جێگیرکردنی مافی چارەنوس وەک گەرەنتی یاسایی

 داننان بە مافی تەواوی کەمینە لەچوارچێوەی ستاتدا و چەسپاندنی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەیی ستاتدا، بەمجۆرە بەیاساییکردنی جیابوونەوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدرالیدا، واتای ئەوەیە ئەو نەتەوە یا گەلە کەمینەیە خۆی سەرپەرشتی ناوچەی ژێردەستی خۆی لەلایەنی ڕامیاری، ئابووری، دارایی، یاسایی و بەڕێوەبردنەوە دەکات، واتە بەبێ خۆتێکەڵکردنی سەنترال. لەهەمان کاتیشدا بەشداری لە دەسەڵاتی فیدرالی بەپێی ڕێژەی خۆی دەکات. لەو بارەدا سنوری ناوچەی ئەو گەلە دیار دەبێت و لەلایەن ستاتەوە دانی یاسایی پێدەنرێت. لێرەدا بوونی مافی چارەنوس وەک مافێکی ڕەوای ئەو نەتەوە پەیوەستدارە وەکو کێشەیەکی ڕەوایەتی سەیری دەکرێت و لە کێشەی ئاسایشی نەتەوەیی جیادەکرێتەوە و دوور دەخرێتەوە .

جێگیرکردنی مافی چارەنوس وەک گەرەنتی یاسایی

کێشەی کورد لەباشوری کوردستاندا ئێستا دوای هەڵبژاردن، لە چوارچێوەی هەوڵی دروستکردنەوەی ستاتی ئێراقدا، لەبەردەم قۆناغێکی نوێ دایە. کێشەی کورد لەچوارچێوەی ئەو ستاتە هێشترایەوە و هەوڵ دەدرێت هەر لەو چوارچێوەیەشدا چارەسەری کێشەکە بکرێت. ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی وایکرد ئەو ئاراستەیە بەسەر ئەلتەرناتیڤەکانی دیکەدا زاڵ بێت، لایەنگیری بەهێزی یەکگرتوومانەوەی ئێراق لەلایەن گەلێ  لایەنی دەسەڵاتداری ناوخۆیی و دەرەکی بوو. هەرچۆنی بێت ئەو ئاراستەیە خۆی داسەپاند و ڕەوتەکەش جەخت لەسەر شێوە چارەسەرێک دەکاتەوە کە لەگەڵ یەکگرتوومانەوەی ستاتی ئێراقدا تەبابێت.

مەبەستی ئەو وتارە ئەوەیە، کەوا ئایا دەکرێت یا چۆن دەکرێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بتوانێت لەگەل لەلایەک ئاواتی بنچینەیی کورد گونجاو بێت و لەلایەکی دیکە گرنگی بەیەگرتوومانەوەی ئێراق مەرجئامێزانە لەو قۆناغەدا بدات؟ هەروەها مەترسی و ئەگەرەکان لەمبارەدا چین؟

ئاشکرایە هەندێ لە سەرکردەکانی باشور بەشێوەی جۆراوجۆر ئەوە دەڵێن: “کورد مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت و خاوەنی ستاتی خۆی بێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوە ناکرێت”. ئەو گوتنەیان لەبەر هەر هۆیەک بێت، بەشێوەیەک لەشێوەکان دان پێنانێکە بە بوونی ئەگەری زۆری بەڕیالیزەبوونی ئەو ئاواتەی خەڵک، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵ دەدەن بەڵگەش بۆ ئاراستەکەی خۆیان بهێننەوە. لەهەمان کاتدا هەوڵ دەدەن مافەکانی کورد لەچوارچێوەی ئێراقدا بەدەست بێنن. سەرکردایەتی کورد داواکاری دیاریکراوی هەیە و لەچەندین بۆنەدا ئاماژەی بۆیان کردووە. عارەبەکان و گەلێ لەتورکمانەکانی ئێراقیش حەز بەو داواکاریانە ناکەن و ئامادەنیین بیانسەڵمێنن. لێرەدا نامەوێ لەسەر زۆری و کەمی ئەگەری بەدەستهێنانی ئەو مافانە بڕۆم، چونکە مەبەستی ئەو وتارە ئەوە نییە.

