نادیە موراد، ئەو ڕزگاربووە بوێرەی کەیسی گەلکوژی ئێزدیانی گەیاندە بەرزترین دەسەڵاتی جیهانی

نادیەی ئازا لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بوێرانەیەیدا چەند پەیامێکی گرنگ دەنێرێت، یەکەم تاوانکە بە جیهان دەناسێنی و بەجیهان دەڵێ ئێمەی قوربانی بەرەوڕووی دڕندانەترین تاوانی دەستدرێژی بووینەوە، دووەم دەیەوێ دەسەڵاتدارانی جیهان تاوانەکە وەکو دڕندانەترین تاوان ببینن و بیناسێنن، سێیەم دەیەوێ دڕندەیی جیهادیەکانی داعش دەردەخات و بەمجۆرە پێویستی لەناوبردنی تاوانبارانی داعش دەکاتە ئەرک، چوارەم داوا دەکات قوربانیان لەبیرنەکرێن، چونکە ئەوان پێوستیان بە هاوکاری و چارەسەری هەمیشەیی هەیە.

نادیە موراد، ئەو ڕزگاربووە بوێرەی کەیسی گەلکوژی ئێزدیانی گەیاندە بەرزترین دەسەڵاتی جیهانی

شاخەوان شۆرش

2016-1-25

کە تیرۆریستانی دەولەی ئیسلامی ناسراو بە داعش هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزدیان لە هاوینی ٢٠١٤ دا و خەڵکی بێبەرگری ئێزدیانیان بە کۆمەڵ کوشت، یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی تاوانەکە کە زۆر بە زەقی خۆی دەرخست، گرتن و بردنی ئەندامانی مێینەیان بوو، کە بەرەوڕووی دڕندانەترین جۆری دەستدرێژی سیستەماتیکیانە و رێکخراوانە بوونەوە.

تاوانی دەستدرێژی تاوانیکە لە میانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەکو پاکتاوی رەگەزی یا تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید) پێشتر بەچڕی روویانداوە بۆنمونە لە بۆسنە لە ساڵی ١٩٩٢-١٩٩٤ دا یا رواندا لە ساڵی ١٩٩٤ دا. دادگای نێونەتەوەیی بۆ تاوانەکانی رواندا ICTY بۆیەکەمجار وەکو کردەیەکی تاوانی گەلکوژی لە ساڵی ١٩٩٨ دا بڕیاری لەسەر تاوانی دەستدرێژیدا. بەپێی بڕیاری دادگا دەکرێ تاوانی دەستدرێژی وەکو کردەیەکی تاوانی گەلکوژی بدرێتە دادگا لە کاتێکدا مەبەستی لایەنی ئەنجامدەر لەناوبردنی بەشێک یا تەواوی کۆمەڵگە ئامانجکراوەکەیە.

جیهادییە ئیسلامیستەکان وەکو کافر و شەیتان پەرست سەیری ئێزدیەکان دەکەن، بەپێی بیروباوەری ئیسلامیان ئێزدیەکان نەهێشتن و لەناوبردنیان ئەرکێکی لەپێشی جیهادە. هەروەکو لەسەردەمی سەرەتای بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامدا کە لە رێگەی داگیرکاریەوە ڕوویاندا و ئەندامانی مێیینەی کۆمەڵگە داگیرکراوەکان وەکو سەبایە و کۆیلە دەبردران، جیهادیەکانی داعش لاسایی هێرشی لەشکری ئیسلامی ئەوسایان کردەوە، بەپێی سورەت و ئایەتەکانی سەدەی حەوتەم هێرشەکەیان رەواکرد و ئەنجامدا. شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە دەریدەخەن، جیهادیەکانی داعش، بە ئاگایانە و بەمەبەستی تێکشکاندن و لەناوبردنی کۆمەلگەی ئێزدیان چ وەکو کۆمەڵگە یا ئایین هێرشیان کردە سەر ئێزدیان، کوڕ و پیاوەکانیان کوشتن، ئەندامانی مێیینەیان بردن. کچ و ژنە دەستبەسەرکراوەکان کرانە کۆیلە و سەبایە و خرانە ژێر فەرمانی خاوەنەکانیان، لە بازاڕی کۆیلاندا فرۆشران و دەستدرێژیان سیستەماتیکیانە کرایە سەر. ژنە دەستبەرسەرکراوان، ئەگەر رزگار نەبن تا مردن وەکو کۆیلەی سکسی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و ڕۆژانە بەرەوڕووی ئازاری تیرۆری دەرونی و فیزیکی دەبنەوە.

گومان لەوەدانییە کە بەدەکومێنکردنی تاوانەکان بۆسەڵماندنی بوونی تاوان و جۆری تاوان زۆرگرنگ و بایەخدارن. هەروەکو یەکێ لە کێشە گەورەکانی سەڵماندنی جۆری تاوان، نەبوونی بەڵگەی زیندووە. ئەوەش لە ڕووی یاساییەوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەرئەنجامی بڕیاری دادگادا هەیە. جگەلە بوونی دەکومێنتی وەکو بڕیاری نوسراو و فیلمکراوی لەناوبردن، بوونی خەڵکی ڕزگاربوو بەڵگەی هەرە گرنگی زیندوون، کە دەتوانن زیندوانە تاوانەکە بگێرنەوە، کە واتای یەکلاکەرەوەی یاساییان هەیە.

لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا بوونی ڕزگاربوان لە کوشتاری بەکۆمەڵدا، گرنگی زۆریان بۆ سەڵماندنی جۆری تاوان و بڵاوکردنەوەی تاوانەکە هەبوو. گێرانەوەی ڕزگاربوان بۆ ناساندنی تاوانی گەلکوژی ئەنفال زۆر گرنگ بوون.  ئەوەی لەنێو گێرانەوەکاندا بزربوو گێرانەوەی تاوانەکانی دەستدرێژی بوو، کە بێگومان روویانداوە، بەڵام لەبەر گەلێ هۆکار لەوانە کۆنەپارێزیی کۆمەڵگە، مەترسی و کاردانەوە نەگەتیڤەکان، هەرگیز گوتنیان لەسەر نەکرا. تاوانەکانی دەستدرێژی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا تائێستا چاپتەرێکی داخراون. لە کۆمەڵگەی داخراو و کۆنەپارێزدا، لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئایینپارێزدا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە شەرەف و سەروەری کەس و خێزان بە ئەندامی مێینە دەبەسترێنەوە، وە ژنان زۆر بەسانایی و لەسەرکردەیەکی ئاسایی ژیانیان دەکەوێتە مەترسی، بۆ ژنانی قوربانی ئاسان نییە پەردە لەسەر تاوانی دەستدرێژی هەڵدەنەوە. تەنانەت ئاشکرابوونی روودانی تاوانەکە دەکرێ خۆی لە خۆیدا ببێتەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی کەسی قوربانی. بۆیە تەنها ئازایەتیەکی کەموێنە لەتوانایدایە گوێ بەو مەترسیانە نەدا و گوتن لە تاوانی دەستدرێژی بکات و بە ئاشکرا بۆ ڕایگشتی بیگێڕێتەوە.

لەلایەکی دیکە گێرانەوە لە چۆنیەتی روودانی دەستدرێژیەکان و بیرکەوتنەوەی تاوانەکان، کەسی قوربانی کوشندانە ئازار دەدەن، برینەکان دەکوڵێننەوە و دەیخەنە بارێکی دەرونی ناهەموارەوە، کە دەکرێ وەکو جۆرێک لە تیرۆری دەرونی بەسەر کەسی قوربانیدا بشکێتەوە. چونکە کەسی قوربانی کەسێکی بریندار و ساڕێژنەکراوە، بەکۆمەڵێ کێشەی دەرونیەوە گرفتارە، لە بارێکی ناتەندروستدایە و لە ژێر گوشاری دەرونیدایە. ئەو قوربانییەی کە بڕیاری گێرانەوە و ئاشکراکردنی تاوانەکە دەدات، بێگومان خاوەنی کەسایەتیەکی بەهێزە کە لەتوانایدایە سنورە کۆنەپارێزەکانی خێزان و کۆمەڵگە تێپەڕێنێت، وە گوێ بە ئازار، مەترسیەکان و کاردانەوە دژەکان نەدات. چونکە ئەو هەڵگری پەیامێکی مەزنی مرۆڤانەیە. 

دیارە زۆر لەو ژنە کوردانەی لە چنگی داعش ڕزگارکراون، بەرەوڕووی تاوانی دەستدرێژی و تیرۆری فیزیکی و دەرونی بوونەتەوە. لەوانە هەیانە ژیانی لەمەترسیدایە و ئێستا خۆی شاردۆتەوە، چونکە لەلایەن کەسوکاریەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. نادیە موراد یەکێ لەو ژنە ئازایانەیە، کە گوێ بە کاردانەوە نەگەتیڤەکان نادات، وە ئەو لەوە گەیشتووە کە ئەو قوربانیی دڕندانەترین جۆری تاوانە، شانازی بە کەسایەتی خۆی دەکات و هاتووە ئازایانە تاوانەکە لە دژی بکەرە تاوانبارەکان بەکاردەهێنێ و لە ئاستی جیهانیدا ریسوایان دەکات. خەلکی جیهان لە دڕندەیی تاوانی نامرۆڤانەی جیهادییە ئیسلامیەکانی داعش ئاگاداردەکاتەوە و بە تاوانەکە ئاشنایان دەکات. بەکورتی نادیەی ئازا لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بوێرانەیەیدا چەند پەیامێکی گرنگ دەنێرێت، یەکەم تاوانکە بە جیهان دەناسێنی و بەجیهان دەڵێ ئێمەی قوربانی بەرەوڕووی دڕندانەترین تاوانی دەستدرێژی بووینەوە، دووەم دەیەوێ دەسەڵاتدارانی جیهان تاوانەکە وەکو دڕندانەترین تاوان ببینن و بیناسێنن، سێیەم دەیەوێ دڕندەیی جیهادیەکانی داعش دەردەخات و بەمجۆرە پێویستی لەناوبردنی تاوانبارانی داعش دەکاتە ئەرک، چوارەم داوا دەکات قوربانیان لەبیرنەکرێن، چونکە ئەوان پێوستیان بە هاوکاری و چارەسەری هەمیشەیی هەیە.

ئازایەتی نادیە موراد و جەرگبڕیی بەسەرهاتەکەی هۆکاری گرنگن لە گەیاندنی نادیەی قوربانی بە هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە بەرزترین دەسەڵاتی جیهانە. جگەلە دەربڕینی تێگەیشتن و هاوسۆزی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە دەکرێ تاوانی “گەلکوژی” دژ بە کۆمەلگەی ئێزدیان ڕوویدابێ. ئەو ئاماژە بۆکردنە وەرچەرخانێکی گرنگە لە ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی ئیزدیان وەک تاوانی گەلکوژی، وە بێگومان بۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر جۆری تاوانکە لەهەر دادگایەکی نێونەتەوەییدا دەکرێ واتای خۆی ببێ.