ونبوونی فرۆکه‌وانی تاوانبار: سکه‌ندالێکی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیفلیجی نانه‌ته‌وه‌یی
دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق که تێرمه ئێراقی و عه‌ره‌بیه‌کان به‌سه‌ریدا زاڵن، ناسه‌ربه‌خۆ و لایه‌نگیره و بۆ کورد ناگونجاوه، به‌خێراخۆی هه‌واڵی راکردنی فرۆکه‌وانی جه‌نگی تاریق محه‌مه‌د ره‌مه‌زانی له یه‌که‌م دانیشتنی دادگایی خۆیدا له‌مه‌ڕ تاوانی کیمیابارانی هه‌له‌بجه له 21ی دیسه‌مبه‌ری 2008 دا ڕاگه‌یاند. سه‌رۆکی دادگاییه‌که دادوه‌ر محه‌مه‌د عوره‌یبی گوتی “له لایه‌ن ئاسایشی سلێمانیه‌وه به نامه‌یه‌ک ئاگادارکراونه‌ته‌وه، که تاریق محه‌مه‌د ره‌مه‌زان یه‌کێ له‌و فرۆکه‌وانانه‌ی که کیمیابارانی هه‌له‌بجه‌یان کردووه و پێشتر له لایه‌ن ئاسایشی سلێمانی ده‌ستگیرکرابوو، دوو مانگ به‌ر له ئێستا له‌ده‌ستی ئاسایشی سلێمانی بۆ شوێنێکی نادیار هه‌ڵاتووه، بۆیه ئاماده‌ی دادگا نییه”.
تۆمه‌تبارانی دیکه که له‌سه‌ر تاوانی کیمیابارانی هه‌له‌بجه دادگایی ده‌کرێن، بریتین له علی کیمیاوی، سولتان هاشم، سابیر دوری، فه‌رحان موتله‌گ جبوری. له نێو فرۆکه‌وانه‌کاندا که به‌شداریان له کییابارانه‌که کردبوو، ناوبراو ته‌نها فرۆکه‌وانه که ده‌ستگیرکرابوو، به‌پێی گوتنی گۆران ئه‌دهه‌م ره‌حیم پارێزه‌ری داکۆکیکار له قوربانیانی هه‌له‌بجه تا ئێستا چه‌ند جارێك دادگای باڵای ئێراقی نووسراوی فه‌رمی ئاراسته‌ی مینسته‌ری به‌رگری و سوپای ئێراق كردووه، که ئه‌وان ناوی ئه‌و فڕۆكه‌وانانه‌ی به‌شداریان له كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا كردووه بده‌نه دادگا، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وانه هیچ ناوێكیان نه‌داوه‌ته دادگا.
سه‌ره‌تا پێویسته بگوترێت، گوزارشت له تاوانی گه‌لکوژی و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی له‌هه‌موو دیده جیاوازه‌کانه‌وه ده‌توانێ گوزارشتی ته‌واو سه‌باره‌ت به تاوان و کاره‌ساتی مرۆڤکرد بداته ده‌ست. سه‌باره‌ت به تاوانی ژاربارانی هه‌له‌بجه گوزارشت له دیدی تاوانبارانه‌وه گوزارشتی قوربانیان له تاوانه‌که‌دا ته‌واوتر ده‌کات، سکاڵاکان و گێڕانه‌وه‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات.
