سیستەمی پەرلەمانتاری دانیمارک: نمونەیەک لە پیشاندانی بەهێزی پەرلەمان و دەسەڵاتی گەل

لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا پارتی گەلی دانیمارکی بووە گەورەترین پارت لە لیستی شیندا، ئەو پارتە دەسەڵاتی بەرێوەبردن  پێکناهێنی و هەرەوەها ئامادە نییە بچێتە دەسەڵاتی بەرێوەبردن لەگەڵ ئەوەی مافی بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی وەزیرەکانی هەیە، لەبەرئەوەی نایانەوێ لەبەر پۆست و پلە و پایە بچنەدەسەڵات و ناچاری رێککەوتن لەسەر هەندێ بابەت بن، کە واتای بەڵێن شکاندن بۆ بانگاشەی سیاسەتی ئەوان دەگەیەنێ. بەمجۆرە نایانەوێ ئەو بەڵێنانە بشکێنن کە بە دەنگدەرانیان داوە، چونکە ئەگەر وابکەن ئەوە باش دەزانن گەل سزایان دەدات و لە هەلبژاردنی داهاتوودا ئەو هەموو دەنگە بەدەست ناهێننەوە.

سیستەمی پەرلەمانتاری دانیمارک: نمونەیەک لە پیشاندانی بەهێزی پەرلەمان و دەسەڵاتی گەل

ئەو وتارە سەبارەت بە دوا هەڵبژاردنی دانیمارک و ئەنجامەکانیەتی. ئەو وتارەم زیاتر لەبەر ئەوە نووسی چونکە سیستەمی دیموکراسی دانیمارکی نمونەیەکی جوانی دیموکراسی نوێنەرایەتی لە سیستەمی پەرلەمانتاریدا پیشان دەدات، هەروەها بە روونی کاریگەری دەسەڵاتی گەل و بەهێزی پەرلەمان پیشان دەدات.

لە هەلبژاردنی ١٨ ی ژونی ٢٠١٥ دا  بلۆکی سور دۆڕاندی و بلۆکی شین بردیەوە بە رێژەی 51,9 – 48,1. بلۆکی سور کە پارتەکانی سوسیال دیموکرات، لیستی هاوبەش، ئەلتەرناتیڤ، سۆسیالیستەکان و رادیکالەکان دەگرێتەوە هەلبژارنیان دۆڕاند و بەمجۆرە سۆسیال دیموکراتەکان دەسەڵاتی بەرێوەربەرییان لەدەستدا و دەبێ حکومەتێکی نوێ دروست کرێت. لەگەڵ ئەوەی سۆسیال دیموکراتەکان بەتەنیا بەرەوپیشچوون و سەرکەوتن و بوونە گەورەترین پارت لە دانیمارک، بەڵام دەسەڵاتی حکومەتیان دۆڕاند. سەرۆکی پارتەکە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکە دۆڕاندنی دەسەڵاتی قبوڵکرد و یەکسەر رایگەیاند کە لە پۆستەکەی دەکشێتەوە و واز دەهێنێت. لەبەرامبەردا پلۆکی شین کە پارتەکانی گەلی دانیمارکی (راستڕەوترینی لیستەکە)، پارتی ڤێنسترا (لیبرالەکان)، کۆنسێرڤەتیوەکان و هاوپەیمانی لیبرال دەگرێتەوە هەلبژاردنیان بردەوە.

ئەوەی شایانی سەرنجە پارتی ئەلتەرناتیڤ کە لەساڵی ٢٠١٣ دا دروست بوو، توانی سەرکەوتوانە ٩ کورسی بباتەوە. ئەوانە پارتێکی چەپن بەڵام نەک چەپە کلاسیکیەکە، بەلکو پێیانوایە رێگەی تری چارەسەر بۆ کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان هەیە.

