مەسعود بارزانی و قسەی بازاڕیی!

دەڵێن گوتوویەتی “ئەوەی دەیەوێ پۆستەکەی من وەرگرێ ئامادەم پۆستەکەمی پێ بدەم!”  دیارە یەکەمجار نییە مەسعود بارزانی ئەو جۆرە ئاخافتنانە دەکات و خۆی لە پرسەکە بەمشێوەیە دەدزێتەوە. خۆی زۆر بێبەری و بێگوناح پیشان دەدات، لەلایەکیتر بابەتەکە تێدەپەرێنێت، بەجۆرێک کە خۆی دەیەوێت. بەڵام ئایا باشتر نەبوو لە جیاتی موزایەدەکردن بەسەر خەڵک، بۆ یاسا و پرەنسیپە دیموکراسیەکان بگەڕیتەوە؟ باشتر نەبوو بڵێ بەپێی یاسا من سەرۆک نیم و دەبێ چارەسەرێکی دیموکراسیانە بۆ پرسەکە بدۆزینەوە و سەرۆکی نوێ هەلبژێردرێت؟ بە چ مۆرال و پرەنسیبێک خۆی پێ سەرۆکە و بەردەوامیش بە پۆستەکەی دەدات؟

مەسعود بارزانی و قسەی بازاڕیی!

مەسعود بارزانی بە ئادەبووانی کۆبوونەوەکەی دوێنێی گوتووە “ئەوەی دەیەوێ پۆستەکەی من وەرگرێ ئامادەم پۆستەکەمی پێ بدەم!”

بۆ ماوەی شەش مانگ دەچێت وڵاتێک کەوتە قەیران لەسەر سیستەمی بەناو “سەرۆکایەتی” هەرێم، یەکەم لەبەر ئەوەی پێشنیارکرا سیستەمەکە بگۆڕدرێ بە پەرلەمانتاری و دەسەڵاتی سەرۆک کەمکرێتەوە، دووەم ماوەی سەرۆکی ئێستا بەسەرچوو و دەبوایە لەهەر بارێکدا سەرۆکێکی تر هەلبژێردرێت، ئەوجا لە پەرلەمان یا لەلایەن خەڵکەوە. ئەو کەسە کەسێکیتر دەبوو چونکە بەپێی ئەو یاسایەی مەسعود بارزانی خۆی واژووی کردبوو وایە. مەسعود بارزانی و پارتی ئەوەیان بە تووندی رەتکردەوە و وەکو کودەتا ناوزەدیانکرد. پەرلەمانیان لەکارخست و حکومەتیان ئیفلیج کرد. هەموو ئەوانە لەبەر ئەوە بوو کەس نەچێتە جێگەی مەسعود بارزانی و دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەی بارزانی لەق نەبێت.

دەڵێن گوتوویەتی “ئەوەی دەیەوێ پۆستەکەی من وەرگرێ ئامادەم پۆستەکەمی پێ بدەم!”  دیارە یەکەمجار نییە مەسعود بارزانی ئەو جۆرە ئاخافتنانە دەکات و خۆی لە پرسەکە بەمشێوەیە دەدزێتەوە. خۆی زۆر بێبەری و بێگوناح پیشان دەدات، لەلایەکیتر بابەتەکە تێدەپەرێنێت، بەجۆرێک کە خۆی دەیەوێت. بەڵام ئایا باشتر نەبوو لە جیاتی موزایەدەکردن بەسەر خەڵک، بۆ یاسا و پرەنسیپە دیموکراسیەکان بگەڕیتەوە؟ باشتر نەبوو بڵێ بەپێی یاسا من سەرۆک نیم و دەبێ چارەسەرێکی دیموکراسیانە بۆ پرسەکە بدۆزینەوە و سەرۆکی نوێ هەلبژێردرێت؟ بە چ مۆرال و پرەنسیبێک خۆی پێ سەرۆکە و بەردەوامیش بە پۆستەکەی دەدات؟

ئەوەندەی من مەسعود بارزانی بناسم، ئەو هەمیشە خۆی پێ سەرۆکی کورد بووە، بەر لەوەی بەرەی کوردستانی دروستبێ لە ٨٠ کان ئەوە تێڕوانینی ئەو بووە بۆخۆی. ئەگەر نەکرابایە سەرۆک رێکەوتنی ستراتیژی لەگەل یەکێتی لە دوای رووخانی سەدامدا نەدەکرد. ئێستاش ئەو خۆی بە سەرۆک دەزانێ و هەرواش خۆی دەبینێت.

شاخەوان شۆڕش

27-1-2016