سەبارەت بەو پرسیارانەی سەرەوە پێویست دەکات هەندێ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە گرنگی بوونی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەییدا بخەینەڕوو. پاشان دێینەوە سەر پرسیارەکان.

ئەو وڵاتانەی فرەنەتەوەن و کێشەی ناوخۆییان هەیە بەرەوڕووی چەند ئەگەرێک دەبنەوە لەوانە:

یەکەم: نکۆڵیکردنی مافی نەتەوەی چەوساوە و چەوساندنەوەی خەڵکە مافخوراوەکە و سەپاندنی ژێردەستەیی بەسەریاندا، وەکو باکور، ڕۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانی ژێردەستی تورکیا، ئێران و سوریا.

دووەم: داننان بەجۆرە مافێکی خۆبەڕێوەبردنی سنوردار و پێدانی نیمچە ئازادییەک بە نەتەوەی کەمینە، وەکو میسکیتۆکانی نیکاراگوا یا هنگاریەکانی ڕۆمانیا.

سێیەم: پەسندکردنی مافی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی بەمجۆرە ڕێزگرتنی جیاوازی نەتەوەیی و مافەکانی نەتەوەکانی وڵات لەچوارچێوەی ستاتدا، بەڵام لەهەمان کاتدا نکۆڵیکردنی مافی چارەنوسی نەتەوەی کەمینە و ڕێگانەدان بە جیابوونەوە، وەکو باسکەکان و کاتەلۆنەکانی ئیسپانیا.

چوارەم: ڕێزگرتنی مافی تەواوی نەتەوەی کەمینە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدرالی یا ئۆتۆنۆمیدا، کەتیایدا کەمینە مافی خۆبەڕێوەبردنی تەواوی هەیە و ڕێگا بە جیابوونەوەشی دراوە و بەیاسایی کراوە، وەکو تاڕادەیەک کیوبێکیەکانی کەنەدا (دیارە کیوبێکیەکان مافی تەواویان نییە و ئەگەری جیابوونەوەشیان کێشەی یاسایی بۆ دروستکراوە) یا دورگەکانی فارۆی سەربە دانیمارک دەکرێ “بەشێوەیەک” نمونەی ئەو خاڵە بن. خاڵی چوارەم بۆ ئەم وتارە گرنگە، بۆیە زیاتر لەسەری دەڕۆم.

داننان بە مافی تەواوی کەمینە لەچوارچێوەی ستاتدا و چەسپاندنی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەیی ستاتدا، بەمجۆرە بەیاساییکردنی جیابوونەوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدرالیدا، واتای ئەوەیە ئەو نەتەوە یا گەلە کەمینەیە خۆی سەرپەرشتی ناوچەی ژێردەستی خۆی لەلایەنی ڕامیاری، ئابووری، دارایی، یاسایی و بەڕێوەبردنەوە دەکات، واتە بەبێ خۆتێکەڵکردنی سەنترال. لەهەمان کاتیشدا بەشداری لە دەسەڵاتی فیدرالی بەپێی ڕێژەی خۆی دەکات. لەو بارەدا سنوری ناوچەی ئەو گەلە دیار دەبێت و لەلایەن ستاتەوە دانی یاسایی پێدەنرێت. لێرەدا بوونی مافی چارەنوس وەک مافێکی ڕەوای ئەو نەتەوە پەیوەستدارە وەکو کێشەیەکی ڕەوایەتی سەیری دەکرێت و لە کێشەی ئاسایشی نەتەوەیی جیادەکرێتەوە و دوور دەخرێتەوە . بەو واتایە جیابوونەوەی نەتەوەی کەمینە هیچ مەترسیەکی بۆ سەر بوونی نەتەوەی زۆرینە نییە و هەڕەشەشی بۆ دروست ناکات. لەو بارەدا مافی نەتەوەی کەمینە کە ڕێگای جیابوونەوەی دراوەتێ، دەبێ مافەکانی کەپێی دراوە هێندە تەواو و بەرزبن، کەوا بکات شان لەشانی سەربەخۆیی بدات، ئەگینا ئەو نەتەوەیە ئامادە نابێت لەناو چوارچێوەی ئەو ستاتەدا بمێنێتەوە. لێرەدا گرنگی بوونی مافی چارەنوس زۆر بەڕاشکاوی خۆی دەخاتەڕوو. بەجۆرێت وەکو گەرەنتیەکی یاسایی و ڕامیاری، وەکو پارێزەری بوونی سەد لە سەدی ماف خۆی دەسەپێنێت. چونکە ئەگەر نەتەوەی زۆرینە پەرۆشی مانەوەی نەتەوەی کەمینەیە (کە لەناوچەی خۆیدا زۆرینەیە) و بەمجۆرە پەرۆشی یەکگرتوومانەوەی ستاتەکەیە، لەسەریەتی و دەبێ تەواوی مافەکانی کەمینە مسۆگەر بکات و وابکات کە مانەوە لەبەرژەوەندیاندا بێت. لەلایەکی دیکە نەتەوەی کەمینە ئەگەرچی مافی جیابوونەوە و سەربەخۆیی هەیە بەڵام مانەوەی لەناو چوارچێوەی ستاتدا سودی بۆ ئەو گەلە هەیە و وادەبینێ کەوا پێویستی بەجیابوونەوە نابێت. ئەوە وادەکات کە مەترسی پارچەبوونی ستات کەمکرێتەوە و هەردوولا ئارەزوومەندانە و ئاشتیانە لەگەڵ یەکتر بژین. واتە بوونی مافی چارەنوس ئەو سەنگاییە لەبارە بۆ هەردوولا ڕادەگرێت و وادەکات لایەنی زۆرینە نەتوانێت پێشێلی مافی گەلی کەمینە بکات. ئەوە ئەو چارەسەرەیە کەوا شارەزای ئەمەریکایی (ویل کیملیکا) پێشنیاری دەکات . ئەگەر نەتەوەی زۆرینە نەتوانێ داخوازیەکانی نەتەوەی کەمینە جێبەجێ بکات ئەوا کەمینە بۆی هەیە و دەتوانێ یاساییانە و دیموکراسیانە جیابێتەوە.

