هەلبژاردنی پەرلەمان دوای ریفەراندۆم!؟

هەر گەلێک کە هەوڵی خۆدروستکردن و کار بۆ گەیشتن بە سەروەری خۆی دەکات، بەر لەهەرشتێ لە قۆناغی گواستنەوەدا لەسایەی دەسەڵاتێکی کاتیدا دەزگا و دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات وەکو دامەزراوە یاسایی، ڕامیاری، دادوەری و بەڕیوەبەریەکان پێکدەهێنێ، دەستوری نیشتیمانی دادەڕێژێ و گشتپرسی لەسەر دەکات، پاشان هەڵبژاردن بەپێی دەستوری نوێ دەکات، پاشان دەسەڵاتی یاسادانان و بەرێوەربردن بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بەکار دەبێت.  ئەو هەنگاوە کۆڵەگەی هەرە گرنگ و بنچینەیی دروستکردنی ناسیۆنە. دوای ئەوە دوای سەلماندنی کارکردنی دامودامەزراوەکانی وڵات، پرسی گرنگی مافی چارەنوس پرۆژەیەکی بۆ ئامادەدەکرێت، پەرلەمان پەسندی دەکات و دەیخاتە بەردەم گشتپرسیەوە. ئەو ڕێگەیە ڕێگەیەکی تەندروست و دانپێندراوە و دەتوانێ پشتگیری ناوخۆ و دەرەکی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت.

هەلبژاردنی پەرلەمان دوای ریفەراندۆم!؟

شاخەوان شۆڕش

7-6-2017

نەدەبوایە ڕیفەراندۆم بخرێتە دوای هەلبژاردنی پەرلەمان!؟

هەلبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم چۆن و بە پێی چ مۆدێلێک؟

هەر گەلێک کە هەوڵی خۆدروستکردن و کار بۆ گەیشتن بە سەروەری خۆی دەکات، بەر لەهەرشتێ لە قۆناغی گواستنەوەدا لەسایەی دەسەڵاتێکی کاتیدا دەزگا و دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات وەکو دامەزراوە یاسایی، ڕامیاری، دادوەری و بەڕیوەبەریەکان پێکدەهێنێ، دەستوری نیشتیمانی دادەڕێژێ و گشتپرسی لەسەر دەکات، پاشان هەڵبژاردن بەپێی دەستوری نوێ دەکات، پاشان دەسەڵاتی یاسادانان و بەرێوەربردن بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بەکار دەبێت.  ئەو هەنگاوە کۆڵەگەی هەرە گرنگ و بنچینەیی دروستکردنی ناسیۆنە. دوای ئەوە دوای سەلماندنی کارکردنی دامودامەزراوەکانی وڵات، پرسی گرنگی مافی چارەنوس پرۆژەیەکی بۆ ئامادەدەکرێت، پەرلەمان پەسندی دەکات و دەیخاتە بەردەم گشتپرسیەوە. ئەو ڕێگەیە ڕێگەیەکی تەندروست و دانپێندراوە و دەتوانێ پشتگیری ناوخۆ و دەرەکی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت.

بەداخەوە لە باشوری کوردستاندا دیموکراتیزەکردن ئەنجام نەدرا و پرۆسەکە بەو شیوەیە نەبووە. دوو پارتی چەکدار بە هێز و زەبروزەنگ پاوانی باشوری کوردستانیان کرد و وڵاتیان تووشی قەیرانی رامیاری و ئابوری کرد، لە ماوەی ٢٦ ساڵدا تەنانەت نەیانتوانی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پێکەوە بنێن. لە هاوینی ٢٠١٥ـە وە باشوری کوردستان کەوتۆتەژێر قەیرانێکی کوشندەی هەمەلایەنە. هەروەکو سەرۆک ئامادە نییە واز لە پۆستە درێژکراوەکەی بهینێت و پەرلەمانیش لەکارکەوتووە. بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئامادە نییە دەستبەرداری دەسەڵاتی رەهای خۆی بێت، نایەوێ پەرلەمانێکی بەهێز ببینێ، نایەوێ پەرلەمان ببێتە شوێنی چارەسەری کێشەکان، لەڕێگەی میتۆدە نادیموکراسیەکان درێژە بەدەسەڵاتی ئاغایانەی خۆی دەدات و سەپاندنی خۆی دووپات دەکاتەوە.

دوای چەقبەستنی بارەکە هەنگاوی دروست تەنها ئەوەیە کە هەلبژاردن بکرێت و لانی کەم دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات رەوایەتی وەرگرنەوە و هەوڵی چارەسەر و دەرچوون لە قەیرانەکە لەلایەن نوێنەرانی لەنوێ هەلبژێرداودا بە هەناسەیەکی نوێ و هەوارێکی رامیاری نوێدا بدرێت. دیارە لە باشوری کوردستاندا کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی لەسایەی حزبی چەکداردا ئازاد نین، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەو کەشە میلیتسگەرایەدا دەبێت. لە ئێستادا و لەسایەی ئەو دەسەڵاتە میلیتسگەرایەدا دیموکراتیزەکردن ئەستەمە، بەلام ئەگەر ویست هەبێت دەکرێ ئەو هەلبژاردنە وەکو تێپەربوونیک بەکاربهێندرێت و دواتر هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردن بەکردەوە بنرێن و دامەزراوە نادیموکراسیەکان هەڵوەشیندرێنەوە، ئەوەش بە ویستی شێلگیرانە دەکرێ بکرێت.

لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خاوەن حزبی چەکدار خاوەنی دوا گوتنە، پرۆسەکە بەو شێوەیە نەبوو کە لە کۆمەلگە خاوەن دامەزراوەکاندا ڕوودەدەن، بەڵکو بەجۆرێکە کە لەگەل ئارەزووەکانی بنەماڵەو پارتی دەسەڵاتدار دەگونجێت.  هەروەکو لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارت و لایەنەکاندا کۆمەڵی بڕیار دراوە ئاماژە بە گونجاندنی خاڵە گرنگەکان لەگەڵ ویست و بەرژەوەندیەکانی سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداردا دەکەن.

پرسی ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس خراوەتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان. واتە بەبێ بوونی دامەزراوە رەوا یاسایی و جێبەجێکاریەکان، بەبێ رەزامەندی دیموکراسیانەی پەرلەمان، پرسەکە سەپێندراوە و بڕیارە ئەنجام بدرێت. خەڵک بێگومان سەربەخۆیی دەوێ، هەروەکو سەربەخۆیی خەونی دێرینەی خەڵکی کوردستانە! ئەو سەپاندن و پەلە پەلە لەبەرچی لە کاتێکدا هیچ گومان لەوەدا نییە کە خەڵک سەربەخۆیی هەلدەبژێرن؟ ئەو سەپاندن و پێداگریە لە سەپاندنی ویستی منداڵیکی کەلەش گەورە دەچێت، کە لە لۆژیک و بنەما و دەرئەنجامەکانی پرسەکە ناگات.  چی دەبوو ئەگەر ریفەراندۆمەکە سێ چوار مانگ دوای هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت؟ وادیارە ئەوان ٢٦ ساڵە نوستبوون، ئێستا بەئاگاهاتوون، بۆیە نایانەوێ چیتر دوابکەوێ و بەر نرخێک بێت دەبێ هەرئێستا ریفەراندۆم ئەنجام بدرێت؟!

هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخراوە و خراوەتە مانگی ١١ ، کە دەبوایە یەکەم کاری گرنگ بایە و پەلەی لێکرابا. ئەگەر بەرژەوەندی گەل و کوردستان لەبەرچاوبگیرابایە، دەبوایە دەستەیەکی بێلایەنی دوور لەدەستی حزبەکان، دەستورێکی مۆدێرن دابڕێژن و لەسەر بنچینەیەکی نوێ و مۆدێرن هەڵبژاردن بکرێت. دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ناسەرکەوتوو بوو و وڵاتی ئیفلیج کرد، بۆیە پەرلەمانتاریزم تاکە ئەلتەرناتیڤی گونجاوە. پێموایە ئەگەر دەستوری نوێ گرنگی بەولایەنە بدابایە، زۆرینەی رەهای خەڵک پشتگیریان دەکرد. هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر بنەمای کۆن کێشە کۆنەکان لەگەڵ خۆیدا زیندوو دەکاتەوە، ئەوەش لەباشترین باردا جگە لە تێپەڕبوون لەباری ئێستادا لە داهاتوودا هیچی نوێی لێ شین نابێت.

هەلبژاردنی سەرۆکایەتی کە خراوەتە تەک هەڵبژاردنی پەرلەمان، نازاندرێ لەسەر چ بنچینەیەک و بەپێی چ مۆدێلێک؟ ئایا لەسەر بنچینەی ئێستایە کە فەشەلی هێنا و ناسەرکەوتوو بوو، یا لەسەر بنچینەیەکی نوێ و جیاوازە؟ لەسەر ئەو پرسە گرنگە کە بووە هۆی دواترین قەیرانی رامیاری باشوری کوردستان هیچ ڕێکەوتنێکی روون نییە. ئەگەر بڕیاروایە لەسەر هەمان بنەمای پێشوو و جێبەجێکردنی داواکانی مەسعود بارزانی بێت، ئاماژەی لایەنەکانە بە ملکەچی بە باری ستاتوس کۆ وەکو پێشوو.

لایەنگرانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم ئەگەر لە راستیدا هەبن، دەکرێ ئەو ڕێکەوتنە بکەنە مەرجی هەنگاوەکانی دواتری دیموکراتیزەکردن و چوون بەرەو سیستەمی پەرلەمانی. مەرجەکان وەکو: هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە نادیموکراسیەکان، نەهێشتنی حزبی چەکدار یا چەکداری سەر بەحزب، چەککردنی بەرپرس و کەسایەتیە فیودالەکان، سەندنەوەی دەسەڵات لە بنەماڵە، گەڕاندنەوە سامانی دزراو بۆ وڵات و کۆمەڵگە، بەناسیونالکردنی بوارە گرنگەکانی بەرهەمهینان و سامانی سروشتی، بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دادوەری بێلایەن، پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دوور لەدەستی حزب هتد. ئەگەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی ملکەچی ئەو مەرجانە نەبوو، جگە لە ڕاپەرین ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەمدا نییە.

 

 

سەیری خاڵەکانی رێکەوتنەکە لە خوارەوەدا بکە:

 

رۆژی گشتپرسی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکران

لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان

رووداو – هەولێر

کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبەکانی باشووری کوردستان کۆتاییهات و بڕیاردرا رۆژی 25-9-2017، گشتپرسی ئەنجام بدرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەکاتی خۆی و لە رۆژی 6-11-2017، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

بڕیاردرا چەند کۆمیتەیەکی باڵای گشتپرسی دروستبکرێت بە سەرۆکایەتی بارزانی بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

راگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان

رۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ریفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەزووعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانەی ڕێككەوتن:

یەكەم: رۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.

دووەم: هەر لە رۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا رێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ریفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان

حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان

پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان

لیستی هەولێری توركمانی

بەرەی توركمانیی عێراق

پارتی گەشەپێدانی توركمان

لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

مجلس الشعبی الكلدانی الاشووری