چوون بەرەو سیستەمی پەرلەمانتاری ئاراسەتەیەکی گونجاوە
پەرلەمانتاریزم لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا سەڵماندوویەتی کە سیستەمێکی گونجاوە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی گەل و کاریگەری بڕیاری گەل لەسەر پرس و یاسا گرنگەکاندا. پەرلەمانتاریزم هەوڵ دەدات سەروەری لای گەل بێت و لەرێگەی نوێنەرانیەوە بەرژەوەندیەکانی گەل رەچاوبکرێن و پیادەبکرێن. جگەلەوەی دەسەڵاتی یاسادانان لەدەستی نوێنەرانی گەلدایە، پەرلەمان دەبێتە بەهێزترین دەسەڵات، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەخاتەژێر چاودێری خۆیەوە و دەتوانی بێ کێشە لێپرسینەوە لە وەزیر و سەرۆکوەزیران بکات و دژیان بوەستێتەوە
چوون بەرەو سیستەمی پەرلەمانتاری ئاراسەتەیەکی گونجاوە
لەساڵی ٢٠٠٥ دا لە وتارێکدا بەکورتی ئاماژەم بە کێشەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد و هێمام بۆ ئەوە کرد کە لە سیستەمەکەدا لاسایی سیستەمی ئەمەریکا کراوەتەوە و مەرج نییە ئەو سیستەمە بۆ کوردستان گونجاو بێت و کوردستان بەرەو هەواری دیموکراسی ببات. ئاماژەم بەوەکرد کە دەکرێ دەسەڵاتی سەرۆک ئەوها بێت، کە بنکۆری پرەنسیپە دیموکراسیەکان و دادوەری بکات. هەروەها ئاماژەم بەوە کرد کە لە وڵاتانی نادیموکراسیدا یا لەو کۆمەڵگە کۆنەپارێزانەی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دیموکراتیزەکردندان زیاتر بەلای جۆرێک لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا دەشکێنەوە، هەروەکو لەو رێگەیەوە سەرۆک و پارتی دەسەڵاتدار بواری ئەوەیان بۆ دەرخسێ کۆمەڵگە و وڵات بخەنە ژێرچەپۆکی خۆیان، بەمجۆرە سەرۆک و بەرژەوەندیەکانی پارت لە یاسا و پەرلەمان باڵاتر و بەرزتربکرێنەوە[i].
ئەو سیستەمەی کە ئەوسا لە ٢٠٠٥ دا رێککەوتنی لەسەرکرا، رێککەوتنێک بوو لە نێوان پارتی و یەکێتی کە دوو پارتی میلیتسگەرای خۆسەپێنەری ئەوسا بوون، لای هەردوو بەرەی زەرد و سەوز گرنگ بوو سەرۆکەی خۆیان پلەی سەرۆکی هەبێت. هەرچەندە بۆچوون و دیدی جیاوازیان بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆک پەیوەستداربوو بەوەی کامەیان دەبنە سەرۆکی هەرێم کوردستان، بەڵام هیچ لایەکیان بە کەمتر لە پۆستی سەرۆکایەتی بۆ سەرۆکەکانیان قایل نەبوون. پێویستە بیری بخەینەوە کە هەردوو سەرۆک لە سەرەتای نەوەدەکاندا ئامادەنەبوون ببنە سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن یا پەرلەمان، چونکە ئەو پۆستەیان بەشایانی خۆیان نەدەزانی. ئەوەبوو کاکە و مامە هەردووک بوونە سەرۆک، یەکێکیان بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەویتریش سەرۆکی ئێراق.
مەسعود بارزانی بووە سەرۆکی هەرێم، هەروەکو ئەوەش ئامانجی سەرەکی ئەو و بنەماڵەی بارزانی بوو. لای بەرەی زەرد گرنگ بوو کام سیستەم دەتوانێ پرەستیژ و بەرزکردنەوە و دەسەڵاتی زیاتر بە سەرۆک بدات، دیارە ئەگەر سیستەمی پەرلەمانتاری بیتوانیبا پرەستیژ و گەورەیی زیاتر بە سەرۆک ببەخشێ ئەویان هەڵدەبژارد. لە دیدی ئەو پارتانەوە بەرژەوەندیەکانی گەل و نیشتیمان بەگرنگی بوونی سەرۆک و توانای بێهاوتای سەرۆک دەبەسترانەوە. بۆیە وابەستەیی بە سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوە نییە سیستەمی سەرۆکایەتی لە پەرلەمانتاریزم دیموکراسیترە و بۆ کوردستان گونجاوترە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە سیستەمی سەرۆکایەتی دەتوانێ لە ئاستی ئارەزوو و ئاواتەکانی سەرۆک و پارتدابێ. هەروەکو ئەوان ئارەزوو و ئاواتەکانی سەرۆک بە ئارەزوو و ئاواتی جیانەکراوە لە بەرژەوەندیەکانی گەل دەبینن.
