باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.

باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە

لەماوەی رابردوودا زۆرهەروەستە لەسەر دەنگی بەڵی و نەخێر کران و زۆرگوتران، هەروەها زۆر لەسەر بوون و ونەبوونی ریفەراندەم و دەرئەنجامەکان گوتران. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری داڕمان و کەوتنەکە سۆزدار و لایەنگرانە لێکدرانەوە. پێویستە بگوترێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە گشتپرسیدا دەنگ لەسەر پرسیارێک دەدەن کە پرۆسەیەکی رامیاری دروستی کردووە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا نوێنەرانی گەل پەراوێزخراون، بڕیاردەر نین و کاریگەریان لەسەر پرۆسە رامیاریە گرنگەکاندا نییە. هەروەکو ریفەراندەمەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەر دەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ ـەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی ناکایی و ناجێگیری ئەو ئاراستە میلیتسگەرایە رامیاریەیە کە لە دوای راپەرینی ١٩٩١ ـەوە جلەوی رامیاری لە باشوری کوردستاندا زەوت کرد. ئەو ئاراستەیە لەسەرەتاوە سەپێندراوە و دوورە لە کاریگەری دەسەڵاتی گەل، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتگەرا گڕی دەدا و ‌‌هەڵیدەسورینێ. لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەردا بەئەگەری زۆر پرۆسەی هەڵبژاردن یا گشتپرسی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە، چونکە بوونی خودی پرۆسەکە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دیارە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر لەرێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرکاندا درێژە بەبوونی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دەدات. هەرچۆنی بێت جۆری دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی لە ریفەراندەمەکەدا بۆ گروپێک ئەرکێکی کوردستانی بوو و دەربڕینی ئاوات بوو، بۆ هەندێک هەڵویست بوو دژی دەسەڵات، بۆ هەندێک پشتگیری بوو لە دەسەڵات، بۆ هەندێک ملکەچی بوو لەترسی گەماڕۆکان، بۆ هەندێکیش گرنگیەکی نەبوو.

پرۆسەی دروستکردنی ناسیۆن لە وڵاتێکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەختە هەروەکو پرۆسەکە بە کۆمەڵێ فاکتەری هەرێمی و نێوەنەتەوەییەوە بەندە. پێویست دەکات نەتەوەی ژێردەست هەروەها هەڵگرانی ئەو پرۆژەیە لە ئاستی داخوازیەکان و مەرج و تێگەیشتنە نێوستاتی، هەرێمی و نێونەتەوەیەکاندا بن. لەباری باشوری کوردستاندا پرۆسەی بنیاتنانی ناسیۆن بە بەراورد لەگەڵ گەلانی ژێردەستەی دیکەدا، بەهۆی مەرج و بەربەستە جوگرافی، دیمۆگرافی، ئابوری و رامیاریەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر و سەختترە. کێشەوبەربەستە سەرەکیەکان کە تایبەتن بە کوردستان: کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و کێشەی رامیاری کورد کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتانەوە هەیە،  کوردستان چواردەوری بەسنوری ولاتی داگیرکەر دراوە، ئێران و تورکیا کە بەشێکی گەورەی کوردستانیان لەژێردەستدایە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووی وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆرن، نەبوونی وڵاتی دۆست لەسنور یا دۆستی بێمەرج و راستەقینە لە ئاستی جیهانیدا، گۆڕینە زۆرەملێ دیمۆگرافەکان و تێکەڵی ئەتنیانە لەگوند و شارە سنوریەکاندا، کوردستان بەسەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە و وڵاتانی داگیرکەر نایانەوێ دەستبەرداری بن، هتد. بۆیە ئاڵۆزی و سەختی پرسی کێشەی کورد دەخوازێت توانای کوردەکان لەهەر پارچەیەکدا لەوانە لە کوردستانی بندەستی ئێراقدا نمونەیی بێت، بتوانێ بەتەواوی لە ئاستی داخوازی و مەرجە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا بێت.  

