینێت. بۆیه له هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ی که هه‌وادارانی ئایین هه‌وڵ ده‌ده‌ن دیارده‌ی دزێۆ که گومان له‌سه‌ر رۆڵی ئایین سه‌باره‌ت به بوونی دیارده‌که دروست ده‌کات بخه‌نه ملی که‌لتوری کۆمه‌ڵگه، له راستیدا ئه‌وه نکۆلیکردنه له بوونی کاریگه‌ری ئایین و رۆلی ئایین له‌م باره‌یه‌وه.
سزادانی خه‌ته‌نه‌کردن
خه‌ته‌نه‌کردن ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر کچی منداڵ، که ده‌بێته‌هۆی ئیفلیجکردن یا زیانپێگه‌یاندن به به‌شێکی ئه‌ندامی سێکسواڵی مرۆڤی مێینه، بۆیه ئه‌مه ده‌چیته خانه‌ی تاوان که دژ به مرۆڤێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵات ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا به‌شدارن تاوانبارن. ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌شێوه‌ی جیاواز هانی ئه‌م تاوانه ده‌ده‌ن ئه‌وانیش پشکی تاوانباریان به‌ر ده‌که‌وێت. بۆیه سزادان ده‌بێ هه‌موو ئه‌وانه بگرێته‌وه که به‌جۆرێ له جۆره‌کان راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ به‌شدارن. دایک‌وباوک و ئه‌و که‌سه‌ی که به‌کاری خه‌ته‌نه‌که هه‌لده‌ستێ ئه‌وانه‌ن به‌شێوه‌یه‌کی دیار له‌م تاوانه‌دا به‌شدارن.
سزادانی دایک‌وباوک وه‌کو به‌رپرسی یه‌که‌م له ڕیگه‌دان به تاوانه‌که پێویسته، به‌ڵام واپێده‌چێ سزای دایک‌وباوک به‌ته‌نها ناتوانێ تاوانه‌که بنبڕ بکات، چونکه تاوانکه سنوری خێزانێک ده‌به‌زێنێ و له کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا مه‌رج و میکانیزمه‌کانی له لایه‌ن دیدێکی تایبه‌تی زاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بۆیه له راستیدا ئه‌م دید و بیروبروایهی که نۆرم و رێتوالی تایبه‌تی دروستکردووه، هۆکاری سه‌رکییه و ده‌بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م لایه‌نه بکرێت. ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵگری بیروباوهرهکهن و کار بۆ بلاوبوونه‌وه و سه‌پاندنی ده‌که‌ن، له چوارچێوه‌ی دید و باوه‌ره تایبه‌ته‌که‌دا که‌رسته و میکانیزمی ئه‌م تاوانه رێکده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها دید و بیروباوه‌ر که له‌گه‌ڵ که‌لتور تێکه‌ڵبووین و له که‌لتوری کۆمه‌ڵگه ترادیسیۆنێکی دانه‌براون، بازنه‌ی میکانیزمی به‌رده‌وامبوونی کرده‌که هه‌ڵده‌سوڕێنن، تا ئه‌و ساته‌ی پرسیاره ئیتیکیه‌کان دروست ده‌بن و پرسیار به‌رامبه‌ر به نۆرمه‌کان داده‌نێن. بۆیه گرنگه بیر له چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن بکرێته‌وه و هه‌وڵبدرێت، ئه‌م لێکدانه‌وه و دیده تایبه‌ته‌ی که خه‌ته‌نه‌کردن ره‌وا ده‌کات، بگۆردرێت به لێکدانه‌وه‌یه‌ک که رێز له مافی منداڵ و مافی مرۆڤ به‌گشتی ده‌گرێت، وه رێز له بوونی سروشتی ئۆرگانیزهیی مرۆڤ ده‌گرێت و ئه‌ندامی ئۆرگانیزهیی هه‌ست و ئاره‌زوو بزوێنه‌ری سروشتی مرۆڤ به به‌شێکی دانه‌بڕاوی بوونی مرۆڤ داده‌نێت، لێکدانه‌وه‌یه‌ک که پێشێلردنی مافی منداڵ ده‌کاته تابوو و تاوان. ده‌بێ تێگه‌یشتنی داخراو و ده‌وره‌دراو به سنوری قه‌ده‌غه‌کراو، بگۆردرێت به تێگه‌یشتنێک که په‌سندی ژن وه‌کو خۆی سروشتیانه ده‌کات، دان به مافی ژن بوون و مێینه‌بوونی ژن له فۆرمێکی کراوه‌دا ده‌نێت.
چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک ده‌بێ له گه‌لێ وڵاتی ئه‌روپادا خه‌ته‌نه‌کردن وه‌کو تاوان سه‌یری ده‌کرێت، فه‌ره‌نسا له ساڵی 1979دا خه‌ته‌نه‌کردنی کچانی کانونیانه وه‌کو تاوان سه‌یر کرد و سزای بۆ دیار کرد. سوید له ساڵی 1982 کانونیانه کردیه تاوان. بریتانیا له ساڵی 1985، نه‌رویژ له ساڵی 1986 و دانیمارک له ساڵی 1996 وه‌کو تاوان سه‌یری خه‌ته‌نه‌کردنیان کرد و کانونی تایبه‌تیان بۆ دانا.
ستاتی دانیمارک خه‌ته‌نه‌کردن به پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ژن و کچ ده‌زانێ. کانونی ژماره 245 برگه‌ی a له کانونی تاوانی دانیمارکیدا ده‌ڵێ: به بوونی ته‌بایی یا نه‌بوونی ته‌بایی ئه‌وه‌ی که له کاتی ده‌ستدرێژیدا بۆ ئه‌ندامی له‌ش، ئۆرگانی ده‌ره‌کی سێکسوالی مێینه لێده‌کاته‌وه یا به جۆرێ له جۆره‌کان به‌شێکی یا هه‌مووی به‌شێک لێده‌کاته‌وه تا 6 ساڵ به زیندانکردن سزا ده‌درێت[10].
مافی منداڵ و ڕێککه‌وتنامه‌ی مافی منداڵ
ڕێککه‌وتنامه‌ی مافی منداڵ که له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا ده‌رکراوه، ئاماژه به مافه‌کانی منداڵ (خوار 18 ساڵ) ده‌کات، جه‌خت له‌سه‌ر ئازادی منداڵ ده‌کاته‌وه و دژی پێشیلکاریه‌کان ده‌وه‌ستێته‌وه[11]. له‌م ڕێککه‌وتنامه‌یه‌دا ستاتهکان ئه‌رکی پارێزگاری مندالیان ده‌خریته‌سه‌ر، به‌مجۆره رێککه‌وتنامه‌که به‌رپرسیاری له پاراستنی ئاسایش، ئازادی و ژیانی منداڵ ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی ستات. ئه‌م رێکه‌وتنامه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر مافی منداڵ ده‌کاته‌وه و به‌رپرسیاریه‌که‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی ستات وه‌کو: به‌رپرسیاری ستات له پێش‌گرتن به جوداکاری و پارێزگاری مافه‌کانی منداڵ (خاڵی 2)، به‌رپرسیاری ستات له مسۆگه‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی مندال له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه (خاڵی 3)، به‌رپرسیاری ستات له مسۆگه‌رکردنی مافی ژیانی منداڵ (خاڵی 6)، به‌رپرسیاری ستات له مسۆگه‌رکردنی ئازادی ده‌ربرێن، بروا، ده‌ربرینی هه‌ستی