لە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالیستدا

بزوتنەوەی سۆسیالیست لە 8/8/1976 دامەزراندی خۆی ڕاگەیاند. یەک لە پەیامەکانی نەهێشتنی دووبەرەکی مەلایی و جەلالی بوو، پێیوابوو دەتوانێ ئەم پەتایە لەیەخەی باشووری کوردستان بکاتەوە. بەداخەوە لەبەر گەلێ هۆکار سەرنەکەوت. ئەو سۆسیالیستەی ئێمە دەمانناسی لە ساڵی 1992 نەما و بووە مێژوو.

سەیرکەن ئێستا ساڵی 2023 یە و دووبەرەکی مەلایی و جەلالی چۆن خەریکە کوردستان بە گەل و نیشیمانەوە بەرەو هەڵدێر و تێکشکاندن دەبات. خاک و سەرمایەیان دانەدەست بەڵام چونکە هەو نەبوون لە جیاتی بنیاتنانی ناسیۆن، ئەوەی هەشبوو هەتکیان کرد و تێکیان دا. بۆیە تاکو ئەوانە هەبن باشووری کوردستان یەکگرتوو و سەرکەوتوو نابێت.

لە سایەی حوکمی مەلایی و جەلالیدا:

یەکێ پیاوی سوڵتان و یەکێ پیاوی ئایەتولڵایە، ئیتلاعات و میت لە باشووری کوردستاندا تەڕاتێنیانە و فەرمانیان ڕەوانە، کەی بۆیان ڕێککەوت ئاوارەکانی باکور و ڕۆژهەڵات تیرۆر دەکەن، گوایە کار و قسەی مەمنوع دەکەن. ئاغای دەرباریش بزە لە ژێر سمێڵیەوە دێت.

بەهیمەتی ئیسلامییەکان و پشتگیریی ئاغای مەلایی و جەلالی، لەچکە بووە حیجاب و حیجابیش خەریکە دەبێتە نیقاب. تا داخراو بیت و لە دونیا دابڕێیت خێری زیاترە.

هاوڵاتی کورد مووچەی نییە و هەشی بێ ناگاتە نیوەی مانگ، دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو و خاوەن مووچە عەرەبە هاتووەکان، مولک دەکڕن و کارگە دەکەنەوە و پۆزیش بەسەر خەڵکی رەسەنی کوردستاندا لێ دەدەن. بەکورتی هاوڵاتی کوردستان نەدار و ڕەزیل کراوە و چاوی لە پارەی دەستی عەرەبەکانە. کورد مولکی خۆیان بە پارەی باشتر دەفرۆشنە عەرەبەکان. خاک فرۆشتن و بەعەرەبکردنی “ئارەزوومەندانە” بەگەرمی لەسایەی پارەی وڵاتانی کەنداو لە ئارادایە.

لە میدیاکانی وڵاتدا شیکار و لێکدانەوەی زانستی زانکۆکان وەکو قەلەڕەشی شەوانن و نابیندرێن، کەچی قسەی بۆش و راسیستانە و تێکشکێنەری مەلا سەلەفییەکان زۆر بە زەقی گرنگییان پێ دەدرێت و بڵاودەکرێنەوە.

بەزیاد نەبێ هەمووی دکتۆر و پرۆفیسۆرن کە چی لە شیکار و چارەسەرەکان ئاماژە بە گوتن و فەرموودەی عەلی و عومەر دەکەن. لە سایەی دینەکەی محمەد و عەلی و عومەردا 1400 ساڵە شیعەو سوننە یەکتر دەکوژن و لە خوێنی یەک واپێدەچێ قەت تێر نابن، بەڵام کاکی پرۆفیسۆر پێی وایە ئەوان زۆر حەکیم بوون.

ئەوانەی کوردیان بە کۆمەڵ کوشت و ئەنفال کرد، بە قەولی خۆیان هەموو لە لای خۆیانن، کا مەسعود و مام جەلال زۆر میهرەبانانە باوەشیان بۆ کردنەوە، وەکو دوو سەرۆک خێڵی دڵسۆز قسەی خۆیان گەیاندە سەر، پەنایان دان و دژی گرتن و دادگاییان وەستانەوە. ئێ هەموو لە توخمی خۆیانن و هاتنەوە باوەشی باوکی دڵسۆزیان.

کا مەسعود زۆر دڵسۆزی قوربانیانی جینۆسایدە، ئەدی خۆی لە ژێر سەرپەرشتی خۆیدا کۆنفرانسی بۆ کوردە فەیلییەکان ساز نەکرد! چ قەیدییە ئەگەر بکوژ و تاوانبارەکانی ئەنفال و فەیلییەکانی لەم دیو شاردبێتەوە.

کرێکاری بێگانە بە کۆمەڵ لەدەرەوە بە پارەی زیاتر دەهێنن و دادەمەزرێنن، بەڵام کرێکاری خۆماڵی بە پارەی کەمتریش دانامەزرێنن. نەدارکردن و زەلیل کردنی گەل بە پلانە گەلۆ.

زیندانەکانیان پڕکردووە لە خەڵکی بێ تاوان، رۆژنامەنووس دەگرن و تاوانی بۆ هەڵدەبەستن. باسی ئەوانەش ناکەین کە بزربوون و نەهاتنەوە. قوتابی باشی تاران و ئەنقەرەن.

حاشاکی قەلە ڕەش وەک قەلە ڕەش هەردوو بەرە بە یەکتر دەڵێن ڕوو رەش و ناپاک، 31 ئاب، 16ی ئۆکتۆبەر بە ڕووی یەک دادەنەوە، گوایە تاوانەکانی دیکەیان کەمتر قێزەوەنن. ناپاکی نا! ئەنگۆ ئێستا ناپاکچین چونکە ئەنگۆ بە کاری ناپاکی دەژین.

.خۆیان لەسایەی دزی و تاڵانی سامان و وڵاتفرۆشی ملیاردێرن، لە کوردستان کوێیان بوێ دەستی بەسەردا دەگرن و کەسیش بۆی نییە فزە بکات. خاوەن سەرمایە و کارگەی زۆرن، قاچێکیان لە دوبەی و ئەبوزەبیە و یەکیان لە ئەنقەرە و تارانە.

لەوەتەی هەن شکست لە دوای شکست تۆمار دەکەن، نەهامەتی لە دوای نەهامەتی بەسەر گەلدا دەهێنن، بەڵام هێندە ترسنۆک و بێ غیرەتن هەرگیز ئامادەنین دەستبکێشنەوە و واز لە سیاسەت و حوکمداری بهێنن.

بڕۆن بارکەن تا گەل لە کوورەی ئاورینی تاوانەکانتان نەیسوتاندوون.

بڕۆن بارکەن، کە گەل هەڵسا دەبێ جلی بەریشتان داکەنن چونکە ئەوەی هەتانە بە پارەی دزراوی گەڵ کڕاوە.

بڕۆن بارکەن ئەی تاوانبارترین دەسەڵاتدار

بڕۆن بارکەن ئەی دوژمانی سەرەکی گەلی باشوور

 

شاخەوان

٨/٨/٢٠٢٣