ساڵی 2014 ساڵێکی پڕ لە تاوان بەڵام یەکدەنگی دژی لەشکری تاریکی

بەهیوای پاککردنەوەی تیرۆریستانی داعش و نمونەی داعش لە کوردستان و جیهاندا

بەهیوای ئازادی گەل و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر لە کوردستاندا

بەرەو ساڵێکی باشتر و بەهیوای شادی و بەختەوەری هەموو لایەک لە ساڵی 2015 دا

 

ساڵی  2014 ساڵێکی پڕ لە تاوان بەڵام یەکدەنگی دژی لەشکری تاریکی

لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەشکری تەجاری داعش ئەندامەکانی لە دەیان وڵاتی جیهانەوە بۆ کوردستان رەوانەکرد و هێرشی بەربڵاو و دڕندانەیان هێنایە سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان. فەرمانی لەناوبردنی کوردانی ئێزدی لە شەنگال و دەوروبەریدا، فەرمانی پاکتاوی شەبەک و کاکەیی و کریستیانەکانیاندا. کوڕ و پیاوەکانیان کوشتن و کچ و ژنەکانیان وەکو سەبایە و کۆیلە بردن و دەستدرێژیان کردنەسەر و لە بازاڕی کۆیلەفرۆشی ئیسلامیستەکانی داعشدا هەڕاجکران، سەری مرۆڤی بێتاوانیان بە شمشێری تاریکی و نەزانی پەڕاند، ماڵەکانیان تاڵانکردن و شوێنەوارە پیرۆزەکانیان سوتاند و تەقاندەوە. لە سەدەی بیستویەکەمدا تیرۆریستە دڕندە ئیسلامیەکانی داعش تاوانە کۆن و لەبیرکراوەکانی مێژوو و سەردەمی کوشتارە ئایینیەکانیان بیرخستینەوە و دووبارەیان کردنەوە.

داعش هەربەوەش نەوەستا هەموو هێزی خۆی کۆکردەوە و بەهاوکاری تورک هێرشی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان تووندتر کردەوە و ئەمجارە بۆ سەر دڵی رۆژئاوا “شاری کوبانی” هێرشی هەمەلایەنەی هێنا. هەرچی هێزی هەبوو لەوێدا کۆیکردنەوە و لە کوردانی بەردان. بە دەیان کچ و کوڕی قارەمانی کورد سەربەزانە گیانیان لە شەڕی بەرگریدا بەخت کرد و مێژووی سەربەرزی و ئازایەتیان لە جیهاندا بۆ خۆیان و گەل تۆمارکرد. داعش نەیتوانی چۆک بە کۆبانی دابدات و ئاواتی دوژمنانی کورد بەدیبهێنێت. بەپێچەوانەوە کۆبانی بووە گۆڕستانی تیرۆریستە دڕندەکانی داعش.  

قوربانیانی تاوانی گەلکوژکارانە و پاکتاوی دڕندانەی داعش، گیانبەخشینی بەسەدان قارەمان زۆر ئازاریان داین و جەرگیان کونکون کردین، جەرگی ناسیۆن تاهەتایە سوتا. تاوانەکان لە مێژووی نوێماندا تۆمارکران، تاهەتایە سروود و لاوک و سەردولەکەیان لەناو خەلکدا بۆ دەهۆندرێتەوە و بەدەنگی بەسۆز دەگوترێنەوە.

گیانبەخشینی سەدان مرۆڤی قارەمان لە شەڕی بەرگریدا زۆر ئازاریان داین، بەڵام بەخوێنی ئەوان پلان و هێرشەکانی داعش تێکشکێندران و کوردستانیان لێ کرایە گۆڕستان و دۆزەخ.

گیان بەختکردوان بە خوێنی گەشیان شانازیان بە گەل بەخشی و سەری کوردستانیان بەرزکردەوە. خوێنی پاکی ئەو مرۆڤە شۆڕشگیڕانەن کەوا دەکەن هەرگیز کۆڵ نەدەین و بە داهاتوو نائومێد نەبین.

سەری ڕێزم بۆ گیانی پاکی قوربانیان و گیانبەختکردوانی کوردستان

بەهیوای پاککردنەوەی تیرۆریستانی داعش و نمونەی داعش لە کوردستان و جیهاندا

بەهیوای ئازادی گەل و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر لە کوردستاندا

بەرەو ساڵێکی باشتر و بەهیوای شادی و بەختەوەری هەموو لایەک لە ساڵی 2015 دا

 

شاخەوان شۆڕش