سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاری لە بەراوردێکدا
ئەگەر بهاتایە باشوری کوردستان تەبایی تێدا هەبوایە و هەموو پارتە ڕامیاریەکان بەکردەوە پیادەی دیموکراسیان کردبایە، ئەوا هەر دوو جۆرە سیستەمی کەباسکران، بۆ کوردستان دەکرا شیاو بن، بەڵام وەکو ئاماژەمان بۆیان کرد، هەر سیستەمە و کێشەی خۆی هەیە. دەکرێ ئارگومێنتی پشتگیری بۆ هەردوو سیستەمەکە بهێنرێتەوە، چونکە هەردوو سیستەم لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بە سەرکەوتوویی پیادە دەکرێن و گونجاوی خۆشیان بەکردەوە سەڵماندووە. بەکورتی دەکرێ سەرۆک ببێ و دەشکرێ نەبێ.
سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاری لە بەراوردێکدا
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتانی دیموکراسی جیهان بکەین، ئەوا سەیردەکەین بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەر دوو جۆری سیستەمدا دابەش دەبن ئەوانیش، سیستەمی پەرلەمانتاری و سیستەمی سەرۆکایەتین. دیارە سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتیش هەیە.
سیستەمی پەرلەمانتاری یا پەرلەمانتاریزم، جۆرە سیستەمێکی ڕامیاری دیموکراسیە بنچینەدەگرێ لەسەر کەنترۆلی پەرلەمان لەسەر ئەوەی کێ میری دادەمەزرێنێت. ناوکی پەرلەمانتاریزم ئەوەیە میری (دەسەڵاتی بەڕێوەبردن) ناتوانێ لەسەر کار بمێنێتەوە ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان دژی بن. ئەگەر میری پشتگیری زۆرینەی لەپەرلەماندا لەپشتدا بوو ئەوا بوونی “پەرلەمانتاریزمی پۆزەتیڤ” خۆی دەخاتەڕوو. ئەگەر میری زۆرینەی لەپشتدا نەبوو، بەڵام زۆرینە دژی مانەوەی نەبوون، ئەوە بوونی “پەرلەمانتاریزمی نەگەتیڤ” خۆی دەخاتە ڕوو. پەرلەمانتالریزم دەرهاویشتەی بیرۆکەی سەروەری گەل و نوێنەرایەتی گەلە. بەشێوەیەک پەرلەمان جگەلەوەی دەسەڵاتی یاسادانانە، دەسەڵاتی زۆری بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەدەستە و وەکو چاودێر و کەنتڕۆل بەرامبەر بە میری بوونی هەیە. پەرلەمان دەتوانێ لێپرسینەوە لەگەڵ مینیستەرەکان یا سەرۆکی مینیستەر بکات و دژی مانەوەیان بوەستێت .
دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دێتەدی و بەجودا هەڵنابژێردرێت. لەپەرلەمانتاریزمدا دامەزراوەکانی یاسادانان و بەڕێوەبردن بەیەکەوە پەیوەستدارن و زۆر ڕک لەیەکتر جودا نەکراونەتەوە. کەسەکانی بەڕێوەبردن یا مینیستەرەکان ئاسایی ئەندامانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانن و سەر بە پارتی خاوەن زۆرینەن ( بەڵام دەکرێ خەڵکی دەرەوەی پەرلەمان بەشداری میری بکەن). دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیارە و گەر متمانەی پەرلەمان لەدەست بدات دەبێ لابچێت. سەرۆکی میری توانای هەیە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی نوێ ڕابگەیەنێ، ئەوەش ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار پێشبینی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بکات یا بیەوێ پشتگیری خۆی لە پەرلەمان بەهێزبکات یا دەکرێ لەبەر هۆکاری تایبەتی دیکە ئەوە ڕوو بدات .
لەسیستەمی بەڕێوەبردنی پەرلەمانتاریدا سەرۆکی میری (سەرۆکی وەزیران)، دەسەڵاتی زۆری بەدەستە و سەرپەرشتی ستات کاریگەرانە دەکات. میریی بەرپرسیار و خاوەن متمانە، لەزۆربەی بارەکاندا دەتوانێ پشتگیری بۆ بڕیار و پێشنیارەکانی خۆی بەدەست بێنێت.