دوای دەستێوەردانە نێونەتەوەیەکە لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەی بەهاری ١٩٩١ دا، بەرەی کوردستانی کە ئەوسا ٨ پارتی لەخۆی دەگرت، خاوەنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بنیاتنەر نەبوو، بەڵکو کۆمەڵیک بیر و ئایدیای جیا لەئارادا بوون، لەکاتێکدا هەموو پارتەکان لەژێرکاریگەری بەرژەوەندی حزب و رەوتی ئێراقچیانەدا بوون (جگە لە پاسۆک کە ئێراقچی نەبوو). جگەلەوە لای پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارت گرنگی یەکەم و لەپێشیان هەبوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونی دێرینەیان خۆیان ئامادەدەکرد و سوودیان لەبارە ناکاییەکە وەرگرت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی تەنها خۆیان وەکو دوو هێزی کاریگەر مانەوە. ئەوان دوو هێزی پاوانخواز و میلیتسگەرابوون و لەسەر بنچینەی مۆدێلی کلاسیکی سەرۆک و پارتی دیکتاتۆر پێکهاتبوون، هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ بەهێزکردنی ئەو سترەکتورە سەپێنەر و نادیموکراسیە بە خەستی کرد و گرنگیان پێدا. ئەوش لەسەر حسابی بنیاتنانی ناسیۆن بەپێی هەنگاوی ستراتیژیانەی تاوتوێکراوەوە. بەمجۆرە لەجیاتی داڕشتنی دەستوری کوردستانی، بنیاتنانی دامەزراوە بەریوەبەری، ئابوری و رامیاریەکان لەسەر بنچینە و تێگەیشتنێکی مۆدێرن و کوردستانیانەدا، دروستکردنی سوپای نیشتیمانی، پیادەکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هاوبەش، بنیاتنانی کۆڵەگە گرنگە دیموکراسیەکان، ئارەزووەکانیان لە ئامانجە بنەماڵەیی و پارتگەرا تایبەتەکان چڕکردەوە هەر لایەنە بەجیا بەدوای ئامانجە تایبەتەکانی خۆی کەوت. ئەوەش بووەهۆی شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی باشوری کوردستان بەسەر دوو زۆنی میلیتسگەرای زەرد و سەوز و دوو بەڕێوەبەریدا، هەروەها راکێشانی وڵاتانی داگیرکەر ئێران و تورکیا و ئێراق بە سوپا و دامەزراوەکانی تریان بۆ ناو باشوری کوردستان، بەمجۆرە بەرزبوونەوەی کاریگەری ئەو وڵاتانە بەسەر ئاراستە و چارەنوسی کوردستاندا.

لەدوای دەستێوەردانی دووەمی نێونەتەوەیی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا و رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دەرفەتێکی دیکەی کەموێنە هاتەوە بەردەم، یەکەم بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە حزبی و نادیموکراسیەکان، بەمجۆرە دیموکراتیزەکردن و لە هەمانکاتدا هەلهێنانی هەنگاوە گرنگەکانی بنیاتنانی ناسیۆن، دووەم (لە کاتێکدا مەبەستی جیابوونەوەیان نەبوو) کارکردنی ستراتیژیانە لەسەر دابینکردنی مافە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان لە چوارچیوەی ئێراقدا و بەدەستورکردنی مافی جیابوونەوە لە رێگەیەکی دیموکراسیانەوە. هەردوو پرۆسەی رامیاری کوردستان و ئێراق بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. هەروەکو ناسەرکەوتوویی لە پرۆژەی بنیاتنانی ناسیۆن لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ئێراقدا بەئەگەری زۆر بەدوایخۆیدا بێگومان دێنی.

