هاتنی ژمارەی زیاتری سەربازی تورکیا بۆ باشوری کوردستان و ئەگەر و پرسیارەکان
لەرووی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستانەوە، بوونی هێزی سەر بە داگیرکەرانی کوردستان لەناو خاکی کوردستاندا لەهەر وڵاتێکەوە بێت، زیان بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان دەگەیەنن. بۆیە بوونی ئەو هێزە و هێزەکانی دیکەی تورکیا دژ بە بەرژەوەندیەکانی کوردستانە. بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان لەوەدایە، پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان بەیەکەوە و لەنێوان خۆیاندا کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکەن، دژی دەستێوەردانی وڵاتانی داگیرکەر لە کاروباری ناوخۆ بوەستنەوە.
هاتنی ژمارەی زیاتری سەربازی تورکیا بۆ باشوری کوردستان و ئەگەر و پرسیارەکان
بەپێی گوتنەکانی دەسەڵاتدارانی تورک هاتنی هێزی زیاتری سەر بە سوپای تورکیا بەتایبەتی ئەوەی لە بەعشیقەی نزیک موسڵ نیشتەجێبووە بەپێی رێککەوتنێکە لە نێوان تورکیا و مەسعود بارزانیدا کراوە، وە بەپرسانی پارتی دەڵین ئەوە بەپێی رێککەوتنێکە لە نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا کراوە. دەڵێن ئەو هێزانە بۆ ڕاهێنان و مەشقپێکردنی هێزەکانی پیشمەرگە هاتوون. حکومەتی ئێراق هاتنی ئەو هێزە وەکو پێشێلکاری بۆ سەروەری ئێراق دەبینێ و داوای زوو کشانەوەی دەکات، سکاڵای داوەتە ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان. لایەنە کوردیەکانی هەرێم بەتایبەتی گۆڕان و یەکێتی دژی هاتنی ئەو هێزەن و گۆڕان وەکو پیشێلکاری بۆ سەروەری هەرێمی کوردستانی دەبینێت. بەمشێوەیە ئەو گوتنە رەتدەکەنەوە کە دەڵێ ئەو رێکەوتنە لە نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیادا کراوە. هەروەها ئەمەریکا لەلایەن خۆیەوە دەڵێ هاتنی ئەوهێزە پەیوەندی بە هاوپەیمانی دژ بە داعشەوە نییە.
ئەوەی دەکرێ لەو گوتنە دژبەیەکانە دەربهێندرێت ئەوەیە کە هاتنی ئەو هێزە و هێزەکانی دیکەی تورکیا کە گوتنیان لەسەر دەکرێت بەپێی رێککەوتنێکە کە لە نێوان تورکیا و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیدا کراوە. هاتنی هێزی تورک پەیوەندی بە ستراتیژ و ئامانجێک هەیە کە لای تورکیا و پارتی گرنگن. هۆکار و مەبەستی راستەقینەی هاتنی هێزەکان چییە، ئاشکرانەکراوە و روون نییە. هەروەکو ئێمە نازانین ئەو رێکەوتنە چییە و چۆنە کە لەنێوان بارزانی و تورکیادا کراوە. بەڵام دەکرێ مەبەستی هاتنی ئەو هێزە لەبەررۆشنایی بەرژەوەندیەکانی پارتی و تورکیادا سەیربکەین، وە هەوڵی تێگەیشتنی بدەین.
