وته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی له نێوان گوتن و راستیه‌کاندا
له‌م وتاره‌دا هه‌ندێ تێبینی و ره‌خنه سه‌باره‌ت به وته‌که‌ی “سه‌رۆکی هه‌رێم” مه‌سعود بارزانی له پارله‌مانی کوردستاندا که له 29 ی مای 2010 دا گوترا ده‌خه‌مه به‌رچاو. له وته‌که‌دا گوتنه‌کان له‌گه‌ڵ فاکت و راستیه‌کاندا یه‌کناگرنه‌وه، جگه‌له‌وه‌ی زمانی قه‌ده‌غه و ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربرین دووباره و سێباره ده‌کرێنه‌وه. له خواره‌وه به کورتی له‌سه‌ر وته‌که ده‌وه‌ستین و تێبینی و ره‌خنه‌کان ده‌خه‌ینه‌روو.
سه‌ره‌تا به‌وه ده‌ستپێده‌کات و ده‌ڵێت: “له‌باره‌ی وه‌زعی عێراق به‌ڕێزتان ئاگادارن كه‌ئێستا له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه قه‌یرانێك له‌ئارادایه‌و به‌داخه‌وه له‌وه ده‌چێت باره‌كه رۆژ به‌ڕۆژ ئاڵۆزتر ببێت، له‌م به‌ینه‌دا هه‌ڵوێستی ئێمه وه‌كو كورد‌و كوردستانی روونه، پێمان باشه حكومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتمانی پێكبهێنرێت و گشت پێكهاته‌كانی عێراق تیایدا به‌شداربن، ئێمه نابینه به‌شێك له‌قه‌یرانه‌كه به‌ڵكو هه‌میشه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ردا ده‌بین ……”
پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق به هه‌ولی ئه‌مه‌ریکا هاته‌کایه‌وه و ئه‌مه‌ریکا لایه‌نه ئێراقیه‌کانی هێنا داینان تا له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک که خۆی بۆی دارشتبوون ریککهون. بێ ئه‌مه‌ریکا لایه‌نه به‌رهه‌لستکاره‌کان هه‌رگیز نه‌یان توانی لێک نزیک ببنه‌وه. ئه‌مه‌ریکا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه و وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بی و ئێراقچیانه‌ی ئه‌وان ده‌کات.
کورد تاوانی گه‌لکوژی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداری عه‌ربه‌وه به‌رامبه‌ر کرا و ده‌یتوانی هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی ئێراق بۆ خۆی بقۆزێته‌وه و به‌پێی کانونی جیهانی مافی گه‌لان له نوسینی چاره‌نوسدا چیتر نه‌چیته‌وه ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه، به‌ڵام هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پ.د.ک و ی.ن.ک ئه‌مه‌یان ره‌تکرده‌وه و له‌سه‌ر پۆلیتیکی پێشووی ئۆتۆنۆمیخوازیان به‌رده‌وام بوون و کاریان بۆ مافی نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی ئێراقدا کرد. به‌مجۆره به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ربه‌کان و وڵاتانی دیکه‌ی داگیرکه‌ری کوردستان له‌به‌رچاو گیران، ملکه‌چی ئه‌م باره ناره‌وایه بوونه‌وه که له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه به‌سه‌ر کورد دا سه‌پیندراوه. خه‌لکی کوردستان مافی سروشتی گشتپرسیان له دیارکردنی چاره‌نوسیاندا هه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆکی هه‌ردوو پارت مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاله‌بانی پرسیان به خه‌لک نه‌کرد و کوردستانیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان به ئێراق لکانده‌وه.
له‌پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا گوێ له نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان به جیا نه‌گیرا و دروستکردنه‌وه‌که ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاره‌زوه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وانه نه‌بوو به‌ڵکو درێژه‌دان بوو به‌م باره ناره‌وایه‌ی که کۆلۆنیالسیتی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و کۆمه‌لگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له لۆزاندا سه‌پاندیان. پرۆسه‌ی ئێراق به که‌موکوری زۆر و گه‌مه‌ی زۆر پێکهوهنرا، که‌موکوری زۆر له‌سه‌ره‌تاوه له پرۆسه‌که‌دا هه‌یه و تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه. له دوای چه‌ند هه‌لبژاردن و ئالوگۆڕی رامیاریدا ئێستا رێژه‌ی شوێنه‌کانی کورد له پارله‌مانی ئێراقیدا 17 له‌سه‌دایه. کورد پێشتر که له ئێستا به‌هێزتر بوو زۆر ته‌گه‌ره‌ی بۆ دروستکرا و کێشه‌چاره‌نوسسازه‌کان به هه‌لواسراوی مانه‌وه. ئێستا له باری لاوازبووندا چاوه‌روانی داهاتوویه‌کی له‌مه باشتر سه‌خته بکرێت.
مه‌سعود بارزانی که به‌هۆی رێکه‌وتن و دابه‌شکردنی پۆسته کوردستانی و ئێراقیه‌کان له‌گه‌ڵ ی.ن.ک بووه‌ته سه‌رۆک، سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی کورد و ته‌گه‌ره‌کان زۆرجار هیچ ده‌نگی نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێ هه‌لوێستی لاواز بووه، که هاتۆته دوان که‌موکوری له تێگه‌یشتن و دوانهکانیدا هه‌بووه که که‌متوانایی و شێواندنی پیشان داوه. ئه‌و پێشتر نه‌یتوانی ئه‌م باره بگۆرێت، یا به کرده‌وه کرداری کاریگه‌ر و دیار بنوێنێت، یا پلانی تایبه‌تی تاوتوێکراوی هه‌بێت و بیخاته‌روو. به‌پێچه‌وانه‌وه قه‌واره‌ی کوردی له‌سه‌ر ئاستی ئێراق رووی له لاوازی کرد و چاوپۆشی کرا له زۆر ناره‌وایه‌تی و پێشێلکاری که له گه‌لێ لایه‌نه‌وه به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ناسیۆنی کورد کران.
له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بارزانی و تاله‌بانیدا لایه‌نی کوردی وه‌کو یه‌که‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی لاوازه، به‌رژه‌وه‌ندی پارت و که‌س به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورددا زاڵه. پۆلیتیکی هه‌ردوو پارت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بریتی بووه له بانگهێشتکاری و خواردن و خواردنه‌وه، گوتنی بێکرده‌وه، کات کوشتن، که‌می یا نه‌بوونی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی کۆنکریتیانه، شاردنه‌وه و رێککه‌وتن له ژووره داخراوه‌کاندا، بێئاگایی و نه‌زانی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ژێردهستکراو و مافه‌کانی، پێدا هه‌لگوتن و گوتنی ره‌نگاوره‌نگ به‌یه‌کتر، زیاده‌رۆیی، شێواندنی فاکته مێژوویه‌کان و خۆ هه‌لخه‌له‌تاندن هتد.
ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له کوردستان و ئێراقدا هه‌یه ئه‌نجامی گۆرانه ناوچه‌یی و جیهانیه‌کانه که له‌دوای نه‌مانی سیسته‌می دوو پۆلاری، دوای روخانی بلۆکی سوور دروست بوون. ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مه‌ریکا و هاتنی رۆژئاوا وایانکرد بۆ یه‌که‌مجار له مێژووی ژێرده‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌ی کورددا ناوچه‌یه‌کی ئارامی له‌لایه‌ن کۆمه‌لگه‌ی نێوتهوهییهوه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان بۆ دروست بکرێت. دیاره خه‌ڵکی کوردستان خه‌باتی زۆری کردووه و به سه‌دان هه‌زار مرۆڤی کردۆته قوربانی رێگه‌ی ئازادی، راپه‌رین و کۆره‌وه‌که‌ی به‌هاری 1991 ی خه‌ڵکی کوردستان رۆڵی زۆرگرنگیان له ناساندنی کورد و باشان ملدان بۆ دروستکردنی ناوچه‌ی ئارام بینی. پاشان لێدانی سه‌دام و لابردنی ئه‌م رژێمه دیکتاتۆره له‌لایه‌ن هێزه‌کانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا وایانکرد، ئێراق پێ بنێته سه‌رده‌م و قۆناغێکی دیکه.
