خوێندنەوەی مامۆستا عەباس نادر سەبارەت بە کتێبی قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان

كاتێ ئه‌و په‌ڕتووكه‌م خوێنده‌وه‌ ، گه‌ڕامه‌وه‌ ناو یاده‌وه‌رییه‌كانی ژیانی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری باب و باپیرانمان و خۆمانیش ، كه‌باسی ژیانی سیه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌كات ، مرۆڤ چه‌نده‌ دووربووه‌ له‌خزمه‌تگوزاری و چۆن ژیانێكی كۆڵه‌مه‌رگی ژیاوه‌ ، دوایی كه‌ باسی خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌می ناوه‌ڕاستی چله‌كان و په‌نجاو شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكان ، ئینجا به‌ بیرت دێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌ستكه‌وت ئێستا له‌ باشوور نه‌وه‌ی ئێستا بۆی فه‌راهه‌مه‌..

 

سوپاس بۆ برای بەڕێز کاک عەباس نادر بۆ خوێندنەوە و تێبینیەکانی لەسەر کتێبی بیرەوەرییەکانی باوکم.

قادر شۆڕش چل ساڵ خه‌بات و تێكۆشان

په‌ڕتووكێكه‌ كاك شاخه‌وان شۆڕش نووسیوه‌تی چاپی دووه‌می له‌ زستانی 2001-2002 چاپكراوه‌ ، له‌و رۆژانه‌ دانه‌یه‌كی به‌هۆی كاك عه‌باس فازل پێشكه‌ش كردم ، سوپاس بۆ هه‌ردوو هاوڕێ كاك شاخه‌وان شۆڕش و كاك عه‌باس فازل.

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌ڕتووكه‌كه‌:

كاتێ ئه‌و په‌ڕتووكه‌م خوێنده‌وه‌ ، گه‌ڕامه‌وه‌ ناو یاده‌وه‌رییه‌كانی ژیانی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری باب و باپیرانمان و خۆمانیش ، كه‌باسی ژیانی سیه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌كات ، مرۆڤ چه‌نده‌ دووربووه‌ له‌خزمه‌تگوزاری و چۆن ژیانێكی كۆڵه‌مه‌رگی ژیاوه‌ ، دوایی كه‌ باسی خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌می ناوه‌ڕاستی چله‌كان و په‌نجاو شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكان ، ئینجا به‌ بیرت دێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌ستكه‌وت ئێستا له‌ باشوور نه‌وه‌ی ئێستا بۆی فه‌راهه‌مه‌ ،به‌ ماندیبوون و خوێن و رۆژه‌ چه‌رمه‌سه‌ری كه‌سانێك هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هیوا و ئاواتی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ ماندوونه‌ناسانه‌ هێشتا نیوه‌ی نه‌هاتۆته‌ دی ، یان ده‌توانیین بڵێین كۆمه‌ڵێ كه‌س به‌لاڕێیان دابردووه‌، له‌ جیاتی ئامانج و ئاواته‌كانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ بهێننه‌ دی ، هه‌ستاون به‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ و پله‌ و پایه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و دارو ده‌سته‌یه‌كی مشه‌خۆری گۆرده‌ و چه‌وره‌.

له‌و په‌ڕتووكه‌ بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ، كوڕه‌ جوتیارو رێنجبه‌ر و خێر له‌خۆنه‌دیوه‌كان به‌دڵسۆزی خه‌باتیان كردووه‌ ، مام قادر شۆڕش كوڕه‌ جوتیارێكی هه‌ژاری بن چیای سه‌فین بووه‌ ، زوو باوكی ماڵئاوایی یه‌كجاری لێكردوون ، دایكی به‌ بێوه‌ژنی به‌خێوی كردوون و ئه‌و و براكه‌شی هه‌ر له‌ تازه‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ چوونه‌ته‌ به‌ر كاركردن و دوایی مام قادر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گه‌نجی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكخستن كردووه‌ و شێلگیرانه‌ هه‌موو ژیانێكی نه‌هامه‌تی بۆ خۆیی و خێزانه‌كه‌ی قبوڵ كردووه‌ له‌ پێناو بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی، له‌ ڕاوه‌دوونان و خۆشاردنه‌وه‌ و زیندانی و ئاوه‌ره‌یی و دووریی له‌ ماڵ و منداڵ و گرتنی خێزان و منداڵ و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ، كه‌ ژیانێكی پڕ له‌ مه‌ترسی بووه‌. له‌لایه‌ك شه‌ڕی دوژمنێكی داگیركه‌ر و له‌لایه‌ك شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان حزبه‌كان.