پارتی راسترەوی گەلی دانیمارکی بووە گەورەترین پارتی بلۆکی ڕاست و ٣٧ شوێنی پەرلەمانی بردەوە، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەو پارتە کە یەکەمجارە لە مێژوویدا ببێتە دووەم پارتی گەورە لەسەر ئاستی دانیمارکدا. لیبرالەکان پێشتر بەهاوکاری پارتی گەلی دانیمارکی باری خەڵکە دەستکورتەکان و بەتایبەتی پەنابەران خراپترکرد و جوداکاری زۆریان بەپێی یاسا سەپاند، دوای ئەو هەلبژاردنە بارەکە دیسان بۆ بەتایبەتی پەنابەران خراپ دیارە و سەختکردنی خزمەتگوژاریەکان و بوارەکانی بەدستهێنانی مافی پەنابەری و رەگەزنامە لەبەردەمدایە.

لە دانیمارکدا سیستەمی دیموکراسی نوێنەرایەتی بەگونجاوی توانیویەتی دەسەڵاتی گەل لە پەرلەماندا پیشان بدات و پەرلەمانێکی بەهێز دروست بکات. پەرلەمان بەهێزترین دەسەڵاتی وڵاتە و دەتوانێ سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕیوەبردن لەسەردەسەلات بەزۆرینەی دەنگەکان لابدات یا کۆتایی بە دەسەڵاتی بەرێوەبردن پێشکات بهێنێت. دەسەلاتی بەرێوەبردن لە ئەندامانی پەرلەمان پێک دێت. دەسەڵات بەبێ پشتگیری پەرلەمان ناتوانێ لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا هەنگاو بنێت. وەزیرەکان بۆ هەر هەنگاوێک کە پێویستی بە یاسای نوێ هەبێت، دەبێ زۆرینەی پەرلەمان رازی کەن. نوێنەرانی هەلبژێردراوی گەل لەسەریانە وابەستەی بەڵێنەکانیان بن و نوێنەری دەندەرانیان بن. بەڵین شکاندن لە زۆربەی بارەکاندا بەگران لەسەریان دەکەوێت و دەرئەنجامی هەیە. دەسەڵاتی بەرێوەبردن بە سەرۆک و وەزیرەکانیەوە لە ژێر چاودێری پەرلەماندان، زوو زووەش بەرەورووی پرسیاری گروپە تایبەتەکانی پەرلەمان دەبنەوە و دەبێ روونکردنەوەی گونجاو و بە بەڵگە بدەنە دەست. بچوکترین کرداری گەندەڵی یا نابەرپرسیارانە دەکرێ ببێتەهۆی کەوتنی وەزیر. دیارە هەر پێشنیارێکی نوێ کە گۆرینی یاسا دەخوازێ پێویستی بە زۆرینە هەیە، وە لەسەر دەسەڵاتە هەوڵی ئەوە بدات زۆرترین دەنگ لە پشتی یاساکەدا کۆبکاتەوە، بەمجۆرە هەوڵ دەدا رەچاوی تێگەیشتنی پارتەکانی پەرلەمان لە ڕاست و چەپەوە بکات و لەم رێگەیەوە زۆرترین دەنگ بۆ یاساکە بەدەست بهێنێت. بەدەستهێنانی پشتگیری بەرفراوان بۆ یاسای نوێ، بەدەستهێنانی پشتگیری بەرفراوانە لە کۆمەڵگەدا. ئەگەر هەر یاسایەک بتوانێ فراوانترین پشتگیری بەدەست بهێنیت، ئەوە وەکو یاسایەکی بەهێز خۆی دەنوێنێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بە زۆرینەیەکی کەم تێپەڕێندرێت، ئەوا وەکو یاسایەکی لاواز سەیری دەکرێت و ئەگەری گۆڕینی زووی لە داهاتوودا هەیە. پێویستە ئەوە بزانین کە پارتەکان لە راست و چەپەوە نزیکایەتیان لە تێگەیشتنەکانیاندا لە سەر هەندێ بابەت هەیە. ئەگەر دەسەلاتی هەوڵی پشتگیری بەرفراوان بۆ یاساکان نەدات بە پەیڕەوکردنی پۆلیتیکی تەنهای لیستەکەی تۆمەتبار دەکرێت. واتە پارتەکانی سەر بە لیستی بەرامبەر فەرامۆش دەکات، بەمجۆرە بەرژەوەندیەکانی بەشێکی گرنگی دانیشتوانی وڵات پشتگوێ دەخات. ئەوەش دەکرێ دەرئەنجامی خراپی بۆ دەسەڵات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێت.  لە دانیمارکدا سیستەمی دیموکراسی گەیشتۆتە هەوارێکی ئارام و لە سەدەی رابردووەوە بە جێگیری فەرمانرەوایی دەکات، وەکو وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپای دیموکراسی دەکرێ سوودی لێوەربگیرێ و وەکو نمونە سەیری بکرێت.