کاتی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە مانگی ئۆگستی ٢٠١٣ دا تەواو بوو، بەپێی رێکەوتنێکی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و لەپرۆسەیەکی نادیموکراسیانەدا ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵیتر درێژکرایەوە. ئێستا بەر لە تەواوبوونی ماوە درێژکراوەکە لە مانگی ئۆگۆستدا پارتی دووبارە هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆک لەڕیگەی رێککەوتنەوە دەدات، لەگەڵ ئەوەی بەپێی رێکەوتنەکەی پیشوویان ماوەی سەرۆک درێژناکرێتەوە، وە ئەوە لەکاتیکدایە کە زۆرینەی لایەنەکانی دیکە ئێستا زیاتر بەلای سیستەمی پەرلەمانتاریدا لارن و گەرەکیانە دەسەڵاتی سەرۆک سیمبۆلی هەبێت[ii].
ئێستا دەساڵ بەسەر سەرۆکبوونی مەسعود بارزانیدا تێدەپەڕێت، بۆیە گونجاوە بپرسین: ئایا لە سایەی ئەو و سیستەمی سەرۆکایەتیدا کوردستان بووە دیموکراسی و دەسەڵاتی نیشتیمانی بەهێز دروست بوو؟ ئایا سەرۆک توانی دەستورێکی مۆدێرنی دیموکراسیانە بەدەستبهێنێت؟ ئایا سەرۆک توانی توانای دەسەڵاتی رەهای خۆی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هوشیار و پیشکەوتوو بەکاربهێنێ؟ ئایا توانی ئاستی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ دابەزێنێ؟ ئایا توانی گەندەڵی لاوازبکات؟ ئایا توانی چیتر لێنەگەڕێ سامانی گەل بەهەدەربدرێ؟ ئایا توانی ئابوری ناوخۆ ببوژێنێتەوە، بەرهەمی ناوخۆ گەشە پێبدات و ئاستی بێکاری دابەزێنێت؟ ئایا توانی ژێرخانێکی ئابوری نیشتیمانی بۆ کوردستان دابمەزرێنێت؟ ئایا توانی کۆتایی بە دیاردەی میلیتسگەرایی و بەحزبیکردنی کۆمەڵگە بهێنێت؟ ئایا توانی وابکات یاسا و دادوەری لە وڵاتدا سەرپشک بن؟ ئایا توانی پاوانچێتی و دووبەرەکی و پارچەیی باشور کۆتایی پێبهێنێ و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پێکبهێنێ؟ ئایا توانی هوشیاری ناسیونالیستانەی نیشتیمانی سەردەمیانە لە کۆمەڵگەدا پێشبخات؟ ئایا توانی ناوچە دابڕێندراوە داگیرکراوەکان بۆکوردستان بگەڕێنێتەوە؟ ئایا توانی دەستی ئێران و تورکیا لە کوردستاندا کورت کات و سیاسەتێکی سەربەخۆی کوردستانیانە پیادە بکات؟ ئایا توانی جیابوونەوە لە ئێراق لەڕیگەی دەستورەوە مسۆگەر بکات؟ ئایا توانی سیاسەتێکی ستراتیژی نەتەوەیی کوردستانی بۆ باشور دابڕێژێت و پیادەی بکات؟ ئەو پرسیارانە و زۆریتر گونجاون لەو بکرێن، چونکە ئەو لە دەساڵی رابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و بەرزترین دەسەڵاتی هەرێم بووە. هەروەکو لە وتارێکدا لە هاوینی ٢٠١٣ نوسیم[iii]، نەخێر مەسعود بارزانی نەیتوانیووە لە ئاست ئەو ئامانجە گرنگانەدا سەرکەوتوو بێت. ئەو نەیتوانی کوردستان بەرەو هەواری ئارامی دیموکراسی ببات، کۆمەڵگە بەرەو هوشیاری ببات و بیگەیەنێتە هەوارگەیەکی تەندروست و سەرکەوتوو. بەپێچەوانەوە کێشە و دیاردە نەرێنیەکان درێژەیان پێدرا.