دیارە زۆر شارەزا هەن پشتگیری جیابوونەوەی نەتەوەیەک دەکەن ئەگەر خاوەنی کێشەی ڕەوا بن، بەڵام زۆریان دیاریان نەکردووە و ناڵێن چۆن و بەچی شێوەیەک ئەو جیابوونەوەیە بێتەدی، واتە کێشەیان لە دیاریکردنی چۆنیەتی بەدیهێنانی ئەو رۆسەیە هەیە. ویل کیملیکا هەستی بەوە کردووە و ئەو چارەسەرەی سەرەوە پێشنیار دەکات، کە جێگای گرنگی پێدانە. ئەگەر زۆر گەشبین بین، دەکرێ بڵێین ئەو چارەسەرە بۆ باشوری کوردستان گونجاو بێت، بەشێوەیێ وادەکات لەلایەک گەلی کوردستان لەئامانجی بنچینەیی خۆی زۆر نزیک بێتەوە و مافەکانی لەچوارچێوەی ئێراقدا شان لەشانی سەربەخۆیی بدات، هەروەها هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێ سەربەخۆ بێت. لەلایەکی دیکە ستاتی ئێراق بەیەکگرتوویی درێژە بەتەمەنی خۆی دەدات لەسەر بنچینەیەکی ئارەزوومەندانە تا ئەو کاتەی کورد ئارەزووی مانەوە بکات. خۆ ئەگەر عارەبی زۆرینە لەئاستی ئەو ئەرکەدا نەبوون، ئەوا کورد مافی جیابوونەوەی یاسایی کراوە و خۆی جیا دەکاتەوە.

دەکرێت ئەو چارەسەرە بەگونجاو دابنرێت، بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی کورد سوڕن لەسەر مانەوەیان لەناو ئێراقدا و پێیان وایە ناتوانن لەو بارودۆخەی ئێستادا جیاببنەوە، بەڵام دەشیانەوێ مافی تەواوی کورد لەچوارچێوەی ئێراق بەدەست بێنن. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە سەرکردایەتی کورد چەسپاندنی مافی چارەنوسی نەکردۆتە مەرجی مانەوەی، هەروەها چەسپاندنی مافی چارەنوس لەیاسای بنچینەییدا لەپڕۆگرامی ئەواندا نییە ( ئەو داواکاریانەی ئەوان هەیانە چەسپاندنی مافی چارەنوسی تێدا نییە).

