سەرکەوتنی مێژوویی هەدەپە HDP و رێگەی سەختی خەباتی گەیشتن بە مافەکان

دیارە بەدەستهێنانی مافی کەلتوری و رامیاری لە رێگەی ریفۆرم و چاکسازیەوە لە رێگەی پەرلەمانەوە، پرۆسەیەکی بەکاوەخۆی توانابەری دوورودرێژی پڕ لە کۆسپە، بەتایبەتی لە وڵات و پەرلەمانیکی وەک ئەوەی تورکیا کە کۆنەپارێزی نەتەوەیی و ئایینی بەسەریدا زاڵە و تیایدا دژایەتی کرانەوە بەرووی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی کەمینەی کورد بەهێزە. کورد کە لە تورکیادا کەمینەن و لە پەرلەماندا کەمینەن، لەرێگەی پەرلەمانەوە بەپێی پرەنسیپب و دەسەڵاتی زۆرینە سەختە بتوانێ جگە لە مافە کەلتوری و ئازادییە کەسیەکان مافە نەتەوەییەکانی بەدەست بێنێت. ئەوەش لە باشترین باردا ناتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکات، ئەگەر مەبەست بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان بێت. دیارە بوونی کوردەکان لە پەرلەمان دەتوانێ یارمەتیدەری پرۆسەی ڕزگاری کورد بێت و پاڵپشتی خەباتی گەلی کورد لە باکور بێت.

سەرکەوتنی مێژوویی هەدەپە  HDP و رێگەی سەختی خەباتی گەیشتن بە مافەکان

لە مێژووی تورکیادا یەکەمجارە پارتێکی کوردی بەتەنیا بتوانێ بەربەستی پەرلەمان کە ١٠ لەسەدایە ببرێت و لەوەش زیاتر ١٣ لەسەدای دەنگەکان بۆ خۆی ببات. ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنی گەورەیە ئەگەر بزانین لەوەتەی جۆرێک لە کرانەوە لە تورکیادا لە ٩٠ ـە کانەوە هەیە نەتواندراوە ئەو سنورە ببەزێندرێت. بەمجۆرە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی گرنگە لە رێگەی خەباتی کوردان بۆ گەیشتن بە مافە کەلتوری و رامیاریەکان لەرێگەی ریفۆرم و چاکسازیەوە. دیارە “پارتی دیموکراتی گەل”  HDPپارتێکی چەپە و بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ دەکات و هەوڵ بۆ باشترکردنی موچە و بارودۆخی کرێکاران دەدات. بۆیە بوونی ئەو قەوارەیەی ئەندامانی هەدەپ لە پەرلەماندا وادەکات لەلایەک دەنگی کوردەکان لە پەرلەمان بەهێزتر بێت لەوەی تا ئێستا هەبووە، لەلایەکیتر پشتگیری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهێزتر بکات. بەمشێوەیە چ لە بواری پرۆتستۆکردنی بڕیارەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی یا مافی کوردان بەتایبەتی هەدەپ گرنگی هەیە. هەروەها هەوڵدانی هەدەپ بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی تورکی و نوێنەرانیان بۆ لای کێشەی کورد و مافی کەلتوری و رامیاری کوردان گرنگی هەیە. ئەندامانی هەدەپ وەکو پێکهاتەیەکی ناو پەرلەمان ئەگەرچی کەمینەن و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی پەرلەمان پێکدەهێنن، بەڵام دەکرێ قورساییان هەبێ و کاریگەریان ببێ. دەتوانن دانوستان و رێکەوتن لەسەر بڕیارەکان بکەن، لەبارێکدا لەیەکترنزیکی لە پێشنیارەکاندا هەبن یا زۆرینەی بڕیار پێویستی بە دەنگی ئەوان بێت.