هۆکارەکانی نەگەیشتن بەو ئامانجانە و ئەو ناوسەرکەوتووییە دەکرێ بگەڕێندرێتەوە بۆ یەکەم بێتوانایی سەرۆک، دووەم جۆری سیستەمی رامیاری، سێیەم بوونی دەسەڵاتی دیسپۆتیانەی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار، چوارەم ئەو سترەکتورە زەرد و سەوزەی کە پارتی و یەکێتی لەژێرناوی رێکەوتنی ستراتیژیدا دایانڕشتووە. گومان لەوەدا نییە کە ئەو خاڵانە هۆکاری هەرەگرنگی سەرنەکەوتنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنن لە باشوری کوردستاندا.
ئەو سیستەمە دیموکراسیەی کە لە ١٠-١٥ ساڵی رابردوودا پێیداهەڵدەگوترێت هەرگوتن بووە و بەکردەوە لاشەیەکی بۆش و لاواز بووە، هەروەکو لەسەرەتاوە سترەکتور و رێکخراوەیەک لەژێرناوی دیموکراتیزەکردندا دروستکراوە و چەند هەنگاوێکی لاوازی دیموکراتیزەکردن نراون، بەڵام دواتر چەقیان بەستووە، بەکردار نەتواندراوە پەیرەوی پرەنیسپە دیموکراسیەکان بکرێ و کۆمەڵگە لەژێرچەپۆکی حیزب و بنەماڵەدا ئازاد بکرێت. لە دوای دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو سکی یەکێتی و بەرەی سەوزدا لە ساڵی ٢٠٠٩ دا هێزێک کەوتە دەمارەکانی پەرلەمان و بۆ یەکەمجارئیلیمێنتێکی ئەرێنی لە سیستەمی رامیاری کوردستاندا دەرکەوت. لە دوای دوا هەلبژاردندا دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان و نەمانی ئۆپۆزیسیۆن پاشەکشە بوو بە هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردن کرایەوە، هەروەکو بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێداویستیەکی هەرەگرنگی بێئەملاو ئەولای دیموکراسییە. بەمجۆرە دەسەڵاتی باشوری کوردستان لەماوەی رابردوودا لەسایەی ئەو سیستەمە رامیارییەی کە هەبوو نەیتوانیووە دامەزراو و سترەکتورە نادیموکراسیەکان هەلوەشێنێتەوە و قۆناغی گواستنەوە تێپەڕێنێت، پاشان بەکردەوە پیادەی سیستەم و پرەنسیپە دیموکراسیەکان بکات.
بەئەگەری زۆر پێشخستن و بەرزکردنەوەی بەرژەوەندی کەس و پارت تێگەیشتنی راشیونال و تەندروست بەبەرژەوەندیەکانی گەل دەزڕێنێ و لەباری دەبات. لە کوردستاندا ئەو جۆرە رەوتە باوی هەبووە و سیستەم لەبەررۆشنایی حەز و ئاواتی سەرۆکدا داڕشتراوە. لەبەررۆشنایی بەرژەوەندی گەلدا پێویستە درێژخایەنانە و ستراتیژیانە بیرلەوە بکرێتەوە کە چ جۆرە سیستەمێک دەتوانێ کوردستان بەرەو هەواری دیموکراسی و ئارامی ببات و بۆ بارودۆخی تایبەتی باشوری کوردستان گونجاوە. چ جۆرە سیستەمێک دەتوانێ دەسەڵاتی گەل بەرزکاتەوە و بەرژەوەندیەکانی گەل لەبەرچاو بگرێت.
