هەندێ سەرنج و تێبینی لەسەر وتارەکەی نێچیرەوان بارزانی

 

دەڵێ:” بێگومان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەنگی ناڕەزایی خەڵکم بیستووە. ئێمە بەردەوام گوێمان لێگرتوون. دەزانین کە فەرمانبەران و کارمەندانی بەوەفای حکومەت چەندین مانگە مووچەی رەوای خۆیان وەرنەگرتووە”. بەرپرسانی دەسەڵاتە گرنگەکان و ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکین لە کوردستاندا بنەماڵەی بارزانییە. ئەوان خۆیان کێشەی نەبوونی ئاو و کارەبا، وزە و خۆراکیان نییە و ملیاردێرن. سەختە دەسەڵاتدار کە خۆی لەناو گەل نەبێت و ئاستی گوزەرانی لە ئاستی گوزەرانی خەڵک نزیک نەبێت، لە زگی برسی و داواکاری خەڵک بگات. ئەو وەکو سەرۆکی حکومەت لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، دەرنەکەوت و وەلامی پرسیاری خەلکی نەدایەوە. نازاندری ئەو گوێی لە کێ گرتووە!

هەندێ سەرنج و تێبینی لەسەر وتارەکەی نێچیرەوان بارزانی

دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرەوان بارزانی دەرکەوت و هەندێ شتی لە وتارێکدا گوتن. ئەوەی خوارەوە تەنها هەندێ کورتە سەرنجە لەسەر هەندێ لە خاڵەکانی گوتنەکەیدا.

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم، من گۆڕان نیم و تێبینیم لەسەر گۆڕان و بەتایبەتی سەرۆکی گۆڕان هەیە، جگەلەوە پێموایە وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەشداریان لە حکومەتی بنکەفراواندا هەڵە بوو. بەڵام ئەوە واناکات کە رووداوەکان سۆزدارانە ببیندرێن و بابەتیانە سەیریان نەکرێت. سەبارەت بە قەیرانی سیاسی ئێستا، من هیچ کیشە و هەڵەیەکی سیاسی و نایاسایی لە پێشنیارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی کوردستان نابینم. گۆران کە پارتێکی بێچەکە، جیا لە پارتە کلاسیکیەکانی کوردستان لە رێگەی یاسا و پەرلەمانەوە هەوڵی گۆڕانکاری داوە، رەتی درێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچووی سەرۆک دەکاتەوە، ئەوەش نە پێشێلکاریە و نە تاوانە.

بابێینەسەر وتارەکەی نێچیرەوان بارزانی، کە دەڵێ: “لەڕێی خۆپیشاندانی ئاشتییانەوە مافی بنەڕەتیی هاوڵاتییە و بەشێکی گرنگی دیموکراسیی ئەم هەرێمەیە”. ئەو هەرێمە دیموکراسی نییە و کۆمەڵگە لەژێر گەماڕۆکانی حزبی چەکداردایە. لە دیموکراسیدا، سەرۆکی حکومەت ناتوانێ سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دەرکات و رێگەی لێ بگرێت نەک تەنها بێتە ناو پەرلەمان بەڵکو بێتەوە ئەو شارەش کە پەرلەمانی تێدایە! ئەوکردارە لە دیموکراسیدا بوونی نییە. ئەو بڕیارە لە دیوەخانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و لە مەکتەبی سیاسی پارتەوە دەرکراوە، ئەوەش نامۆیە بە دیموکراسی.  وەکو ئاشکرایە تەنها لە ناوچەکانی دەرەوەی ژێر ڕکێفی پارتی خۆپیشاندان دژی دەسەڵات و بێ مووچەیی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی فەرمانبەر و مامۆستایانی دەڤەری زەرد کێشەی بێمووچەیی و ئابوریان بەهەمان شیوە هەیە. بەڵام بۆ خەڵک بۆی نییە خۆپیشاندان بکات!؟