بوونی ده‌سه‌ڵاتی رۆژئاوا خۆی له خۆیدا یارمهرتدهره بۆ مسۆگه‌رکردنی مافی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی بۆ نه‌ته‌وه‌ی که‌مینه، چونکه ئه‌مه له که‌لتوری رۆژئاوادا دیارده‌یه‌کی په‌سندکراوه و لای ئه‌وان ئه‌م مافه پێویسته هه‌بێت، بۆیه کورد له‌مباره‌وه کاره‌که‌ی زۆر بۆ ئاسانکرا و هه‌رته‌نها جووله‌یه‌کی بچوکی ئه‌وی پێویست بوو. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه له پیاوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی نییه، به‌ته‌نها به هێز و بازووی کوردیش نه‌هاتۆته‌دی، چونکه کورد وه‌کو نه‌ته‌وه لاوازه و یه‌کگرتوو نییه، بیر و لێکدانه‌وه‌ی فیودال و پارتگه‌را به‌سه‌ریدا زاڵن. کۆمه‌ڵێ فاکته‌ری گرنگی ده‌ره‌کی رۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان له‌م گۆرانه‌دا هه‌بووه. بۆنمونه تورکمان خه‌باتی رامیاریان زۆر کز بووه یا نه‌یان بووه، ئێستا هه‌موو ئه‌و مافانه‌یان هه‌یه که له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌لاتداره عه‌ره‌بیه‌کاندا خه‌ونیان پێوه ده‌بینی.
فاکته‌ره ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان که بوونه‌هۆی گۆران و رزگاری باشوری کوردستان له‌ده‌ستی رژێمی به‌عس ده‌رفه‌تی زۆر گونجاویان بۆ چاککردنی مالی تێکشکاوی کورد ره‌خساند. پ.د.ک و ی.ن.ک له‌گه‌ل ئه‌م هه‌موو ئاسانکاریه‌ی که هاته کایه‌وه و ئێستا هه‌یه، نه‌یانتوانیووه ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتیمانی وه‌کو خه‌ڵکی دیکه و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه دابمه‌زرێنن، ئێستاش دوو ده‌سه‌لاتی و دوو میرنشینی به‌رده‌وامه، کوردستان له هه‌موو لایه‌نه‌که‌وه له نێوان دوو هێزدا دابه‌شکراوه. هێزی چه‌کداری، بازاری کوردستان، سامانی نه‌ته‌وه، پارله‌مان و ده‌زگا بهرێوهبهریهکان، زانستگه‌کان و هتد. به‌کرده‌وه له‌نێوان هه‌ردوولادا دابه‌ش کراون. توانای ده‌سه‌لاتی پارت و سه‌رۆکه‌کان له‌سه‌رووی ده‌زگا ستاتیهکاندان. هێزه سه‌ربازی و چه‌کداره‌کانی کوردستان هه‌مووی سه‌ر به دوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ن. هێز و سوپای ئه‌مبه‌ر بروای به هێز و سوپای ئه‌وبه‌ر نییه، سه‌رۆک که ده‌چێته ناوچه‌یه‌ک یا ده‌ڤه‌ری سلێمانی هه‌موو گردۆلکه و رێگه‌کان به هێزه‌کانی تایبه‌ت به خۆی ده‌گرێت و بروای به هێزی دیکه نییه هتد..
سه‌باره‌ت به تورکیا و ولاتانی دراوسێ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌ڵێ: “…. پته‌وتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ‌و ناوچه‌كه چ گرنگییه‌كی بۆ ههرێمو به‌ره‌وپێشچوونی باری سیاسی‌و ئابووریمان هه‌یه، هه‌میشه دروشم‌و بانگه‌وازمان ئه‌وه‌بووه كهبهگرتنهبهری رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه كه‌شێك له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا بخوڵقێت كه‌تێكڕای گه‌لانی ناوچه‌كه لهئاشتیو سه‌ربه‌ستیدا بژین، خواست‌و ویست‌و كه‌رامه‌تی هه‌موو لایه‌ك پارێزراو بێت…. ئامانجیشمان له‌و سه‌فه‌ره ئه‌وه‌یه كه: یه‌كه‌م: ده‌مانه‌وێ پێشوازی له‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا بكه‌ین … دووه‌م: ده‌مانه‌وێت ئاستی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانمان زیاتر په‌ره‌ی پێبده‌ین …. سێیه‌م: زیاتر په‌ره به‌په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا بده‌ین …. نه‌هجی ئێمه ئه‌وه ده‌بێت كهچارهسهریی ئاشتییانه ئه‌ساسی هه‌موو دانوستاندنه‌كانمان بێت‌و رێز له‌سه‌روه‌ریی دراوسێكانمان دهگرینو له‌به‌رامبه‌ریشدا چاوه‌ڕوانیشمان ئه‌وه‌یه رێز له‌سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بگیرێت…. رێگه ناده‌ین كه‌س ئیستغلالی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رخستنی ئه‌جێندای تایبه‌تیی خۆی بكات و نابێت هه‌رێمی كوردستان ببێته مه‌یدانی ته‌سفیه‌ی حیساباتی هێزو لایه‌نه‌كانی ناوچه‌كه و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبده‌ین گرژیی ناوچه سنوورییه‌كان نههێڵینو كۆتایی به‌و بۆمببارانو تۆپبارانه بێت كه‌ده‌بێته مایه‌ی نیگهرانیمانو ئازاردانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه….”
سه‌ره‌تا ده‌بێ به‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، که مه‌سعود بارزانی چووه تورکیا، به‌رپرسه تورکه‌که (مینسته‌ری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا) وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی خێزانێکی گه‌وره‌ی ئێراقی پێشوازی کرد، ته‌نها ئالای تورکیا له پشتی بوو و ئه‌وه‌ی بیندرا و گوتنی له‌سه‌ر کرا کێشه‌ی کورد نه‌بوو. به‌نهێنی چیان گوتوه و چیان مۆرکردووه ئه‌وه هه‌ر خۆیان ده‌زانن. ئه‌وه‌ی پیشان درا نزمکردنه‌وه‌ی کورد بوو.
رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه گونجاوترین رێگه‌ی چاره‌سه‌ره بۆ کێشه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌کان، به‌لام رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه نابێ له‌سه‌ر پشتی له‌ده‌ستدانی به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه ناسیونالیسته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بێت. رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه نابێ به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستاتی داگیرکه‌ر بێت، له هه‌مان کاتدا سه‌رکوتکردنی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بێت. ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌یلێت بۆنی ئه‌مه‌ی لێدێت. باره‌که سه‌خته و ده‌بێ به ژیری هه‌لسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا بکرێت. دیاره هه‌ر لارکردنهوهیهک بۆ ستاتی داگیرکه‌ر و له‌هه‌مان کاتدا زیانگه‌یاندن به نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌ی کورد له‌م پارچه داگیرکراوه‌دا، ئه‌گه‌ری ئه‌نجامی خراپی بۆ کورد له‌م پارچه‌یه‌دا بۆ ته‌واوی کوردستان به‌گشتی هه‌یه.
سه‌باره‌ت به ده‌ستدرێژی ئه‌م ستاته داگیرکه‌رانه ده‌نگ نه‌کردن یا ده‌ربرینی نووزه‌یه‌ک هانی ده‌ستدرێژی زیاتر ده‌دات. بێده‌نگی له چه‌وساندنه‌وه و کوشتاری خوشکوبرا کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه ستاتوسی ده‌سه‌لات له‌سه‌ر ئاستی کوردستاندا لاواز ده‌کات و پشتگیری و متمانه‌ی خه‌ڵک له‌ده‌ست ده‌دات. پشتگیری پۆلیتیکی ده‌سه‌ڵاته داگیرکه‌ره‌کان و هه‌لپه‌رین به ئاوازی ئه‌وان وه‌کو بۆنمونه جه‌لال تاله‌بانی له ئه‌نقه‌ره له‌ناو باوه‌شی ده‌سه‌لاتدارانی تورک داوای له شۆڕشگێره کورده‌کان ده‌کرد که چه‌که‌کانیان دابنێن و بچنه‌وه ماله‌کانی خۆیان، زیان به دۆزی کورد ده‌گه‌یه‌نێت. رژێمێک که که‌مترین ماف به نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ژێرده‌سته ره‌وا نه‌بینێت و هه‌ره‌شه‌ی توانه‌وه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست دروست بکات، رژێمێک ده‌رگه به‌رووی هه‌موو رێگه‌چاره ئاشتیه‌کان بگرێت، له‌مباره‌دا ئه‌م نه‌ته‌وه ژێرده‌سته به ناچاری به‌رگری له خۆی ده‌کات و خه‌بات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات. خه‌باتی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له پێناوی ئازادی نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه و بێمافی کورده، ئه‌گه‌ر ئه‌و ستاتانه رێگه به مافی رامیاری و که‌لتوری کورد بده‌ن، بێگومان نه شهر ده‌بێت و نه که‌سیش ئاره‌زووی مالوێرانی ده‌کات. بێگومان ده‌کرێ چاره‌سه‌ره‌کان ئاشتیانه و به دانوستان و گفتوگۆ چاره‌سه‌ریان بکرێت.
