ره‌وتی نادیاری پارتی و یه‌کێتی و چاره‌نوسێکی نادیار
ره‌وتی ئۆتۆنۆمیخوازیی بارزانی و تاله‌بانی جگه له‌و نادیاری و ئاڵۆزییه‌ی له تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌کان هه‌یانه نه‌یتوانیووه ئامانجه‌کانی به‌ده‌ستبهێنێت و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی شکستی گه‌وره‌تردایه. هه‌لسوکه‌وتی تاکڕه‌وانه‌ی مه‌سعود بارزانی و پشتبه‌ستن به تورکیا بۆ پاراستنی له ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا باره‌که به‌لایه‌کی ته‌واو جیادا ده‌بات و نیگه‌رانیه‌کان زیاتر ده‌که‌ن که‌متری ناکه‌نه‌وه، جگه‌له‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ پرسیاری جۆراوجۆری دیکه دێننه ئاراوه. دیاره خه‌ڵک سه‌باره‌ت به یارمه‌تی و هاوکاری ولاتێکی داگیرکه‌ری کوردستان ئه‌زموونی خراپ و کاره‌ساتی هه‌ره‌سی 75 یان له بیر نه‌چووه.
به‌هۆی ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه گونجاوه چاوێکی خێرا له دواوه بکه‌ین و رووداوه‌کان بیربخه‌ینه‌وه. سه‌یری ره‌وتی ئۆتۆنۆمیخوازی و ئێراقچیانه‌ی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ین و له ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و ڕه‌وته بڕوانین.
ئه‌و نیمچه ئازادییه‌ی که له باشوری کوردستاندا هه‌یه، له‌بنچینه‌دا ئه‌نجامی گۆڕانکارییه جیهانیه‌کانه که له ئه‌نجامی کۆتاییهاتنی سیسته‌می دووجه‌مسه‌ری، شه‌ری که‌نداو، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک و کۆره‌وه مه‌زنه‌که‌ی 1991 و ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه‌ی هێزه‌کانی رۆژئاوا که دوای کۆڕه‌وه‌که و دیارکردنی ناوچه‌ی ئارام له‌سه‌رووی هێلی 36 هاته‌دی. کورد ئه‌وسا به‌هۆی گۆڕنکارییه جیهانیهکان که بووه‌هۆی رزگاربوونی گه‌لێ له گه‌لانی ژێرده‌سته، ده‌رفه‌تێکی زێرینی ده‌ستکه‌وت هه‌نگاو به‌ره‌و ئازادی یه‌کجاری بنێت. به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی له ئاستی ئه‌و هه‌له‌دا نه‌بوون، نه پلانی دروستکردنی ناسیۆن و نه بوونی ده‌ستوری کوردستان له‌مباره‌یه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و دوو پارته یا پارته ڕامیاریه‌کانی دیکه بابه‌تی له‌پێش و گرنگیان بوو. ئه‌وان بێخهبهر له مافی گه‌لان و ئه‌گه‌ره‌کانی ئازادی یه‌کجاری له دوای نه‌مانی بلۆکی سور، له‌سه‌ر مافی ئۆتۆنۆمی (پارتی) و فیدرالی (یه‌کێتی) ناکۆیان هه‌بوو و له‌سه‌ر گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌لات له‌یه‌کتر چوونه سه‌نگه‌ر. ئه‌وه‌بوو رێکه‌وتنی ففتی ففتی دادینهدان و وه‌کو کۆن ده‌ستیان به‌شه‌ڕی یه‌کتر و خوێنڕشتن کرده‌وه. له‌و ساتانه‌ی ئه‌وان بیریان له پاوان‌کردنی باشوری کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کانیان ده‌کرده‌وه و ده‌ستیان به کوردکوشتن کرده‌وه، له‌سایه‌ی گۆڕانه جیهانیه‌که‌دا چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی وه‌کو سلۆڤاکیا، کرواتیا، سلۆڤانیا، مه‌که‌دۆنیا، ئۆکرانیا، جۆرجیا، مۆلدۆڤیا و کۆمه‌ڵێ وڵاتی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند و به‌یه‌کجاری به ئازادی نه‌ته‌وه‌یی گه‌یشتن. به‌مجۆره له‌جیاتی سوودوه‌رگرتن له باره رامیارییه نوێکه و هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی ستاتێکی نوێ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا، له ئه‌نجامی ناکۆکی نێوانیاندا پارتی و یه‌کێتی باشوری کوردستانیان کرده دووبه‌ش و دیارده‌ی دووبهڕێوهبهیی هاته‌کایه‌وه.