لەگەڵ ئەوەی پارتی ڤێنسترا (لیبرالەکان) هەلبژاردنی مانگی ژونی ٢٠١٥ یان دۆڕاند و ١٣ ئەندام پەرلەمانیان لە دەستدا و ئێستا سێیەم پارتن لە گەورەییدا و لە دوای سۆسیال دیموکراتەکان و پارتی گەلی دانیمارکیەوە دێن، بەڵام ئەوان حکومەتی نوێیان پێکهێنا و سەرۆک وەزیر و وەزیرەکان هەمووی سەر بە پارتی ڤێنستران.

لیستی یا بلۆکی شین کە پارتەکانی بەرەی راست دەگرێتەوە لە پارتی گەلی دانیمارکی (٣٧ ئەندام)، ڤێنسترا “لیبرالەکان” (٣٤ ئەندام)، هاوپەیمانی لیبرال (١٣ ئەندام) و کۆنسەرڤەتیوەکان (٦ ئەندام) بەیەکەوە توانیان زۆرینە ببەنەوە. لەگەل ئەوەی لە ئەنجامی هەلبژاردنەکادا پارتی گەلی دانیمارکی گەورەترین پارتی سەر بە لیستی بەرەی راستە بەڵام ئەو پارتە ئامادەنییە بچێتە ناو حکومەت، بەڵکو دەسەڵاتی بەرێوەبردنی بۆ پارتی ڤێنسترا جێهێشت.

دوای دروستکردنی حکومەت لە لایەن لیبرالەکانەوە کە سێیەم پارتن لە گەورەییدا گونجاوە ئەو تێبینیانە بنوسین:

  • مەرج نییە ئەو پارتەی زۆرترین دەنگ دەباتەوە، ئەرکی دروستکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پێبسپێردرێت و سەرپەرشتی بکات یا سەرۆکەکەی ببێتە سەرۆکی وەزیران. سۆسیال دیموکراتەکان زۆرترین دەنگیان هێنا و یەکەم پارتن بە قەوارە، بەڵام بوونە ئۆپۆزیسیۆن.

  • بەرلە هەلبژاردن گروپی یا بلۆکی هەر لایە دیار دەکرێن، لیستی راستەکان و لیستی چەپەکان. هەموو ئەو پارتانەی چەپن یا لە چەپ نزیکن لە گروپی چەپدا کۆدەبنەوە، هەروەها هەموو ئەو پارتانەی کە راستن یا لە راست نزیکن لە گروپی راستدا کۆدەبنەوە. لەهەر لیستێکدا کەسێک بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دیار دەکەن و پشتگیری خۆیانی بۆ دەردەبڕن. لە دوای هەڵبژاردندا کۆی دەنگی لیست ئەوە یەکلا دەکاتەوە کە کامە لیست دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەباتەوە. لەو هەلبژاردنەی ١٨ ی ژونی ٢٠١٥ دا لیستی شین بەیەکەوە زۆرینەیان بردەوە بۆیە دەسەڵاتی بەرێوەبردن لەلایەن کەس و پارتی پێشتر دیاریکراوەوە دروست دەکرێت.

  • لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا پارتی گەلی دانیمارکی بووە گەورەترین پارت لە لیستی شیندا، ئەو پارتە دەسەڵاتی بەرێوەبردن  پێکناهێنی و هەرەوەها ئامادە نییە بچێتە دەسەڵاتی بەرێوەبردن لەگەڵ ئەوەی مافی بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی وەزیرەکانی هەیە، لەبەرئەوەی یەکەم:  پێشتر رێککەوتووە کە سەرۆکی پارتی ڤێنسترا (لیبرالەکان) سەرۆکی دەسەڵات دەبێت و ئەو دەسەڵات پێکدەهێنیت، ئەوان پێشتر پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دەربڕیووە و بەو رێکەوتنە بەندن. دووەم: نایانەوێ لەبەر پۆست و پلە و پایە بچنەدەسەڵات و ناچاری رێککەوتن لەسەر هەندێ بابەت بن، کە واتای بەڵێن شکاندن بۆ بانگاشەی سیاسەتی ئەوان دەگەیەنێ. بەمجۆرە نایانەوێ ئەو بەڵێنانە بشکێنن کە بە دەنگدەرانیان داوە، چونکە ئەگەر وابکەن ئەوە باش دەزانن گەل سزایان دەدات و لە هەلبژاردنی داهاتوودا ئەو هەموو دەنگە بەدەست ناهێننەوە. کاریگەری دەسەڵاتی گەل لێردا بە روونی خۆی دەردەخات. هەروەها ئاستی بەرزی وابەستەیی پارت و ئەندامەکانی بە بەڵین و گفتەکانیان خۆیان دەردەخەن. ئەو هاوکێشەیە وادەکات کە پارت و ئەندامەکانی ستراتیژیانە بیربکەنەوە و هەنگاو بنێن. سێیەم: مانەوەی پارتی گەل لەدەرەوەی دەسەڵات هەوڵدانە بۆ مانەوەیان بەبەهێزی، وە مەبەستیانە تێڕوانین و پۆلیتیکی خۆیان لەو رێگەیەوە بسەپێنن، وە بەئەگەری زۆر دەتوانن دەسەڵات ناچار بکەن کە ئەوە بکات ئەوان دەیخوازن. ئەگەر دەسەڵات پشتگوێیان بخات، دەتوانن دەسەڵات پەک بخەن و بیکەوێنن. بەمجۆرە لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن پۆلیتیکی خۆیان بەکردەوە و لەچوارچێوەی یاسادا بکەنە بڕیار. سەرکەوتنی ئەوان لە ئاستی سەپاندن و بەیاساکردنی تێڕوانینی خۆیاندا خۆی دەنوێنێ.

  • پارتی ڤێنسترا دەسەڵات پێکدەهێنێت، بەڵام خۆی بەتەنها زۆرینەی پەرلەمان نییە، بۆیە لەمبارەدا دەسەڵات وەکو حکومەتی کەمینە سەیری دەکرێت.  لەمبارەدا دەسەڵاتی بەرێوەبردن بەهێز نییە و دەبێ هەمیشە هەوڵی رازیکردنی ئەو پارتانە بدات کە پشتگیری خۆیان بە پارتی دەسەڵاتدار بەخشیووە، ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار وانەکات، مەترسی کەوتنی هەیە. لە دانیمارکدا حکومەتی کەمینە دیاردەیەکی ئاساییە و هەرجارە کە دەسەڵاتی حکومەتی کەمینە پێکهاتووە و پارتەکان بەپێی قەوارە و گەورەییان کاریگەریان بە جیاوازی لەسەر دەسەڵات هەبووە. (حکومەتی زۆرینە کاتێک دروست دەبێت، ئەگەر ئەو پارتەی یا پارتانەی کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن پێکدەهێنێت خۆی یا خۆیان زۆرینەی پەرلەمان بن و پێویستیان بە پشتگیری پارتی دیکەی ناو پەرلەمان نەبێت).

شاخەوان شۆڕش

2015/7/11