یادی 27 ساڵه‌ی کۆچی دوایی قادر شۆڕش

له‌ ڕۆژی‌ 11ی ژونی 2010 دا 27 ساڵ تێده‌په‌رێ به‌سه‌ر کۆچی دوایی قادر شۆڕش. ئه‌و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دادپه‌روه‌ر و پیشکه‌وتووخواز خه‌باتی کرد. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ش به‌ هیوای ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتیمانی و ده‌ستپاک، به‌ هیوای کوردستانێکی ئازاد و پێشه‌که‌تووخواز و دادپه‌روه‌رین.

 بۆ خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانی ژیان و خه‌باتی قادر شۆڕش کلیکی سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هۆنراوه‌ی “لاوکی سواران”‌ له‌‌ یادی 27 ساڵه‌ی کۆچی دوایی قادر شۆڕش دا داده‌به‌زێنن

 


تێبینی:
ئەم  هۆنراوەیە لەیادی دووەم ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکمدا لەساڵی 1985 دا  نووسراوە، لەساڵی 1997 دا بەکەمێ دەستکاریەوە نووسراوەتەوە.

ئەم هۆنراوەیە گوزارشت لە ئازار و خەونەکانی ساڵی 1983 دەکات، ئەوسا شەڕی ناوخۆی کوردکوژی هەموو ناوچە ئازادرکراوەکانی باشوری کوردستانی گرتبووەوە. ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌ نامیلکه‌ی لاکی سواران له‌ ساڵی 2002 دا بلاوکراوه‌ته‌وه‌.

 

 

 

لاوکی سواران

 

چێشتەنگاو بوو

چیا، گردو دەشت

لەناو زامی ڕۆژگار بەگوڕ دەکوڵان

 

مرۆڤە هەژارەکان

لەناخی ئازاری قووڵدا

نیشانەی ڕۆژێکی ڕەشیان

لەکاروانی مێژوو دەپێکا

 

کانی و ڕووبار

لەهاوینێکی گەرمەسێردا

بەسستیەوە جێیان دەهێشت

کوزەرەی دەم کانیاوەکان

 

دار بەڕوو و مازوو

بەتەوری خواپێداوەکان

ئامادەی قوڕگی کورەکانی ڕەژوو دەکران

 

منداڵانی خۆشناوەتی

تادرەنگانێ چاوەڕوان بوون

نەهاتەوە پیری کاروان ..

 

کاتێ شۆڕش و مەبەست

بۆڕەوابوون یا نەبوون

یەخەی یەکیان دادەڕی

لەلێواری ئەستەنگی مرۆڤایەتی،

 

کاتێ ویژدان و هەست، شەرمەزاربوون

لەئاست خەباتی بەساڵاچووی کوردایەتی!

 

لەم ساتەدا

لەباوەشی ڕەشماڵێ، لەئاقاری ئاریانەدا

گیانێکی بەرز،

لەگەڵ مەرگا زۆرانێی بوو

 

لەم ساتەدا

سوارێ، پێشمەرگەیێ

تەمەنی گەییبووە لوتکەو

دوا ساتی دەچنیەوە،

 

ئاسۆ

چاویلکەی کردبووە چاو و

پەڕاوی  پەیامێکی ڕەسەنی دەخوێندەوە

 

ئاشتیش

بە دەنووکی باریکی

ژیان و خەباتی هاوێردەکردەوە

 

لەم ساتەدا

لەهەڵەمووتی بەرزەوە

 

کۆمەڵێ هەڤاڵ

ئامێزیان بۆ سوار واڵاکردو

خورپەی دڵیان گرتەخۆوە

 

قادر شۆڕش

هاکە هاکەی چل ساڵەی پێچایەوە

دای لەکەمەری توندڕەوی مێژووەوە ..

 

بزەی سەرلێوی

سواران و سوارێکی تر

یەکتریان قۆستەوە بۆکۆچێکی تر،

 

ماینەبۆریش

جڵەوی پساند و

بەگەڵ سوار کەوتەوە جارێکی تر

گرتیەوەبەر ڕەوێکی تر ..