له ساڵی 2003 دا رووخانی سه‌دام به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا ڕوویدا. ئێراق ههلوهشایهوه و پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق ده‌ستیپێکرد. ئه‌وسا هه‌ڵمه‌تێکی سه‌ربه‌خۆخوازی خه‌ڵکیی سه‌ریهه‌ڵدا، بزوتنه‌وه‌ی ریفه‌رانده‌م و رێکخراوی دیکه و رۆشنبیران داوایان کرد گشتپرسی له‌سه‌ر مافی چاره‌نوس بکرێت. به‌مجۆره داوا له سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی کرا سود له گۆرانه جیهانیهکان وه‌رگرن و سه‌یری ئه‌زموونی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان بکه‌ن، ڕێگه به خه‌ڵک بده‌ن خۆیان چاره‌نوسی خۆیان دیاربکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان گوێیان به‌و داواکاریانه نه‌دا، به‌پێی ره‌وتی ئێراقچیانه‌یان ئه‌وه‌یان کرد که خۆیان لهبهرژهوهندیاندابوو. شایانی گوتنه ئه‌وان به‌ر له رووخانه‌که ساڵانێک بوو کاریان له‌سه‌ر به‌هێزکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێراقدا ده‌کرد و هه‌ریه‌که به‌جیا په‌یوه‌ندیان له ئاست و بواری جیاجیادا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس له به‌غدا هه‌بوو. هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێک به‌ر له لێدانی سه‌دام له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان و ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتبوون که ئه‌وان له‌گه‌ڵ مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی فیدرالین له چوارچێوه‌ی ئێراقدا و کار بۆ ئێراقهکی یه‌کگرتوو ده‌که‌ن.
بهواتایهکیتر به‌پێچه‌وانه‌ی خوێنده‌وه‌ی ره‌خنه‌گران تاله‌بانی و بارزانی چارسه‌ری کێشه‌ی کوردیان له گۆڕینی رژێم و سیسته‌می ئێراقدا ده‌بینی و پێیانوابوو مافی فیدرالی له‌چوارچیوه‌ی ئێراقدا باشترین چاره‌سه‌ره. ئه‌وان داوای سه‌ربه‌خۆییان به ناگونجاو یا ناڕیالیستانه و خه‌ون ده‌بینی، هه‌مان پۆلیتیکی تۆقاندنی داگیرکه‌رانیان ده‌گوته‌وه و خه‌لکیان دژی ره‌وتی جیابوونه‌وه هاندا. به‌وشێوه‌یه بارزانی و تاله‌بانی پشتگیری گشتپرسیان له‌سه‌ر مافی چاره‌یخۆنوسین نه‌کرد، ده‌ستیان له ناو ده‌ستی سه‌رکرده عه‌ره‌به ئێراقیه‌کان نا و به‌شداریی به‌رچاویان له دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا کرده‌وه. له 28 ژولای 2004 دا ده‌ستوری نوێیان به‌بێ بوونی مافی دیارکردنی چاره‌نوس تیایدا په‌سندکرد و سه‌رداریی ئێراقیان به‌سه‌ر کوردستاندا مۆرکرد، به‌پێی ده‌ستور کۆمه‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتی گرنگی چاره‌نوسساز راده‌ستی به‌غدا کران. به‌مجۆره ده‌رگه به‌ڕووی هه‌وڵه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی داخرا. تاله‌بانی و بارزانی پێیانوابوو ئێراقی هیوا و ئاشتیان دروستکردۆته‌وه و باشترین چاره‌سه‌ریان به‌ده‌ستهێناوه. کورد له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندا کۆمه‌ڵێ پۆستی درایێ و ئه‌وان هه‌ردووکیان بوونه سه‌رۆک، جه‌لال تاڵه‌بانی بووه سه‌رۆکی ئێراق و مه‌سعود بارزانی بووه سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و دوو که‌سایه‌تی و بنه‌ماڵه و به‌ره‌یه واپێده‌چوو له هه‌موو شتێک گرنگتربوو و خه‌ونی دێرینه‌یان بوو.
هه‌روه‌کو له وتاری دیکه‌دا ئاماژه‌م پێداوه، له پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ی خاک داگیرکراو هه‌رگیز سه‌یری نه‌کرا، کێشه‌کانی له‌م رووانگه‌یه‌وه سه‌یر نه‌کران و چاره‌سه‌ریان بۆدانهندرا. به‌ڵکو کێشه‌کان وه‌کو کێشه‌ی به‌شێکی گه‌لی ئێراق له چوارچێوه‌ی کێشه‌کانی خه‌ڵکی ئێراق له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و رژێمی به‌غدا سه‌یری کرا، هه‌روه‌کو سه‌رکرده ئێراقچیهکانی کوردیش هه‌روا سه‌یری کێشه‌که‌یان ده‌کرد. به‌مشێوه‌یه سیسته‌می نوێی رامیاری نه‌یویست و نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری ئه‌و فاکته‌ره بنچینه‌ییانه بکات که به‌درێژایی ته‌مه‌نی ستاتی ئێراق ببوونه‌هۆی نانه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان کورد و عه‌ره‌ب. نه‌یویست له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دیدی ئێراقچیهتیهوه کوردستانی بنده‌ستی ئێراق داگیرکراو نییه و ئێراق چۆن وڵاتی عه‌ره‌به ئه‌وهاش وڵاتی کورده، خۆیان بوارد یا نه‌یتوانی چونکه دایهگنۆس (دیارکردن و ناودانان بۆ کێشه و نه‌خۆشی) و شیکارهکهیان بۆ کێشه‌که هه‌ڵه‌بوو و به‌مپێیه ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به یا ڕه‌گیان بۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و داگیرکاریی و پاشماوه‌ی کۆلۆنیالیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه نهدرانهبهر تیشکی لێکۆڵینه‌وه و چاره‌سه‌ر.