هه‌ردوو سه‌رۆکی ی.ن.ک و پ.د.ک به‌تایبه‌تی تاله‌بانی له ئاست ئه‌م ستاته داگیرکه‌رانه‌دا لاوازن، کورد له هاوکێشه‌کانی ناوچه‌که‌دا دیار نییه، ئه‌وان نه‌یانتوانیووه وابکه‌ن پۆلیتیکی ئه‌م ستاتانه به‌لای دیکه‌دا ببه‌ن. رژێمه‌کانی ئێران و به‌تایبه‌تی تورکیا دان به ئازادی کورد نانێن و هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کورد باش نییه، هه‌میشه هه‌وڵی شکاندن و نزمکردنه‌وه‌ی کوردیان داوه. هیچ رێزێک بۆ سه‌روه‌ری کورد دانانێن و هه‌رکاتێک ویستوویانه تۆپبارانیان کردووه، سنوریان به‌زاندووه و پێشێلی بریاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان کردووه. کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی یا نه‌بووه یا لاواز بووه و یا به‌جۆرێک بووه که جێگه‌ی سه‌رسورمان بوون بووه، باره‌که هه‌ر به‌م شێوه‌یه ماوه‌ته‌وه. بۆنمونه ئێران تۆپبارانی ناوچه سنوریه‌کانی ده‌کرد و ماڵی جۆتیارانی کوردی تێک ده‌دا، ده‌سه‌ڵاتی پ.د.ک له هه‌ولێر یادی خومه‌ینیان زۆر به‌گرنگی پێدان له هۆڵێ “پێشه‌وا” دا ده‌کرده‌وه. شایانی گوتنه خومه‌ینی دژی مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد بوو و له ژێر ده‌سه‌لاتی ئه‌ودا هه‌زاران کورد له‌سه‌ر به‌رگری له مافی نه‌ته‌وه‌ییان له‌نێوبردران.
له‌گه‌ڵ هه‌لسوکه‌وتی دژه کوردانه‌ی ئه‌م وڵاتانه به‌پێچه‌وانه‌وه زیاتر ده‌رگه بۆ ئه‌و ولاته داگیرکه‌رانه له کوردستاندا کراوه‌ته‌وه و به‌مجۆره هێز و یه‌که‌کانیان زیاتری کردووه. له‌هه‌مووی خراپتر ئه‌وه‌یه کاتێ ئه‌و سه‌رۆکانه وه‌کو ستاته داگیرکه‌ره‌کان گوتن له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئه‌و ستاتانه ده‌که‌ن، وه‌کو ئه‌وان پۆلیتیکی تۆقێنه‌ری ئه‌وان دووباره ده‌که‌نه‌وه و بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی ئه‌وان دوان ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌رچی گوتنهکانیان به‌گشتی دژی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کورده. ئێستا له کوردستاندا هێز و یه‌که‌ی سه‌ربازی و ئاسایشی تورکی هه‌ن، بێئه‌وه‌ی پرۆتستۆیه‌ک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بێت، یا روونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ خه‌ڵک له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێت. کاریگه‌ری ئه‌م ستاتانه له‌سه‌ر کاروباری ناخۆی کوردستان هه‌یه و پشتگیریان بۆ لایه‌ن و گروپی رامیاری به ئاشکرا و به‌نهێنی هه‌یه. ئه‌مه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به رێکخراوه ئیسلامیه‌کان و تورکمانه‌کان وایه.
ئاشتی و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه ده‌بێ له په‌سندکردنی جوداییه‌کان و جودایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، ده‌بێ ده‌ست له‌سه‌ر کرۆکی کێشه‌کان دابندرێن و دان به بوون و چاره‌سه‌ریان بندرێن. نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو تورک و عه‌ره‌ب و فارس مافی ئازادی هه‌یه، به رێککه‌وتن له‌سه‌ر پشتی به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ئاشتی فه‌راهه‌م نابێت و ته‌مه‌نی درێژ نابێت، چونکه ئاشتی له ناوچه‌که‌دا بێ دانپێنان و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پارچه‌کانی دیکه ته‌واو نییه و ته‌واو نایه‌ته‌دی.
سه‌باره‌ت به به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ تورکیا، مافی بازرگانیکردن له کوردستاندا له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتداره‌کانه‌وه پاوانکراوه، بازار و ئالوگۆر و خستنه‌کار له‌ژێر کۆنترۆلی خۆیاندایه، بازرگانی له‌گه‌ل ئه‌وانه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه. کانون و کرده‌وه ئابوریه‌کان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان داده‌ڕێژرێن. جگه‌له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆریان به‌رهه‌م هێناوه و زۆرینه‌ی خه‌ڵک موچه وه‌رده‌گرێت بێئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هه‌بێت. کۆمه‌ڵگه خه‌سێندراوه و به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌کان نه‌ماون یا زۆر له پاشیان داوه.
ئه‌وان به‌بێ گوێدانه پره‌نسیپه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ده‌ستیان به‌سه‌ر بازاری کوردستاندا گرتووه و به سیسته‌مێکی تایبه‌تی مافییایی له‌ژێرناوی که‌رتی تایبه‌ت به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌م بازاره خراوه‌ته ژێرپێی بازرگانه گه‌نده‌له تورکه‌کان و هیدیکه له ناوچه‌که‌دا، جا گرنگ نییه ئه‌وانه کۆنه به‌عسین، تاوانبارن، دژ بهکوردن یا چین، گرنگ ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئه‌واندا گونجاوه و پاره‌ی تێدایه. به گوتنی مه‌سعود بارزانی خۆی زیاتر له 1300 کۆمپانیای تورکی له کوردستاندا هه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌بیندرێت دروستکردنی هۆتێل و گه‌ره‌ک و مزگه‌وته له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌کانی سه‌ر به خێزان و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و بازرگانه تورکه‌کان. زۆرلایه‌نی گرنگی پێویستی ئاوادهانکردنهوه و رێکخستنی گوزه‌رانی خه‌ڵک له زۆر شوێندا فه‌رامۆشکراون. له‌ماوه‌ی کارکردنیاندا زۆر کۆمپانیا گه‌نده‌ل بووه یا به‌لێنی به‌زاندووه یا دزیان له خه‌لکی کوردستان کردووه، هیچ کاردانه‌وه‌یکی سزادان له‌گه‌ل ئه‌مانه‌دا نه‌بووه، هه‌روه‌کو زۆر له به‌لێنده‌ره کورده‌کان و ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی باڵاده‌ستن و ده‌سه‌ڵاتدارن، به‌هه‌مان شێوه له‌م سکهندالانهدا پشکیان هه‌بووه، به‌ڵام هیچ سزا و لێپێچانهوهیهک له‌مباره‌یه‌وه نه‌کراوه. باجه‌که‌ی بێگومان خه‌ڵکی کوردستان و داهاتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که له‌ژێرچنگی پ.د.ک و ی.ن.ک دایه داویه‌تی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تورکیا سه‌رسه‌ختترین دوژمنی ئازادی کورده، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بازرگانه تورکه‌کان له گه‌نده‌ڵیدا باڵاده‌ستن، به‌ڵام ده‌سه‌لاتی پ.د.ک و ی.ن.ک کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه و ده‌رگه‌ی کوردستان بۆ ئه‌وان واڵایه. به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی ئابوری وه‌کو مه‌سعود بارزانی ده‌یلێت به‌هێزکردنی ئه‌م بازاره قۆرغکراو، لاسه‌نگ، ناره‌وا و گه‌نده‌ڵه‌یه که ئێستا هه‌یه.