بەرلەوە پێوسیتە ئەوە بخەینەڕوو، کە هاتنی ئەو هێزە بەوشێوەیە پەککەوتوویی دەسەڵاتی بەرێوەبردن و یاسادانانی هەرێم پیشان دەدات، ئەوەش ئاماژەیە بە لاوازی کورد لە ئاستی ناوخۆییدا. پارتێکی دەسەڵاتداری خاوەن چەکدار لە بەشیکی باشوری کوردستاندا کاروبارەکانی خستۆتە ژێرچنگی خۆی و یەکلایەنە بەپێی بەرژەوەندیەکانی لەژێرناوی حکومەتی هەرێم و بەرژەوەندی کوردستاندا هەنگاوەکانی دەنێت. رووداوێکە دەمانباتەوە بۆ سەردەمی دوو بەڕێوەبەریی بەر لە رووخانی ڕژێمی بەعس. هێنانی ئەو هێزە هەنگاوێکی دیکەی مەترسیدارە کە بێباکی و تاکڕەوی حزب پیشان دەدات، کە بەدەستهێنانی دامەزراوە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی هەرێم بەپێویست نابینێ. ئێستا لەکاتیکدا گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان پارتی و لایەنەکان لاوازە، وە هێزەکانی تورکیا بەپێی رێکەوتن لەگەڵ بارزانی ژمارە و بنەکەکانیان لە زیادبووندایە، ئەگەری لێکترازانی زیاتر دێنێتەپێشەوە، کە ئەگەرەکانی رێکەوتن و تێگەیشتنی هاوبەشی ستراتیژی ناسیونالیستانە دوورتردەکەنەوە.
سوپای تورکیا لە ناوەڕاستی ٩٠ ـەکانەوە لە باشوری کوردستاندا هەن، چەندین بنکەی سەربازی تورکیا لە دەڤەری بادیناندا هەن لەوانە بنکەی “کانی ماسی” و “بامەڕنی” کە دوو بنکەی گەورەن لەو ساوە هەن. بوونی ئەو هێزانە بەپێی رێککەوتنە، بەڵام نازاندرێ ڕێکەوتنەکە چۆنە و ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە چییە. ئەو هێزانە بەشێوەیەکی سەرەکی دژی گەریلاکانی پەکەکە بەکارهاتوون، بەڵام بێگومان هەموو ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن کە تورکیا پێیان دەسپێرێ. کردنەوەی بنکەیتر لە نزیک موسڵ و شوێنی دیکە بەکردەوە زیادکردنی ژمارە و بنکە سەربازیەکانی تورکیایە لە قووڵایی باشوری کوردستاندا. جێگیرکردنی هێزی تورک لە شوێنی دیارکراودا بەپێی بەرنامەی داڕێژراوە و بێ ئامانج نییە. گومانەکان زیاتر بۆ ئەوە دەچن کە دەکرێ مەبەست لە هێنانی ئەو هێزانە بەتایبەتی دامەزراندنیان لە نزیک ئەو شوین و ناوچانەی پەکەکەیان لێیە، بۆ کۆنترۆڵی جموجۆڵی هێزەکانی پەکەکە بێت و لەکاتی پێویستدا لە دژی هێزەکانی سەر بە پەکەکە بەکاربهێندرێن. هەروەکو لەبەرژەوەندی تورکیا و پارتی دایە هێزەکانی پەکەکە گەشەنەکەن، سنور بۆ جموجۆڵیان دابنێن و ناوچەی دیکە نەخەنە ژێر کۆنترۆلیان. دیارە هێرشکردن بۆسەر بنکەکانی پەکەکە پارتی دەخاتەژێر بارێکی قورسی سەربازی و ئابوری، کە دەتوانێ مەترسی لەسەر چارەنووسی پارتی دروست بکات، بۆیە واپێناچی هەنگاوی لەو شێوەیە لە ئێستادا رووبدات. هەروەها دەکرێ زیادکردنی ژمارە و بنکەی سەربازی تورک بۆ پشتگیری و پارێزگاری مەسعود بارزانی و پارتی بێت لەبارودۆخی ناجێگیری ئێستای ناوخۆدا لەهەر لەمپەر و مەترسیەک کە لە ئێستا و داهاتوودا بەهۆی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ بارزانی و پارتی دێنەپیش.