دیارە بەدەستهێنانی مافی کەلتوری و رامیاری لە رێگەی ریفۆرم و چاکسازیەوە لە رێگەی پەرلەمانەوە، پرۆسەیەکی بەکاوەخۆی توانابەری دوورودرێژی پڕ لە کۆسپە، بەتایبەتی لە وڵات و پەرلەمانیکی وەک ئەوەی تورکیا کە کۆنەپارێزی نەتەوەیی و ئایینی بەسەریدا زاڵە و تیایدا دژایەتی کرانەوە بەرووی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی کەمینەی کورد بەهێزە. کورد کە لە تورکیادا کەمینەن و لە پەرلەماندا کەمینەن، لەرێگەی پەرلەمانەوە بەپێی پرەنسیپب و دەسەڵاتی زۆرینە سەختە بتوانێ جگە لە مافە کەلتوری و ئازادییە کەسیەکان مافە نەتەوەییەکانی بەدەست بێنێت. ئەوەش لە باشترین باردا ناتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکات، ئەگەر مەبەست بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان بێت. دیارە بوونی کوردەکان لە پەرلەمان دەتوانێ یارمەتیدەری پرۆسەی ڕزگاری کورد بێت و پاڵپشتی خەباتی گەلی کورد لە باکور بێت.   

سەبارەت بە ئەنجامی هەلبژاردن و ئەگەرەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی، چاوەڕوانی سەختیی بەستنی هاوپەیمانی دەکرێت و دوور نییە گیرخواردنی بارەکە ببێتەهۆی هەلبژاردنێکی خێرا. ئەردۆگان و پارتەکەی “پارتی داد و گەشەپێدان”  AKPبەهیوای ئەوەبوون ٣٣٠ – ٤٠٠ شوێنی پارلەمان ببەنەوە و لەم رێگەیەوە بتوانن دەستور بگۆڕن و سیستەمی سەرۆکایەتی بسەپێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەدەپ بەپێی راگەیاندنەکانیان دژی سیستەمی سەرۆکایەتین و دژی هاوپەیمانین لەگەڵ ئاکەپەدا. دیارە ئەگەر ئاکەپە بەڕاستی بڕوای بە “پرۆسەی ئاشتی” هەبێ، ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپدا دەکرێ ریالیستانەبێت. هەرسێ پارتەکەی دیکە کە تورکن بەهاتنی هەدەپ بۆ بەرلەمان دڵخۆش نین و “پارتی کۆماری گەل” جەهەپCHP  و “پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی” مەهەپ  MHPدژی پێدانی مافی کوردانن. ئەگەر هەدەپ وەکو کەمینەیەکی پەرلەمان بمێنێتەوە، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی پەرلەمان سنوردار دەبێت. ئەگەر پارتەکانی دیکە لەسەر بڕیارێک ڕێککەون ئەوا دەتوانن بێ گرنگیدان بە هەدەپ بڕیارەکە تێپەڕێنن ئەگەر بڕیارەکە زۆرینە، زۆرینەی رەها یا سێ لەسەر چواری دەنگەکان بخوازێت. ئەگەر ئاکەپە لەگەڵ هەرپارتێک لە دوو پارتەکەی دیکە (جەهەپ و مەهەپ) رێکەوێت، دەتوانێ هەموو بڕیارەکانی زۆرینە تێپەڕێنێت، بێئەوەی هەدەپ بتوانێ هیچ کاریگەریەکی هەبێت.

ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی تورکیادا بە زەقی دەبیندرێت، بەربەستی سەدا ١٠ ـەیە و زاڵی کۆنەپارێزی نەتەوەیی و ئایینییە لە پەرلەماندا، ئەوە دیاردەیەش بەئاگایانە کراوە و کۆنە. بەربەستی سەدا ١٠ ئاستێکی زۆر بەرزە و بەزاندنی ئەو سنورە بۆ کەمینە و پارتە بچوکەکان ئەستەمە. ئەوەش وادەکات کە نوێنەرانی کەمینەکان چ ئەتنی یا خاوەن بیروباوەری جیا وەکو چەپەکان نەتوانن بگەنە پەرلەمان. لە هەڵبژاردندا دەنگێکی زۆر بۆ پارتە بچوکەکان دەچن کە ناتوانن سنوری سەدا ١٠ تێپەڕێنن. لە ئەنجامدا دەنگە دۆڕاوەکان هەمووی بۆ براوەکان دەچن. دیارە کاندیدی کەمینەکان دەتوانن وەکو کاندیدی سەربەخۆ دەنگ بەدەست بهێنن و ئەو بەربەستە نەیانگرێتەوە، بەڵام کاندیدی سەربەخۆ بەژمارە ناتوانن هێندە زۆر بن کە قورساییەکی ئەوتۆ بنوێنن. ئەو بەربەستە بەرزەی پەرلەمان بووەتەهۆی دروستکردنی لاسەنگی لە نوێنەرایەتی پارلەماندا. ئەو بەربەستە وایکردووە کە کەمینە ئەتنی و رامیاریەکان پەراوێز بکرێن. بەواتایەکیتر ئەو بەربەستە پەرلەمانییە بەرزە وایکردووە سیستەمی دیموکراسی تورکیا سیستەمێکی بەڕووی کەمینەکاندا داخراو بێت. تێبینیەکی دیکە کە هۆکارەکەی بۆ ئەو سنورە بەرزە دەگەڕێتەوە ئەوەیە، کە پارتە چەپە تورکەکان بوونیان لە پەرلەماندا نییە، بەمجۆرە دەنگی خەڵکی هەژار و دەستکورت و کرێکارانی تورک لە پەرلەماندا نییە و بەرژەوەندیەکانیان ناپارێزراوە و لەمەترسی دایە. دیارە هەدەپ جگەلەوەی یەکەم پارتی کوردییە کە بەتەنها توانیبێتی ئەو بەربەستە پەرلەمانییە ببڕێت، پارتێکی چەپیشە و خۆی وەکو نوێنەری خەڵکە کاسبکار و هەژارەکان و ژنان پیشان دەدات، وە بەپێی بەرنامەکەی خەبات لە پێناوی باشترکردنی گوزەرانی هەژار و کرێکاراندا دەکات. ئەوە خاڵێکی دیکەی پۆزەتیڤە سەبارەت بە بوونی هەدەپ لە پەرلەماندا کە سوود بە هەوڵەکانی کرانەوەی تورکیا بەڕووی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا دەگەیەنێت.    

پێشتر لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چاکسازیەکانی ئەردۆگان و ئاکەپەم نوسیووە (تورکیا و پرۆسەی بەناو ئاشتی[i])، لەراستیدا پرۆسەکە هەر بەناو “پرۆسەی ئاشتییە”، چونکە ئەوهەنگاوانەی تورکیا ناویەتی وەکو رێگەدان بە خوێندگەی تایبەتی کوردی، هەلگرتنی سانسۆر لەسەر هەندێ پیتی کوردی، رێگەکردنەوە بۆ ئەگەری گەراندنەوەی ناوە کوردیەکان بۆ شوێنەکان، رێگەدانە بە هەندێ مافی کەلتوری کە هەر کۆمەڵگەیەکی کەمینە ئەگەر بە قەوارە زۆر بچوکیش بن وەکو مافێکی سروشتی هەیەتی، ئەوەش هێندە لەبەرچاوی کاڵی کورد نییە، هێندەی لەبەر جێبەجێکردنی هەندێ لە داواکاریەکانی دەیان سالەی یەکێتی ئەوروپایە، هەروەکو تورکیا لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەندام بوون لە کۆمەڵگەی یەکێتی ئەوروپا دەدات، بەڵام رەتکراوەتەوە چونکە نەیتوانیوە مەرجە ئابوری و رامیاریەکان پڕکاتەوە. چونکە تورکیا جگەلە مەرجە ئابوریەکان دەبێ سەبارەت بە مافی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسیەکانیش چاکسازی بکات و بگاتە ئاستی پەسندکردن، ئەگەرنا ناتوانێ ببێتە ئەندام. رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کەلتوری لەهەر وڵاتێکی دیموکراسی و ئازاددا مافێکی سروشتییە و پێویستی بە دانوستان و رێککەوتن نییە، وە مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ مەرج و ئەرکن لەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. ئەو وردە چاکسازیانەی ئەردۆگان ئەنجامیدان هەوڵدانە بۆ لابردنی مۆرکی رەگەزپەرستی و پێشێلاکاری یاساییانە کە دژی مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان لە دەستوری تورکیادا هەن. چونکە تورکیا ناتوانێ بە دەستورێکی کۆنەپەرست و پشووتەنگەوە ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. تورکیا دەتوانی بە مسۆگەرکردنی بوونی ماف و ئازادییە کەسیەکان وەکو ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. دیارە بوونی مافە کەلتوری و کەسیەکان چارەسەری کێشەی کورد ناتوانن بکەن.