شایانی گوتنه داهاتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان له ئاستێکی به‌رزدایه و توانایه‌کی ئابوری باش ده‌داته ده‌سه‌ت ده‌سه‌ڵات. ئه‌م داهاته به داهاتی سامانی سروشتیه‌وه هی خه‌ڵکی کوردستانه، هیچ پارت و گروپێک دایان نه‌هێناوه تا مافی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و پاوان‌کردنی ره‌وا بکه‌ن. ده‌کرا ئاوادانکردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان له چوارچێوه‌ی بازارێکی ئازادی ره‌وادا و به‌بێ پاوانکردن و قۆرغکردنی له‌لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، به‌بێ وابه‌سته‌یی به تورکیا زۆر چاکتر و ره‌واتر و به‌رهه‌مهێنه‌رتر بێت. ده‌کرا گرنگی له‌پێش به پێداویستیه هه‌ره له‌پێشه‌کانی گوزه‌رانی خه‌ڵک بدرێت و له بواری خزمه‌تگوزاریدا چاکسازی بنه‌ره‌تی بکرێن. ده‌کرا زیندووکردنه‌وه و پشتگیری به‌رهه‌مه‌کانی ناوخۆ بکرێته خاڵی گرنگ و له‌پێش، له‌هه‌مان کاتدا باج بخرێته‌سه‌ر شمه‌کی بێگانه. ده‌کرا هێنان و ناردن له ژێر کۆنترۆل و چاودێری ده‌زگایه‌کی نیشتیمانی ده‌ستپاک دابێت و رێگه له‌هێنانی خۆراکی به‌سه‌رچوو بگیرێت هتد.
مه‌سعود بارزانی گوتن له‌سه‌ر سه‌ردانی فه‌ره‌نسا ده‌کات و گوتن له‌سه‌ر باشی پهیوهدنیهکان ده‌کات. “…ماوه‌یه‌كه بانگهێشتی ره‌سمیی سه‌رۆكی (فه‌ڕه‌نسا)مان پێگه‌یشتووه‌و ئێستا كاته‌كه‌ی گونجاوه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌ردانه. بێگومان ئاگادارن كهپهیوهندییهكانمان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا له‌ئاستێكی باشدایه له‌گه‌ڵ گهلو حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا چ لهنههامهتییهكانو چ له‌كاتی سه‌رگرتنی ئه‌زموونی حكومه‌تی هه‌رێم دۆست‌و پاڵپشتمان بوونه…”
ئه‌م ولاتانه‌ی رۆژئاوا و ناوچه‌که به‌رژه‌وه‌ندیان له ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا هه‌یه، بۆیه گرنگی به په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌مباره‌یه‌وه ده‌ده‌ن. به‌داخه‌وه تائێستا له کاردانه‌وه جیهانیهکان سه‌باره‌ت به کورد نه‌بیندراوه که سه‌رانی ده‌سه‌لاتی کوردی رۆڵیکیان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بووبێت، یا جێپه‌نجه‌یان له گۆران له تێگه‌یشتنی جیهانی سه‌باره‌ت به مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد هه‌بووبێت. تائێستا لای وڵاتانی جیهان و زلهێزه‌کان کێشه‌ی کورد کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی ئێراقه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به پۆلیتیکی رابردوو و ئێستای ده‌سه‌ڵاتی ی.ن.ک و پ.د.ک ـه‌وه هه‌یه، که کار له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه ده‌که‌ن و نه‌یانتوانیووه کێشه‌ی کورد ببه‌نه ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌یی.
جگه‌له‌وه‌ی ئه‌م بازرگانییه لاسه‌نگ و ناته‌واوه‌ی له‌گه‌ل تورکیای دژ به‌کورد دروستیان کردووه، له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشکه‌وتووی رۆژئاوا یا تازهپێشکهوتووی خوارووی ئاسیا و ئه‌مه‌ریکای لاتین دروست بکرابایه به‌رهه‌می هاوکاریه‌که جۆرێکی دیکه ده‌بوو. به‌پێچه‌وانه‌ی تورکیا بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته پێشکه‌وتووانه‌دا ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی زۆر جیا و سوودبه‌خشی له لایه‌نه خزمه‌تگوزای، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و رامیاریه‌کانه‌وه ده‌بوو.
سه‌باره‌ت باری ناوخۆی کوردستان و ناره‌زایی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵک ده‌لێ: “…. ئێستا وه‌زعێك له‌كوردستان هاتۆته ئاراوه كه‌خه‌ریكه هێزو توانا‌مان لهمهساری خۆی لاببات‌و ئامانجه‌كانمان له‌به‌رچاو ون بكات …. چ سوودێكی هه‌یه كه‌به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌زموونه‌كه‌مان ناشیرین بكه‌ین‌و چ سوودێكی هه‌یه تهسوێرێكی نادروست لهههرێمو كه‌سایه‌تیی مرۆڤی كورد پیشانی خه‌ڵكی دونیا بده‌ین… پاشان ده‌ڵێ: “خهباتو تێكۆشان‌و قوربانیدانی ئێمه بۆ سهربهستیو ئازادی بووه، بۆ ئه‌وه بووه كه‌ئێمه خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆمان بین‌و كه‌ڕامه‌تی مرۆڤی كورد پارێزراو بێت، شوكور بۆ خوا له‌سایه‌ی خوێنی شههیدانو بهخهباتو تێكۆشانی هه‌موو لایه‌ك‌و دوای قوربانیدانێكی زۆر ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته‌دی، وڵاتمان ئازاده‌و ئه‌زموونی ئیداره‌و حوكمڕانیی خۆمان هه‌یه، ئه‌مڕۆ ئێمه خاوه‌نی وڵاتمانو خۆمان‌و كهسایهتیمانین….”
وه‌کو پێشتر گوتمان پ.د.ک و ی.ن.ک کوردستانیان له نێوان خۆیاندا ناره‌وا و دژ به به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کورد دابه‌شکردووه. خۆیان و که‌سوکاریان و به‌رپرسه‌کانیان هایلایڤ ده‌ژین و ئاستی ژیانیان له لوته‌که دایه. گه‌وره‌ترین هێزی تایبه‌تی سه‌ر به خۆیان و پارته‌کانیان پێکهێناوه. خۆیان له‌سه‌رووی داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌دان. مرۆڤی کورد له کوردستاندا ئازاد نییه و به‌جۆرێ له جۆره‌کان له ژێر ترس و گه‌مارۆی پارتی ده‌سه‌لاتدار دایه. جوداکاریهکی گه‌وره و ناره‌وا له نێوان ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ی بێلایه‌نن هه‌یه. کوردستان خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆی نییه، ته‌نها له پرسیاره به‌رێوه‌به‌رییه ناوخۆییه‌کاندا بریاری به‌ده‌سته. بواره‌کانی دارایی، به‌رگری، سامانی سروشتی و ده‌ره‌وه له ده‌ستی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی به‌غدا دایه و ده‌سه‌لاته سه‌روه‌ریه‌کانی له‌ده‌ست خۆیدا نییه. ئه‌مرۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد نه خاوه‌نی ولاته، نه خاوه‌نی خۆی و که‌سایه‌تی خۆیه‌تی. نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێراقدا که‌مینه‌یه‌که په‌راوێزکراوه و به‌کرده‌وه له ئاست نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا پله دوو و سێیه. راسته مه‌سعود بارزانی و ئه‌وانه‌ی وه‌کو ئه‌و ئاستی ژیانیان چۆته لوتکه، به‌لام ژیانی هایلایڤ و دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و به‌رپرسی گه‌وره‌ی بێگانه واتای ئه‌وه نییه گه‌ل سه‌ربه‌خۆیه و خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆیه‌تی.
سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ده‌لێ: “دروستكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌ك ئاسانه، به‌ڵام دروستكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی زۆر زه‌حمه‌ته، تێكدان‌و شێواندنی ناڕه‌وای كه‌سایه‌تیی مرۆڤی كورد تاوانێكه ده‌رهه‌ق به‌نه‌ته‌وه‌یه‌ك. ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه ده‌كرێت ئازادی نییه، ئه‌مه فه‌وزایه خه‌ریكه ره‌وشتی كوردیهتیو مرۆڤایه‌تی تێكده‌چێت، به‌ناوی ئازادییه‌وه به‌بێ به‌ڵگه‌و به‌بێ سه‌به‌ب هجوم ده‌كرێته سه‌ر مافی هه‌ر كهسێكو ئه‌وجا ئه‌و مافه به‌خه‌ڵك ره‌وا نابینین به‌پێی یاسا به‌رگری له‌مافی خۆیان بكه‌ن، به‌رگریكردن له‌مافی هه‌ر كه‌سێك لهڕۆژنامهنووسێك تا هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا به‌ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم…..”
