جەژنی چی و حەجی چی؟!

خەلکی کوردستان جەژنی چی دەگێڕن؟! ئەوە چ جەژنێکە لە کاتێکدا کۆبانی شەڕی مان و نەمان دەکات و مەترسی لەناوچوونی لەسەردایە؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا شەنگال لەژێردەستیدایە؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا زۆربەی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لەژێر چنگی داعشدان؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا برینی تاوانی پاکتاو و گەلکوژی خوێنی لێ دەڕژێ؟

جەژنی چی و حەجی چی؟!

نزیکەی ٣٠٠٠ کەس تەنها لە باشوری کوردستانەوە چوونەتە حەج و ئەمڕۆ زۆر لە خەڵکی کوردستان جەژنانە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە لەیەکتر دەکەن!

سعودیە یەکێ لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین یارمەتی و هاوکاری داوەتە ئیسلامیستە تووندرەوەکانی داعش. ئەو داعشەی لەژێر ناوی “لا الە الا اللە اللە رسول محمد” خاکیان داگیرکردین، شەنگالیان لە خوێن گەوزاند و بەهەزاران کچیان وەکو کۆیلە و جاریە بردن و دەستدرێژیان کردنەسەر. ئەو داعشەی بە هاوکاری سعودیە و تورکیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەکو دڕندە لە کورد بەردران. ئەو داعشەی ١٩ رۆژە دەوری کۆبانێی داوە و بەسەدان هەزار کوردی رۆژئاوای لە ماڵەکانیان وەدەرنا، ئەو داعشەی هۆکاری ئەوەیە کە شۆڕشگێڕانی کۆبانی رۆژانە گیانگەش دەکرێن. ئەو داعشەی بەهەزاران مندالی بێ باوک و دایک کرد. کەسوکاری قوربانیانی دەستی تاوانەکانی داگیرکەران و داعش لە ئێستادا ئاگرلەجەرگیان بەربووە و بلێسەی ئازاریان وەکو بورکان زیڕە بە ئاسماندا دەکات.

حەجکردن لەو رۆژەدا تێکردنی سەدان هەزار و ملیۆنەها دۆلاری دیکەیە لەو خەزێنەیەی سعودیا کە ئاگری تیرۆر و داعشی پێ بەهێز دەکات. حەجکردن لەو رۆژەدا پشتگیری بیروباوەڕیکە کە داعشی پێگەیاندووە.

باشتر نەبوو ئەو مرۆڤانەی کە پشتیان لە ئازارەکانی گەل کرد و روویان لە حەج کرد، پارەکەیان بدەنە منداڵە بێ دایکوباوکەکانی تاوانی گەلکوژی؟ پارەکەیان بدەنە خێزانە ئاوارەکانی ناوچە داگیرکراوەکان؟ پارەکەیان بدەنە ماڵی ئەو قارەمانە هەژارانەی لەبەرەکانی شەڕدا لە دژی داعشدا گیانیان بەختکرد؟

خەلکی کوردستان جەژنی چی دەگێڕن؟! ئەوە چ جەژنێکە لە کاتێکدا کۆبانی شەڕی مان و نەمان دەکات و مەترسی لەناوچوونی لەسەردایە؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا شەنگال لەژێردەستیدایە؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا زۆربەی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لەژێر چنگی داعشدان؟ جەژن چۆن دەکرێت لە کاتێکدا برینی تاوانی پاکتاو و گەلکوژی خوێنی لێ دەڕژێ؟

ئەو رۆژە جەژن بکەن کاتێ شەنگال ئازادکرا و ژن و کچە کۆیلەکراوەکانمان رزگار کران. ئەو رۆژە جەژن بکەن کە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان ئازاد کران. ئەورۆژە جەژن بکەن کە کۆبانێ تەوقی داگیرکەرانی شکاند و تا جەزیرە و عەفرین ناوچە کوردستانیەکان ئازاد کران.

ئەو کاتە جەژن بکەن کە داگیرکەر لە کوردستاندا نەما و ئاڵای ئازادی و سەربەخۆیی هەڵکرا.

شاخەوان شۆڕش

4-10-2014