سەرکەوتنی کورد لە بەڕێوەبردن و پێشکەوتندا، کورد بەرەو سەربەخۆیی دەبات

ئەو وتارە هەرەسەتەیەکە لەسەر گوتنی نوێنەری روسیا لە UN کە دەڵێ “دروستبوونی کوردستان دەبێتەهۆی لەتبوونی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە” (سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە). ئەو گوتنە بنچینەلسەر ویستی مانەوەی باری ستاتوسکۆ دەکات، بۆیە هەوڵی ترساندن و توقاندن لەئەگەرێکی ئەوهادا دەدات.

سەرکەوتنی کورد لە بەڕێوەبردن و پێشکەوتندا، کورد بەرەو سەربەخۆیی دەبات

ئەو وتارە هەرەسەتەیەکە لەسەر گوتنی نوێنەری روسیا لە UN کە دەڵێ “دروستبوونی کوردستان دەبێتەهۆی لەتبوونی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە” (سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە). ئەو گوتنە بنچینەلسەر ویستی مانەوەی باری ستاتوسکۆ دەکات، بۆیە هەوڵی ترساندن و توقاندن لەئەگەرێکی ئەوهادا دەدات.

بارودۆخی ئابوری و رامیاری رۆژهەڵاتی ناوراست دوای داگیرکاریەکانی داعش زۆر تیئۆر و گریمانی گومانگەرای خستەگەڕ، رۆژانە گوتن لە دروستکردنی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی وڵات دەکرێت، گوتن لە پلانەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچە دەکرێت. ئەوەی بەکردەوە هەیە زلهێزەکان واتە ئەمەریکا، ئەوروپا و روسیا دژی لەتبوون و دابەشکردنی ئەو وڵاتانەن کە کوردستانیان پێوە لکێندراوە.  وڵاتانی ناوچە بێ پشتیوانی زلهێزەکان بەتایبەتی ئەمەریکا و رۆژئاوا دەتوانن ئاژاوە بنێنەوە بەڵام ناتوانن وڵات دابەش بکەن. لەئێستادا بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری زۆریان لە بریارە سیاسیەکاندا هەیە و ڕەوتی ریالپۆلەتیک بەروونی خۆی وێنە دەکات.

دیارە جگە لە فاکتەرە دەرەکیەکان گەلانی خودی وڵاتەکە لەمبارەیەوە زۆر گرنگن و واتای یەکلاکەرەوەیان هەیە. کورد کە وەکو هۆکاری لەتبوون ئاماژەی بۆ دەکرێ، ئەگەر خۆی بەهێز و یەکگرتوو و سەرکەوتوو و پێشکەوتووخواز نەبێت، ئەوە زۆر سەختە بتوانێ سەر بە فاکتەرە دەرەکیەکان شۆڕ بکات و ناچاریان کات دان بە سەربەخۆیی کورد لە بەشێکی کوردستاندا دابنێن.

لێرەدا گرنگە ئەوە بیربخەینەوە کە رێکەوتنی یاساییانەی نەتەوە ناکۆکەکان لەنێو وڵاتدا و ڕیگەدان بە ئەگەری جیابوونەوە بەپێی پرەنسیپەکانی مافی چارەنوس، ڕەوتێکی گرنگە و سەرکەوتنی بۆنمونە پێشتر لە یوگوسلاڤیا، چیکوسلۆڤاکیا و سودان بەدەستهێناوە، لەوبارەدا کاریگەری فاکتەرە دەرکیەکان سنوردار دەبێت. کورد جگەلە سەرکەوتوویی خۆی لە بەڕیوەبردن و پێشکەوتندا پێویستە سوود لەو چارەسەرانە وەرگرێت.  کورد لە ئێراقدا لەوەدا شکستیان هێناو و سەرکەوتوو نەبوون، واتە نەیانتوانی یاسایانە جیابوونەوە بەدەستور بکەن و وابکەن یاساییانە پیادەی بکەن. بەهێزی کورد لە باشوردا دەیتوانی ئەو شکستە راستکاتەوە، بەڵام لەوەشدا کورد لە پاشە و ئێستا لە ئاستی ناوخۆدا لە ژێر قەیرانی ڕامیاری و ئابوریدا دەناڵێنێ.