*****

 

پیری کاروان

کەوتەخۆو نەوەستا

سەری بۆ ئاسۆ بەرزکرد،

ماینەبۆری تاودا

 

شەو منداڵانی لەیاری کرد

زەوی لەخۆر بێ بەش کرد،

ئەو ڕۆیی و نەوەستا

 

کرێکاران لەکارکران

دڵداران لەژوان ترازان،

ڕۆیی و ڕۆیی نەوەستا

 

هۆنەر لەباوەشی ووشەکانیدا

کۆڵی بۆخەونە سەمەرەکانیدا،

سوار هەر ڕۆیی و نەوەستا

 

ڕۆیی  بۆ شوێنێ

بۆ دەریای سپی و دوورگەیێ،

بۆ قوبرس و نیکۆسیا

وڵاتی  گریڤانس و ماکاریۆس،

تاچەپکە نێرگسی

بەڵێنی ئەوسایان پێبگەیەنێ

تامژدەی کوردایەتیان پێبگەیەنێ ..

*****

 

سوار ماڵئاوایی کرد

زستان جڵەوی وەرزی ڕاکێشا،

سواری پاشکۆی خەوبوو!

چەند داستانێکی

لەبۆتەی خەونیدا حەشاردا!

 

لەکوردستاندا

کاروانی ژیان، بەڕێچکەی سەختی

دەرەشیر تێپەڕ دەبوو

لە ناوەڕاستا

شەفرەی خوای شەڕی لێچەقیبوو !

 

بۆ هەژاران، بۆ پێشمەرگان

کاروانی هاتونەهات بەرپاببوو !

هەر سوار بوو، سەربازی نەناسراو بوو

بەتاوانی کوردایەتی

لەخاچ دەدران !

بۆ بەژنی کورتی پارتایەتی ..

 

زستانی ژاکاو

نووقمی خەوێکی تاڵ و ووشک بوو!

 

پیرەمەگروون، ڕەش داگەڕابوو

دیسان خۆزگەکانی کۆت کرابوون!

 

باواجی، نووقمی چەندین پرسەی ماتەمی بوو

چاوی لەگەردنی سووتاوی سەفین بڕیبوو!

 

ئاسۆس و کۆسرەت

هەڵگوردو گارە

سەرنجیان لەیاخیەکان نەدەبڕی و

بۆ نەحرەتەی سوارانی زاگرۆس گوێیان هەڵخستبوو!

 

قەندیل هەڵپەی بوو، دەکوڵاو دەکوڵا

مانشێتی قەتپاڵی شەڕی براکوژی’ بوو!

 

دەرگای تاوان

بۆ پۆلپۆتەکان لەسەر پشت بوو

 

مافە سروشتیەکان

لەژێر ڕکێفی تووندڕەواندا پێشێل بوو

 

لەسەر تا خوار ئاش لەگەڕدابوو!

شاکاری سەرکردەکان

هاڕینی ڕەشوڕووت بوو ..

 

زستان لەخەوی پڕ لەئازارا

خۆی لێ وون ببوو و گەوزی دەدا!

 

چیا تینوو بوو

کات بەسەر دەچوو

بەرگی ئاشتی بۆنەچنرابوو!

 

کانی، وێڵی ماچێکی تەڕی سەرلێوی باران بوو،

ماوەیەک بوو

لەگەڵ ڕووبارەکان ژوانیان نەبەستبوو!

 

داربەڕوو، گێوژو مازوو

چاوەڕێی پەتی سێدارەی

گوللەیەکی گڕدار بوون!

 

حەزو ئاوات

هەوڵ و تێکۆشان

شەوبەکێوی چەندین ساڵەی بەرخۆدان

ئەوا دیسان لەبەردەچوو

پێش بینینی باڵای جوانی خۆرهەڵات ..

 

خواکانی شەڕ

سەرگەورەی کوردستان بوون

دروشمی دیاریان

تاوان، پاوان بوو ..

