سەپاندنی خێڵگەرایی لە کۆمەڵەدا

خێلگەرایی و رێ و رەسمەکانی برەویان پەیداکردەوە و ئێستا لە سایەی دەسەڵاتی نانیشتیمانی خێلگەرادا خێلگەرایی ڕەواجی زۆر زۆرە. هەر رۆژەی ئاهەنگ و فێستیڤالی عەشیرەتێکە. میریش نامەی پیرۆزباییان بۆ دەنێرن.

دەسەڵاتی خێڵگەرا هەر لە یەکەم رۆژی هاتنەوەی لە ساڵی 1991 دا، هەرچی شێخ و ئاغا و کۆنە سەرۆکجاش هەبوو بۆ خۆی ڕاکێشان و دەمی چەور کردن. دوای ئەوە ئەو شوێنانەی کێخوا و ئاغایان نەبوو بۆیان دروستکردنەوە. کەسێکیان هێنا و ناوی پیاوماقووڵیان پێوەنا و کردنیانە کێخوا و دەمڕاستی خەڵک. لەو رۆژەوە مووچەیان بۆ بڕینەوە و رێگەی دەستکەوتی تایبەتیان بۆ کردنەوە. جگەلەوەی بە بەرنامە کار لەسەر بەکۆنەپارێزکردنی بیرو لێکدانەوەی خەڵک کرا و دینی ئیسلام برەوی پێدرا، چونکە بۆ کۆنەپارێکردن و بەفیودالکردنی کۆمەڵگە دووشەشە.

خێلگەرایی و رێ و رەسمەکانی برەویان پەیداکردەوە و ئێستا لە سایەی دەسەڵاتی نانیشتیمانی خێلگەرادا خێلگەرایی ڕەواجی زۆر زۆرە. هەر رۆژەی ئاهەنگ و فێستیڤالی عەشیرەتێکە. میریش نامەی پیرۆزباییان بۆ دەنێرن.

کۆمەڵگە نوقمی کۆنەپارێزیی و خێڵگەرایی کراوە. هەموو ئەوانە بۆیە ئەنجام درا چونکە دەسەڵاتی خێڵگەرا مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی میرنشینی بەسەر خەڵکدا هەیە و دەیهەوێ ئەو بنەما و زەمینە لەبارە دروست کات کە پێگەی میرنشینەکەی رادەگرێت.

وەکو دەبیندرێت بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێ وەکو میرنشینەکانی کەنداو خۆیان خاوەن بریار و سەرمایە و دەسەڵاتی یەکەم بن و لە هەموو بوارێکدا خۆیان سەرۆک و سەپێنەر بن. بنەماڵەی بارزانی سامان و خاکی کوردستان بە هی خۆیان دەزانن و بە مافی خۆیان دەزانن دەستی بەسەردا بگرن. ئەوە بە ئاشکرا ناڵێن بەڵام کردارەکانیان ئەوەمان پێ دەڵێت. ئەوان گەرەکیانە گەل دواکەوتوو و کۆنەپەرست و خێڵ پەرست بێت. حوکمی خێل بەرێوە بچێت و فەرمان لەوان وەرگرن خەلک و ئاغاکان ملکەچی خۆیان بن، وەکو خۆیان دەسەڵاتی باڵای بڕیاردەرن.

بۆ خەڵک دادگا لاشەیەکی لاوازە و یاسا نووسراوەکانیش تەنها لەسەر کاغەزن، سوڵحی عەشایەری و ئەنجومەی کۆمەڵایەتی چارەسەرە خێڵەکیەکان ئەنجام دەدەن. بەڵام خۆیان نا ئەوان لە چین و ئاستێکی بەرزترن و لەسەرووی دادگا و یاسا و رەعیەتن.

یەکێتی لەسەرەتاوە بەدوای پارتی و بنەماڵەی بارزانی کەوتووە و لاسایان دەکاتەوە، بەڵام لە دواوە تۆز دەکات و چەندی دەکات بەوان ناگات. هەرچی بنەماڵەی بارزانی کردیان ئەوانیش لاسایان کردنەوە، بەڵام وەکو ئەوانیان پێ ناکرێت. یەکێتی وای لێ هاتووە بنەماڵەیەک بەرێوەی دەبات، کوڕەکانی مام جەلال سەرۆکن و بڕیاردەرن. بەڵام لای ئەوانیش یاسای خێلگەرایی بەکارە. “برا پێشێ ئامۆزا دێت”. یەکێتی وەکو پارتی برەو بە کۆنەپاریزی و خێلگەرایی دەدات. شەڕ لەسەر پەیداکردنی پشتگیری و پێگەیە، ئەگەر فڵان سەرۆک خێل بچێتە لایان خێلەکەشی دەبێتە پشتیوانیان، سیاسەتێکە و لە کۆنەوە جەلالی و مەلایی پیادەی دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە.

بۆ دەبێ کۆمەلگەی کوردی دوای دەیان هەزار گیانبەختکردن بۆ ڕزگاریی، بەو دەردە ببردرێت و گەوج و دواکەوتوو بکرێت، دەستوور و رێسای ژیانی عەرەبی بەدەوی و کەنداوی بۆ هاوردە بکرێت، بە یاسا و داوی خێڵگەرایی دەوردرێت و بۆنی فیودالیزم هەناسەی ئازادی و کرانەوە بخنکێنێت. ڕیسی سەد ساڵەی خەباتی یەکسانی و ئازادیان بکرێتەوە خوری و خوریەکەش بۆگەن بکەن.

ناچارکردنی کۆمەڵگە لە هەر هەنگاوێک بۆ دواوە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت. چونکە دەبێ کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببردرێت، کرانەوە، ئازادی و یەکسانی، هۆشیاریی و زانست لە نێویدا بەهێز بکرێت. بەداخەوە پێچەوانەکەی سەپێندرا.

وێنەکە: بە بریاری مەسعود بارزانی مەلەوانگەیەک بە چیمەنتۆ پڕکرایەوە، چونکە دوو کچ بە جلی مەلەکردن مەلەیان کردبوو، ئەوەش لە دیدی خێلگەراو و ئیسلامی مەسعود بارزانیەوە دژی عورف و عاداتی کۆمەڵگەیە.

 

شاخەوان قادر شۆڕش

١٧/٨/٢٠٢٣