هه‌رچه‌نده له‌م دادگا ئێراقی و ناگونجاوه‌دا چاوه‌روانی زانیاری ورد و به‌سوود بۆ دۆزی تاوانی ژاربارانی هه‌له‌بجه ناکرێت، به‌ڵام فرۆکه‌وانی تاوانبار وه‌کو دیته‌ر و تاوانبارێکی زیندوو زانیاریه‌کانی سه‌باره‌ت به تاوانی کاره‌ساتی کیمیابارنی هه‌له‌بجه و بۆردومانه کیمیاویه‌کانی دیکه گرنگی بۆ مێژوو و پرۆسه دادگاییه‌که له چوارچێوه سنورداره‌که‌یدا هه‌بوو. ونبوونی ئه‌م فرۆکه‌وانه و به‌شدارنه‌بوونی فرۆکه‌وانه‌کانی دیکه که دیته‌ری زیندوو و تاوانباری راسته‌وخۆن له تاوانه‌که‌دا، واتای له‌ده‌ستدانی گه‌لێ زانیاری گرنگه بۆ ئاشکراکردنی هۆکاره‌کانی پشتی تاوانه‌که و مه‌به‌ستی بنچینه‌یی سه‌رانی ستاتی ئێراق له‌م بۆردوومانه گه‌لکوژکارانه‌دا. جگه‌له‌وه‌ی سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی بڕیار و بۆردوومانه‌که له دیدێکی ته‌واو جودا له دیدی قوربانیه‌کانه‌وه وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێ پرسیاری گرنگ ده‌بوو. لێره‌دا تاوانبار خۆی چۆنیه‌تی تاوانه‌که ده‌گێڕێته‌وه و که‌موزۆر هه‌ندێ لایه‌نی شاراوه له رووداوه‌که ده‌کرێ بخاته‌ڕوو، دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌م تاوانباره دان به تاوانکه بنێت.
به‌شدارنه‌بوونی تاوانبارانی سه‌ره‌کی له پرۆسه‌ی دادگادا، بێگومان سوودی بۆ لایه‌نی به‌رگریکار له تاوانباران هه‌یه و ئه‌وان به‌هێز ده‌کات له‌م هه‌وڵانه‌ی بۆ به‌رگری له تاوانه‌که‌دا له پرۆسه‌ی دادگاییه‌که‌دا ده‌یده‌ن سوودی هه‌یه. له‌هه‌مان کاتدا لاوازکردنی لایه‌نی داکۆکیکار له قوربانییه‌کانه و له‌ده‌ستدانی ئه‌و به‌ڵگانه‌یه که له گێروانه‌وه‌کاندا ده‌کرا دژی لایه‌نی تاوانبار به‌کاربهێندرێن.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که به‌ره‌ورووی تاوانی گه‌لکوژی، پاکتاوی ره‌گه‌زی و تاوان دژی مرۆڤایه‌تی بوونه‌ته‌وه، که ئێستا خاوه‌نی سه‌روه‌رین، کون به کون به دوای تاوانباراندا ده‌گه‌ڕین، ده‌یاندۆزنه‌وه و راکێشی دادگایان ده‌که‌ن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر له ناویان نه‌به‌ن. دیاره ئه‌م نه‌ته‌وانه دژی ئه‌وه‌ن دادگای وڵاتی داگیرکه‌ر یا تاوانبار دادگایی تاوانباران بکات، یا کاریگه‌ری له‌سه‌ر بریاری دادگا هه‌بێت، چونکه به ناره‌وا و ناگونجاوی ده‌بینن. ئه‌م نه‌ته‌وه قوربانیانه وه‌کو جووه‌کان، ئه‌رمه‌نه‌کان، بۆسنیه‌کان و هتد. دژی په‌نادان و پاراستنی تاوانبارانن، که‌سێک یا ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌م کاره بکات وه‌کو ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی سه‌یری ده‌که‌ن. جووه‌کان ئیستاش دوای 72 ساڵ له ده‌ستپێکردنی پاکتاوکردن و گه‌لکوژی دژ به جووه‌کان، له لایه‌ن نازیه‌کانی ئه‌لمانیاوه، به دوای تاوانباراندا ده‌گه‌ڕێن.
له هه‌ر وڵاتێک‌دا دڵنیایی داد هه‌بێت، تاوانبار له‌سه‌ر تاوانه‌که‌ی ده‌درێته دادگا و سزا ده‌درێت. تاوانباریی گه‌وره که به‌شداریی له تاوانی وه‌کو پاکتاوکردن، گه‌لکوژی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی کردووه یه‌کودوو له دادگایی‌کردنیان ناکرێت و سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. ئه‌و پرۆسه‌یه له ڕێککه‌وتنه جیهانیه‌کاندا سه‌باره‌ت به تاوانکاریه‌کان له هه‌ر ئاستێک‌دا بێت په‌سند کراوه و په‌یره‌و ده‌کرێت.