*****

 

ڕۆژگار  سوڕاو

زستان بەسەرچوو

بزاڤی تازە، بەهار سەرجڵەوی بوو

 

بۆ کوردان  هەواڵ هات و

لەشکری سواران پێشەنگی بوو

سەرەتا دیاکۆ بوو،

لەچنگی چەپی کەشکۆڵی ماد بوو

لەناو بەرگی ئاوێستا خپ کرابوو

بەدەستی ڕاستی

گورزەکەی تووند گرتبوو، نابوویە سەرشانیەوە

کوڵمی سوور و

ماسولکەی هەڵبەزیووی سنگی موودار

ئەهریمەنی  دەڕەواندەوە

 

لەدوای ئەو، سواران بەهەزار

لەگەڵ گرمەی هەنگاوی ئەو دەجووڵانەوە

 

ئەوە خانی یە

شانی داوەتەبەر کەژاوەکەی مەم و زین

بەرەو سەرخۆبوون

هەنگاو دەنێتەوە

 

حاجی ئەسپە جڵەوپسێنەکەی زین کردووە

چاوەڕێی فەرمانە

تا بۆشارەکەی بگەڕێتەوە

دەبینرا لەناوەڕاستا،

شیرن و خەزاڵ و پەریخان

بۆ هاوسەرانیان

قەدی باریکیان داوە بەدەستەوە

 

بەدرخان لەپێش نەوەکانیەتی

هەر ئەوەندەو لەبۆتان گیرسایەوە

 

ئێزیدی ئاشکران بەسمێڵی قەفیانەوە

لایان  سانایە

ئەمجارەیان بۆهانای گەل

چەند سەدەی تر سەنگەر بگرنەوە!

 

حوزنی بەئەسپی ڕەسەنی سۆرانەوە

دەبانێکی لەبەرپشتێنی ناوە

 

قازی، سەرکردەکەی چوارچرا

سەربەرزانە

بەرزی کردوەتەوە ئاڵا

 

سوارانی تر

چاو بڕیان ناشکێنێ

هەزارانن، بێ ئەژمارن

پاسەوانی ئاسمانیی نیشتیمانن

ڕۆڵەی  ڕەسەنی  دایک و

سوارانی دەشت و شاخن

هاتوون و دەیانەوێ

سنوورە دەستکردەکان هەڵبووەشێننەوە

 

هاتوون و دەیانەوێ

ئەم  بەهارە  نەبڕێتەوە

*****

 

سوار لەگەشتەکەی گەڕابووەوە!

چاوی لێبوو

تەپوتۆزی ئەسپی سواران

هەڵمەت ئاسا بەری ئاسمانی گرتبوو!

 

گوێی لێبوو

نەحرەتەی سواران، حیلەی ئەسپ،

زرینگەو تەقەی سمی سەر تاشەبەرد

تەپڵی ئازادیان لەزارا بوو

 

سوار بەهەگبەی ئەزموونەوە

لەلوتکەی ئاوەگرد وەستابوو

 

ماینە بۆریش

لەگەڵ کێویەکان سکاڵای بوو

سوار خواستی وابوو

لەگەڵ  کوڕانی قەرات و دەشت

هەڤاڵانی بزاڤی نوێ دەست بگرێتەوە

 

مەبەستی وابوو

لەگەڵ سوارانی داستانەکانی

هەکاری و قەندیل

دەشتێو و سماقولی ڕێ بگرێتەوە

*****

 

سواران کەوتنەڕێ

بەیان گزنگیدا

سێبەری سوارانی کرد بەپەرژین

لەقەدپاڵی بەری بەرڕۆژدا

تابلۆی بەرخۆدانی دەکێشا!

 

سواران ڕۆیشتن

لەدەشت و گردۆلکاندا

لەچیاو ڕەوەزاندا

هەر داربەڕووێکیان  کەوتەڕێ

ملوانکەی نەبەزینیان کردەمل و

پەتی سێدارەیان بۆڕەشەبا هەڵدا

 

دەمیان نایە سەرلێوی دارەبەن

لەقەد هەر دانە قەزوانێ

تیئۆری کوردایەتیان نەخشاند!

 

بوون بەزنەو

چوون بەرەو جۆگەو ڕووبارەکان

وویستی کوردانیان

کردە مرواری هەڵبەزیووی

ئاوە سەرشێت و توندڕەوەکان

ناردیان بۆ دەریا و پەرلەمانی جیهان

 

سواران

دەڕۆن و دەڕۆن

ئارام ناگرن

هاوڕێیانی ماندوونەبووی خەباتن

 

خۆزگەکانیان چەمکی بەرزو

ئایدۆلۆژیای بەرخۆدانن

 

سواران

نانوون، نامرن

مردن ئاگر دەدەن، خەوتن هەڵدەواسن

 

سەرجڵەوی کەژاوەن

بۆ کوردستانێکی ئازاد  لەڕێگادان

******

 

ته‌واو