فەخری بەگ کەسایەتیەکی ژیر و خۆشەویست

فەخری بەگ پیاوێکی زۆر باش و سەخی و راستگۆ بوو، بەیەک چاو سەیری هەموو حزبەکانی دەکرد، ڕیزی هەموو پیشمەرگەیەکی وەکو یەک دەگرت، بۆیە پێشمەرگەی حزبەکان ڕێزیان لەو دەگرت. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو کەسایەتیە ژیر و مەزنە.

فەخری بەگ کەسایەتیەکی ژیر و خۆشەویست

21-1-2018

لە ٢١ ژەنیوەریدا مام فەخری بەگی عەلیاوەیی کۆچی دوایی دەکا و کوردستان و جیهان بۆیەکجاری جێ دەهێلێت.. لە سەرەتای هەشتاکاندا شوێنی ئەو مرۆڤە مەزنە لە ناو جەماوەری پێشمەرگەدا دیاربوو، فەخری بەگ پیاوێکی زۆر باش و سەخی و راستگۆ بوو، بەیەک چاو سەیری هەموو حزبەکانی دەکرد، ڕیزی هەموو پیشمەرگەیەکی وەکو یەک دەگرت، بۆیە پێشمەرگەی حزبەکان ڕێزیان لەو دەگرت. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو کەسایەتیە ژیر و مەزنە. بە داخەوە هیچ وینەیەکیم لا نییە.

یادەوەریەک لە کتێبی بیرەوەریەکانی باوکمدا: لە سەرەتای ٨٣ دا شەڕی ناوخۆ بوو و هێزێکی زۆری یەکێتی بەدوای مەفرەزەکانی سۆسیالیستدا لە دۆڵی سماقولیدا دەگەڕان. ئەوسا پشتیوانی برام لەگەل باوکمدا دەبیت و دەگێڕیتەوە ” ڕۆژێکیان ئیمە لە گوندی عەلیاوە لای فەخری بەگ بووین. ئێمە ئەو رۆژە لەوێ دەرچووین، رۆژی دواتر هێزێکی یەکێتی بەسەرپەرشتی مامە ڕیشە هاتن بۆ گوندی عەلیاوە. مامە ڕیشە دەچیتە ماڵی فەخری بەگ و پرسیاری لێدەکا، “مام فەخری سۆسیالست نەهاتوونەتە ئێرە؟” مام فەخریش وەڵام دەدادتەوە، “نەخێر ئەمن کەسم نەدیتیە!” پاش کەمێک لە کوڕەکەی فەخری بەگ کە تەمەنی هەشت نۆ ساڵان دەبێ هەمان پرسیار دەکەن. منداڵەکەش لە وەڵامدا دەلێ، “با، دونێ مام قادر شۆڕش لێرە بوو!” مامە ڕیشە ڕوو لە فەخری بەگ دەکا و دەڵێ، “مام فەخری تۆ دەڵیی کەسمان نەدیووە، ئەم مناڵەش دەڵێ دوێنێ مام قادر شۆڕش لێرە بووە!؟” فەخری بەگ لە وەڵامدا دەڵێ، “ئەمن لە ناو هەموو پێشمەرگە و شۆڕش تەنها ئەو برادەرەم هەیە، ئێستا ئەنگۆ دەتانەوێ پێتان برێم لە کێیە هەتا بچن بەسەریدادەن؟!”…
قادر شۆرش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان، ل.١٥٨