بەپێچەوانەوە هەردوو بەرەی زەرد و سەوز لەسەر بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و سەقامگیرکردنی دامەزراوە سەرکوتکەرە حزبی و نانیشتیمانیەکان درێژەیان بە کارەکانیاندا. باشوری کوردستان هەرگیز دیموکراتیزە نەکرا و هەنگاوە سەرەتایەکانی بنیاتنانی ناسیۆن بە دروستی نەنران، دامەزراوە نیشتیمانیەکان لەهەر بەرەیەکدا وابەستەی حزب کران و خرانە خزمەت بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار. بەکردەوە باشوری کوردستان بەپارچەیی مایەوە و لەهەرلایەکدا پارت و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان پیادەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کرد. حزبی چەکدار دەستی بەسەر بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و بەرگریدا گرت و هێزی میلیتسگەرا کۆمەڵگەی بەهەموو جومگەکانیایەوە خستەژێرچنگی خۆی. مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کرانە کۆیلەی موچە یا خرانە ژێر گەمارۆکانی پارت، ژێرخانی ئابوری نابووتکرا و کۆمەلگە خەسێندرا، لەجیاتی هوشیارکردنەوەی مۆدێرن و کوردستانیانە گۆمەڵگە بەخەستی نووقمی کۆنەپارێزی ئیسلامیکرا، لە بزری ستراتیژی نیشتیمانیدا هەربەرەیە بەجۆر و شێوەیەک هەنگاوی حزبیانەی نا، سەرچاوەی سروشتی لەجیاتی ئەوەی کوردستان دەوەڵەمەندکا، لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە دەستیبەسەرداگیرا و بەکارهێندرا، بەرزرترین ئاستی گەندەڵی لەو بوارەدا تۆمارکرا و لەئەنجامدا ملیارەها دۆلار لەسامانی گەل بەفیڕۆ چوو و کۆمەڵگە کەوتە ژێر قەرزی گەورەی کۆمپانیا بێگانەکان. واتە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، ئابوری و رامیاریدا جگەلە ناسەرکەوتوویی زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل کوشندانە گەنەیەندرا.  

لە ئاستی ئێراقدا بەهۆی بوونی کاریگەری هێزی دەرەکی ئەمەریکا و سەرپەرشتیکردنی لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا، تواندرا پشک لەدەسەڵاتی ناوەندا بەپێی قەوارە هەبێت، چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان بەدەستور بکرێت، بەڵام دەسەلاتداران نەیاتوانی مافی چارەنوس بەدەستوربکەن، لەراستیدا گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا. جگەلەوە لەبەر دوو ئاراستەیی بەرەی زەرد و سەوزدا سیاسەتێکی پارتگەرای دوو بەرەیی و ناتەبا لە ئاستی ئێراقدا پیادەکرا و نەیانتوانی وەکو نوێنەری ناسیۆنێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە هەموو بوارە گرنگەکاندا کۆنسترەکیڤانە یا پریمۆدالانە مسۆگەری دانپێنان و گەرەنتیەکان لە بوارەکانی ماف و بەرگری و چارەنوسدا بکەن و ستراتیژیانە کاریان لەسەر بکەن.  