مه‌سعود بارزانی دوان له‌سه‌ر هه‌ولی تێکشکاندنی که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد ده‌کات و وه‌کو تاوانێک ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی کورد سه‌یری ده‌کات. که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد پێشتر له ژێر کاریگه‌ری شه‌ری ناوخۆی کوردکوژی پ.د.ک و ی.ن.ک، پێشتر له ژێرکاریگه‌ری راکێشانی هێزی داگیرکه‌ر و وابه‌سته‌یی به داگیرکه‌ردا، ئێستا له ژێر کاریگه‌ری ده‌سه‌لاتێکی پارتپه‌رستی نانیشتیمانی، ده‌سه‌لاتێکی له کوردبوون نه‌زۆک و ماستاوچی نه‌ته‌وه بالاده‌سته‌کان، ده‌سه‌لاتێکی له بیر و هزر هه‌ژار، ده‌سه‌لاتێکی کۆنه‌پارێز، ده‌سه‌لاتێکی تابڵێی گه‌نده‌ڵ و مه‌شه‌خۆر که وه‌کو گه‌له‌گورگ به‌ربوونه‌ته سه‌ر داهات و سامانی نیشتیمانی کوردستان، ده‌بێ که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد چۆن که‌سایه‌تیه‌ک بێت! که‌سایه‌تی خودی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاله‌بانی و زۆر له به‌رپرسانی دیکه‌ی نزیکیان، که‌سایه‌تی ههمیشهبگۆر و بێپره‌نسیپ، که‌سایه‌تی بێمتمانه و لاوازن، که‌سایه‌تیه‌ک که رابردوو و ئێستایان پڕیه‌تی له تاوان، له کار و کرده‌ی دژ به مافی مرۆڤ و به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کورد. که‌سێک خاوه‌نی ئه‌م جۆره که‌سایه‌تییه بێت، ده‌بێ بتوانێ چ یارمه‌تیه‌ک بۆ دروستکردنی که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد پێشکه‌ش بکات؟
مه‌سعود بارزانی ره‌خنه‌گرتن یا نوسینی هێرشئامێز بۆسه‌ر ده‌سه‌لات و که‌سه ده‌سه‌لاتداره‌کان به تاوان به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه تێده‌گات! پێش هه‌ر شتێ ئه‌م که‌مه ئازادییه‌ی ئه‌و له ناوچه‌که‌ی خۆی رێگه‌ی داوه، ئه‌وه به‌هۆی بوونی ئه‌مه‌ریکا و مه‌رجه‌کانیه‌تی که زۆر له‌وه زیاتر داوا ده‌که‌ن هه‌بێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی پ.د.ک ئه‌مه به‌ره‌وا نابینێت، بۆیه ئه‌گه‌رچی گوشاری ئه‌مه‌ریکا هه‌یه به‌ڵام ئازادی له ناوچه‌کانی ژێر چنگی پارتی زۆر به‌رته‌نگ و سنورداره. پاشان ره‌خنه‌گرتن له هه‌ر وڵاتێک‌دا که تۆزقاڵێک ئازادی تێدا هه‌بێت بوونی ده‌بێت. ره‌خنه‌گرتن و ریسواکردنی تاوانکاری پێداویستیه‌کی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای هه‌وله‌کانی زیاتر کرانه‌وه‌یه له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا. له کۆمه‌ڵگه‌ی کراوه‌دا ره‌خنه و تانه له کار و کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵات و که‌سانی ده‌سه‌لاتدار ره‌وشی ئازادی به‌هێز ده‌کات و که‌سایه‌تی مرۆڤه‌کان به‌هێز ده‌کات، که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه به‌هێز ده‌کات، مرۆڤایه‌تی ده‌هێنێته‌وه سه‌ر رێچکه‌ی گونجاوی خۆی. مه‌سعود بارزانی ئه‌م ره‌وشه به تێکدان ده‌زانێت؟!
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری یاسا ده‌ڵێ: “…. به‌ڵام نابێ كه‌س له‌سه‌رووی یاساوه بێت‌و بیر بكرێته‌وه كه‌هه‌ندێ كه‌س حه‌سانه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كهبهكهیفی خۆیان مافی خه‌ڵك پێشێل بكهنو بوختان‌و تۆمه‌ت له‌سه‌ر خه‌ڵك بڵاوبكه‌نه‌وه …. ئه‌مه ئازادی نییه ئه‌مه خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌شه ئازاده‌یه كه‌له‌كوردستان به‌تێكۆشانی هه‌موولایه‌ك هاتۆته ئاراوه، نابێت چیتر ئه‌مه قبوڵ بكرێت، نابێ چیتر ئازادیی هاووڵاتییانو مافیان به‌ناوی ئازادییه‌وه پێشێل بكرێت….”
سه‌ره‌تا ده‌بێ بپرسین چ جۆره یاسایه‌ک؟ کێ ئه‌م یاسایه‌ی داڕشتووه و له روانگه‌ی چ دید و لێکدانه‌وه‌یه‌ک داڕشتراوه؟ یاسای به‌عس؟ یاسای پارتی؟ له کوردستاندا ئه‌گه‌ر که‌سێک یا گروپێک له‌سه‌رووی یاساوه بێت، ئه‌وه له پێش هه‌موان مه‌سعود بارزانییه، ئه‌وجا نزیکانی ئه‌و و به‌رپرسانی پارته‌که‌ی، ئه‌وجا سه‌رۆک و به‌رپرسه‌کانی دیکه‌ی ئه‌وبه‌ر و هتد. هه‌ر ئه‌وانن نه دادگا ده‌وێرێ سه‌یریان بکات و لێیان بپێچێته‌وه، نه پۆلیس ده‌وێرێ سه‌یریان بکات یا لێیان بپێچیته‌وه. هه‌ر ئه‌وانن خۆیان ده‌زگای ئاسایشی سه‌ربه‌خۆیان، ئاسایشی نهێنی پاراستن و زانیاری سه‌ر به خۆیان هه‌یه، بودجه‌ی تایبه‌تیان له داهاتی گه‌ل بۆ بڕیونه‌ته‌وه و خه‌ڵکیان خستۆته‌ژێر چاودێری و که‌نترۆلی خۆیان. رێكخستنهکانیان وه‌کو ده‌زگای سیخوری خه‌ریکی چاودێری خه‌ڵکن و رۆژانه راپۆرت له‌سه‌ر خه‌ڵک ده‌درێنه ئه‌م ده‌زگایانه. هه‌ر ئه‌وانن که‌س ده‌گرن، ده‌رفێنن، ده‌کوژن، زیندانی ده‌که‌ن، یا ده‌ترسێنن و گه‌مارۆی ده‌خه‌نه‌سه‌ر بێئه‌وه‌ی پێیانوابێ هیچ یاسایه‌کیان پێشێل کردووه. دادگا له‌مبارانه‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتی نییه و ناتوانێ له‌م کرده‌وانه‌یان بپێچیته‌وه.
راسته خه‌ڵکی ره‌شورووت و ئاسایی له‌ژێر به‌زه‌یی یاسا و بیرۆکراسیه‌تێکی زۆر کوشنده دان که به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان له بواری کۆنترۆلکردنی بیرۆکراسیانه‌ی خه‌ڵک، له سستی و ته‌مبه‌ڵی، له ئازاردانی ده‌روونی و پێشێلکاریدا له سیسته‌می ئیسلامی ئێرانی و سیسته‌می رژێمی روخاوی به‌عس ده‌چێت. بۆیه ئه‌وه راسته خه‌ڵکی بێپشتیوانی کوردستان له‌ژێر به‌زه‌یی یاسا و دادگایه‌کی بیرۆکراسی رۆژهه‌لاتی پێشێلکار و ناسه‌ربه‌خۆ و لاواز دان.
وه‌کو گوترا له کوردستاندا مرۆڤی کورد ئازاد نییه، ئه‌وان زۆریان تاوان ئه‌نجام دا بۆ ئه‌وان یاسا نه‌بوو و نییه. ئه‌وان رۆژانه له چه‌ندین لایه‌نه‌وه مافی هاووڵاتی پێشێل ده‌که‌ن، به‌ڵام یاسا و دادگا له ئاست ئه‌وان کوێر و که‌ڕ و لاڵن. مرۆڤه‌کان له ژێر که‌نترۆل و چاودێری و گه‌مارۆی ده‌سه‌لاتدان، هێز و ده‌زگای نیشتیمانی نین بتوانن هاووڵاتی له چنگی پارت و نارهواییهکانی پارت بپارێزێت.