مەرج نییە دروستبوونی کوردستان لەبەشێکی کوردستان لە ئێستادا ببێتەهۆی لەتکردنی وڵاتەکانی دیکەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، بەڵام دەکرێ لە داهاتوودا ببێتەهۆی دروستبوونی وڵاتی دیکەی سەربەخۆی کوردی، دەکرێ لە داهاتووی دووردا یەک کوردستان دروست بێت، دەکرێ واش نەبێت. پۆلیتیک زانستێکی ماتماتیکی نییە بێیت پۆزەتیڤانە لێکی بدەیتەوە و بڵێی ئەگەر ئەوە ڕوو بدات ئەوا ئەویتری بەدوادا دێت. سیاست وەکو زانستێکی کۆمەڵایەتی بەکۆمەڵی فاکتەرەوە بەندە و هەمیشە لە گۆڕان و خۆدروستکردنەوەدایە. بۆیە ئەو گوتنەی نوێنەری روسیا لە یوئێن یا ئەوانەی دیکە کە دەڵێن دروستبوونی کوردستان دەبێتە هۆی دابەشکردن و لەتبوونی هەموو وڵاتانی ناوچەکە، گەورەکردن و تۆقاندنە کە مەبەستەکەی راگرتنی باری ستاتوسکۆیە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا.

روسیا هەرگیز وڵاتێک نەبووە پشتگیری کوردانی پێشتر کردبێت، بۆنمونە کۆماری مهاباد لەسەردەمی سۆڤیەتی کۆن لە ١٩٤٦ دا کرایە قوربانی رێککەوتنە ئابوریەکانی سۆڤیەت. روسیا بەر لە شەڕی داعش بەرامبەر بە کورد زۆر پاسیڤ بوو و بەدەگمەن ناوی کوردی هێناوە. ئێستا هاوکاری دوژمنێکی سەرسەختی کورد بەشار ئەسەد دەکات، لەبەر ئەوەی کورد سەرکەوتووانە دژی داعش شەر دەکەن و دژی تورکیان، هاوکاری کورد لەبەرژەوەندی روسیا و سوریادایە، بۆیە ئێستا سۆزداری خۆی بۆ کوردان پیشان دەدات. بەڵام سیاسەتی روسیا بەرامبەر بە کورد ئەگەر گۆڕابێ ئەوا گۆڕانێکی زۆر کەمە، ئەویش دژی ئەوە نییە کوردەکان جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت، لەبیرمان نەچێت بەر لەهەر لایەنێکی دیکە روسیا بەهانای رژێمی دیکتاتۆری ئەسەدەوە هاتووە. ئەگەر کوردەکان دژی رژێمی ئەسەد شەڕیان کردبا، دەکرا کوردیش لەلایەن روسیاوە بۆردومان بکرێت، هەروەکو روسیا بۆردومانی ئۆپۆزیسۆنی سوریا بە ئیسلامی و نائیسلامیەوە دەکات.

گرنگە کوردەکان لە رۆژئاوای کوردستاندا بتوانن سوود لەو هاواکاریانە وەرگرن، بەڵام سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆیان نەدۆڕێنن. بەهێزی کورد لە گۆڕەپان و بڕیاری سیاسی یەکگرتووانە دەتوانێ دەرئەنجامی گونجاو دەستەبەربکات.

بەکورتی سەربەخۆیی کوردان بەر لەهەرشتێ بەندە بە خۆیان و سەرکەوتوویی خۆیان لە بەرێوەبردن، پیادەکردنی دیموکراسی و پێشخستنی وڵات لە هەموو بوارەکاندا.  سەرکەوتن لە ئاستی ناوخۆدا بنچینە بۆ هەنگاوەکانی دواتر دادەڕێژێ و ئەوکاتە گەیشتن بە سەربەخۆیی ناڕیالیستانە نییە. بوونی ویستی بەهێزی سەربەخۆیی لە دەسەڵاتێکی بەهێزی خاوەن پشتگیری بەهێزی گەلدا فاکتەری هەرەگرنگە لەو بوارەدا. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتێکی کوردی لەهەر پارچەیەک بێت، بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی دژی سەربەخۆیی بەجۆرێ لە جۆرەکان بوەستێتەوە، ئەوسا ئەو دەسەڵاتە کوردییە خۆی بەیەکەوەژیان لە ولاتی دیاریکراودا هەڵدەبژێرێ. لەو بارەدا دەکرێ هۆکاری جیاوازهەبن، لەوانە نائامادەیی و لاوازی، زیانکردن لە جیابوونەوە، زاڵکردنی ئایدۆلۆژیا یا بەرژەوەندی کەس و پارتی دەسەڵاتدار بەسەر بەرژەوەندی راستەقینەی گەلدا.

شاخەوان شۆڕش

19-2-2016

سەیری ئەو لینکە بکە:

http://ekurd.net/emergence-kurdistan-breakup-turkey-2016-02-19