دووبەرەیی و زاڵی بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حزبی ڕۆڵی گرنگی لە خراپترکردنی باری ئابوری و ڕامیاری کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا گێڕا بە جۆرێک کە بووەهۆی قەیرانی ئابوری و ڕامیاری بنبەستوو. جگەلەوەی کە بۆشایی نێوان گەل و دەسەڵاتداران ڕوو لە هەڵکشاندا بوو، خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم و یا نەما. دەبوایە لە هاوینی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆک نایاسایانە درێژنەکرێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن کە تازە دەرکەوتووبوو کار لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئامانجەکانی خۆی شێلگیرانە بکات. بەلام بەپێچەوانەوە سیستەمی ناسەرکەوتووی دووبەرەیی و بێمتمانەیی پێشوو ماوەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزیسۆنیش ملی کەچکرد و چووە ناو دەسەڵات. پێداگرتنی سەرۆکی سەپێندراوی هەرێم لەسەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە ٢٠١٥ دا و وەستانەوەی بەرەی زەرد دژ بە گۆڕانی بنەڕەتی رامیاری لە باشوری کوردستاندا بارەکەی تەنها خراپتر کرد و شەقبوونە رامیاریەکە کوشندەترکرا. لەجیاتی دەستلەکارکێشناوەی سەرۆک و چارسەری کێشەکان لە رێگەیەکی دیموکراسیانەدا، ڕیفەرەاندەم وەکو جۆرێک لە چارەسەری قەیرانی ناوخۆی باشوری کوردستان و ئێراق هێنرایە پێش و بەرزکرایەوە. بۆیە ریفەراندەم دەرئەنجامی بەرنامەیەکی نیشتیمانی تاوتوێکراوی ستراتیژیانە نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێراق بوو. شکست و ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا، لەهەمانکاتدا ڕزگارکردنی بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حزبیەکان دروستیانکرد. ریفەراندەم نکۆڵیکردن بوو لە قەیرانی ڕامیاری و شەقبوونە کوشندەکە، لە قەیرانە ئابوریەکە، هەروەها لە بێزاری و توڕەیی خەڵک. هەوڵێک بوو دەیوست بە خۆلێگێلکردن و چاوپۆشیکردن قەیرانەکان تێپەڕێنێ و بە هەوارێکی ئەستەم و دوورەدەست بگات، لەوێوە گەورەیی سەرۆک و سەرکەوتن بە خەلک بفرۆشێتەوە، بەمجۆرە مسۆگەری درێژی خەونە ڕەنگاوڕەنگە تایبەتەکانی بکات.  

بەڵام کیشەی سەرۆک و دەسەڵاتی بەرەی زەرد ئەوەبوو، ئەو پرۆسەی بەناو جیابوونەوەیەی دەستیپێکردبوو، لە بزری فاکتەرە گرنگەکاندا پرۆسەیەک بوو نامۆ بە تێگەیشتنە نێونەتەوەیەکان. سەرکەوتنی ریفەراندەم بە سەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا و هەروەها نێونەتەوەیدا وابەستەبوو، کە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی کوردی لەهەرسێ ئاستدا ژێرکەتوو و ناسەرکەوتوو بوو. لەئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیشدا هیچ کارێکی گرنگی کۆنسترەکتیڤانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نەکرابوو، بەپێچەوانەی فاکتەرەگرنگەکان، بەبێ گوێدانە هۆشداریەکان، جەختی سەرەکی خرایە سەر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پەرەدان و ملکەچبوون بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا. لەلایەکیتر خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ هەندێ “ڕاوێژکاری” بێگانە. دەسەڵاتی هەرێم لەخۆباییانە بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان سەوڵی لێدەدا.

گوێنەگرتن و پشتکردن لە ئەمەریکا و رۆژئاوا، کە باش یا خراپ ئەو هێزەن هۆکاری سەرەکی بوونی دەستکەوت و ئازادی باشوری کوردستانن، هەنگاوێکی خۆکوژانەی بێئەملاو ئەولا بوو. هەر دوای ئەنجامدانی ڕیفەراندەمەکە کە پشتگیری رۆژئاوا کشایەوە و گەماڕۆ و هەڕەشەکان لەهەموو لایەکەوە سەریان هەڵدا، دەسەڵاتی لاوازی باشوری کوردستان کەوتە لەرزە و لە بێ پلانی و نائامادەییدا دەرئەنجامێکی نادیار چاوەڕێی بوو.

ڕێکەوتنی ژێربەژێری باڵی دەسترۆیشتووی بەرەی سەوز، ڕێکەوتنی ١٥ ئۆکتۆبەر و پەسندکردنی مەرجەکانی ئێراقێکی لاواز، دواتر دارمانی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دووبەرەییە بوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا سەپێندرا، دەرئەنجامی ناسەرکەوتووییە لە ئاستی ناوخۆیی، ئێراقی، هەرێمی و نێونەتەوەییدا کە لە وتارەکەدا ئاماژەمان بۆکردن.

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.

شاخەوان شۆڕش

21-12-2017