گرتنی عەلی مەحمود و هاوڕێکانی سەرکوتکردنی دەنگی ڕەوای خەڵکی ستەمدیدەیە

دەسەڵاتێک لەبەر دزی و تاڵان و وێرانکردن و شێواندنی کۆمەلگە، ملیارەها دۆلاری بەهەدەردا و خستیە قورگی بەرژەوەندیەکانی میر و کەسوکاری و بەرپرسانی، نەیتوانی بە قەد چالاکوانە گیرفان بەتاڵەکانی وەکو عەلی مەحمود کار بۆ پرسی ژینۆساید و کورد لە ئاستی دەرەوەدا بکات، ئێستا هاتووە سەفیری ئەنفال عەلی مەحمود لەسەر نارەزایی دەربڕین دەستگیر دەکات.

گرتنی عەلی مەحمود و هاوڕێکانی سەرکوتکردنی دەنگی ڕەوای خەڵکی ستەمدیدەیە

ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێستا کە ناوبانگیان لە گەندەڵیدا دەرکردووە هەرکە لە ساڵی ١٩٩١ ـەوە پێیان نایە شارەکانی کوردستان دەستیان بە فرۆشتنی کەلوپەلەکانی وڵات کرد و لە سەدی بێخمەوە دەستیان پێکرد. دەسەڵاتێک ٢٤ ساڵە قووتی خەڵک دەدزێ و تاڵان دەکات، ٢٤ ساڵە داهاتی گەل بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە و حزب بەکاردەهێنێ، ٢٤ ساڵە لەژێر ناوی کەرتی تایبەت قۆرغ دەکەن و تاڵان دەکەن، ٢٤ ساڵە دۆڵ و شاخ نەما داگیری نەکەن و نەیفرۆشن، ٢٤ ساڵە کۆمپانیای گەندەڵی تورک و عەرەب و بێگانە نەما نەیهێننە کوردستان و نەبنە شەریکە دزیان، ٢٤ ساڵە نەوت بە تانکەر ئاودیو دەکەن و داهاتەکەی لە گیرفانی خۆیان دەکەن، هەربەوەش نەوەستان لەڕیگەی لولەبۆڕی دەستیان بەدزینی سامانی ژێرزەوی کرد و داهاتەکەیان لە بانکی کەس نەدیودا گومکرد، ٢٤ ساڵە کار بۆ بەگەندەڵکردنی کۆمەڵگە و گەوجاندنی مرۆڤەکانی دەکەن، کار بۆ کپکردنی دەنگەکان لەرێگەی بەرتیل و پارەی دزراوی گەل دەکەن، دەسەڵاتێک کە وڵاتی قەلاش کردووە و لەژێر قەرزا نابوتی کردووە، هاتووە بە هەموو “لێهاتوویی” خۆی موچەی فەرمانبەران و خەڵکی کەمدەرامەت دەخوا و بەنیوەی دەکات.

دەسەڵاتێک لەبەر دزی و تاڵان و وێرانکردن و شێواندنی کۆمەلگە، ملیارەها دۆلاری بەهەدەردا و خستیە قورگی بەرژەوەندیەکانی میر و کەسوکاری و بەرپرسانی، نەیتوانی بە قەد چالاکوانە گیرفان بەتاڵەکانی وەکو عەلی مەحمود کار بۆ پرسی ژینۆساید و کورد لە ئاستی دەرەوەدا بکات، ئێستا هاتووە سەفیری ئەنفال عەلی مەحمود لەسەر نارەزایی دەربڕین دەستگیر دەکات.

عەلی مەحمود و هاورێکانی هاتوون بەشیوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە نارەزایی دژ بە بڕینی موچەی خەلکی کەمدەرامەت دەنگ هەڵبڕن، هاتوون دژ بە خۆگێلکردنی دەسەڵات لە دزی و تاڵانی بنەماڵە و بەرپرسانی حزب و حزب دەنگ هەلبڕن، هاتوون دژی مافیاکانی کەرتی بەناو تایبەت دەنگ هەڵبڕن، بەڵام دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆر ئەو دەنگە نارەزاییەی بۆ قووت نادرێت و عەلی و هاوڕیکانی دەگرێ و دەیانخەنە زیندانەوە.

ئەو دەسەڵاتە نەبڕوای بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان، نە بڕوای بە ئازادی دەربڕین، نە بڕوای بە خۆپیشاندانی هێمنانە و ئاشتیانە هەیە، نە تێیان دەگات و نە دەشیەوێ تێیان بگات. لێرە لە وڵاتی ئێمەدا گوتن و فەرمانی میر یاسا و دەستورن. هەرکاتێک کەسێ دژی بەرژەوەندیەکانی ئەو دەسەڵاتە دوا، خوێنساردانە سەرکوت دەکرێت. عەلی مەحمود ئەگەر یەکێ لە چاڵاکوانە هەرە چاڵاکەکانی مافی مرۆڤ بێت، کە دژی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنەر دوانی دا، ئەگەرچی لەرێگەیەکی ئاشتیانەش بێت، ئەوا ڕێگەی نادرێت و سەرکوت دەکرێت.

بەگرتنی عەلی و هاوڕێکانی دەسەڵاتی گەندەڵ زیاتر خۆی ریسوا کرد، بۆیە ئەگەر دەسەڵات زۆر گەمژە نەبیت زووتر ئازادیان دەکەن.

ئەو دەسەڵاتەی رێگە بە نارەزایی هێمنانە نادات، دەسەڵاتێکی دژ بە ئازادی و دیموکراسییە. دەسەڵاتی هەولێر دژی ئازادی و دیموکراسییە بۆیە عەلی و هاوڕیکانیان گرتوون.

ئازادی بۆ عەلی مەحمود و هاوڕیکانی

ریسوایی بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵ و ساختە

 

شاخەوان شۆڕش

31-1-2016