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کورد له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتگه‌رای ی.ن.ک و پ.د.ک ده‌یبینین، ئه‌وان نه‌ک هه‌ر دژی ئه‌م پره‌نسیپانه کار ده‌که‌ن، به‌ڵکو له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی نانه‌ته‌وه‌یی و تایبه‌تیاندا هاریکاری تاوانباران ده‌که‌ن، ئه‌م تاوانبارانه به‌جۆرێ له جۆره‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و ئازادانه ده‌سوڕێنه‌وه. بێگومان ئه‌مه دیارده‌یه‌کی زۆر نائاساییه.
فرۆکه‌وانی تاوانبار تاریق ره‌مه‌زان دوو مانگ پێش ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی دادگایی هه‌له‌بجه ونبووه، واته له مانگی ئۆکتۆبه‌ردا ونبووه، ئه‌گه‌ر نامه‌که‌ی ئاسایشی سلێمانی راستی تێدا بێت. به‌م پێیه دوو مانگه ده‌سه‌ڵاتی کوردی سلێمانی له‌م سکه‌نداله بێده‌نگه و خه‌ڵکی کوردستان و که‌سوکاری قوربانیان له‌م ونبوونه ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه. ئێمه نازانین هۆکه‌ی ئه‌م ونبوونه چییه، ئایا ئه‌م تاوانباره هه‌ڵاتووه، ئایا ئه‌م تاوانباره به ڕێکه‌وتنێکی نهێنی نێوان جه‌لال تاڵه‌بانی و عه‌ره‌به سوننه‌کان به نهێنی ئازادکراوه، ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌م رێککه‌وتنه نهێنییه ئاگادارن و بڕیاری بێده‌نگیان داوه، ئایا ئه‌م فرۆکه‌وانه کوژراوه، ئایا بۆ داپۆشینی نهێنیه‌کان ئه‌م فرۆکه‌وانه شتێکی لێکراوه هتد. زۆر پرسیاری بێوه‌لام له‌مباره‌یه‌وه هه‌ن، چونکه نه ئاسایشی سلێمانی، نه ده‌سه‌لاتی کوردی له سلێمانی و نه ده‌سه‌ڵاتی کوردی یه‌کێتی و پارتی به‌گشتی جێگه‌ی بروا نین.
سه‌باره‌ت به سکه‌ندالی ونبوونه‌که، ده‌سه‌ڵاتی سلێمانی نوقه‌ی لێوه نایه‌ت، ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌گشتی ده‌نگی نییه. سه‌باره‌ت به نه‌دانی ناوی فرۆکه‌وانه تاوانبارکانی دیکه به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی کوردی بێده‌نگه، نه‌بایه و نه‌باران! وادیاره ئه‌م کێشه‌یه لای ئه‌وان هێنده گرنگ نییه، بۆیه گرنگی پێ نادرێت، هه‌روه‌کو ئه‌وان له ته‌واوی پرۆسه‌ی دادگاییه‌که و دادگای ئێراقی، ده‌نگ و ره‌نگیان هێنده نییه. بێده‌نگی و هه‌لسوکه‌وتی ده‌سه‌لاتی کوردی پرسیار دروست ده‌که‌ن، بۆیه گونجاوه له‌مباره‌وه زۆر لێکدانه‌وه هه‌بن.
تاوانبارێکی ڕاسته‌وخۆی ژاربارانی هه‌له‌بجه له کرده‌یه‌کی نادیاردا ونبوو، به‌ڵام خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان نه‌جوڵان و کۆشکی پارله‌مان و سه‌رۆک به‌سه‌ر پارله‌مان و سه‌رۆکدا نه‌هه‌ژێندران! ده‌سه‌ڵاتی هه‌ندێ ناوچه‌ی قوربانی چاویان له چاڵاکڤانانی سه‌ر به ناوه‌ندی چاک و ڕێکخراوی دیکه سورکرده‌وه مۆڵه‌تی چاڵاکی سڤیلانه‌یان نه‌دان، کاتێ ئه‌و چاڵاڤانانه‌ی دژی ئه‌م کرده‌یه به‌مه نه‌وه‌ستان و خۆپیشاندانیان کرد که ژماره‌یان هێنده زۆر نه‌بوو، هێزه‌کانی ئاسایش ده‌وریاندان.