دیارە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ دیموکراتیزەکردن ناتوانێ بگاتە هەوارێکی تەندروست و ئارام. هەروەها دیموکراتیزەکردنی کوردستان تاکە رێگەیە کە بتوانێ چارەسەری دەردی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و فیودال، بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و میلیتسگەرایی، قۆرغکردنی دەسەڵاتە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان لەلایەن بنەماڵە و پارتی چەکداری دەسەڵاتدارەوە بکات. هەروەها سیستەمی دیموکراسییە دەتوانێ دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێنێتەوە و وابکات هەماهەنگیەکی بتەو لەنێوان دەسەڵات و گەلدا دروست ببێت. لەڕابردوودا سەرۆکایەتی و میرایەتی جگەلە درێژەدان بە دیاردە نادیموکراسی و نانیشتیمانیەکان، وە درێژەدان بە دووپارچەیی چیتری نەسەڵماند. ئەو سیستەمە سەپێندراوە دەرئەنجامەکانی باش نەبوون، ئێستا گونجاوە بیر لەسیستەم گۆڕین بکرێتەوە و هەوڵ بۆ ئایدیالی دەسەڵاتی گەل بدرێت. پەرلەمانتاریزم لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا سەڵماندوویەتی کە سیستەمێکی گونجاوە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی گەل و کاریگەری بڕیاری گەل لەسەر پرس و یاسا گرنگەکاندا. پەرلەمانتاریزم هەوڵ دەدات سەروەری لای گەل بێت و لەرێگەی نوێنەرانیەوە بەرژەوەندیەکانی گەل رەچاوبکرێن و پیادەبکرێن. جگەلەوەی دەسەڵاتی یاسادانان لەدەستی نوێنەرانی گەلدایە، پەرلەمان دەبێتە بەهێزترین دەسەڵات، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەخاتەژێر چاودێری خۆیەوە و دەتوانی بێ کێشە لێپرسینەوە لە وەزیر و سەرۆکوەزیران بکات و دژیان بوەستێتەوە[iv]. لە پەرلەمانتاریزمدا دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕیوەبردن لەیەکتر نزیکن و بەڕکی لەیەکتر جیا نەکراونەتەوە، هەروەکو وەزیرەکان و سەرۆکوەزیر خۆیان ئەندامی پەرلەمانن. ئەو کەشە پەرلەمانتارییە وادەکات، کە وەزیرەکان هەمیشە وابەستەی پەرلەمان بن، لەلایەک وەکو ئەندامی پەرلەمان، لەلایەکیتر وەکو وەزیر و بەرپرسیاریان لە ئەرکەکانیاندا لەژێرچاودێری پەرلەماندا. بەمجۆرە جۆرێک لە خاکی بوون و کراوەیی لەو کەشە پەرلەمانتارییە بنچینەی هەیە، وەزیر یا سەرۆکی وەزیران بە پەرلەمان نامۆ نین وە ناتوانن رێز لەپەرلەمان و داوکاریەکانی پەرلەمان نەگرن. بەمجۆرە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەلن و شتێکی زیاتر نین لە نوێنەرانی دیکەی گەل لە پەرلەماندا، جگەلەو ئەرکەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن کە پێیان سپێردراوە. سەرۆکی وەزیران کەسێک نییە لەدەرەوی پەرلەمان پارتی دەسەڵاتدار سەپاندبێتی. هەروەها دەسەڵاتی بەڕێوەبردن ناتوانێ لەکاردا بمێنێتەوە ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان دژی مانەوەی بوەستن و متمانە لە حکومەت بسەننەوە. سەرۆکی وەزیران کە ئەندامێکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانە خاوەنی زۆرترین دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە و دەتوانێ بەباشترین شێوە دەسەڵاتی دیموکراسیانەی خۆی پیادە بکات و بەهێزی خۆی لەدەسەڵاتدا بنوێنێت. بەهێزی سەرۆکی وەزیران لە سەرکەوتوویی پرۆژەکانیدایە و لە ئاستی بەرزی بەدیهێنانی بەرژەوەندیەکانی گەلدایە[v].