ئەوان دەلێن ئەگەر مافەکانمان پێنەدرێت پشتگیری یاسای بنچینەیی ناکەین یا لەگەڵ ئێراق نابین. ئەگەر ئەوان مەبەستیان جیابوونەوەیە، ئەوا ناڵێن چۆن و بەچی شێوەیەک، ئەوەش هێمایێکی باش نییە و ئاماژە بۆ بێ پلانی و بێ پرۆگرامی ئەوان دەکات. ئەگەر مەبەستیشیان تەنها ئەوەیە ڕەتی یاسای بنچینەییەکە بکەنەوە و بەهیوای یاسایەکی چاکتر بن، ئەوا بەئەگەری زۆر دەبێ ڕێکەوتن بکرێت، ئەویش بەدانپێنان و دابەزینی هەردوولا لەسەر داواکاریەکانیان دێتەدی. لەو بارەدا بەئەگەری زۆر کورد ئەوەی دەست ناکەوێت کە داوای دەکات، بەڵکو کەمتری دەست دەکەوێت.

ئەو چارەسەرەی ویل کیملیکا پێشنیاری دەکات، دەکرێ جێبەجێکردنی لە وڵاتێکی دیموکراسی و مۆدێرن بێتەدی بەڵام بەدیهێنانی لە وڵاتێکی وەکو ئێراقدا هەروا ئاسان نییە و ڕەنگە نەتوانرێ بکرێت. چۆن؟

یەکەم: ئەو یەکگرتنەی لە ئێراقدا لەنێوان گروپە جیاوازەکاندا هاتۆتە ئاراوە، لەسەر بنچینەی ئارەزوومەندانەی بەرامبەر نییە و ئەوانە بە هۆی هەبوونی هێزێکی دەرەکی گوشاریان خراوەتەسەر و کۆکراونەتەوە و بە گوشاری زۆر یاسایەکی کاتی مۆرکراوە. واتە ئەوانە خۆیان لە ڕوانگەیەکی ئارەزوومەندانەی خۆیەکی و داننان بە بەرامبەر کۆنەبوونەتەوە. بۆیە ئەگەری بوونی ڕێزگرتنی بەرامبەر دوای ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کەمە.

دووەم: نەتەوەی عارەبی زۆرینە بە شیعە و سوننەوە، زۆربەیان دژی سەربەخۆیی کوردن. تائێستا هیچ گروپێکی ڕامیاریان پشتگیری کوردستانیەتی کەرکوکیان نەکردووە و تەنها پشتگیری فیدرالیەکی سنوردار بۆ کورد دەکەن. بۆیە بەئەگەری زۆر ئەوانە دژی بوونی مافی جیابوونەوەی یاسایین، ئەگەر ئێستا پەسندیشی بکەن، دوای ڕۆیشتنی هێزەدەرەکیەکان ڕەنگە دژی بووەستن و لەباری ببەن.

سێییەم: گریمان ئەوەی کورد گەرەکیەتی هەمووی لە یاسای بنچینەیی هەمیشەییدا نووسران، مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەییدا چەسپێندرا. ئایا گەرەنتی چییە ئەو مافانە ڕێزیان دەگیرێت؟ دیارە ڕێزگرتنی یاسای بنچینەیی و ڕێکەوتنامەی مۆرکراو لە وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتوودا تاڕادەیەکی زۆر بوونی هەیە، بەڵام لەو وڵاتانەی نادیموکراسین یا دیکتاتۆرن، یاسا و ڕێکەوتن ئەگەر لەبەر ترس نەبێت، ڕێزیان ناگیرێت و لەنوسینێکی سەر کاغەز بەولاوە چیتر نین. لە ئەزمونی دوو ساڵەی دوای سەدام ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە ئەوەیە، کەوا ئەگەر عارەبی دەسەڵاتدار مەبەستیان نەبووبێت، ئەوا گوێیان بە یاسای مۆرکراو نەداوە. بۆنمونە جێبەجێنەکردنی بڕیاری 58. بۆیە لەبەر بوونی مەنتالێکی داسەپێنەرانە و ئاوتۆریتاریانەی عارەبان، هەمووکات مەترسی ئەوە هەیە کە ئەوان ڕێز بۆ یاسای بنچینەیی یا رٍِێکەوتنی یاسایی دانەنێن و بەپێی بوار و توانا و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان هەلِسوکەوت بکەن. بوونی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەیی هیچ نرخێکی نییە ئەگەر ڕێزی نەگیرێت، بۆنمونە لەیاسای بنچینەیی سۆڤیەت نووسرابوو، کەوا بۆنمونە گەلی کرواتیا یا گەلانی بەلتیک مافی چارەنوسیان هەیە، بەڵام هیچ یەکێک لەو نەتەوانە بۆیان نەبوو باسی شتی وابکەن. دیارە ئێستا ئەو سەردەمەی سۆڤیەت نییە و ئێراقیش سۆڤیەت نییە، بەڵام عارەبیش دیموکراسی و مۆدێرن نین و ڕەنگە دوای دەیان ساڵی دیکە ئەوجا ئەوان بگەنە ئاستێکی گونجاوی دیموکراسی، ئەوە ئەگەر هەرگیز بکرێت. کۆنسێرڤەتیزم و ئیسلامیزم بەسەر ئەواندا زۆر زاڵە و واپێناچێ هەروا بەئاسانی دەستبەرداریان بن.