سه‌رنجه‌كانم:

1- له‌سه‌رده‌می خه‌باتی ناو شار و تێكۆشان دژ به‌ رژێمی به‌عس و سه‌دام ، ئه‌ده‌بیاتی سیاسی حزبی سۆسیالیستم به‌رده‌ست نه‌كه‌وتووه‌. بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ندێ زانیاری ده‌رباره‌ی حزبی سۆسیالیست و ژیان و تێكۆشانی مام قادر شۆڕش بخوێنمه‌وه‌ .

2- پێشتر نه‌مزانیوه‌ مام قادر له‌به‌ر هه‌بوونی په‌ڕتووكخانه‌یه‌ك به‌ناوی شۆڕش له‌ هه‌ولێر نازناوی قادر شۆڕشی لێنراوه‌.

3- مام قادر پیاوێكی به‌ بنه‌ماڵه‌ جوتیار و هه‌ژار بووه‌ ، توانیویه‌تی خۆی په‌روه‌رده‌ بكات ، له‌ كه‌سێكی ساده‌وه‌ ببێته‌ سه‌ركرده‌ی حزبێك به‌ توانا و خه‌باتی خۆی بێ ئه‌وه‌ی هیچ عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پشت بێت.

4- .مام قادر هه‌میشه‌ دڵسۆزی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌ ، هیچ كاتێ ناپاكی له‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی نه‌كردووه‌.

5- ململانێی نا شه‌رعی نێوان حزبه‌كان توانا و تاقه‌تی ده‌یان كه‌ڵه‌ تێكۆشه‌ری وه‌ك مام قادری به‌ هه‌ده‌ر داوه‌ ، زۆرێكیش له‌و ڕێگایه‌ بوونه‌ قوربانی و به‌ غه‌در گیانییان له‌ ده‌ست دا .

6-به‌سه‌رهاتی شه‌هیدكردنی عه‌وڵاسوور كه‌ تێكۆشه‌رێكی سه‌ركرده‌ی سه‌ربازیسۆسیالیست بوو وه‌ك خه‌باتگێڕێكی جووتیارانیش زۆر ئازاری دام ، چونكه‌ پێشتر له‌ ده‌می پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی زانیاریم بیستبوو، كه‌ئه‌وانیش ناڕازی بوون له‌ شه‌هیدكردنی به‌و جۆره‌ .

7-قسه‌ له‌جێێه‌كه‌ی مام سالح شێره‌م زۆر پێ له‌ مجێز بوو كه‌ نووسراوه‌ ،كۆمه‌ڵێ كادیری پارتی له‌ نه‌جه‌ف له‌ چایخانه‌یه‌ك دانیشتوون به‌ غه‌مباری ، دڵی یه‌ك ده‌ده‌نه‌وه‌ ، كه‌ خوا پشتیوانمانه‌ و وه‌زعه‌كه‌مان چاك ده‌بێ ، روو له‌ سالح شێره‌ ده‌كه‌ن كه‌ خه‌فه‌ت نه‌خوات خوا لۆمان چاك ده‌كات، ئه‌ویش پێیان ده‌ڵێ كوره‌ ئه‌نگۆ لۆ ئه‌وه‌نده‌ كه‌رن ، له‌و كه‌نده‌ی پشت ئه‌و چایه‌خانه‌یه‌ داكی حه‌سه‌ن و حوسێنییان گا ، خوا له‌سه‌ریان به‌ جواب نه‌هات و پشتیوانی لێ نه‌كردن ، ئه‌وجا پشتیوانی له‌نگۆ ده‌كا.