ڕەخنە لەو سیستەمە گەلێجار لەوەوە دێت کەوا دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەسەر پەرلەماندا زاڵن و چیان بوێ وادەکەن، ئەوە لەکاتێکدا کە میری پشتگیری دیاری پەرلەمانی لەپشت بێت، بەو شێوەیە میری خۆی وەکو دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراوی دیکتاتۆریانە دەخاتە ڕوو. دیارە لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا کەمجار وایە باری وا بێتە ئاراوە. کێشەیەکی دیکەی پەرلەمەنتاریزم ئەوەیە کە دەکرێ ئەو سیستەمە ببێتەهۆی لاوازی و کەم توانایی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەکاتێکدا میری نەتوانی پشتگیری زۆرینەی سەقامگیر بەدەست بێنێت و وابەستەی چەند دەنگێکی سەر بە پارتی دیکەی بەرژەوەند جودا بێت. نمونەی ئەو سیستەمە و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی پۆزەتیڤ وەکو بریتانیا، سوید، دانیمارک هتد.
سیستەمی سەرۆکایەتی سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤی پەرلەمانتاریزمە، لەو سیستەمەدا لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەڕکی و ڕاشکاوی لەگۆڕێدایە. بەو جۆرە دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕێوەبردن لەیەکتر سەربەخۆن و بەجیا هەڵدەبژێردرێن.
لەو ستاتانەی پیادەی ئەو سیستەمە دەکەن، هەندێ خاڵی هاوبەش لە هەموویاندا بەدی دەکرێت لەوانە: یەکەم، بوونی سەرۆکی وڵات. دووەم، سەرۆک جێگای جێگیرە و بە بوونی پشتگیری زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان لانادرێت، واتە سەرۆک پشتگیری زۆرینەی پەرلەمانی هەبێ یا نەبێ تا تەواوکردنی ماوەی خۆی لەسەر کار دەمێنێتەوە. سێیەم، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان لەیەکتر جودان، سەرۆک و ئەندامانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن ئەندامی پەرلەمان نین و لەپەرلەمان دانانیشن.
لایەنی بەهێزی ئەو سیستەمە بە بۆچوونی گەلێ لە شارەزایان و تاقیکردنەوەکان بۆنمونە ئەوانەن: یەکەم، سەرۆک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت، بەمجۆرە بەپێی بۆچوونی هەندێ شارەزا بوونی ڕەوایەتیەکی بەهێزتری هەیە لەوەی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە دیاربکرێت. دووەم: لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ڕاشکاو. بەپێی هەندێ بۆچوون ئەوە وادەکات ڕێگا لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بگیرێت. سێیەم، بەپێی هەندێ بۆچوون پەسندکردنی پێشنیار و بڕیار لەئەگەری بوونی سەرۆکێکی بەدەسەڵاتدا کاریگەر و خێراترە. هەندێکیش دەڵێن بەپێچەوانەوە جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بڕیاردان لەسەرخۆ دەکات، ئەوەش دیاردەیەکی باشە. چوارەم: بەهۆی ئەوەی سەرۆک شوێنی جێگیرە و بەهۆی پشتگیری کەمینەی پەرلەمان لاناچێت، ئەوە سوودی بۆ سەقامگیری وڵات هەیە.
ڕەخنەکانی کە ئاراستەی ئەو سیستەمە دەکرێن لەوانە، یەکەم، بەپێی بۆچوونی هەندێ پۆلیتۆلۆگ سیستەمی سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینەیاساییەوە (دەستوریەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو ئاوتۆریتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانە بچێت. دووەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقینی ناخوازیارانە، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک. سێیەم: سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت .
ناسراوترین سیستەمی کلاسیکیانەی سەرۆکایەتی، سیستەمی ئەمەریکایە و لەو سیستەمەدا دادگای باڵا، کۆنگرێس و سەرۆکایەتی دامەزراوی لەیەکتر جیاکراوە و سەربەخۆن. ئەو سێ دامەزراوە دەسەڵاتی یەکتر سنوردار دەکەن و کاریگەریان بەسەر یەکەوە هەیە. کۆنگرێس یاسا دادەنێ، سەرۆک دەتوانێ ڤیتۆی بکات، بەڵام کۆنگرێس دەتوانێ ڤیتۆکە تێپەڕێنێ ئەگەر توانێ دوولەسەر سێی زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی لەپشت بێت. سەرۆک دەتوانێ دەستنیشانی داوەر بۆ دادگای باڵا بکات و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن دیارکات، بەڵام دەبێت لەلایەن سیناتەوە (پەرلەمانی سەروو) پەسندبکرێن. سینات و کۆنگرس بەیەکەوە دەتوانن سەرۆک لەسەرکار لابدەن.