بەپێی یاسای نێونەتەوەییەکان بوونی هێزی وڵاتی بێگانە لە کوردستان و ئێراقدا بەبێ رەزامەندی دەسەلاتی خانەخوێ پێشێلکردنی سەروەری ستاتە. ئەو بارە بۆ ئێراق بێ یەکودوو وایە، چونکە ئێراق رەزامەندی نەداوە و دژایەتی پیشانداوە. سەبارەت بە باشوری کوردستان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم خۆی دەناسێنێ و ڕەزامەندی خۆی پیشانداوە، چونکە ئەو گوێ ناداتە ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بەسەرچووە، وە تورکیا وەکو سەرۆکی هەرێم سەیری مەسعود بارزانی دەکات و بەمشێوەیەش ئاماژە بە رێکەوتنەکە دەکات. دیارە تورکیا بەهۆی پەیوەندی بەهێزی ڕامیاری و ئابوری نێوانیان پشتگیری تەواوی بارزانی دەکات، وە دەیەوێ لەم ڕوانگەیەوە جۆرێک لە ڕەوایەتی بۆ دەستێوەردانە سەربازیەکەی بەدەست بهێنێت. لە ئێستادا مەسعود بارزانی بەکردەوە و بەپێی یاسا تەنها سەرۆکی پارتی و فەرماندەی هێزەکانە. دیارە سەرۆکی حزب یەکسان نییە بە دەزگا و دامەزراوی نیشتیمانی کوردستان و ناتوانێ رەوایەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی بێ بوونی پشتگیری نەتەوەیی و نیشتیمانی بەدەست بێنێت. هەروەها فەرماندەی سوپا ئەو دەسەڵاتەی نییە لەسەر ئاستی دەرەوەدا رێکەوتن لەگەڵ وڵاتاندا بکات، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە. بۆیە بۆ کوردستانیش پێشێلکاری و شکاندنی سەروەرییە.
تورکیا دەستیخستۆتە ناو کاروباری کوردستان و ئێراق و بەپێی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی هێزەکان دەجووڵێنێ. دەکرێ لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بۆ هەندێ لە مەترسیەکانی بوونی ئەو هێزە بکەین.
یەکەم: دەکرێ بوونی ئەو هێزە ببێتەهۆی زیاتر وروژاندنی بارگرژی نێوان پارتی و پەکەکە، ببێتەهۆی شەڕی چەکداری لە نیوانیاندا. بەمجۆرە تێوەگڵانی تۆتۆماتیکیانەی ئەو هێزەی تورکیا لەلێدانی پەکەکەدا.
دووەم: بوونی ئەو هێزە زیاتر پارتی بەلاڕێدا دەبات و پارتی بەرەو ئاراستەی زیاتری دابڕان هان دەدات. بەمپێیە پارتی جگەلەوەی پشتگیری سەربازی مسۆگەر کردووە، دەتوانێ هەرەشە بکات و پێ لەسەر سەپاندنی داواکاریەکانی بنێت، ئەوەش وادەکات ئامادەی دانوستان لەسەر داواکانی نەبێت.
سێیەم: کاریگەری تورکیا لەسەر بڕیارە ئابوری و رامیاریەکانی کوردستان بەهێزتر دەکات، بەجۆرێک ئەو دەسەڵاتە دەداتە دەست تورکیا کە بتوانێ کاریگەری لەسەر چارەنوسی ڕامیاری و ئابوری هەرێمدا هەبێت و بەئاراستەیەکدا بیبات کە لەگەڵ بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیادا گونجاون.
چوارەم: وروژاندنی ئێران و بەرەی شیعە، وە مەترسی دەستێوەردانی زیاتری ئێران لە باشوری کوردستاندا. هەروەکو ئێران لەو جموجۆڵەی تورکیا نیگەرانە و دەکرێ کاردانەوەی بەرامبەر رووبدەن. سیاسەت و ستراتیژی پارتگەرای دژبەیەکی پارتی و یەکێتی، دەکرێ ببێتەهۆی ئەوەی باشوری کوردستان بکەنە چەقی ناکۆکیەکانی بەرەی کۆنەپارێز و مەزهەبگەرای سوننە و شیعە. ناکۆکی و کێشەیەکی کۆن و ئاڵۆز و کوشندە کە کێشەی کورد نییە، بەڵام کورد بۆخۆی دەیهێنێتە ناو ماڵ و خاکی خۆی.
