هەروەستەیەک سەبارەت بە خۆپیشاندانی پاریس و لێکدانەوەکان

ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ١١-١ دا کران بۆ پشتگیرییە لە ئازادی گوتن و دەربڕین، لە پرەنسیپە دیموکراسیەکان، خەڵک زۆربەی دژی دین نییە، بەڵام دژی ئیسلامیزمی تووندڕەون، دژی کوشتن و تیرۆرن لەژێرناوی دین و رەواکردنی لە رێگای دینەوە. خۆپیشاندانەکان پێداگرتنی خەڵکە لەسەر مافی ئازادی دەربڕین ئەوجا رەخنە و گوتن دژی هەر ئایین و دەزگا یا کەسایەتیەک بێت. ئەوجا ئەگەر رەخنە رەق و بریندارکەر، گاڵتەئامیز و کاریکاتۆریش بێت. هەروەکو کاریکاتێرەکانی چارلی ئەبدۆ زۆریان وابوون. ئەوان ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ئازادییە ببن، چونکە بەهایەکی گرنگی بوونی سیستەمی دیموکراسییە.

هەروەستەیەک سەبارەت بە خۆپیشاندانی پاریس و لێکدانەوەکان

 سەرەتا پیویستە بگوترێت، کە ئەوەی رێکخراوە تووندڕەو و تیرۆریستە ئیسلامیەکان دەیکەن لە بۆکۆ حەرەمی نێجیری و شەبابی سۆماڵی و ئەوانیترەوە بیگرە تا دەگاتە داعش پەیوەندی راستەوخۆی بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە، چونکە ئەوان بەو جۆرە ئیسلام لێکدەدەنەوە و تێیدەگەن، وە کاروکردەوە و هەنگاوەکانیان بەپێی ئایەتەکانی قورئان رەوا دەکەن. ئیسلامی سیاسی تووندڕەو هەوێنی بوون و هەنگاو و کردارەکانی لە ئایینی ئیسلام و کردار و هەنگاوە سەرەتاییەکانی فراوانکردنی ئایینەکە لەسەدەی حەوتەمدا وەردەگرێت. بۆیە ئەو گوتنە راست نییە کە دەڵێ داعش یا گروپە ئیسلامیەکانی تر پەیوەندیان بە ئایینی ئیسلامەوە نییە. ئیسلامی تووندڕەو وەکو ئایدۆلۆژیا (ئیسلامیزم) ئایینەکە وەردەگرێت و دەیەوێ لەشیوە رادیکالەکەیدا بەسەر کۆمەڵگەدا بیسەپێنێت. ئەو جۆرە تایبەتەی تێگەیشتن و لێکدانەوەی هەیە، لەڕیگەی تووندووتیژی و بەشیوەیەکی دڕندانە هەوڵی سەپاندنی شەریعە یا دروستکردنی دەولەی ئیسلامی دەدات.

ئیسلامی سیاسی میانڕەو لەڕیگەی ناتووندووتیژیەوە مەبەستی جێگیرکردنی یاسا و رێساکانی شەریعەیان لە کۆمەڵگەدا هەیە. دیارە ئەگەر یاسا بەپێی شەرعی ئیسلام و شەریعە بێت و پرەنسیپە ئیسلامیەکان سەرچاوەی یاسادانان بن، بێگومان شتێک بەناوی ئازادی بیرورا نامێنێت. چونکە پرەنسیپە ئیسلامیەکان ناتەبان لەگەڵ پرەنسیپە دیموکراسیەکان و مافەکانی مرۆڤ، بۆیە هەمیشە لەکێشەدان.

دیارە ئەگەر پرەنسیپەکانی کریستیانی یا هەر ئایینێکی دیکە لە کۆمەڵگەدا فەرمانڕەوا بن کێشە لەگەل پرەنسیپە دیموکراسیەکان دروست دەکەن و پێشێلی ئازادی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤ دەکرێت، سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپای ژێردەستی کریستیانیتی بەڵگەی ئەو گوتنەن. دیارە ئەوروپا رێنیسانسی کرد و چەندین سەدەیە خۆی لە داوی دین و یاسا ئایینیەکان ڕزگارکردووە. ئەوەش دوای خەباتێکی زۆر بێگومان.

ئەگەر کۆمەڵگە مەبەستی پێشکەوتن و سیستەمی دیموکراسییە ناچارە پەسندی سیستەمی سیکولاری دیموکراسی بکات و دین لە دەسەڵاتی بەڕیوەبردن و یاسادانان جیا بکاتەوە. بەمجۆرە هەموو ئایین و بیروپاوەرەکان رێگەیان هەیە ئاشتیانە لەگەڵ یەک بژین، هەروەها خەڵک ئازادە لەوەی پەیڕەی ئایین دەکا یا نایکا، لەگەڵیەتی یا دژیەتی. پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تووندوتیژی لە ژێر ناوی ئایین یا هەر بیروباوەڕیکی تر پێشێلکردنی قانون و دەستورە. رەواکردنی سەپاندنی یاسا و پرەنسیپە ئایینیەکان لەژێرناوی ئایینی زۆرینە، دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکان و ئازادی بیرەباوەڕ و مافی مرۆڤە.

 ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ١١-١ دا کران بۆ پشتگیرییە لە ئازادی گوتن و دەربڕین، لە پرەنسیپە دیموکراسیەکان، خەڵک زۆربەی دژی دین نییە، بەڵام دژی ئیسلامیزمی تووندڕەون، دژی کوشتن و تیرۆرن لەژێرناوی دین و رەواکردنی لە رێگای دینەوە. خۆپیشاندانەکان پێداگرتنی خەڵکە لەسەر مافی ئازادی دەربڕین ئەوجا رەخنە و گوتن دژی هەر ئایین و دەزگا یا کەسایەتیەک بێت. ئەوجا ئەگەر رەخنە رەق و بریندارکەر، گاڵتەئامیز و کاریکاتۆریش بێت. هەروەکو کاریکاتێرەکانی چارلی ئەبدۆ زۆریان وابوون. ئەوان ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ئازادییە ببن، چونکە بەهایەکی گرنگی بوونی سیستەمی دیموکراسییە.

 دەکرێ دین لای خەڵکیک پیرۆز بێت، بەڵام لای خەڵکێکی تر وانەبێت. دەکرێ خەڵک هەبن بڕاویان بە ئایین نەبێت و لێکدانەوەکانیان جیاوازبێت. بوونی ئەو جودایی بیرکردنەوە و بیروباوەڕە زۆر ئاساییە. پێویستە مرۆڤەکان لە جودایی بیروباوەڕ تێبگەن و بیگرنەخۆیان، چونکە ئەوە بنچینەی بوونی پرەنسیپی ئازادی بیروباوەڕە. پیویستە ئایین بۆ کەسەکان جێبهێڵدرێت و تێکەلی دەسەڵات نەکرێت. پێویستە ئایینەکان هەموویان بەیەک چاو سەیر بکرێن و بەپێی یاسا ڕێگە نەدرێت هیچ ئایینێک بەسەر کەسدا بسەپێندرێ ئەوجا بەهەر شێوە و ڕیگەیەک ئەو سەپاندنە بکرێت. پێویستە بەیاسا پێش لە پیشێلکردنی ئازادی کەسەکان بگیرێت. پێویستە لە کۆمەڵگەدا مافی مرۆڤ سەرجڵەو بێت.

شاخەوان شۆڕش

2015-1-11