دەڵێ: “بەڵام ناکرێت ئەو هێز و بەرژەوەندییە سیاسییانە لەبیربکەین کە بەمەبەستی سوودی کورتخایەنی خۆیان ئاگریان خستە ماڵی هاوبەشمان”. لایەنی سیاسی کێن؟ گۆڕان! لەبیریان ناکەن، چی دەکەن!؟ گۆڕان چی کردووە!؟ نەمزانیووە هەوڵی چاکردنی سیستەمی سەپێندراوی میرایەتی یا “سەرۆکایەتی” لەڕێگەی پڕۆژە و پێشنیار لە پەرلەمانەوە کفر بێت و ئاگربەردانە ماڵ بێت! هەموو ئەو خەڵکەی خۆپشاندان دەکەن، هەموویان گۆڕان نین بەڵکو بریتین لە خەڵکی بێلایەن و بەلایەن کە جگە لە پارتی سەر بە هەموو لایەنەکانی ترن، ئەوانە خەڵکی ئەو وڵات و کۆمەڵگەیەن، هەروەکو کێشەکەش کێشەی هەموو کۆمەلگەی کوردییە. خەڵک برسی و توڕەیە، لەژێر قەرزدا دەناڵێنێ، مرۆڤ هەبووە لە داخانا خۆی کوشتووە، گەنجەکان لە نائومێدیان بە وڵات و دواڕۆژ کۆچ دەکەن. ئەوە لە کاتێکدایە هەموو دەیبینن ئێوەی دەسەلاتدار ملیاردێرن و منداڵ و خێزانەکانتان پادشایانە دەژین. بۆیە سەیر نییە لە خۆپیشانی ئەو خەڵکەدا تووندووتیژیش رووبدات. لەباری تووندوو تیژیدا دەسەڵات لەسەریەتی رێورەسمی یاسایی بگرێتەبەر، نەک تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و تۆمەتبارکردنیان بە شتی جۆراوجۆر. بۆنمونە لە قەیرانی ئابوری یۆناندا خۆپیشاندەران تووندووتیژیشیان نواند و وڵات لە لێواری داڕووخانی ئابوریدا بوو، بەڵام تەقە لە کەس نەکرا و نە وەزیر و نە پەرلەمانتار نەنێردرانە ماڵەوە، کێشەکان هەمووی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلاکرانەوە. گریمان ئەوانەی هێرشیان کردە سەر بارەگاکان گۆڕان بوون، ئەوە تەقەکردن لێیان و دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیر لە پۆست، دەرکردنی پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگ و میدیاکاران لە دەڤەری زەردا رەوا ناکەن. ئەو جۆرە کاردانەوانە بە دیموکراسی نامۆن، تەنها دەسەڵاتی تاکڕەو و خۆسەپێنەر توانای ئەو هەنگاو و کردارانەی هەیە. دیارە دەستەبەسەرگرتنی دەسەڵات و پاوانی ناوچە لە ١٩٩٤ ـەوە لەبەرەی زەرد و سەوزدا هەیە، ئەوە فاکتە و راستییە. ئاساییە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە رۆژێک بێت ئەو پاوان و دەستبەسەرداگرتنە بخرێتەبەر پرسیار و خەلک چیتر لێی بێدەنگ نەبێت. ئایا کەسێ هەیە پێیوابێ ئەو پارچەکردن و پاوانکردن و دەستبەسەرداگرتنە رەوا بێ و لەبەرژەوەندی ناسیونالیستیانەی کوردستاندا بێت؟! ئایا رەوا نییە کۆتایی پێ بهێندرێت؟!

دەڵێ: “هەروەک دەزانن بارودۆخی نائارام و هێرشی ناڕەوا وایکرد کە داوا لە چوار وەزیر بکەم حکومەت بەجێبهێڵن”، بەئەگەری زۆر ئەو بڕیارە لە دیوەخاندا دراوە و بڕیاردراوە گۆڕان بە هەموو پەیوەندیەکانیەوە لە دەڤەری زەرد دەربکرێت. هەناردنەوەی وەزیران لە دیموکراسیدا هەرگیز بەو شیوە و ڕێگەیە نییە. لە دیموکراسیدا بە بڕیاری عەشایەریانە یا مەکتەبی سیاسی وەزیر لە پۆستەکەی دەرناکرێت. لە کاتێکدا حکومەت بنکەفراوانە نەزاندراوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەمبارەیەوە کرابێت، جگەلەوەی ئەگەر وەزیر هەلە و پێشێلکاری ئەنجام نەدابێت دەرناکرێت. لە دیموکراسیدا کارەکان بەو شێوەیە نین. وەزیر لە پۆستەکەی لادەدرێت ئەگەر پێشێلکاری کردبێت. وەزیرەکانی سەر بە حزبێک لە وەزارەت دەکشێنەوە ئەگەر حزبەکە خۆی بڕیاری ئەوە بدات، یا لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی حکومەتدا چیتر نەتوانن لەسەر بنچینەی حوکم ڕێککەون، بەمجۆرە هاوپەیمانی لە دەسەڵاتدا کۆتایی دێت.