لەگەڵ بوونی ئەو ڕاستیانەشدا، هەوڵدان بۆ ئەو شێوە چارەسەرەی شارەزای ئەمەریکایی کیملیکا ئاماژەی بۆ دەکات، واتە چەسپاندنی مافی چارەنوس و بەیاساییکردنی جیابوونەوە لە یاسای بنچینەییدا، گرنگی زیاتری دەبوو لەوەی کە ئێستا داوا دەکرێت. واتە لەگەڵ ئەو مافانەی کە داوا دەکرێت، داوای سەپاندنی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەییدا بۆ گەرەنتی ڕێزگرتنی و پارێزگاری مافەکان گرنگ بوو. چونکە ئەگەر لە دواڕۆژێکی نزیک یا دووردا، عارەب نکۆلِی لە بوونی مافەکان بکەن یا پێشێلی یاسای بنچینەیی بکەن و ڕێز بۆ مافەکانی کورد دانەنێن، بەلایەنی کەم کورد ئەو مافەی بەیاسایی کردووە و ئەگەری جیابوونەوەی بێ گرێتر دەبێت. واتە لەم بارەدا دەتوانێ بەلایەنی کەم پشتگیری دەرەکی ئاسانتر بەدەست بێنێت. خۆ ئەگەر ئەو مافە بچەسپێندرێت و ڕێزی یاسای بنچینەییش بگیرێت، ئەوا بوونی ئەو مافە وەکو گەرەنتی بەرزڕاگرتنی مافەکانی کورد دەبێت تا ئەو کاتەی کورد ئارەزووی مانەوە دەکات. لەلایەکی دیکەدا و لەباری ئێستادا ئەگەر کورد سەرەڕای مافەکانی باسی دەکەن، پێ لەسەر سەپاندنی مافی چارەنوس لە یاسای بنچینەیی هەمەیشەیی ئێراقدا دابگرن، ئەوا عارەب بەناچاری بەرەوڕووی پرسیاری ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان دەبنەوە. ئەگەر ئەوان ئەوەیان پەسندکرد، ئەوا سەربەخۆیی کورد پەیوەندی بە کات و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی خۆی دەبێت و خۆی ئەوە یەکلا دەکاتەوە. خۆ ئەگەر عارەب دژی بوونی مافی چارەنوسی کورد بووەستن، ئەوا کورد دەتوانێ ئەوە بقۆزێتەوە و لە ئێراق بێتە دەرەوە.    ئەگەر نەشیانەوێ بێنە دەرەوە، ئەوا ڕەنگە بتوانن هەموو ئەو مافانە بەدەست بێنن کە ئێستا داوای دەکەن، بەڵام چۆن دەتوانن مسۆگەری پارێزگاری ئەو مافانە لە دواڕۆژدا بکەن، ئەوە پرسیارێکی دیکەیە.

 شاخەوان شۆڕش

2005.3.1

سەرچاوە

ويل كيمليكا شارةزايةكي ئةمةريكايية, بابةتصكي لةسةر ئةوة نووسيوة و بةووردي باس لةبةياساييكردني مافي ضارةنوس دةكات. سةيري ئةو وتارة بكة:

Kymlicka, Will. (2002), Justice and Security in the Accommodation of Minority Nationalism: Comparing West and Eastern Europe, http://ptw.uchicago.edu/kymlicka02.pdf.