لەسەر دەسەڵاتە دادوەریی بەدەست بهێنێت:بەڵێ بۆ دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان

کاتێ دەسەڵات دژی بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران بوەستێت، سروشتییە کە هەندێ لە کوسوکاری قوربانیان بیر لە تۆڵە بکەنەوە و بەدەستی خۆیان سزای تاوانباران بدەن. بەداخەوە تۆڵەکردنەوە دوژمنداریی لێ دەکەوێتەوە و زیانی زۆرە، لە کاتێکدا دەسەڵات میلیشیاییە و خەڵک هەمووی چەکدارن.

لەسەر دەسەڵاتە دادوەریی بەدەست بهێنێت: دوای تاوانی کوشتاری ئەرمەنەکان لە ئازەربایجان و گەلکوژی ئەرمەنەکان لە تورکیای پاشماوەی عوسمانیدا، گەلی ئەرمەن بیریان لەوە کردەوە چۆن تاوانبارانی سەرەکی بە سزای ڕەوای خۆیان بگەیەنن. بۆیە گروپێکی تایبەتی تۆڵەکردنەوەیان بە ناوی ئۆپەراسیۆنی نەمەسیس Operation Nemesis دروست کرد.

ئەم گروپە ئەندامی لە دەرەوەی ئەرمێنیا هەبوو و لەهەر شوێنێک هەلکەوتبا دەستی خۆیان دەوەشاند. ئەندامێکیان لە ئەلمانیا تاوانبار تەلعەت پاشا دەکوژێت، گروپێک تاوانبار جەمال پاشا لە تەبلیس دەکوژن، فەرماندەیەکی ئەرمەن لە سوپای سووردا تاوانبار ئەنوەر پاشا لە تاجیکستان دەکوژێت.

تەلعەت پاشا لەلایەن گەنجێکی ئەرمەنەوە لە بەرلین لە مارسی ١٩٢١ دا کوژرا، ئەو گەنجە لە بەرلین تەلعەت دەدۆزێتەوە و دەمانچەکەی لەسەر سەری دادەنێ و دەڵێ “ئەوە لە تۆڵەی لەناوچوونی بنەماڵەکەم”! ئەوسا ئەو گەنجە لەسەر ئەم کوشتنە درایە دادگا، بەڵام دادوەر ئازادی کرد و لێی خۆش بوو.

لەسالی 1918دا جەمال پاشای رەگەزپەرست لەگەل حەوت لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن ڕادەکات و دەچێتە ئەڵمانیا. دادگایەکی عوسمانی لە کۆمەلکوژی کۆمەلێک عەرەبی سەر بە عوسمانیی تاوانباری دەکات و سزای مردنی لە بزرییدا بۆ دەردەکات. لە ساڵی 1920 دا دەچێتە ئاسیای ناوەڕاست و وەکو راوێژکاری سەربازی لە سوپای پادشایی ئەفغانی کار دەکات. لە هاوینی 1921دا بەهۆی دانوستانێک دەچێتە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا و لەوێ لایەن ئەرمەنەکانەوە دەکوژرێت.

ئەنوەر پاشای رەگەزپەرست کە ناکۆکی لەگەڵ مستەفا کەمالی رەگەزپەرست هەبوو، بڕوای بەهێزیی بە بیروباوەڕی پان-تورکیزم هەبوو. دەچێتە مۆسکۆ و سەرنجی سەرانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ خۆی ڕادەکێشێت، دوای ئەوە لە لایەن لینینەوە بۆ ئاسیای ناوەراست دەنێردرێت بە مەبەستی سەرکوتکردنی گروپە یاخییە تورکی زمانەکانی ئاسیای ناوەڕاست. زۆر نابا ئەنوەر پاشا پەیوەندی بە گروپە یاخییەکانەوە دەکات، گروپە یاخییەکان کۆدەکاتەوە و دەبێتە سەرۆکیان. خەبات بۆ بیری پان-تورکی دەکات و دژی سوپای سووری سۆڤیەت چەندین شەڕ دەکات. لە جەژنی قورباندا لە 4ی ئابی ساڵی 1922دا لە نزیک “دوشەنبە”ی پایەتەختی تاجیکستاندا خۆی و هێزێکی 30 کەسی دەکەونە بۆسەی سوپای سوور کە کەسێکی ئەرمەنی سەرپەرشتی کردووە، 25 کەس لە چەکدارەکانی دەکوژرێن و ئەنوەر پاشا دەرباز دەبێت و ڕادەکات، بەڵام دوای چوار رۆژ فەرماندە ئەرمەنەکە دەیدۆزێتەوە و دەیکوژێت.

ئەوسا وەکو ئیستا دادگای نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ دادگایی تاوانبارانی پاکتاوی ڕەگەزی و گەلکوژی نەبوو، تۆڵەسەندنەوەش بەرز سەیر دەکرا و بە پێویست دەزانرا. دیارە تۆلەکردنەوە ئێستاش باوی هەیە و لە ئاستی کەس و دەوڵەتدا پیادە دەکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی زەمینەی ئاشتبوونەوە و بەیەکەوەژیان لە کۆمەڵگەدا بنیات بنرێت، پێویستە دادوەرانە کێشەکان چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەگەر دەوڵەت بەئەرکی خۆی هەڵنەستا، خەڵک خۆیان مشووری خۆیان دەخۆن.

