ئەم بەعەرەبکردنە ڕاگرن

#نا_بۆ_تاپۆکردنی_موڵکو_زەوی_بەناوی_عەرەبەوە

بەعەرەبکردنی کوردستان بە بەرنامە بەڕێوە دەچێت، دووبەرەکی، لاوازی و ناسەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەرگەی بۆ هاتنی شاڵاوی عەرەب کردۆتەوە، پلانێکی ڕێکخراوانەیە کە دەستی ناوخۆ و دەرەکی بە ئەگەری زۆر تێدایە. پارەیەکی زۆر بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێندرێت. واپێدەچێ دەستی وڵاتانی کەنداو، سوریا، تورکیا و ئێران و بەغدا لە پلانەکەدا هەیە. ئەم پلانە لە مێژە بە جۆرێ لە جۆرەکان هەیە، هەر بۆ نموونە دە ساڵ پێش ئێستا ئیمارات پرۆژەی دروستکردنی ئۆردووگای بۆ عەرەبە هاتووەکان لە دەشتی قەراج و کەندێناوە هەبوو. ئیمارات لە ساڵی 1992 ەوە دەستی لە رێگەی ئیخوانەکانەوە خسۆتە ناو باشوور و پارە بۆ بەئیسلامکردنی منداڵانی کوردستان خەرج دەکات. قەتەر بەپارەی زەبەلاحی خۆی دەستی خستۆتە ناو کوردستان و پشتگیری دەیان رێکخراوی ئیسلامی و بە تایبەتی ئیخوانەکان دەکات. بۆ نموونە لە داگیرکردنی کوردستاندا قەتەر پشتگیریی گەورەی دارایی داعش بوو. ئەم وڵاتانە دوو کاری بەرچاو دەکەن، یەکەم ئیسلامیزەکردن دووەم بەعەرەبکردن.

وڵاتانی داگیرکەر هەموو هەوڵێک دەدەن کوردستان ئازاد نەبێت، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەوڵی تێکشکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەدەن. هەموو بینیمان تورکیا چی بە عەفرین کرد و چۆن دیمۆگرافیای ئەوێی گۆڕی. چونکە ئەوان بوونی داوای مافی ئازادی کوردان لەهەر پارچەیەکی کوردستان بە مەترسی هەنوکەیی و ستراتیژی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان دەبینن. بۆیە واپێدەچێ ئەم بەعەرەبکردنە بە پلانی داگیرکەران و وڵاتانی کەنداوە و هەنگاوێکە وەکو ئەرک لە ئەستۆیان گرتووە، کە ڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندی ئەواندایە. وەکو سەرکەوتنی بەعەرەبکردن تێکشکاندنی خەونەکانی ئازادی کوردستانە.

ئەوەی ڕوو دەدات زۆر جیاوازە لەگەڵ کۆچی پەنابەران بۆ وڵاتانی دیکە. چونکە باشووری کوردستان سەربەخۆ نییە، کێشەی نەتەوەیی و خاکی لەگەڵ ئێراقی عەرەبیدا هەیە و هێشتا کێشەی سنوور یەکلا نەبۆتەوە. زیاتر لە سەدەیەکە شەڕ لەسەر خاک لە ئارادایە.

وڵاتانی سەربەخۆ کە کێشەی نەتەوەییان نییە و سەدان ساڵە خاوەنی سنووری جوگرافیای سیاسی خۆیانن، رێگە نادەن وڵاتەکەیان لە لایەن ئەندامانی نەتەوەیەک کە جێگەی متمانەیان نەبێت پڕبێتەوە و مولکیان لەسەر تاپۆ بکرێت. کاتێ ڕۆژئاوا هەستی بە مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆنەپارێزیی ئیسلامی لە لایەن پەنابەرەکانی ولاتانی موسڵمانەوە کرد، دەیان یاسای نوێیان بۆ بەرگرتن بەم شاڵاوەی پەنابەرە موسڵمانەکان دەرکرد.

