کۆبانی پێویستی بە چەکە نەک چەکدار

ئەگەر دوور لە گومانەکانی ئیمە ئەو هێزە تەنها مەبەستی گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بیت و لە روانگەیەکی کوردستانیانەوە چووبێت و کاریگەری تورکیای لەسەر نەبیت، بێگومان ئەو هیزە بە ئەرکیکی پێویست هەلساوە و جێگەی دەستخۆشییە.

هاوکاری و یارمەتی لایەنە کوردستانیەکان بۆ هێزەکانی سەر بە پەیەدە لە کۆبانی ئەرکی سەرشانی هەر رێکخراو و پارتێکە کە بڕوای بە خەباتی رزگاری کوردستان هەیە. بەرپرسانی دەسەڵاتی کۆبانی بەتایبەتی سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم چەندینجار ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە ئەوان پێویستیان بە چەکە نەک چەکدار، چونکە ئەوان خەڵکیان وەکو پێویست هەیە، بەڵام کێشەی چەک و تەقەمەنیان هەیە. بۆیە هاوکاری گونجاو بۆ کانتۆنی کۆبانێ ناردنی چەک و تەقەمەنییە. وەکو لە راگەیاندنەکانەوە دەردەکەوێ، تورکیا هەوڵی زۆری داو و دەدات کە دەست تێکەڵی دەسەلاتی بەڕێوەبەریی کۆبانی بکات، مەرجی بۆ چوونی پێشمەرگە یا هاوکاری بۆ کۆبانی هەیە.

ماوەیەکە ئەو هێزەی بەنیازە بچیت بۆ کۆبانی لە سنور لەلایەن تورکیاوە راگیراوە. تورکیا دەیەوێ ئەو هێزەی دەچێت دەبێ ئەوانە بن کە تورکیا پەسندیان دەکات، هەروەها تورکیا هەوڵ دەدات هێزێکی سەر بە سوپای بەناو ئازادی سوریا بۆ کۆبانی رەوانە بکات و لەوڕێگەیەوە پیادەی بەرژەوەندیەکانی بکات و زیان بە کورد بگەیەنێت. تورکیا بە ئاشکرا گوتوویەتی کە داعش و پەکەکە هەردوولا تیرۆریستن. دیارە تورکیا هەمیشە هاوکاریی و پشتگیری داعش و بەرەی نوسرەی دژی کورد کردووە. تورکیا گوتن و کردارەکانی یەک نین و چی لەبەرژەوەند دایە ئەوە دەکات. دەستتیکەڵکردنی تورکیا لە کۆبانی یا لەهەر بەشێکی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە زیان بۆ بەرژەوەندیەکانی کورد تەواو دەبیت، چونکە تورکیا دژی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردە. کاریگەری و بڕیاری تورکیا لەسەر ئەو هێزەی دەچیتە کۆبانی بەهەر شێوەو جۆرێک بێک زیانە بۆ کورد و بە زیانی کورد تەواو دەبێت.

ئێمە نازانین ئەو هێزەی پێشمەرگە کە بەنیازە بچێتە کۆبانی و دەبێ بەم زووانە بگاتە کۆبانی کێن، سەربە چ پارت و لایەنێکن، چیان پێیە بۆ کۆبانی و چۆن دەیانەوێ یارمەتی کۆبانێ بدەن؟ بەڵام لەکاتێکدا ئەو هێزە بەفلتەری تورکیادا رەت دەبێت و هەروەها دەبێت لە جۆر و پێکهاتەوە بە رەزامەندی تورکیا بێت، چوونی ئەو هێزە گومان و پرسیار دروست دەکەن. تورکیا بە پێشمەرگەدا هەڵدەڵێ و دەڵێ “دەبێ هێزی پێشمەرگە و سوپای ئازاد بچنە کۆبانێ! نابێ پەکەکە جێگەی داعش لە سوریا بگرێتەوە!” ئەو جۆرە گوتنانە جێگەی مەترسین و دەبێ بەهەند وەرگیرێن. هێزێک تورکیا پێیدا هەڵبڵێ پرسیاری دەکەوێتەسەر، چونکە بێگومان بۆیە پێیدا هەڵدەڵی چونکە بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی تورکیا دەجوڵێتەوە.

ئەگەر دوور لە گومانەکانی ئیمە ئەو هێزە تەنها مەبەستی گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بیت و لە روانگەیەکی کوردستانیانەوە چووبێت و کاریگەری تورکیای لەسەر نەبیت، بێگومان ئەو هیزە بە ئەرکیکی پێویست هەلساوە و جێگەی دەستخۆشییە. بەپێچەوانە هەر هاوکاریەکی تورکیا بۆ دەستخستنەناو کاروباری کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە رێگەی ئەو هێزەوە، کارێکە زیان بە کورد دەگەیەنێت و دژوەستانەوەی بەرژەوەندیەکانی کوردە، ئەوەش خۆفرۆشی و ناپاکییە. پێویستە یەپەگە زۆر وریا بێت و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەر و دەستێوەردانێک هەبێت، دەبێ دەستێوەردانی تورکیا راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ رەتکاتەوە. تورکیا هەرەشەیە بۆسەر کۆبانی و کانتۆنەکانی دیکە لە رۆژئاوا. ئەگەرەکانی داگیرکردنی رۆژئاوا لەلایەن تورکیا هێشتا بە زیندوویی هەن بەتایبەتی کاتێ بەرپرسانی باڵای تورکیا دەڵێن “نابێ پەکەکە جێگەی داعش لە سوریا بگرێتەوە” یا گوتنی دیکەی لەو شێوەیە راستەوخۆ هەرەشەیە کە دەکرێ بە داگیرکردن کۆتایی بیت.