ئازادکردنی سوڵتان هاشم سوکایەتییە بە قوربانیان و ژێرپێخستنی دادوەرییە

کاتێ کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن سەرکردە کوردەکانەوە بەتایبەتی مام جەلال هەوڵی ڕزگارکردنی سوڵتان هاشم درا، ڕێکخراوی چاک و رێکخراوەکانی دیکە کە لەبواری مافەکانی مرۆڤ تاوانی گەلکوژیدا کاریان دەکرد، دژی ئەو هەوڵە وەستان و تەنانەت ڕێکخراوی چاک سکاڵای لە دژی مام جەلال تۆمار کرد. لە کۆنفراسێکدا کە لەسەر تاوانی گەلکوژی لە ساڵی ٢٠٠٨  دا لە لەندەن کرا، من لەوێ لە وتارێکی کورتدا ئاماژەم بەو پێشێلکاریە و هەڵەی گەورەی سەرکردە کوردەکان کرد.

ئازادکردنی سوڵتان هاشم سوکایەتییە بە قوربانیان و ژێرپێخستنی دادوەرییە

شاخەوان شۆڕش

٤/١١/٢٠١٥

سەرۆکی فەیلەقی یەک سوڵتان هاشم کە سەرپەرشتی زۆربەی هێرشەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالی بۆسەر کوردستان کرد، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقیەوە بە تاوانی گەلکوژی، تاوان دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بەپێی ١٠ ماددە تاوانبارکراو و سزای هەڵواسینی بۆبڕایەوە. ئەو بڕیارەی دادگا بەپێی یاسا ناتواندرێ هەڵوەشێندرێتەوە و بگۆڕدرێت.

ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە تاوانبار سوڵتان هاشم ئازاد دەکرێت. ئازادکردنەکەی بەهۆی دەستێکەڵکردنی لایەنە دەسەڵاتدارەکانە لە پرۆسەی دادوەری و بە رێکەوتنێکی سیاسی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئێراق دەبەسترێتەوە. وادیارە ئەو هەوڵە ئێستا خەریکە دەگاتە مەبەست و بەهاوکاری دەسەڵاتدارانی کورد تاوانباری گەلکوژی ئەنفال ئازاد دەکرێت.

کاتێ کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن سەرکردە کوردەکانەوە بەتایبەتی مام جەلال هەوڵی ڕزگارکردنی سوڵتان هاشم درا، ڕێکخراوی چاک و رێکخراوەکانی دیکە کە لەبواری مافەکانی مرۆڤ تاوانی گەلکوژیدا کاریان دەکرد، دژی ئەو هەوڵە وەستان و تەنانەت ڕێکخراوی چاک سکاڵای لە دژی مام جەلال تۆمار کرد. لە کۆنفراسێکدا کە لەسەر تاوانی گەلکوژی لە ساڵی ٢٠٠٨  دا لە لەندەن کرا، من لەوێ لە وتارێکی کورتدا ئاماژەم بەو پێشێلکاریە و هەڵەی گەورەی سەرکردە کوردەکان کرد. بۆم گەڕایەوە کە وتارەکەم سەرانی دەسەڵاتی زۆر سەغڵەت کردبوو.

دیارە ئەو هەوڵە پیشێلکاریی یاسایی و ژێرپێخستنی داوەریە، کوتنەوەی برینی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالە بە پۆستاڵی سەربازی بەعسیانە و بەهیچ نەزانینی کەسوکاری قوربانیان و گەلی قوربانی کوردە. ئەو پێشێلکارییە بەڵگەیەکە لە سەدان و هەزاران بەلگە کە ئاماژە بە بوونی جیهانێکی تایبەتی گەندەڵی و تاوان و ناپاکی لە ئێراق و باشوری کوردستاندا دەکەن. لە وڵاتیکدا حزبی چەکدار و خێل و مەزهەب و مەرجەح دەستیان بەسەردا گرتووە، بەمجۆرە ڕەوایەتی، یاسای دادوەرانە و پرەنسیپی مرۆڤدۆستانە شوێنیان نییە.

جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە لە هاوینی ٢٠١٥ دا دادگایەکی ئەلمانی لە شاری لونەبۆرگ کۆنە نازیستێکی ئەڵمانی بەناوی ئۆسکار گرۆنینگ تەمەن ٩٤ ساڵەی بە چوار ساڵ سزادا و ئەو کەسە بەتاوانی بەشداری لە کوشتاری سێ سەد هەزار جوولەکە تاوانبارکرا. ئەو کەسە کەسی نەکوشتبوو، تاوانی ئەو ئەوەبوو شمەکی وەکو پارە، سەعات، چاویلکە و شتیتری زیندانیەکانی کۆدەکردەوە. دوای نزیکەی ٧٣ ساڵ لە دوی تاوانکە سزای دادوەرانەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەڵمانیا خۆی لایەنی تاوانبارە لەتاوانەکەدا، کەچی وەکو وڵاتی تاوانبار لە تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆستدا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە بە شانازیەوە تاوانبارانی راکێشاوەتە دادگا و سزای داون، هاوکاری ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی لە پرۆسەی گەیاندنی تاوانباران بە دادگا کردووە. لە کوردستانی ئێمەدا دادگای تایبەت بە تاوانبارانی تاوانی گەلکوژی هەرگیز دروست نەکرا! ئەوەی بەغداش کە هەبوو بە هەوڵ و کۆششی هەموولایەک داخرا.

هەروەها لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە نیوسەدە بەسەر تاوانەکەدا رۆیشتووە، بەڵام ئامادەن بەداوی دادوەری بکەون و پیرەمێردێکی تەمەن ٩٤ ساڵە ڕاکێشی دادگا بکەن و سزای بدەن. کەچی لەوڵاتی ئێمەدا ئەو تاوانبارەی سەرپەرشی تاوانی گەلکوژی کردووە ئازاد دەکرێت و بەناو سەرکردە کوردەکان کە سەرکردەی گەلی قوربانین پاکانەی بۆ دەکەن، لە ئاست ئازادکردنی تاوانبارێکی هێندە گەورە مووی سەریان ناجووڵێ. دیارە ئەوان پیشتر سامەرایی، خەزرەجی، بەرزنجی و قاسم و عەباس و عوزێر و هارونی و پێوتاتە و قەشقە و ئەوانیتریان دەربازکرد و هاوکاریان کردن، پلەوپایەیان پێدان، سەبارەت بە سوڵتان هاشم ئەوان پێشترهەوڵی ئازادکردنیاندا، بۆیە ئێستاش دوورنیە کە ڕۆڵی گرنگیان لەو کارەدا هەبێت. گومان لەوەدا نییە کورد لایەنێکی گرنگە لەو پرسەدا، بێدەنگی سەرکردە کوردەکان، تێوەگڵانیان دەسەڵمێنێ.

لە وڵاتی ئێمەدا رووداوە سەیر و سەمەرە نائاساییەکان زۆرن، جوداییەک لە نێوان پاکی و ناپاکی، تاوان و بێتاوانی لەفەرهەنگی دەسەڵاتداراندا نییە. چەمک و سنورەدژەکان بێکێشەی زۆر دەتوێنەوە و تێکەڵی یەک دەبن، جیهانێکی تەڵخ و قێزەوەن و بۆگەن پێکدەهێنن. کاتێ لە کۆمەڵگە و وڵاتێکدا چەمک و سنورە دژەکان هەروا ئاسان تێکەڵی یەک دەبن، جوداییەک لە نێوان باش و خراپ دا نامێنێ، نۆرم و مۆڕال بنەمایەکی دروستیان نامێنێ، ئیتیک واتای خۆی لەدەست دەدات و پەکی دەخرێت، بێگومان ئەو کۆمەڵگەیە لە قەیرانی کوشندەی مۆڕال و ناسنامە دایە.