دیاره جگه‌له خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری ناوچه‌یی، کورده‌کان له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا به‌شدارن، له په‌رله‌ماندا نوێنه‌ریان به‌پێی رێژه‌ی خۆیان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی که‌مینه‌ن به‌ڵام له‌بڕیاره‌کاندا به‌شداریان هه‌یه. به‌ڵام ئایا خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وانه بوون؟ ئایا ره‌وتی ئێراقچیه‌تی و ئۆتۆنۆمیخوازی توانی بگاته ئاماجه‌کانی و ئه‌و به‌ڵێنانه به‌ده‌ست بهێنێت که به‌خه‌ڵکیان دابوو؟ شایانی گوتنه تائێستا 10 ساڵ دوای نه‌مانی ڕژێمی به‌عس کێشه بنچینه‌ییه‌کان وه‌کو کێشه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕێندراوه سنوریه‌کان، دیلامای ئاسایش، سامانی سروشتی، جوداکاری و په‌راوێزکردن هتد. هیچیان چاره‌سه‌ر نه‌کراون، کێشه‌کان به‌ره‌و ئاڵۆزتربوون ده‌چن و ده‌کرێ ببنه‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخه‌که. متمانه له نێوان نه‌ته‌وه و گروپه ئه‌تنیه‌کان له ئێراقدا له ئاسێکی زۆر نزمدایه. به‌رژه‌وه‌ندی گروپه ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان دژی یه‌کن و هه‌ریه‌که به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌نگاو ده‌نێت. عه‌ره‌بی شیعه‌ی زۆرینه له‌ژێر سه‌په‌رشتی مالکی‌دا هه‌وڵی خۆبه‌هێزکردن ده‌ده‌ن، جگه‌له‌وه‌ی به‌گشتی هه‌وڵی به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و له‌به‌رامبه‌ریدا که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن لایه‌نی عه‌ره‌بیه‌وه به‌گشتی هه‌یه.
سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی که ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیان به‌ده‌سته ناته‌باییان پێوه‌دیاره و هه‌نگاوه‌کانی پارتی و یه‌کێتی تاکڕه‌ویان پێوه‌دیاره و ره‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سه‌رۆک و پارته‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌ڕواله‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه پیشان ده‌ده‌ن. بۆنمونه په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر ئاستی پارتدایه به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌رئاستی کوردستاندابێت. هه‌ردوولا په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیا به‌هێزترکردووه، کۆنتراکتی نه‌وتی جۆراوجۆریان له‌گه‌ڵدا مۆرکردوون و بازرگانی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه .
به‌مجۆره وه‌کو ده‌بیندرێت ئه‌وان که پیش‌تر کوردستانیان دوور له ویستی گه‌ل خسته‌وه ژێرده‌ستی ئێراق و روویان له به‌غدا کرده‌وه ئێستا به‌تایبه‌تی هه‌نگاوه‌کانی مه‌سعود بارزانی دوورکه‌وتنه‌وه له ناوه‌ند به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و دیارنییه ئاکامی ئه‌و هه‌نگاوه سه‌ربه‌خۆیانه که دژ به ده‌ستور و خواسته‌کانی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ند ده‌ندرێن به‌چی چاره‌نوسێک ده‌گات.
به‌کورتی گه‌لێ له کێشه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ئێراقی نوێی دوای سه‌دامدا تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراون، ئه‌گه‌ری زیاترئالۆزبوون و خراپتربوون هه‌یه. ره‌وتی ئۆتۆنۆمیخوازیی بارزانی و تاله‌بانی جگه له‌و نادیاری و ئاڵۆزییه‌ی له تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌کان هه‌یانه نه‌یتوانیووه ئامانجه‌کانی به‌ده‌ستبهێنێت و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی شکستی گه‌وره‌تردایه. هه‌لسوکه‌وتی تاکڕه‌وانه‌ی مه‌سعود بارزانی و پشتبه‌ستن به تورکیا بۆ پاراستنی له ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا باره‌که به‌لایه‌کی ته‌واو جیادا ده‌بات و نیگه‌رانیه‌کان زیاتر ده‌که‌ن که‌متری ناکه‌نه‌وه، جگه‌له‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ پرسیاری جۆراوجۆری دیکه دێننه ئاراوه. دیاره خه‌ڵک سه‌باره‌ت به یارمه‌تی و هاوکاری ولاتێکی داگیرکه‌ری کوردستان ئه‌زموونی خراپ و کاره‌ساتی هه‌ره‌سی 75 یان له بیر نه‌چووه.
شاخه‌وان شۆڕش
3ی مارسی 2013
سەرنج بنێرە