دیاره هیچ دوور نییه جه‌لال تاڵه‌بانی له رێککه‌وتنێکی نهێنیدا ئه‌م فرۆکه‌وانه‌ی دابێته‌وه عه‌ره‌به سونه‌کان، چونکه ئه‌و و هاوه‌ڵه‌کانی له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ئێراق و عه‌ره‌ب و داگیرکه‌راندا کاری له‌م شێوه‌یه‌یان پێشتر کردووه. بۆنمونه سه‌رانی پ.د.ک تاوانبار نه‌زار خه‌زره‌جیان ده‌ربازکرد و پاشان له لایه‌ن ی.ن.ک و پ.د.ک ـوه له دادگای دانیمارکیدا به نامه پشتگیریان لێکرد. به‌هه‌مان شێوه هه‌ردوولایان پشتگیریان له وه‌فیق سامه‌رایی کرد، گه‌لێکیان خزمه‌تکرد، پاشان جه‌لال تاله‌بانی دژی هه‌موو پێوانه‌کان هێنای کردییه راوێژکاری تایبه‌تی خۆی. جه‌لال تاله‌بانی له یه‌کێ له لێدوانه دژه کوردیه‌کاندا (دوایانبڕێ گه‌لێ زۆرن) گوتی با فرۆکه‌وان و ئه‌فسه‌ره‌کانی به‌عس هه‌مووی بێنه کوردستان له‌وێ پارێزگاریان ده‌که‌ین. واته ئه‌و ئه‌م فرۆکه‌وانانه‌ی که کوردستانیان بۆردومان و ژارباران کرد بۆ کوردستان بانگهێشتی کردن و ئاماده‌یی پاراستنیانی ده‌ربرێ، هه‌وه‌کو ئه‌و پێوابوو ئه‌وانه تاوانبار نین و ئه‌رکی خۆیان له ژێر فه‌رماندا به‌جێ گه‌یاندووه. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه به‌عسیه‌کاندا هه‌وڵی رزگارکردنی سوڵتان هاشمی دا و به‌رگری لێکرد (سوڵتان هاشم سه‌رۆکی فه‌یله‌قی یه‌ک له کاتی گه‌کوژی ئه‌نفالدا، سه‌رکردایه‌تی به‌شی زۆری قۆناغه‌کانی تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالی کردووه) لای تاله‌بانی ئاسایی بوو به‌رگری لێبکات، وه‌کو نیشتیمانپه‌روه‌ر و قاره‌مان ناوی ببات.
له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی پارت و تایبه‌تی خۆیاندا جه‌لال تاله‌بانی و مه‌سعود بارزانی هه‌رچی جاشی تاوانباره له خۆیان گرتن، پارێزگاریان کردن، پله و پایه‌یان دانێ یا له ترسی کوشتن هه‌ندێکیان ده‌ربازکردن. جگه له‌مانه ئه‌م جووته سه‌رکرده‌یه کاری دیکه‌ی وایان کردووه که ده‌کرێ له خانه‌ی کرده نه‌رێنیه‌کاندا زۆر ئاوه‌ڵاناوی نه‌رێنیان بۆ دابندرێت. ئه‌م کردانه له نێو گه‌لانی ئازادا نائاسایین و ده‌چنه خانه‌ی تاوان و ناپاکی به‌مجۆره سزای کۆمه‌ڵگه و دادگایان له‌سه‌ره.
ئه‌گه‌ر له‌م کرده دژه نه‌ته‌وه‌ییانه (که مشتێکی خه‌روارێکن) وردبینه‌وه، ونبوونی فرۆکه‌وانی تاوانبار شتێکی سه‌یر نییه، به‌ڵکو سکه‌ندالێکی دیکه‌یه له‌ته‌ک ده‌یان و سه‌دان سکه‌ندالی دیکه که لاوازی و نابووتی، تاوانباریی و ناڕه‌وایی، نانه‌ته‌وه‌یی بوون، بێبه‌هایی و بێپره‌نسینپی ئه‌م به‌رپرسه ده‌سه‌ڵاتدارانه پیشان ده‌ده‌ن.
شاخه‌وان شۆڕش
30 دیسه‌مبه‌ری 2008
سەرنج بنێرە