منداڵ و پارێزگاری ئه‌مانه (خاڵی 13 و 14)، به‌رپرسیاری ستات له پێش‌گرتن له ژیانی مهرجئامێز و به‌سه‌رداسه‌پاندن یا ده‌ستوه‌ردان له ژیانی تایبه‌تی منداڵ (خالی 16)، به‌رپرسیاری ستات له پێش‌گرتن له هه‌موو جۆرێکی خراپبه‌کارهێنان دژی منداڵ چ له لایه‌ن دایکوباوکهوه یا خه‌ڵکی دیکه‌وه بکرێت (خاڵی 19)، به‌رپرسیاری ستات له داڵده‌دان و په‌روه‌رده‌کردنی مندالی بێ دایک‌وباوک یا په‌ککه‌وته (خاڵی 23، 20)، به‌رپرسیاری ستات له مسۆگه‌رکردنی ته‌ندروستی گونجاو بۆ منداڵ و پێش‌گرتن به‌و مه‌ترسیانه‌ی دژی ته‌ندروستی منداڵ هه‌ن، به‌رپرسیاری ستات له گرتنه‌به‌ری هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی گونجاو بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م رێتوال و ترادیسیۆنانه‌ی که زیان به ته‌ندروستی منداڵ ده‌گه‌یه‌نن (خاڵی 24) [12]. بۆنمونه دیارده و ترادیسیۆنی زیانبه‌خشی وه‌کو خه‌ته‌نه‌کردن. به‌رپرسیاری ستات له مسۆگه‌رکردنی ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی گونجاو بۆ منداڵ (خاڵی 26)، مسۆگه‌رکردنی گوزه‌رانی گونجاو (خاڵی 27)، مسۆگه‌رکردنی خوێندن (خاڵی 29)،هتد.
سه‌پاندنی هه‌ر کردارێک به‌سه‌ر منداڵدا، یا ده‌ستدرێژی و ده‌ستێوه‌ردان که زیان به ته‌ندروستی منداڵ ده‌گه‌یه‌نێت، پێشێلکردنی مافی منداڵه له‌هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی که له رێککه‌وتنامه‌ی مافی منداڵدا سه‌باره‌ت به لایه‌نه‌کانی ماف و ئازادی و ته‌ندروستیه‌وه هاتووه. خه‌ته‌نه‌کردن له ژێرناوی خاوێنکردنه‌وه و پاکی بێت، یا له ژێرناوی کهنترۆلکردنی و دامرکاندنه‌وه‌ی ئاره‌زووی سێکسی بێت، یا له‌ژێر هه‌ر ناوێکی دیکه بێت، خه‌ته‌نه‌کردن ئایین یا بیروبروای دیکه ره‌وای بکه‌ن، پێشل‌کردنی مافی ژیانی منداڵه، پێشێلکردنی مافی ئازادی منداڵه، پێشێلکردنی مافی بوونی هه‌ستی منداڵه، پێشێلکردنی ته‌دروستی منداڵه و مه‌ترسیه له‌سه‌ر ژیانی منداڵ، پێشێلکردنی ئاسایشی منداڵه و سه‌پاندنی ژیانی مهرجئامێزه به‌سه‌ر منداڵدا. خه‌ته‌نه‌کردن کرده‌یه‌که دژ به ئاره‌زووی کچێکی منداڵ که نازانێ مافی چییه، له ژیان نه‌گه‌یشتووه و ئازاد نییه ده‌کریت.
ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیاری له پارێزگاری ئاسایش، ئازادی و ته‌ندروستی منداڵ
ئه‌م ژنانه‌ی تاوانی خه‌ته‌نه‌کردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن بێ مه‌ترسی له کوچه و کۆڵانه‌کان، له گوند و شارۆچکه‌کان ده‌سوڕێنه‌وه و به‌دوای کڕیاردا ده‌گه‌رێن. ئه‌م ژنانه واپێده‌چی زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وارن و که‌مترین زانیاریان له‌سه‌ر لایه‌نی ته‌ندروستی و پزیشکی ئه‌م کاره نییه که ده‌یکه‌ن. به که‌ره‌سته‌ی ناگونجاو وه‌کو موسی ریش تاشین و که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی دیکه که ده‌کرێ خاوێن نه‌بن برین و خه‌ته‌نه‌کردنه‌که ئه‌نجام ده‌ده‌ن. خودی خه‌ته‌نه‌کردن هه‌ر که‌سێک بیکات ئه‌گه‌ر دکتۆریش بێت، ده‌ستدرێژییه و تاوانه به‌رامبه‌ر به منداڵی کچ ده‌کرێت. کاتێ ژنێکی کۆڵه‌وار دێت ئه‌م کاره ده‌کات، بێگومان ئاستی کاره‌ساته‌که گه‌وره‌تره و ده‌کرێ زیانی کوشنده به منداڵ بگه‌یه‌نێت.
بۆ بنبڕکردنی ئه‌م تاوانه پێوسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌دوای هۆکاره بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه‌دا بگرێت و وه‌ڵامی پرسیاره‌کان به‌ده‌ست بهێنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ لێلۆڵینهوهی زانستیانه له‌سه‌ر ئه‌م بابهتهئهنجام بدرێت، لێکۆڵینه‌وه به به‌شداری زیندووی تاوانباران و قوربانیانی ئه‌م تاوانه، پاشان لێکۆڵینه‌وه له پرسیاره بنچینه‌یی و گرنگه‌کان که په‌یوه‌ندیان به‌م دیارده‌یه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها شیکارکردن و راڤه‌کردنی بابه‌ته‌که، له‌م رێگه‌یه‌وه دۆزینه‌وه و دیارکردنی کێشه‌کان، وه ئه‌گه‌ری پێشنیاری گونجاو سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ره‌کان. ئه‌مه ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته که بۆدجه بۆ ئه‌م کاره ته‌رخان بکات و تیمی تایبه‌تی شاره‌زا له‌م بواره‌وه به‌م کاره رابسپێرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له باشوری کوردستاندا، ئه‌م دیارده‌یه درێژه‌ی هه‌یه و له به‌شه کۆنه‌پارێز و ئایینپارێزهکانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا له ته‌شه‌نه‌کردن دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لێره‌و له‌وێ ئاماژه به‌م تاوانه کراوه و له‌سه‌ر زیانه ته‌ندروستیه‌کانی له لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نه‌وه دوانی له‌سه‌ر کراوه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م کرده‌یه له کوردستاندا وه‌کو تاوان سه‌یری ناکرێت، هه‌ڵمه‌ت و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ بنبڕکردنی ئه‌م تاوانه نابیندرێت. ئه‌وه‌ی تا ئێستا بیندراوه له دوان و گوتن له چوارچێوه‌یه‌کی سنوردار تێنه‌په‌ریووه و به‌کرده‌وه هیچ نه‌کراوه. په‌رێشانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه به‌دی ناکرێت، بۆیه نائومێدی له درێژه‌ی پێشێلکرندی مافی منداڵ و تاوانی خه‌ته‌نه‌کردن به‌رده‌وامه. که هه‌ندێ جار رێگه ده‌درێت دوان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بکرێت، ئه‌مه لانی که‌م کارێکی باشه، به‌ڵام ڕێگه‌دان به گوتنی سنوردار، چاره‌سه‌ری کێشه‌که نییه، به‌ڵکو ئاگادارکردنه‌وه‌یه له چوارچێوه‌یه‌کی سنورداردا. ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی نییه ئه‌گه‌ر هه‌ر گوتن بێت و به کرده‌وه کاردانه‌وه نه‌بێت.