بەپێی بۆچوونی پۆلیتۆلۆگ و شارەزای ئەمەریکایی (ئارێند لیپهارد)، سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ کۆمەڵگەی فرەنەتەوە و کەلتوری کێشەئامێز لە سیستەمی سەرۆکایەتی باشترە. لە سیستەمی پەرلەمانتاریدا بڕیارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان هاوبەشییە و ئەوش بۆ دیاردەی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان گروپە جوداکاندا بەکەلکترە لەوەی بڕیار لەلایەن یەک سەرۆکەوە و دامەزراوەکەی سەرۆک بدرێت. پەرلەمانتاریزم پێویستی بە هەڵبژاردنی سەرۆک نییە کە لەسروشتدا دیاردەی پرەنسیپی زۆرینەیە. ئەوەش بۆ ستاتێک کە لە چەند ناوچەی سەربەخۆ پێک هاتووە، باش نییە و دەسەڵاتی زۆرینە سنوردارکراوە. پرەنسیپی زۆرینە لەقازانجی کەمینەکاندا نییە و ئەنجامەکانی بەقازانجی ڕاشکاوی زۆرینە تەواو دەبێت. هەروەها ئەو پێیوایە کەسایەتی سەرۆک تارمایی دەخاتەسەر پارتەکان و ئەو پەیوەندیە پێویستەی کە لە نێوان پارت و دەنگدەراندا هەیە. هەروەها لیپهارد هەردوو کێشەی ناسراوی سیستەمی سەرۆکایەتی دووپاتدەکاتەوە کە ئەوانیش ململانێی نێوان دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادان، هەروەها جێگیری شوێنی سەرۆک (وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن). بەپێی لیپهارد زۆربەی شارەزایان کۆکن لە پشتگیری سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ کۆمەڵگەی فرەنەتەوە و شەقبوو. هەروەها ئەو پێیوایە ئەگەر سەرۆک هەشبێ، پێویستە سەرۆکایەتی سیمبۆلی بێت یا هێندە دەسەڵاتی نەبێت و باشترە لەلایەن پەرلەمانەوە دیار بکرێت. هەروەها ئەو ئاماژە بەوە دەکات کەوا گۆڕان لە سیستەمی ئاوتۆریتاری و نادیموکراسی بۆ سیستەمی پەرلەمانتاری وەکو شەقاوێکی گەورە دێتەبەرچاو، بۆیەش لە زۆر شوێنی بە ترادیسیۆن سەرۆکایەتی، سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی یا سەرۆکایەتی پیادە دەکرێت .
دیارە ئەوەی لیپهارد دەیڵێت بۆ کۆمەڵگەیەکە کە تیایدا ناوچەی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی جیاوازی تێدا هەیە. ئایا دەکرێ ئەوها سەیری باشوری کوردستان بکەین؟ ڕاستە کۆمەڵگەکە بە هۆی ململانێی دوو پارت پارچە بووە و دوو ناوچەی ئۆتۆنۆم و بەڕێوەبردنی جیاواز هەن، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئارەزووی بەهێزی خەڵکی باشور لەگەڵ یەکخستنەوە و یەکێتی خاکی باشورە. هەردوو بەڕێوەبەرایەتیەکەش ئەو ویستەیان دەربڕیووە و بەڕێگای تایبەتی خۆیان کاریان بۆی کردووە، بۆیە دەبێ بەوریایەوە سەیری ئەو بیر و بۆچوونانەی شارەزایان بکەین. هەروەها باشوری کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆی فیدرال نییە، بەڵکو ناوچەیەکی فیدرالە لە چوارچێوەی ئێراقدا. دەکرێ لەناوچەی فیدرالیدا ناوچەی ئۆتۆنۆمی هەبن، وەکو ئەوەی لەهەندێ ناوچەی