دەلێ: “حیزبی ئێمەش بەوپەڕی توانای خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەم بوارەدا، بەڵام نەک هەر چارەسەرێک کە لە قەیرانێکەوە بمانخاتە قەیرانێکی تر”. ئاشکرایە پارتی لە ئاستی بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانیدا تەنها ئامرازی جێبەجێکردنی فەرمانەکانە. باشترە بیگوتبایە ئێمە و ناوی حزبی نەهێنابایە. ئەوان هەرگوێیان لە پێشنیارەکانی لایەنەکان بۆ گۆڕین لە سیستەمی میرایەتی یا “سەرۆکایەتی” بوو، رەتی هەموویان کردنەوە و هەڕەشەکرا بەوەی کە قابیلی قبووڵکردن نییە. بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانکرا و ئاشکرا گوتیان دەبێ لەدەرەوەی پەرلەمان سازان بکەین. ئەوان پەرلەمانیان وەکو دەسەڵاتی یاسادانان بەلاوەناو نەهاتن کێشەکە لەناو پەرلەماندا بخەنەبەرباس و بگەنە بڕیارێک. ئەوەی روویدا بە دیموکراسی و دەسەڵاتی دیموکراسی نامۆیە. بەئەگەری زۆر چارەسەر لای پارتی و بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی ئەوەیە، دەسەڵاتی خۆیان وەکو پێشوو بپارێزن و لەگەڵ لایەنکانیتر بەتایبەتی یەکێتی رێکەوتن لەسەر بنچینەی رێکەوتنی پێشووی ستراتیژی نێوانیان. گۆڕان وەکو پارتێکی بیروا جیاواز لە دەسەڵات نەمێنیت و پەراوێزکرێت، کەوا بکرێت جارێکیتر تووشی کێشەی لەمشێوەیە نەبنەوە. بەڵام ئایا ئەوە چارەسەری خۆڕاگر و درێژخایەنە. ئەگەر دەسەڵاتداران دەیانەوێ جارێکیتر نەکەونە قەیەرانێکی تر، پێویستە ئەو دەسەڵاتە هەڵوەشێتەوە، حزب چەک بکرێن و وەکو حزبەکانی دیکەی جیهانی ئازاد حزبی بێچەک بن، نەتوانن داگیر بکەن و دەستبەسەر داگرن، دەزگای وەکو پاراستن و زانیاری حزبی نەمێنن، هێزی تایبەتی چەکداری حزبی نەمێنن، دەسەڵاتدارانی ئێستا لە دەسەڵات دوورخرێنەوە. حکومەتێکی کاتی گواستنەوە دروستبکرێت و دەستوری دیموکراسیانە و مۆدێرن بنوسرێت و هەڵبژاردن بکەن. حکومەتی نوێ هەوڵی بنبڕکردنی گەندەڵی بدات، بەرپرسانی گەندەڵ ڕاکێشی دادگا بکات و سامانی دزراوی خەلک بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە. ئەوە ئەگەر بیر لە چارەسەری درێژخایەن و بەرژەوەندی گەل بکرێتەوە.

دەڵێ: “منیش وەک ئێوە لەو بڕوایەدام کە خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرکردایەتییەکی بەهێزی دەوێت”. گومان لەوەدایە کە پێناسەی ئەو و هاوکارانی وی بۆ سەرکردایەتی بەهێز ئەو تێگەیشتنە بێت کە لە وڵاتە ئازادەکاندا هەن. سەرکردایەتی بەهێز ئەوەیە کە پشتگیری زۆرینەی خەڵکی هەبێت، دوور لە بەرژەوەندی بنەماڵە و حزب بجوڵێتەوە و لەپێناوی بەرژەوەندی گەلدا کار بکات. نەک وەکو ئەوەی لە باشوری کوردستاندا هەیە و دەیان ساڵە سەپێندراوە. هەموو کەناڵە گرنگەکان کە پەیوەندیان بە بواری ئابوری، سامانی سروشتی،  ناوخۆ و ئاسایش، بەرگری و دەرەوە هەیە لەژێرچنگی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردایە. ئەوەش نەبۆتەهۆی بەهێزکردنی گەل و وڵات، بەڵکو بووتەهۆی دروستکردنی شورایەکی گەورە لە نێوان گەل و دەسەڵاتداردا. بووتەهۆی دووبەرەکی و لاوازی نەتەوە، هەروەکو سەرۆک پشتگیری زۆرینەی نییە و خەڵک لەژێزەبروزەنگدا ملکەچی ئەو بارە سەپێندراوەیە.