که ده‌لێت نابێ چیتر ئه‌مه قبوڵ بکرێت، ئه‌مه پیشاندانی بێپشووییه و له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌وله‌کانی سه‌رکوتکردنی ده‌نگه ئازاده‌کان و ره‌خنه‌گرانی دژ به ده‌سه‌ڵات خۆش ده‌کرێت. که ده‌گوترێت نابێ چیتر ئه‌مه قبول بکرێت، کانون و دادوه‌ری له‌ده‌ست دادگا ده‌سه‌ندرێت و راده‌ستی هێزی سه‌ر به پارت ده‌کرێت. چونکه ئه‌گه‌ر کانون و دادگا ده‌سه‌لاتیان هه‌بێت، ئه‌وه ئیتر دادگایه له‌ئه‌گه‌ری بوونی سکالادا و دواجار له‌ئه‌گه‌ری بوونی پێشێلکاریدا به‌کاری سزادان هه‌لده‌ستێت، نه‌ک ده‌سه‌لاتدار یا هێزی سه‌ر به پارت.
سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌گرتن له ئایین ده‌ڵێ: “له‌كوردستاندا قیه‌می رێزگرتن له‌بیروباوه‌ڕی یه‌كتر رهگو ریشه‌ی له‌مێژوو و كه‌لتووری ئێمه‌دا هه‌یه، به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی شێواندنی ئه‌و قیهمهش ده‌درێت، زێده‌ڕۆیی هه‌ندێجار ده‌گاته ئه‌و حه‌ده‌ی كه‌سوكایه‌تی به‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام بكرێت، له‌كوردستاندا به‌وه سه‌ربه‌رزین كهفهرههنگمان فه‌رهه‌نگی تهساموحو پێكه‌وه‌ژیانه، جیاوازی نییه له‌نێوان ئاینه‌كان، نابێ سوكایه‌تی به‌هیچ ئاینێك بكرێت جاچ بگاته ئاینی پیرۆزی ئیسلام كه‌ئاینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه. تێپه‌ڕاندنی ئه‌م سنوورانه له‌مه‌ودوا قابیلی قبوڵ نییه‌و ده‌بێ رێز لهمهشاعیری خه‌ڵك بگیرێت، ئێمه پێشوازی له‌ڕه‌خنه‌ی ئیجابی ده‌كه‌ین‌و پێمان باشه كه‌موكوڕییه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام وه‌زعه‌كه له‌وه ده‌رچووه‌و بۆته ناشیرینكردنی سه‌رتاپای وڵات، تۆمه‌ت ههڵبهستنو ناووناتۆره دروستكردن بۆ یه‌كتری په‌یوه‌ندیی به‌ڕه‌خنه‌و ئازادیی راده‌ربڕین نییه ….”
سه‌ره‌تا ده‌بێ بپرسین ره‌خنه‌ی ئیجابی چییه و چ جۆره ره‌خنه‌یه‌ک به ئیجابی تێده‌گه‌ن؟ کێ ئه‌م پێناسه‌یه ده‌کات و سنوره‌کان دیار ده‌کات؟ واپێده‌چێ ده‌سه‌لاتی پ.د.ک ره‌خنه و تانه سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ر و بابه‌ته‌کانی په‌یوه‌ستدار به ئیسلام به‌ره‌خنه‌ی ئیجابی نابینێت. به‌مجۆره له‌مباره‌یه‌وه ره‌خنه سنوره‌کانی زۆر به‌رته‌نگ و سنوردار ده‌کرێت.
سه‌باره‌ت به رابردوو، له کوردستاندا هه‌رگیز سیسته‌می دیموکراسی یا ئازادی و کراوه‌یی پێشتر له مێژوودا بوونی نه‌بووه، که‌لتوری کورد وه‌کو که‌لتوری گه‌لانی دیکه‌ی ناوچه‌که که‌لتورێکی موسولمانی و کۆنه‌پارێز بووه، له‌م که‌لتورانه‌دا پشووته‌نگی و داخراوی زاله. هه‌رگیز له کوردستاندا له‌سه‌رده‌می ژێرده‌سته‌ییدا تا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌تواندراوه ره‌خنه له بیروباوه‌ری ئایینی بۆ رایگشتی راکشاوانه ده‌رببردرێت. له ناوه‌راستی هه‌شتاکاندا عه‌بدولخالق مه‌عروف ته‌نها ئاماژه‌ی به هه‌ندێ فاکت سه‌باره‌ت به هه‌لسوکه‌وتی پێغه‌مبه‌ری موسهلمانان کرد، مه‌لاکان خوتبه‌یان دژی دا و پاشان رژێمی به‌عس گیانگهشی کرد. ئایینه که‌مینه‌کان له کوردستاندا له‌رابردوودا جوداکاری زۆریان له‌گه‌ڵدا کراوه،هێرشیان کراوه‌ته‌سه‌ر، تاوان و پێشێلکاریان له‌به‌رامبه‌ردا کراوه، ئێستا به‌هه‌مان شێوه جوداکاری و پێشێلکاری له‌به‌رامبه‌ریاندا چ وه‌کو که‌س یا گروپ ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی بۆ بیرباوه‌ری ئیسلام کراوه‌یه و ئازاده بۆ ئه‌وان وانییه. بۆنمونه ئێزدیه‌کان دژایه‌تیان ده‌کرێت و رقی ئایینی له به‌رامبه‌ریاندا له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پ.د.ک که له‌گه‌ڵیدا کۆنه‌پارێزی به‌هێزتر بووه، زیاتر بووه. کرێکاری ئێزدی بۆ په‌یداکردنی کار ناچاربووه درۆ بکات و بلێ من موسوڵمانم تا جوداکاری له‌گه‌ڵدا نه‌کرێت. ئه‌و کرێکار و که‌سانه‌ی له شاره موسوڵمانه‌کاندا کاریان ده‌کرد زۆربه‌یان له‌به‌ر ئه‌م رق و جوداکارییه نه‌مانه‌وه و رۆیشتن. رێکخراو و گروپه کریستیانه‌کان له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان پشتگیری ده‌سه‌ڵاتی پارتی ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن کێشه‌یان بۆ دروست ده‌کرێت. ئایین و برواکانی دیکه که هه‌ن پشتگیریان ناکرێت و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان زۆر که‌میان سه‌باره‌ت ده‌زانێ یا ته‌واو لێیان بێ ئاگان. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی گرنگی پێده‌دات و لایگرنگه ئه‌وه‌یه یه‌کلایه‌نه و بێرهخنه دابونه‌ریته کۆنه‌کانی سه‌ر به که‌لتور و ئایینی ئیسلام و لێکدانه‌وه ئیسلامیه‌کان وه‌کو باشترین و بێهاوتاترین تێگه‌یشتنی ره‌وا ده‌رخواردی خه‌ڵک بدات. ئه‌گه‌ر یه‌کسانی و رێزگرتنی به‌رامبه‌ر هه‌یه، بۆ ئه‌و پشتگیری و هاوکارییه بۆ بیروباوه‌ر و ئایینه‌کانی دیکه به‌ره‌وا نابیندرێت؟ بۆ رێگه له لێکدانه‌وه و ره‌خنه مۆدێرنه‌کان سه‌باره‌ت به ئایین ده‌گیرێت؟
ره‌خنه‌گرتن له ئایین له کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و کراوه‌دا ئاساییه، هه‌روه‌کو له‌م کۆمه‌ڵگانه‌دا ئازادی ده‌ربرین که ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی خه‌ڵک ده‌کرێت بۆنمونه ئایین و بابه‌ته په‌یوه‌ستداره‌کانی ئایین له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌چێته خانه‌ی دیباتی ئایینی و سزای له‌سه‌ر نییه ئه‌گه‌رچی ده‌ربرین و دیبات ئاراسته‌ی ناگونجاویش بگرنه‌به‌ر. بۆیه له ئازادی ده‌ربریندا سنور بۆ ره‌خنه‌ی گونجاو و نه‌گونجاو داناندرێت. خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی چۆن تێگه‌یشتنی خۆیان سه‌باره‌ت به ئایین ده‌رده‌برن یا چۆن ره‌خنه‌ی لێده‌گرن. بۆنمونه ره‌خنه‌گرتن له هه‌لسوکه‌وتی پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان و کرده‌وه‌کانی نابێ سزای له‌سه‌ر بێت یا بگوترێت ئه‌مه سوکایه‌تییه به ئایینی پیرۆزی ئیسلام، چونکه ئه‌گه‌ر وابێ، له‌مباره‌دا ئازادی ده‌ربرین بوونی نییه. ئایینی ئیسلام وه‌کو هه‌ر ئاینێکی دیکه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه هاتووه و په‌یوه‌ندی به ژیانی مرۆڤه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، بۆیه مرۆڤ مافی خۆیه‌تی پرسیار بکات و ره‌خنه بگرێت، مێژوو و بروا یا کرده و رێتواله ئایینیه‌کان بداته‌به‌ر ره‌خنه، یا ئاره‌زووی ئه‌م ئایینه بکات یا نه‌کات. له باری پێشێلکردندا له‌باری زۆر تایبه‌تدا، وه‌کو هاندان بۆ کاری تووندووتیژی دژ به گروپێکی ئایینی، ئه‌م ده‌ربرینه له به‌رامبه‌ر دادگادا به‌رپرسیاره و دادگا له ئه‌گه‌ری بوونی سکالا یا پێشێلکاری گشتی لێپێجانهوهی یاسایی ده‌کات.