ئەگەربزانین باشوری کوردستان بەدەردی کێشەی بەرزەفڕی و پاوانچێتی سەرۆک و پارتی میلیتسگەراوە دەناڵێنێت، ئەوا پەرلەمانتاریزم دەکرێ باشترین رێگەچارەبێت بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە و قەیرانە درێژخایەنەی کە سیستەمی بنەماڵەیی و پارتی چەکدار دروستیان کردووە. دیموکراتیزکردن و سیستەمی پەرلەمانتاری دژی بەخشینی تایبەتمەندیی زیادەڕۆیە بە کەسێک لەژێرناوی سەرۆکدا، دژی بەرزکردنەوەی سەرۆکە بەسەر سیستەمی یاسادانان و دادوەریدا. پەرلەمانتاریزم دەتوانی وابکات دەسەڵاتی بەرێوەبردن و سەرۆکی دەسەڵات لەپەرلەمان بن و لەریزی نوێنەرانی دیکەی گەلدا بن، بەمجۆرە دژی دوورکەوتنەوە و جیاکردنەوەی دەسەلاتی بەرێوەبردن و سەرۆکە بەجۆرێ کە هێنانیان بۆ پەرلەمان ئاسان نەبێت، یا وەکو لە باشوری کوردستاندا دەیبینین سەرۆک بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندیەکانی بێتە پەرلەمان. پەرلەمانتاریزم دەتوانێ سەرۆک لە کۆشکی خەیاڵی وئەفسانەی بەرزەفڕیەوە دابەزێنێت و بیهێنێتە ریزی گەل، ناچاری بکات خۆی لەسەر زەوەی بدۆزێتەوە و هەست بە تەڕووشکی ژینگەی کۆمەڵگە بکات.
ئەو هەوڵەی ئێستا بۆ گۆڕینی سیستەمی رامیاری و لاوازکردنی دەسەلاتەکانی سەرۆک بەڵگەی ئەوەیە کە هێشتا باشوری کوردستان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا دەخولێتەوە. هەوڵەکانی چوون بەرەو پەرلەمانتاریزم هەوڵێکی گونجاوە و دەکرێ لەئەگەری سەرکەوتنیدا گیانبخاتەوەبەر پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و هەنگاوەکانی دیکە کاریان بۆ بکریت و ریالیزەبکرێن. لەبیرمان نەچیت لە سیستەمی پەرلەمانتاریدا مەرج نییە سەرۆکی وڵات هەبێت، چونکە سەرۆکی وەزیران هەیە و باڵاترین دەسەڵاتی لە وڵاتدا هەیە. ئەگەر سەرۆک بەپێویست بزاندرێت، پێویستە دەسەلاتەکانی سیمبۆلی بن و نەتوانێ کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا هەبێت. دەکرێ لەمبارەیەوە سوود لە سیستەمی ئەڵمانی، سوید یا وڵاتانی دیکەی پەرلەمانتاری وەربگیرێت.
ئەو تەنگژە ڕامیارییەی ئێستا لە باشوری کوردستاندا هەیە، هۆکەی بۆ نەبوونی ئەو بنچینە دیموکراسیە دەگەڕێتەوە کە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن نەیتوانی لە کاتی خۆیدا بیگاتێ و رێکیبخات. سیستەمی پەرلەمانتاری دەتوانێ وڵات بگەیەنێتە دیموکراسی و هەوارێکی ئارام، بەڵام لەبیرمان نەچێت پەسندکردنی پەرلەمانتاریزم کوردستان لە شەو و رۆژێکدا ناکاتە دیموکراسی، چونکە پێویستە کۆمەڵێک گۆرانکاری بنچینەیی و گرنگ لە بواری رامیاری، ئابوری و سەربازی لە باشوری کوردستاندا بکرێن. هەروەها لەژێرسایەی حزبی چەکدار، پاوانچی و سەر بە بێگانە ئەو گۆڕانکاریانە سەختە بکرێن و بەمجۆرە کوردستان ناتوانێ ببێتە دیموکراسی.
شاخەوان شۆڕش
2015-8-9
[i] سەیری ئەو وتارە بکە “سیستەمی سەرۆکایەتی و چەند تێبینیەک” http://kadirshorsh.com/Sistemi%20serokaieti%20u%20tebini.pdf
هەروەها سەیری ئەو وتارە بکە: “پەرلەمانی کوردستان و پەسندکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی” http://kadirshorsh.com/Perlemani%20Kurdistan%20u%20pesindkirdni%20sistemi%20serokaieti..18.pdf
[ii] سەیری وتاری “درێژکردنەوە ماوەی سەرۆکی سەپێندراو وەکو چاوەڕوان دەکرا” لەو لینکەدا بکە http://kadirshorsh.com/?p=610#.Vcc_fmfz4y8
[iii] سەیری وتاری “مەسعود بارزانی سەرۆکێکی سەپێندراوی ناسەرکەوتوو” لەو لینکەدا بکە http://kadirshorsh.com/?p=615#.VcdGPWfz4y8
[iv] Leksikon i Statskundskab, 1997: 166.
[v] Andrew Heywood, 1997, Politics: 295.
سەرنج بنێرە