ئێستا دادگای نیونەتەوەیی و نەتەوەیی بۆ دادگایی تۆمەتبارانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی هەیە. گەلانی قوربانیی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دەجوولێنەوە و پیادەی ئەم دەرفەت و مافە دەکەن، بەم جۆرە دەسەڵات خەمی خەڵکی قوربانی هەڵدەگرێت و تۆمەتباران دەداتە دادگا، وە دەوڵەت دادوەریی ڕەوا بۆ قوربانیان بەدەست دەهێنن. بەم شێوەیە لە چوارچێوەی یاسادا دادوەریی بەدەست دەهێندرێت، بنەمای ئاشتی و بەیەکەوەژیان بنیات دەنرێت.

بەداخەوە لە سایەی دەسەڵاتی میرنشینیدا ئەم “تەکنەلۆجیا ئالۆزە” هێشتا سنووری خێڵگەرای باشوری کوردستانی نەبڕیووە، بۆیە هێشتا لە باشووردا خێڵ حوکم دەکا، وە هەموو بەها و هاوکێشەکان پێچەوانە و ئاوەژوون. لە باشووردا تاوانبار پیاو چاکە و قوربانیش پیاو خراپ.

ئیسرائیل لە دەرەوەی وڵات تاوانباران دەدۆزێتەوە و دەیانهێنێ و دەیانداتە دادگا. تەنانەت کەسی تاوانباریان لەم سەری جیهان رفاندووە و هێناویانەتەوە ئیسرائیل و داویانەتە دادگا. لە باشووری کوردستاندا ئاراستەکە پێچەوانەیە، لێرە تاوانباران دەپارێزرێن و بەرزدەکرێتەوە. کەسوکاری قوربانیان هەموو ئەوە دەبینن و بە بەرچاویانەوە کۆنە سەرۆکجاشەکان و منداڵەکانیان دیوەخانیان جمەی دێ و پلە و پایەیان لە حکومەتدا بەرزە، کەچی کەسوکاری قوربانیان بە مووچەیەکی مەمرە و بژی و لە ژێر گوشاری قەرز و خەرجییەکاندا مانگ بەڕێ دەکەن.

بێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل داڵدەی هیملەر و گرۆنینگ و ئەفسەرانی دیکەی نازیەکانیان بە دزی خەڵک بدابایە، جوولەکەکان چیان لەم دەسەڵاتە دەکرد! یا لێبووردنی بەناو بەرەیان بۆ دەرکردبان خەڵک کاردانەوەیان چۆن دەبوو؟ تاوانی ئەم دەسەڵاتە ئەوسا چی بوو؟ دەبوایە چی لێ بکرێت؟ دەسەڵاتی میرنشینی بارزانی و تاڵەبانی پەنای عزەت دووری، تەها محیەدین مەعروف، شێخ جەعفەر، نەزار خەزرەجی و ئەفسەرەکانی دیکە کە ئاشکرا نەکراون داوە. تەنانەت جەلال تالەبانی بەرگری لە گەورە ئەنفالچی سولتان هاشم و فەرحان متلگ کرد و هەوڵی ئازادکردنی دان. هەروەها ئەم دەسەڵاتە بەناو کوردییە داڵدەی هەموو سەرۆکجاشەکانی وەکو ئەنوەر بەگ، ماڵی شێمەی هارون، مامەند قەشقە، قاسم ئاغا، مەلا عوزێر و سەدانی دیکەیان داڵدە دا و مووچەی باشیان بۆ دابین کردن و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریان بەهێز کردن. هەموو سەرۆکجاشەکان بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداری تاوانی ئەنفالیان کردووە. لە باشووری کوردستاندا لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا پرۆسەی دادگایی تاوانبارانی تاوانی گەلکوژی چەمکێکی نامۆ و بزرە. لێرە کەسوکاری قوربانی دەدرێنە دادگا و ستایشی ئەنفالچیان دەکرێت.

کاتێ دەسەڵات دژی بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران بوەستێت، سروشتییە کە هەندێ لە کوسوکاری قوربانیان بیر لە تۆڵە بکەنەوە و بەدەستی خۆیان سزای تاوانباران بدەن. بەداخەوە تۆڵەکردنەوە دوژمنداریی لێ دەکەوێتەوە و زیانی زۆرە، لە کاتێکدا دەسەڵات میلیشیاییە و خەڵک هەمووی چەکدارن. تۆڵەکردنەوە چارەسەر نییە، بەڵکو چارەسەر بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانە کە وادەکات دیاردەی تۆڵەکردنەوە و کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان ئەستەم بێت. دەبێ چارەسەر لە چوارچێوەی یاسادا بێت. کێشەی کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەیە دەسەڵات لە ئاستی بەرپرسیارییدا نییە، ئەوەش بۆشاییەکی یاسایی دروست کردووە کە وادەکات دیاردەی تۆڵەسەندنەوە ڕوو بدات یا پەرە بسەنێت.

شاخەوان قادر شۆڕش

٢٥/٤/٢٠٢٣