مه‌سعود بارزانی و پ.د.ک مافی خۆیانه کۆنه‌پارێز بن و به‌رگری له کۆنه‌پارێزی بکه‌ن، به‌لام رێگه‌گرتن و گه‌مارۆخستنه‌سه‌ر ئازادی ده‌ربرین له‌ژێرناوی به‌رگری کردن له ئایین و نۆرمه کۆنه‌کان، پێشێلکردنی مافی ئازادییه و قه‌ده‌غه‌کردنی ئازادی ده‌ربرینه. رێگه‌گرتن به ره‌خنه و تێگه‌یشتنه مۆدێرنه‌کان سه‌باره‌ت به ئایین، هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵکه له کۆنه‌پارێزی، تاریکی و نه‌زانیدا. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وه‌کو هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه توانای گۆڕان و کرانه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ڵام که ڕێگه به‌م گۆران و کرانه‌وه‌یه نادرێت، ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه ده‌خوازێ و سه‌پاندوویه‌تی.
سه‌باره‌ت به گیانگه‌شکردنی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ڵێ: “…. ئه‌و گرژی‌و ئاڵۆزییه‌ی ئه‌و ماوه‌یه كه‌له‌كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدا له‌ڕاستیدا ئیستغلالی رووداوێك بوو بۆئه‌وه‌ی ئیمتیازاتی سیاسی له‌سه‌ر حیسابی خوێنی گه‌نجێكی كورد به‌ده‌ستبهێنرێت، رووداوی تیرۆركردنی جوانه‌مه‌رگ سه‌رده‌شت عوسمان لهقالبی خۆی ده‌ربڕاو هیچ رێزێك له‌یاساو ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه نه‌نرا، ناكرێ هه‌موو شتێك ئیستغلال بكرێت‌و فه‌وزا دروستبكرێت‌و رێگه بده‌ن بۆ ئه‌و رووداوه یاسا ده‌ور ببینێت، من له‌هه‌موو كه‌سێك زیاتر ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانه ده‌كه‌م، به‌رپرسیاریه‌تیی ئێمه‌یه هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ ده‌ستگیركردنی تاوانباران‌و راكێشانیان بۆ به‌رده‌م دادگا….”
سه‌باره‌ت به گیانگه‌شکردنی سه‌رده‌شت عوسمان، به‌لگه‌کان و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که په‌نجه بۆ که‌سان و هێزی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات ئاراسته ده‌که‌ن. پێشتر خودی بارزانی و به‌رپرسانی دیکه هه‌ره‌شه‌یان له ره‌خنه‌گره زمان زبره‌کان کردووه. له کوردستاندا هێزی تایبه‌ت هه‌ن و ده‌توانن خه‌ڵک له‌ماله‌که‌ی خۆیاندا به زۆر ده‌ربهێنن و بزری بکه‌ن. هه‌ر بۆنمونه هه‌ر له‌م رۆژانه هه‌ندێ چه‌کداری سه‌ر به سوپای بارزان چوون له شارۆچکه‌ی کۆڕێ مه‌لایه‌کیان له ناو ماله‌که‌ی خۆیدا ده‌رهێنا و به زۆر بردیان، چه‌ند رۆژ شوێنی دیار نه‌بوو (به‌پێی هه‌واڵێک که له رۆژنامه‌ی هاولاتی بلاوکرایه‌وه).
ده‌سه‌لات به‌رپرسیاره له پاراستنی گیانی هاولاتیان، بۆیه مافی ره‌وای خه‌ڵکه رووی توره‌ییان له ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و داوای وه‌لامی لێبکه‌ن. ناره‌زایی ده‌ربرینی خه‌ڵک ده‌بێ به چاوی به‌رپرسیاریه‌وه سه‌یری بکرێت و وا‌بکات ده‌سه‌ڵات به‌خۆیدا بچێته‌وه، نه‌ک هه‌ره‌شه‌کردن له‌م خه‌ڵکه و تاوانبارکردنی به پیلانگێر و ده‌ستی دوژمنان، وه رێگه‌خۆشکردن بۆ لێدانی لایه‌ن و گروپ.
ئه‌و به‌یانه‌ی پ.د.ک ده‌ریکرد، هێمای بۆ بێهاوتایی و بالاده‌ستی پ.د.ک له کوردستاندا کرد، پشووته‌نگی پارتی ده‌رخست و هه‌ره‌شه‌ی پاکسازی به خه‌ڵک پیشاندا. له ولاته دیکتاتۆره‌کاندا به‌مجۆره زمانه دژ به که‌مینه‌کان یا به‌رهه‌لستکاران ده‌دوێن، که زۆرجار تاوانی پاکتاوکردنی به‌شێکی دیاری خه‌ڵک ئهجامهکهیهتی. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و ئه‌سه‌دیش له ئێران و سوریا پێیانوایه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌وان پێشکه‌تووترین و باڵاترین و سه‌رکه‌وتووترین ده‌سه‌ڵاته و هه‌ر ئه‌وانن شادی و ئاسووده‌ییان بۆ خه‌ڵک به‌دیهێناوه. پاشان له‌گه‌ڵ بوونی ترس و گه‌مارۆی جۆراوجۆری ده‌سه‌لات، خه‌ڵک له هیچه‌وه ناچیته سه‌ر شه‌قامه‌کان. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خه‌ڵکی له‌پشت نه‌بێت، هێمایه بۆ لاوازی ناسنامه‌ی ئه‌م ده‌سه‌لاته.
پاشان وه‌کو بڵێی گومانی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه، ئاماژه به ره‌وایه‌تی سه‌رۆکایه‌تی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ: “بۆ من جێگه‌ی شانازییه كهتوانیومه متمانه‌ی 70%ی گه‌لی كوردستان به‌ده‌ستبێنم، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌سكه‌وتێك له‌ده‌سكه‌وته‌كانی تر به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و رهنجو تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مانه، بۆیه‌شه رێز له‌متمانه‌و ویستی گه‌ل ده‌گرم ئه‌و پۆسته بهپێگهیهك ده‌زانم بۆ سه‌روه‌ریی گهلو پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی…. من به‌پشتبه‌ستن به‌و شه‌رعیه‌ته‌ی میلله‌ت پێی‌داوم ماف‌و ئازادیی هاووڵاتییان ده‌پارێزم و رێگه‌ناده‌م كه‌س یاری به‌ئاسایشی هه‌رێم بكات….”
