پشتگیری تیرۆر و کۆمەڵکوژی لە ژێر ناوی خودا و ئاییندا

کۆمەڵکوژیی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لەسەر جودایی نەتەوە و ئایین لە دیدی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە تاوانن، بەڵام لای ئەوان جیهادە و وەکو ئەردۆگان لە ژێر سورەتی فەتحدا عەفرینی داگیرکرد و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی تیایدا ئەنجامدان. لە دیدی ئەوانەوە پشتگیریی لە جیهادی سوڵتان (کە ئێمە پێمانوایە تاوانکاریین) ڕەوایە..

بە سەدان و هەزاران نا بەڵکو بە دەیان هەزاران کەسی بێ تاوان بوونەتە قوربانی سیاسەتی کۆمەڵکوژی و گەلکوژی تورکیای ئەردۆگان. کاربەدەستانی تورکیا و دارودەستەکەی ڕۆژ نییە تاوانێک تۆمار نەکەن، نکۆڵی لە کوردبوون، سزادان لەسەر کوردبوون، زیندانی کردنی ڕەخنەگران، هێرشی سوپا بۆ سەر خەلکی سڤیل، گرتن و ئەشکەنجەی خەڵک و وێرانکردنی خاک و فەرهەنگی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی رێکخراوە تیرۆریستیەکانی سەر بە تورکیا لە کوردستان و شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفریکادا، نموونەی زەقی تاوانکاریەکانن.

مەلا و شێخانی ئیسلامی کە پشتگیری ئەردۆگان دەکەن و دەڵێن ئەم پشتگیرییە ڕازیکردنی خودایە، چونکە لە دیدی ئایدۆلۆژیا ئیسلامییەکەی ئەواندا ئەردۆگان نوێنەری خودایە و ئەوەی ئەردۆگان دەیکات لە پێناوی خودایە. لەم دیدەوە ئەردۆگان فریادڕەسی ئومەی ئیسلامییە. ئەگەر خەڵکێک دژی ئەوە بن کەواتە دژی سوڵتان و خودان. وە ئەوەی سوڵتان دەیکات وەکو کۆمەڵکوژی خەڵکی غەیرە تورکی ئیخوانی تاوان نییە بەڵکو کارێکی پێویستە و جیهادە لە پێناوی خودادا. ئەو کەس و خەڵکەی کوژراون دژی ئیسلام وەستاونەتەوە بۆیە لەناوبردنیان تاوان نییە.

کۆمەڵکوژیی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لەسەر جودایی نەتەوە و ئایین لە دیدی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە تاوانن، بەڵام لای ئەوان جیهادە و وەکو ئەردۆگان لە ژێر سورەتی فەتحدا عەفرینی داگیرکرد و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی تیایدا ئەنجامدان. لە دیدی ئەوانەوە پشتگیریی لە جیهادی سوڵتان (کە ئێمە پێمانوایە تاوانکاریین) ڕەوایە، بەم جۆرە وەستان لە دژی گەلی خۆت و ناپاکی لە نەتەوە تاوان نییە و ڕازیکردنی خودایە، ئەرکێکی ئایینی پێویستە و کردنەوی دەرگەی بەهەشتە، چونکە موسڵمانی ئیخوانی پشتگیریی سوڵتانی گەورەیان کردووە و سوڵتانیش نوێنەری باوەڕداری خودایە. خودا و ئایینیش لەسەرووی بەرژەوەندیەکانی دیکەوە دێن.

جێگەی تێبینییە زۆر لەو شێخ و نوێنەرانەی ئەردۆگان باش دەزانن درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەڵام درۆ و ریکلامیش کەرەستەیەکی گەیشتننە بە ئامانج کە بەرزبوونەوەی پێگەی خۆیان، بەئیخوانکردنی کۆمەڵگە و باڵادەستکردنی سوڵتانی تورکیایە لە هەرێمەکەدا.

لە دیدی مافەکانی مرۆڤەوە هیچ گومان لەوەدا نییە پشتگیری ئەردۆگان پشتگیری دیکتاتۆرێکی ڕەگەزپەرستە، پشتگیرییە لە تاوانەکانی ئەو و دەسەڵاتەکەی دژ بە خەڵکی بێ تاوان.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت ئەوەی ئەردۆگان هەوڵی بۆ دەدات هێندە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، هێندەی پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە هەیە. ئەو ئایین وەکو کەرستەی گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت. ئەردۆگان وەکو سوڵتانەکانی پێشوو بۆ هێزی زیاتر، داگیرکاری زیاتر، کرێگرتەی زیاتر، بەدەستهێنانی داهات و غەنیمەی زیاتر هەوڵ دەدات. دەسەڵات، فراوانخوازیی، هەژموونی هێز و باڵادەستی تورکیای مەزن ئاواتەکانی ئەردۆگانن.

شاخەوان قادر شۆڕش

١٣/٥/٢٠٢٣