داوای لێبووردن لەکێ!
شەنگالیان دایە دەست تیرۆریستانی داعش و کۆمەڵگەی ئێزیدیان توشی تاوانی گەلکوژی کرد، کەچی داوای لێبوردنیان لە گەل نەکرد و تاوانباران سزا نەدران. نیوەی کوردستانیان بۆ حەشدی شەعبی چۆڵکرد و خەڵکی خوورماتویان توشی کۆمەڵکوژی کرد، کەچی داوای لێبوردنیان لە گەل نەکرد و تاوانباران سزا نەدران.
داوای لێبووردن لەکێ!
19-2-2018
ئێراق و دەسەڵاتدارانی عەرەب ئەنفالیان کردین داوای لێبووردنیان نەکرد.. کیمیابارانیان کردین داوای لێبوردنیان نەکرد.. حەشدی شەعبی تاوانی کۆمەلکوژی لە خورماتوو ئەنجامدا حکومەتی ئێراق داوای لێبوردنی نەکرد… بەدەیان و سەدان مرۆڤی کورد لە شارە عەرەبیەکان لێیان دەدرێ و دەڕفێندرێن و دەچەوسێندرینەوە، کەس هەر باسیشیان ناکات..
بەدەیان و سەدان مرۆڤی کورد لەلایەن پیاوەکانی دەسەڵاتی مافیا و میلیشیای پارتی و یەکێتیەوە لێیاندرا، تیرۆرکران، نارەوا زیندانی کران، کەچی نەک هەر داوای لێبووردنیان لێ نەکرا، بەڵکو ڕەتکرانەوە و خرانە ژێرچاودێری و جوداکاری و چەوساندنەوە، هەروەها تاوانباران پەنادران و قەڵەوکران.. سۆران، کاوە، سەردەشت، رەوف ئاکرەیی، حەمەی حەلاق، قوربانیانی ١٧ی شوبات و بە دەیان و سەدانیتر ئێستاش چاوەڕوانی داوای لێبوردن و دادوەرین.
شەنگالیان دایە دەست تیرۆریستانی داعش و کۆمەڵگەی ئێزیدیان توشی تاوانی گەلکوژی کرد، کەچی داوای لێبوردنیان لە گەل نەکرد و تاوانباران سزا نەدران.
نیوەی کوردستانیان بۆ حەشدی شەعبی چۆڵکرد و خەڵکی خوورماتویان توشی کۆمەڵکوژی کرد، کەچی داوای لێبوردنیان لە گەل نەکرد و تاوانباران سزا نەدران.
سێ گەنجی عەرەب وەکو دەگوترێت لەسەر هەلوسکەوتی دژانەیان لە هەولێر لییاندراوە، (نازانم وردەکاری رووداوەکە چۆنە). ئێستا پارێزگاری هەولێر داوای لێبوردن لە پارێزگای بەسرا دەکا و بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دەدا!
رەگەزپەرستی و ڕاسیزم دەبێ نەفرەتیان لێ بکرێ و گەلی کورد هەمیشە سنگ فراوان بووە، بۆیە گەلەکۆمەکی و هێرش لەسەر بنچینەی رەگەزپەرستی جێگەی قبوڵکردن نییە.
بابەتی ئەو سێ گەنجە کێشەیەکی تاوانی کەتنە و پۆلیسی کەتن دەتوانێ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بکات و سزای تاوانباران بدات.
ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی هەولێر ڕەوا و راستەقینە بوایە، دەیگوت تاوانەکە لەلایەن پۆلیسی کەتنەوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ و تاوانباران بەرەورووی یاسا دەکرێنەوە. بۆ داوای لێبوردنیش سەرەتا دەبێ دەسەڵاتی ئێراقی داوای لێبوردن لە کورد بکەن، لەسەر تاوانی ئەنفال و هەلەبجە و خورماتوو و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە، کە تائێستا نەیانکردووە..
ئێمە لە کوردستان کێشەی بوونی دەسەڵاتی رەوا و هەلبژێردراوی گەلمان هەیە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەمیشە خۆسەپێنەر بووین و لەڕیگەی هێز و سەرکوتکردن لەدەسەڵاتدابووین، هاوکاریان لە داگیرکەران وەرگرتووە، ئەو دەسەڵاتە کوردستانی وێران کردوە و پارچەی کردووە و فرۆشتوویەتی. ئێستا ئەو دەسەڵاتە نارەوا و خۆسەپێنەرە دۆڕاوە و بەچۆکدا کەوتووە، هەموو شتێک دەکات بەغدا و تاران و ئەنقەرە وەکو پێشوو دەستی بەسەردا بێنن و ئەویش پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان بکات. بێگومان لای ئەو دەسەڵاتە وڵاتفرۆش و شکستخواردووە ملکەچی بۆ داخوازی و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بەغدا ئاوخواردنەوەیە.
شاخەوان شۆڕش
سەرنج بنێرە