چۆن ئه‌م سه‌دا حه‌فتایه به‌ده‌ست هات؟ ئایا خه‌ڵک ئازادانه چوون ده‌نگیان دا و به ئاشکرا وێرایان بلێن ده‌نگمان به‌کێدا؟ ئایا رێژه‌ی به‌شداری خه‌ڵک له ههلبژادندا چه‌ند بوو؟ ئایا ئه‌وانه‌ی ململانێی سه‌رۆکایه‌تیان ده‌کرد هه‌موو ئه‌م یارمه‌تی و هاوکارییه‌ی که بۆ مه‌سعود بارزانی کرا بۆ ئه‌وانیش کرا؟ ئایا هه‌لبژاردن له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتیمانیدا یا پارتگهرادا به‌رێوه‌چوو؟ گومان له‌وه‌دایه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سعود بارزانیدا بن. به‌پێی زانیاریه‌کان هێزه‌تایبه‌ته‌کانی پارتی له کۆتایی کاتژمێره‌کانی هه‌لبژاردندا ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی بنکه‌کاندا گرت و به‌سه‌دان هه‌زار ده‌نگ ساخته‌کرا. ئه‌م سه‌دا 70 یه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌مشێوه‌یه به‌ده‌ست هات. سه‌یره ئه‌و ئێستا ئه‌م ئه‌نجامه به‌خه‌ڵک ده‌فرۆشێته‌وه و ده‌یکاته سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی ئه‌گه‌ری کاردانه‌وه‌کانی له داهاتوودا. سه‌دا حه‌فتا رێژه‌یه‌کی زۆره و گومان له پاکی ئه‌نجام دروست ده‌کات، ئه‌گه‌ر له وڵاتی دیکه‌شدا بێت. زۆر سه‌خته که‌سێک له‌وه‌ته‌ی یه‌کێتی و پارتی پێکهاتوونهوهتهوه و ده‌سه‌لاتیان له دوای رووخانی سه‌دامه‌وه دروستکردووه به رێکه‌وتنی خۆیان کردویانه‌ته سه‌رۆک ئه‌م ئه‌نجامه به‌ده‌ست بهێنێت، له‌کاتێکدا زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌و و پارته‌که‌ی ئه‌و بێزارن. بۆ به‌لگه‌ی ئه‌م گوتنه د. که‌مال میراوده‌لی به خۆی و مۆبایله‌که‌وه له ناوچه‌ی سلێمانی و رانیه و ناوچه‌کانی که له‌ژێرده‌ستی پارتیدا نین که جۆرێک له ئازادی تێداهه‌بوو هه‌لبژاردنه‌که‌ی برده‌وه و ده‌نگی له‌و زیاتر هێنا. له‌لایه‌کیتر ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ی ئه‌و گوتنی له‌سه‌ر ده‌کات، په‌یوه‌ندی به خوێنی شه‌هیدان و رهنجوتێکۆشانی گه‌له‌وه نییه، چونکه ئه‌وه هه‌لبژاردنی یه‌که‌می دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش نییه.
سه‌باره‌ت به یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌کان و ئاسایش ده‌ڵێ: “….لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم به‌ڕێزتان ئاگاداربكه‌مه‌وه كه‌پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاسایش‌و دروستكردنی یه‌ك له‌شكری پێشمه‌رگه بۆ هه‌رێم بهرهوپێشهوهچووهو زۆر به‌جدی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌و ده‌بێ زۆر به‌دیقه‌ت هه‌نگاوی بۆ بنێین….”
مه‌سعود بارزانی دان به‌وه‌دا ده‌نێ که هێشتا هێزه‌چه‌کداره‌کان دوو به‌شن، به‌شێکیان سه‌ر به پارتین و به‌شه‌که‌یتر سه‌ربه یه‌کێتین. دیاره ئه‌وان له 1998 به یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا پێکهاتنه‌وه، له‌وساوه تائێستا نه‌یانتوانیووه ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتیمانی و سوپایه‌کی نیشتیمانی دروستبکه‌ن. ئێساش له سلێمانی یه‌کێتی و له هه‌ولێر پارتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌کین. به‌مشێوه‌یه‌ی که ئێستا ئه‌م هێزانه یا داموده‌زگاکانی ئه‌م دوو پارته هه‌ن، یه‌کیش بگرنه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌ده‌ردی ئه‌زموونی ففتی ففتیهکهی پێشویان بچنه‌وه. هێز و داموده‌زگاکان له‌ژێر کاریگه‌ری پارت و بریاری پارت دروستکراون، پارت بریارده‌ره و سه‌رۆکه‌کان گوتنی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان لایه. بۆیه ئه‌م داموده‌زگا سڤیل و سه‌ربازییه‌ی که هه‌ن له‌ژێر ره‌خنه‌ی زۆردان و بنچینه‌یان دروست نییه.
مه‌سعود بارزانی دوان له‌سه‌ر هه‌ستیاری بابه‌تی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێز ده‌کات! ئه‌مه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه که واده‌کات که ئه‌وان ئاماده نه‌بن له پێناوی گه‌ل و نیشتیمان ده‌ست له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کانیان هه‌لگرن. ئه‌وان ئێستاش دوای 19 ساڵ فه‌رمانره‌واییان ئاماده‌نین ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و پارتگهرایان بن. ئه‌وان له رێگه‌ی ئه‌م هێزانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و رامیاریهکانیان ده‌پارێزن، ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه تایبه‌تانه نه‌بن، چاره‌نوسیان باش نابێ. ئه‌گه‌رنا بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره. بۆ له وڵاتانی ئازاد و کراوه‌دا پێکهێنانی هێزی پۆلیس و سه‌ربازی پرسیارێک نییه کێشه دروست بکات.
له کۆتاییدا ده‌ڵێ: “….له‌و وڵاته‌دا یاسا ده‌بێ سه‌روه‌ر بێت بۆ ههمووانو كه‌س له‌سه‌رووی یاسا نه‌بێت، ئازادی هه‌یه‌و خه‌ڵك مافی ناڕه‌زایی دهربڕینو ره‌خنه‌گرتنیان هه‌یه، به‌ڵام رێگه نادرێت قیه‌می میلله‌تێك تێكبدرێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و قیهمانه ناگونجێ، رێگه‌ی یاسایی بۆ هه‌ر تاكێكی كورد كراوه‌یه، به‌ڵام نابێت پێشێلكردنی یاسا دوای هه‌ر رووداوێك ببێت به‌دیارده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی…”
گریمان سه‌رۆک سه‌دا 70ی خه‌ڵکی له‌گه‌لدایه و خه‌ڵک پشتگیری ته‌واوی سه‌رۆک و کار و هه‌نگاوه‌کانی ده‌که‌ن. به‌لام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه که ئیتر نابێ که‌س ره‌خنه‌ی تووند بگرێت و ده‌بێ ره‌خنه‌کان بچێنه ئه‌م “چوارچێوه ئیجابییه‌ی” سه‌رۆک ئاماژه‌ی بۆده‌کات. خه‌ڵک ئه‌گه‌ر چه‌ند که‌سێک بن یا زۆر ئازادن به رێگه‌ی جۆراوجۆر ره‌خنه و تانه یا هێرشی ره‌خنه‌گرانه‌ی تووند ئاراسته‌ی سه‌رۆک و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی و ده‌سه‌لاته‌که‌ی و ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ش بکات که ئه‌و پێیدا ههلدهڵێت. خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ورد و درشتی کار و کرده‌وه‌کانی ئه‌و ناته‌با بێت، رێگه‌گرتن له‌مه واتای نه‌بوونی ئازادی ده‌ربرین و دیموکراسییه.
پاشان دێت و به‌خه‌ڵک ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر تاوانی دیکه‌ی له‌م شێوه‌یه روویدا مه‌یه‌نه سه‌ر شه‌قامه‌کان و خۆپیشاندان مه‌که‌ن، چونکه ئه‌مه پێشێلکردنی یاسایه. له کوردستاندا مرۆڤ زۆرن ناره‌وا ده‌کوژرێن و له‌ناوده‌بردرێن، بۆنمونه ئه‌و ژنانه‌ی ده‌سوتێن و ده‌کوژرێن. به‌ڵام به‌هۆی زالبوونی کۆنه‌پارێزی له کۆمه‌ڵگه‌دا و لاوازی تێگه‌یشتن سه‌باره‌ت به ئازادی و مافی ژنان، خه‌ڵک نایه‌نه سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌و تاوانانه ده‌درێنه ده‌ست دادگای لاواز و ناسه‌ربه‌خۆ یا رێكکه‌وتنی خێڵه‌کیانه‌ی ناره‌وا. بۆ گیانگه‌شکردنی سۆران و سه‌رده‌شت خه‌ڵک جوڵا و ده‌نگی بێزاری و ناره‌زایی دژ به‌ده‌سه‌لات به‌رزکرایه. له‌مبارانه‌دا خه‌ڵک هوشاریهکهی له ئاستی پێویست دابوو و هه‌ستی به پێویستبوونی کاردانه‌وه کرد. ئه‌و که‌سانه هه‌ڵگری خه‌می گه‌ل بوون، بۆیه تاوانکردن به‌رامبه‌ر به‌م که‌سانه و گیانگهشکردنیان تیرۆر و ئازاردانی گه‌ل بوون. بۆیه شه‌پۆله‌کانی بێزاری و ناره‌زایی خه‌ڵک ته‌قیه‌وه. به‌ده‌نگهاتنی خه‌ڵک ئه‌وه ده‌رده‌خات هوشیاری خه‌ڵکی کوردستان گه‌یشتۆته ئه‌م ئاسته‌ی که به‌رامبه‌ر به تاوانی له‌م شێوه‌یه چیتر بێده‌نگ نه‌بێت.
شاخه‌وان شۆڕش
5 ی ژونی 2010
سەرنج بنێرە