فیدرالی ڕوسیا ئەوە هەیە، بەڵام ئەوان لەسەر بنچینەی ئێتنی و ڕەگەزین و جیاوازن لەو بارودۆخەی باشور. هەروەکو (چێیم کاوفمان) شارەزای نوێڕیالیست ئاماژەی بۆ دەکات، وابەستەیی بۆ پارت یا ئایدۆلۆژیا بگۆڕە و دەکرێ کەس بە ئاسانی وابەستەیی خۆی لەپارتێکەوە یا ئایدۆلۆژیایەکەوە بۆ یەکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام وابەستەیی ڕەگەزی و ئێتنی زۆر بەهێزە و گۆڕانی زۆر سەختە . ئەوەی باشوریش ئەگەری گۆڕانی زۆرە و گەر سەرکردەکان واز لە بەرژەوەندی تایبەتیان بێنن، خەڵک هیچ کێشەیان لە بەیەکەوە ژیاندا نییە. دیارە ئەوە واتای ئەوە نییە کەوا سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ باشور دەست نادات، یا بوونی سەرۆک پێویستیەکی بێ ئەملاو ئەولایە، لەزۆر لە وڵاتە دیموکراسیە سەقامگیرەکان سیستەمی پەرلەمانتاری پەیڕەو دەکرێت و هیچ پێویستیشیان بە بوونی سەرۆک نییە. بەکورتی ئەوەی لیپهارد دەیڵێت دەکرێ لەو بارودۆخە هەنوکەییەی باشور سوودی لێوەربگیرێت.
ئەوەی لە ئێراق پیادە کراوە سیستەمێکی زیاتر پەرلەمانتارییە و لاسایی دیاری سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکای تێدایە، سەرۆکی وڵات سیمبۆلیە و کاریگەری بەسەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە نییە. ئەرکەکانی ئەو سەرۆکە سیمبۆلیەی ئێراق بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئەرکەکانی بۆنمونە پادشاکانی سوید یا دانیمارک دەچێت (دیارە بەکەمێک جیاوازی و دەسەڵاتی زیاتر).
دیارە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی نیمچەسەرۆکایەتیدا دەکرێ سەرۆک دەسەڵاتی زۆری هەبێت، وەکو بۆنمونە لە فەرەنسا هەردوولا واتە سەرۆکی هەڵبژێردراو و دەستەی بەڕێوەبردن کە لە پەرلەمانەوەیە و بەرپرسیارە بەرامبەر بە پەرلەمان، بەیەکەوە و بەهاوکاری یەکتر وڵات بەڕێوە دەبەن و سەرۆکیش خاوەن دەسەڵاتی ڕەهایە. یان دیارکردنی هەندێ دەسەڵات بۆ سەرۆک وەکو بۆنمونە سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی لە فینلاند، کە سەرۆکی فینلاند بەشێوەیەکی سەرەکی ئەرکی کاروباری دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبردن بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن جێهێشتراوە .
ئەگەر بهاتایە باشوری کوردستان تەبایی تێدا هەبوایە و هەموو پارتە ڕامیاریەکان بەکردەوە پیادەی دیموکراسیان کردبایە، ئەوا هەر دوو جۆرە سیستەمی کەباسکران، بۆ کوردستان دەکرا شیاو بن، بەڵام وەکو ئاماژەمان بۆیان کرد، هەر سیستەمە و کێشەی خۆی هەیە. دەکرێ ئارگومێنتی پشتگیری بۆ هەردوو سیستەمەکە بهێنرێتەوە، چونکە هەردوو سیستەم لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بە سەرکەوتوویی پیادە دەکرێن و گونجاوی خۆشیان بەکردەوە سەڵماندووە. بەکورتی دەکرێ سەرۆک ببێ و دەشکرێ نەبێ.