جارێکیان هاورێیەکی فەیسبووک بۆی نووسیبووم ئەواتا ریشی سوناک خەڵکی هیندستانە و ئێستا سەرۆک وەزیرانی بریتانیایە. ئەوە تێکەڵکردنێکی خۆشباوەڕ و نەزانانەیە چونکە بریتانیا سەربەخۆیە، سوناک رەگەزنامەی بریتانی هەیە و بە ئینگلیزی دەدوێ، هەروەها سوناک شەڕ لەسەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی بریتانیا دەکات و هیچ کاری بە هیندستانەوە نییە. بەڵام عەرەب کە خۆی نەتەوەی زۆرینەی سەر بە حکومەتی چەوسێنەر بووە بەکۆمەل بێنە کوردستانێکی ناڕزگار بوو، نە ڕەگەزنامەی کوردستان وەردەگرن، نە بە کوردی دەدوێن، نە شەڕیش لەسەر بەرژەوەندییەکانی کوردستان دەکەن. بەپێچەوانەوە بەپێی تایبەتمەندی کەیسەکەی کوردستان و ئێراق ئەگەری پشتگیری حکومەتی عەرەبی بەغدا لە لایەن ئەوانەوە لە ئێستا و داهاتوودا زۆر ریالیستانەیە و چاوەڕوانکراوە. ئەوان مووچە لە بەغدا وەردەگرن و بەغدا وەکو پشتی خۆیان دەبینن. لە کاتێکدا سەرچاوەی داراییان ئەوێیە و ئێراق وەکو وڵاتی دایک دەبینن بۆ پشتگیریی ئازادی کوردستان بکەن کە دەکرێ مەترسی لەسەر ئاسایشیان دروست بکات.

ئەم شاڵاوەی هاتنی عەرەب بێگومان بووەتەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و لە کۆتاییدا بە قازانجی نەتەوەی زۆرینە دەشکێتەوە، تائێستا زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب هاتوونەتە کوردستان و هەروا بەڕێگاوەن و وا بڕوا دەرئەنجامەکان زۆر خراپ دەبن.

ئاخر چۆن دەکرێ کێشە لەسەر خاک و دیمۆگرافیا هەبێت، ماددەی 140 بە زگماکی نێژرابێت، دەسەڵاتی عەرەبی دژی جێبەجێکردنی بێت، کەچی دەرگە بۆ شاڵاوی عەرەب بۆ باشووری کوردستان بکرێتەوە و بانگاشەی درۆی برایەتی بۆ بکرێت. ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا رێگەی نادرێت لە باشووری فرۆشراودا نەبێت.

بۆ عەرەبە فەلەستینیەکان یا ئیسرائیلیەکان رێگەی ئەندامانی سەربە نەتەوەی ڕکابەر نادەن بێنە زێدی ئەوان نیشتەجێ بن؟ لە دژی ئۆردوگاکانی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستیندا تورکیا و سوریا و هەموو وڵاتانی عەرەبی هەڵایانە و پرۆتستۆی تاوانی داگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەکەن، کەچی هەر ئەو وڵاتانە هەوڵی هێنانی عەرەب بۆ کوردستان دەدەن و پشتگیری دەکەن!

ئەو عەرەبانەی پێشتر و بەر لە تەعریبی بەعس لە کوردستان بوون، مافی خۆیانە رێزیان بگیرێت و مافی تەواوی هاوڵاتیان لە کوردستاندا هەبێت.

ئەو عەرەبانەی بەعس هێنانی دەبوایە بگەڕێندرێنەوە شوێنی پێشوویان بەڵام لە لایەک دەسەڵاتی بەغدا رێگر بووە و لە لایەکی تر دەسەڵاتدارانی هەرێم گرنگییان پێ نەداوە چونکە چەور نەبوو و وەکو نەوت پارەی تێدا نەبوو.

ئەوانەی ئێستا بە شاڵاو دێنە کوردستان، راستە مێوانن و پێویستە ڕێزی مافەکانیان بگیرێت، بەڵام دەبێ مانەوەیان کاتی بێت، بە هیچ جۆرێک نابێ مولکیان لەسەر تاپۆ بکرێت. ئەگەر نا مەترسی راستەقینەی داهاتوون و وەکو بۆمبێکێی چێندراو دەبن، کە بارەکە تەقیەوە، ئەوسا دەبێ بڵێین سەد خۆزگە بە کێشەی کەرکوک.

 

شاخەوان قادر شۆڕش

١٨/٨/٢٠٢٣