پرۆسەی ئاشتی سەبارەت بە کێشەی ناوخۆیی ئەتنی و نەتەوەیی پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر داواکاریەکان و چارەسەر هەیە، داواکاریەکان بەڕاشکاوی دەخرێنە روو و دانوستانیان لەسەر دەکرێت، هەروەها لایەنەکان بەکردەوە لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشن و گفتوگۆ لەسەر پێشنیاری کۆنکریتی دەکەن. کە گوتن لە “پرۆسەی ئاشتی” دەکرێت ناچارین بپرسین کوا ئەو داواکاریانە و کوا دانوستان و کوا لایەنەکانی دانوستان؟! دەکرێ دانوستان لەگەڵ کەسێکی نائازاد و زیندانیکراوەوە بکرێت؟! ئەگەر تورکیا بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری کێشەی کوردە و ئەگەر سەیری ئۆجەلان وەکو سەرکردەی کوردەکان و تاکە کەسی گونجاو بۆ دانوستان دەکات، بۆ ئۆجەلان ئازاد ناکات؟! یا بۆ داوا لە کوردەکان ناکات نوێنەرەکانیان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان و راستەوخۆ دانوستان بکەن؟! کوا هەنگاوەکانی تورکیا؟ لەو پرۆسەیەی ناوی لێنراوە پرۆسەی ئاشتی نە داواکاریەکان و نە دانوستان لەسەر داواکاریەکان بە کردەوە بوونیان نییە، تا ئێستا پێشنیارێکی کۆنکریتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەسەر مێزی دانوستاندا نییە و دوو لایەنی کیشەکە راستەوخۆ و ئازادانە لەسەر مێزی دانوستان دانەنیشتوون. نامەکانی ئۆجەلان کە لە نەورۆزی ٢٠١٣ ـەوە دەست پێدەکەن، داوای بوتنیادی “مۆدێرنیتەی دیموکراتی” لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناویندا دەکات، گوتن لە کۆتایی ڕۆڵی چەک و ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانە و بەدیهێنای یەکسانی لە کۆمەڵگە و وڵاتێکی هاوبەشدا دەکەن. بەکورتی ئۆجەلان وەکو کەسێکی نائازاد نامەکانی نوسیووە و گوزارشت لە تێگەیشتن و هیوا و ئاواتی خۆی دەکات. دیارکردنی کێشە و داواکاری کۆنکریتی و پێشنیاری کۆنکریتی بۆ چارەسەر لە نامەکاندا بزرن و هیواکان پەرت و بڵاو و بەرزەفڕن. تورکیا لەلایەن خۆیەوە هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەی رامیاری نەناوە، جگەلەوەی کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێ گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانێن و وڵات جێبهێڵن، ئەوجا هەنگاوی دیکە دەندرێت. لە راستیدا دیار نییە تورکیا دوای ئەوە مەبەستی چییە. هەروەکو خەڵک لە مەبەستەکانی تورکیا نیگەرانن. خەڵک دەپرسێ ئایا هەموو ئەو گوتنە لە پرۆسەی ئاشتی مانۆرێکی رامیاری تورکیا نییە و بەکارهێنانی ئۆجەلان نییە؟ ئەردۆگان لێرە و لەوێ دەڵێ “ئێمە کێشەی کوردمان نییە”، وە نکۆڵی لە بوونی کەمینەی نەتەوەیی دەکات، ئەوەش ئاراستەیەکی ئینسترومێنتالانەیە کە جگەلە ماف و ئازادییە کەسییەکان دان بە بوونی کەمینە و مافەکانیان لەو چوارچێوەیەدا نانێت. ئێستا لەئەگەری بەستنی هاوپەیمانی لە نێوان ئاکەپە و جەهەپەدا (کۆنە پارتەکەی مستەفا کەمال) بەرپرسانی ئاکەپە دەڵێن پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی ئەوەی تائێستا بە کردەوە بیندراوە زۆر واپێدەچێ مەبەست ئەوەیە کە هەوڵەکان بۆ چەکپێدانانی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوام دەبێت، دوورنییە هەر ئەوەش مەبەست و تێگەیشتنی تورکیا لە “پرۆسەی ئاشتی” بێ.

شاخەوان شۆڕش

2015-06-18

 



[i]سەیری وتارەکە لەو لینکەدا بکە: http://kadirshorsh.com/?p=801#.VYCMIZUVhlY