پێنجەم: چوونی زیاتری پارتی بەرەو تورکیا دوورکەوتنەوەی زیاترە لە دەسەڵاتی بەغدا و ئێراق. بەڵێن و ڕێکەوتنەکانی پێشووی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی ناوەند کێشەی زیاتریان بۆ دروست دەبێت و ناکۆکیەکە دەبەنە ئاستێکی خراپتر. لەکاتێکدا لایەنی کورد لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئێراقدا نایەکگرتووە بۆیە لاوازە، وادەکات ئێراق بتوانێ کێشە و کۆسپی گەورە لەبەردەم چارەنوسی رامیاری کورداندا دروست بکات. لە خراپترین باردا هەلگیرسانی شەری نێوان کورد و ئێراق بەدوای خۆیدا بهێنێت.
شەشەم: دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتی ناوەند بەم شێوەیە هەلبژاردنی رێگەیەکی ناترادیسیۆنالانەی هەنگاوەکانی “جیابوونەوەیە”، کە جگەلەوەی لە ئاستی ناوخۆییدا نایەکگرتوو و لاوازە، هەنگاوێکە ناتەبایە بە تیگەیشتی رۆژئاوا کە سەبارەت بەو جۆرە کێشانە هەیانە، کەوا دەکات بەدەستهێنانی پشتگیری رۆژئاوا سەختکات ئەگەر دژایەتی پەیدا نەکات. لەڕاستیدا “جیابوونەوە” بەهاوکاری هێزی داگیرکەر جێگەی گومانی زۆرە و پرسیاری زۆر دروست دەکەن (لێرەدا واز لەو پرسیارە دەهێنین). لەمبارەیەوە پێویستە ئەوە بیربخەینەوە کە کێشەی جیابوونەوە لە ئێراق لەبەرڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتی، بەپێی ستراتیژێکی نەتەوەیی یەکگرتوو و پشوودرێژ، کە دەتوانێ تێگەیشتنی رۆژئاوا بەتایبەتی بەدەستبهێنێت، بێ دەستێوەردانی داگیرکەران دەکرێ بهێندرێتەدی.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بیربخەینەوە کە لەرووی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستانەوە، بوونی هێزی سەر بە داگیرکەرانی کوردستان لەناو خاکی کوردستاندا لەهەر وڵاتێکەوە بێت، زیان بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان دەگەیەنن. بۆیە بوونی ئەو هێزە و هێزەکانی دیکەی تورکیا دژ بە بەرژەوەندیەکانی کوردستانە. بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان لەوەدایە، پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان بەیەکەوە و لەنێوان خۆیاندا کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکەن، دژی دەستێوەردانی وڵاتانی داگیرکەر لە کاروباری ناوخۆ بوەستنەوە. بەمجۆرە بەیەکەوە لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندیەکانی کوردستاندا بڕیار بدەن و هەنگاو بنێن
لەو روانگەیەوە هەر کەسێک یا لایەنێک یەکلایەنە رێکەوتن لەگەڵ وڵاتی بێگانە بەگشتی و وڵاتانی داگیرکەر بەتایبەتی بکات، وە ببێتەهۆی دەستوەردانی وڵاتی بێگانە لە کوردستاندا، هەنگاوێکی یەکلایەنە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەنێت. ئەو هەنگاوە پشتگیری کوردستانیانەی نییە و پێشێلی سەروەری کوردستانە، کە دەکرێ دەرئەنجامی کوشندەی لێبکەوێتەوە و زیانی کوشندە بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان بگەیەنێت.
شاخەوان شۆڕش
15-12-2015
سەرنج بنێرە