ئەگەر بەشێوەیەکی “ئایدالانە” سەیری پۆستی سەرۆکایەتی بکەین و ئەگەر ئەو پۆستە بۆ کوردستان بە پێویست پەسند بکەین، ئەوا ئەو سەرۆکە یا ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە خۆی دیاردەکات، پێویستە یەکەم: ئەو کەسە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشداری لە کورد کوشتن و براکوژی نەکردبێ. دووەم: ئەو کەسە هاوکاری داگیرکەرانی کوردستانی بە هیچ شێوەیەک نەکردبێ و پێشی داگیرکەر نەکەوتبێ. سێیەم: ئەو کەسە دژی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان بەجۆرێ لە جۆرەکان نەجوڵابێتەوە. چوارەم: ئەو کەسە سامانی نەتەوەی بەخراپ بۆ بەرژەوەندی خۆی یا پارتەکەی بەکارنەهێنابێت. پێنجەم: سەڵمێندرابێت ئەو کەسە بەرژەوەندی نەتەوە و گشتی لاگرنگە نەک پارت و دەوروبەرەکەی. شەشەم: ئەو کەسە بەهیچ شێوەیەک بەشداری ساختەکاری و گەندەڵی نەبووبێت. هتد. ڕاستە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دۆزینەوەی کەسێک کە بتوانێ ئەو مەرجانە پڕکاتەوە سەخت بێ، بەڵام ئەوەیە ئەو کەسەی کە شایانی پۆستی سەرۆکی کوردستان یا سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کوردستان بێت. ئەوەی لێرەدا گوتراوە و خوازراوە زیاتر نییە لەوەی گەلانی هوشیار و پێشکەوتووی جیهان بەرامبەر بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەیان پیادەی دەکەن. هەوڵدان بۆ پرکردنەوەی ئەو مەرجانە واتای بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی گەلە.
ئەگەر هاتوو هەر کەسێکیش کرایە سەرۆک، ئەوجا ئەگەر ئەو سەرۆکە بەدەسەڵات بێ یا نا، ئەوا ئەو پۆستە هەتاهەتایی نییە و خۆپاڵاوتنی سەرۆک سنوردارە و دەبێ سنوردار بێت، ئەوجا یەکجارە یا دووسێ جارە ئەوە پەیوەندی بە شوێنە و بارودۆخی ئەو شوێنەوە هەیە. گرنگ ئەوەیە ئەو سەرۆکە دەبێ ئەوە بزانێت کە ڕۆژێک دێت ئەو سەرۆک نییە و ناشتوانێ چیدیکە خۆی بپاڵێوێ. واتە خەڵک هەمووی ئەوەیان لا ڕوون دەبێت کەی ئەو سەرۆکە نامینێ و یەکێکی دیکە دێتە شوێنی ئەو. لە دیموکراسیدا ئەوهایە و کەس بۆی نییە بەسەر گەلەوە ببێتە سەرۆکی هەمیشەیی. بوونی ئەو سیستەمە وادەکات ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وانەزانێ لەسەرووی یاسا و گەلەوەیە، نەکا پێیوابێت کەس لەو ڕەواتر و شیاوتر نییە، هەروەها ئەو سەرۆکە تێدەگات کە ماوەی سەرۆکایەتی سنوردارە و ڕۆژێک دێ دەبێ چۆڵی بکات.
سەبارەت بە باشوری کوردستان پێویستە درێژخایەنانە بیر لەیاسا و سیستەمی سەرۆکایەتی بکرێتەوە و تەنها بیر لە گرنگی سەرۆکبوونی کەس نەکرێتەوە. چونکە دوای ئەوان کەسی دیکە دێن و دەبنە سەرۆک، پێویستە یاسای سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوە و گشتدا بێت. سنوری دەسەڵاتی سەرۆک بە ڕوونی دیار بکرێت، سنوری ماوەی سەرۆکایەتی بە ڕوونی دیار بکرێت. پێموایە بەهۆی ئەوەی باشوری کوردستان لەو بارەی ئەمڕۆیدا کۆمەڵگەیەکی پارچەبووە، ژمارەی مافی خۆپاڵاوتن چەندی کەم بێ باشترە. مانەوەی درێژخایەنی هیچ سەرۆکێک بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی باشور یارمەتیدەر نییە و ڕێگاش لە گۆڕانکاری، پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن و نوێکاری دەگرێت.
شاخەوان شۆڕش
2005-6-25
سەرچاوەکان
[1] Leksikon i Statskundskab, 1997: 166.
[1] Andrew Heywood, 1997, Politics: 295.
[1]http://en.wikipedia.org/wiki/Presidential_systemبؤ زانياري زياتر سةيري ئةو سايتة بكة:
[1]Arend Lijphard, 2004, Constitution for Devided Society, in Jornal of Democracy, vol. 15, no. 2. 102-105
[1] Kaufmann, Chaim. (Spring 1996) Possible and Impossible Solutions to Ethnic Civil Wars”, International Security, Vol. 20. No. 4, pp. 136-175.
[1] Andrew Heywood, 1997, Politics: .297
سەرنج بنێرە