هه‌روه‌کو به‌پێی ده‌ستوری ئێراقی (ده‌روازه‌ی دووه‌م سه‌باره‌ت به ئازادی و مافه‌کان) که ده‌سه‌ڵاتی کوردی په‌سندی کردووه، وه له ره‌شنووسی ده‌ستوری کوردستاندا که له ده‌روازه‌ی دووه‌م سه‌باره‌ت به مافه سڤیلیه‌کان هاتووه و ئاماژه به رێزگرتن له مافه گه‌ردوونیه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانی منداڵ ده‌کرێت، ئه‌رکێکی کانونی له پارێزگاری ماف، ئازادی و ته‌ندروستی منداڵ ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات.
دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن به‌رده‌وامه و له ته‌شه‌نه‌کردن دایه، ئه‌مه‌ش هۆکه‌ی به تاوان نه‌کردنی تاوانه‌که‌یه، وه نه‌بوونی کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له ڕێگه‌ی سزادانی ئه‌نجامده‌ران و لایه‌نه به‌شداره‌کانه‌وه. که ده‌سه‌ڵات ده‌نگی نییه و به‌ڵکو به‌جۆرێ له جۆره‌کان پشتگیری توێژ و لایه‌نه کۆنه‌پارێز و ئایینیه‌کان ده‌کات، له‌م لایه‌نه‌وه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کان ده‌نگ ناکات، ئه‌وه وه‌کو پهسندمهندی و ته‌بایی ده‌سه‌ڵات سه‌باره‌ت به تاوانی خه‌ته‌نه‌کردن له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه وه‌رده‌گیرێت. بۆیه که ده‌سه‌ڵات بێده‌نگه و کاردانه‌وه‌ی نییه، که چاوپۆشی له تاوانه‌که ده‌کات، که خه‌ته‌نه‌کردن ناخاته چوارچێوه‌ی تاوان و سزای بۆ نابرێته‌وه، به‌رپرسیاری ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات و ده‌کرێ وه‌کو به‌شدار له پێشێلکردنی مافی منداڵ سه‌یری بکرێت. هه‌روه‌کو له رێککه‌وتنامه‌ی مافی منداڵدا هاتووه، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی له پارێزگاریی ئازادی، ماف و ته‌ندروستی منداڵ ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له ئاستی ئه‌م داواکارییه نه‌بێت و ئه‌م ئه‌رکه به‌جێ نه‌گه‌یه‌نێ، که‌واته ده‌سه‌ڵات له ئاستی به‌رپرسیاری خۆیدا نییه و ئه‌رکی پێ‌سپێردراوی خۆی جێبه‌جێ ناکات.
شاخه‌وان شۆڕش
[1] ئه‌م براویهی پێیوایه به‌بێ گیان هه‌بوون له شته‌کاندا، بوون نییه .
[2] بۆ زنیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م لینکه بکه http://da.wikipedia.org/wiki/Kvindelig_omsk%C3%A6ring
[3] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
[4] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
[5] بۆ زنیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م لینکه بکه http://www.amnesty.dk/default.asp?page=797&lang=da
[6] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
[7] ئه‌ناتۆمی: فۆرم و پێکهاته‌ی فیزیکیانه‌ی ئۆرگانیزمیی گیانه‌وه‌ر.
[8] بوونی بایهلۆژیانه مه‌به‌ست بوونێکه که په‌یوه‌ندی به بوون و دروستبوونی ئۆرگانیزمه زیندوه‌کانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیان به گه‌شه‌کردن و فه‌رمانه‌کانی بوون هه‌یه.
[9] Leksikon i sociologi, 1998, redigeret af Heine Anersen, Thomas Brante og Olav Korsnes, København, s. 141
[10] کانونی سزای دانیمارک، په‌ره‌گرافی 245 a، بۆ زانیاری زیاتر سیری ئه‌م لینکه بکه
[11] ڕێککه‌وتننامه‌ی مافی منداڵ، بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م لینکه بکه http://www.unhchr.ch/html/menu3/b/k2crc.htm
[12] بۆ زنیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م لینکه بکه http://www.leksikon.org/art.php?n=3734
سەرنج بنێرە