دەڵێ:” بێگومان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەنگی ناڕەزایی خەڵکم بیستووە. ئێمە بەردەوام گوێمان لێگرتوون. دەزانین کە فەرمانبەران و کارمەندانی بەوەفای حکومەت چەندین مانگە مووچەی رەوای خۆیان وەرنەگرتووە”. بەرپرسانی دەسەڵاتە گرنگەکان و ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکین لە کوردستاندا بنەماڵەی بارزانییە. ئەوان خۆیان کێشەی نەبوونی ئاو و کارەبا، وزە و خۆراکیان نییە و ملیاردێرن. سەختە دەسەڵاتدار کە خۆی لەناو گەل نەبێت و ئاستی گوزەرانی لە ئاستی گوزەرانی خەڵک نزیک نەبێت، لە زگی برسی و داواکاری خەڵک بگات. ئەو وەکو سەرۆکی حکومەت لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، دەرنەکەوت و وەلامی پرسیاری خەلکی نەدایەوە. نازاندری ئەو گوێی لە کێ گرتووە! لەبەر داخراوی و تاکڕەوی و نەبوونی یەکگرتوویی ستراتیژی نەتەوەیی نازاندرێ بنچینەی راستەقینەی کێشەی نێوان بەغدا وهەرێم چییە و هۆی نەناردنی مووچە لە بەغداوە چییە! نازاندرێ داهاتی نەوت و سنورەکان، داهاتی ناوخۆ بۆ کوێ دەروات!  خەڵک چۆن توڕە نەبێت و نەیەتە سەر شەقام؟!

دەڵێ: “ئامانجی سەرەکی من وەک سەرۆکوەزیران سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستانە”. سەربەخۆیی ئابوری کوردستان ئەگەر ئاواتی هەرکەسێکی دەسەڵاتدار بیت، لەسەریەتی لە رێگەی یاساییانەی دامەزراوە نیشتیمانیەکانەوە هەوڵ بۆ ئەوە بدات. سیاسەتی تاکڕەویی و خێلەکیانە لەژێرناوی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری، پرسیار زۆر دروست دەکەن و جێگەی گومانە، چونکە رەوایەتی لە دەزگای بڕواپێکراوی پەیوەستداری نەتەوەییەوە وەرنەگرتووە.  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە سەر بە بنەماڵەی بارزانییە و تەنها بە فەرمانی ئەوان دەجوڵێتەوە، کێشەی تاکڕەوی و خێڵەکیزم چارەسەر ناکات. جگە لە نێچیرەوان بارزانی و بنەمالەی بارزانی و وەزیری نەوت کەس ئاگاداری  کۆنتراکت و کەین و بەینە نەوتیەکان نییە. تەنانەت کەس نازانێ پارەی نەوت بۆ کێ دەڕوا و چی بەسەر دێت. سەربەخۆیی ئابوری نەتەوەیی بەبێ ئاگاداری و بڕیاری نوینەرانی خەڵک کیشەی یاسایی و رەوایی هەیە. بێ وەزارەت و دەستەی بێلایەنی شارەزای نیشتیمانی و نەتەوەیی کیشەی رەوایی هەیە. ئاشتی هەروامی خۆی دان بەوەدا دەنێت کە بڕیار لەسەر نەوت و سیاسەتی نەوت لە “سەرەوە” دەدریت! کێ ئەو مافەی بە کەسانی “سەرەوە” داوە!؟

دەڵێ: “خوێنی پێشمەرگە نە زەردە و نە سەوز. ئەوان هەرێمی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە دەپارێزن”. ئاشکرایە زەرد و سەوزی پێشمەرگە پارتی و یەکیتی دروستیان کردووە و دایانهێناوە. بەرەکانی ژێر دەستی پارتی بەسەر بەرپرسانی پارتیدا دابەش کراون و بەرەی سەوزیش یەکێتی لێی باڵا دەستە. ئەو زەرد و سەوزییە پارتە دەسەڵاتدارەکان خۆیان دروستیان کردووە و ڕاستییە، بەگوتن ناگۆڕدرێت. لەژێر سایەی دەسەڵاتی خاوەن پارتی چەکدار، نەتواندرا سوپایەکی مۆدێرن و ڕاهێنراوی ناحزبی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا دروستبکرێت! دوای ٢٤ ساڵ دەرکەوت عەقلەیتی حزبی و خێڵەکیانە وەکو پیشوو زاڵە و نەگۆڕاوە. دەرکردنی خەڵک بۆ ئەودیوی بازگەی دێگەرە و پردێ سەڵماندنی بوونی زۆنی زەرد و سەوزە، سەڵماندنی بوونی پاوانی حزبی و خێڵەکیانەی ناوچەیە. ئەو بازگانە سیمبۆلی پارچەکردنی باشوری کوردستانن کە لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری خاوەن چەکدارەوە واتە پارتی و یەکێتی دروستکراون.

شاخەوان شۆڕش

18-10-2015