تێکدانی گه‌ره‌ک و شوێنه‌واره‌ کۆنه‌کانی هه‌ولێر تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌م شاره‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کرێت

له‌ چوارچێوه‌ی پلانێکی به‌رفراواندا که‌ ناوی ماسته‌رپلانی لێنراوه، وادیاره‌ پلان هه‌یه‌ گه‌ره‌که‌ کۆنه‌کانی شاری هه‌ولێر ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری پیره‌ قه‌رات ورده‌ ورده‌ تێک بدرێن، پلان هه‌یه‌ بازاری قه‌یسه‌ری، گه‌ره‌کی خانه‌قا، ده‌رارخانه‌، گه‌ره‌کی ته‌حجیل و عه‌ره‌ب  و شوێنی دیکه‌ تێک بدرێن.

ئێستا ورده‌ ورده‌ ده‌ست به‌ تێکدان کراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ خۆپیشاندان و پرۆتستۆ له‌ لایه‌ن دانیشتوانی ئه‌م شوێنانه‌ کرا و خه‌ڵک به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زۆر نیگه‌رانن و دژی ئه‌م کاره‌ن، به‌ڵام داوای خه‌ڵک ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێری وه‌کو ده‌رکه‌وت نه‌جوڵاند به‌ڵکو خه‌ڵکه‌که‌ بێمنه‌ت کراوه‌ و پشتی تێکراوه‌. به‌ پێی گوتنی گه‌لێ له‌ خه‌ڵکی بێزاربووی شار ئه‌م پلانه‌، له‌سه‌رده‌می به‌عس هه‌بوو، ئێستا ئه‌وانه‌ به‌ فراوانتر پیاده‌ی ده‌که‌ن. له‌م وتاره‌دا له‌چه‌ند لایه‌نێکه‌وه‌ سه‌رنج ده‌ده‌ینه‌ هۆکار و لایه‌نه‌ خراپ و نه‌رێنیه‌کانی ئه‌م پلانه‌.‌

 

شاری هه‌ولێر شارێکی کۆنی مێژووییه‌، که‌ وایکردووه‌ تایبه‌تمه‌ندی مێژوویانه‌ی خۆی بۆ دانیشتیوانی شاره‌که‌، میوانه‌کان و رێبواران هه‌بێت. له‌به‌ر کۆنیه‌که‌ی کۆمه‌ڵێ تایبه‌ته‌ندی مێژوویی به‌ روخساری شاره‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆیشتنی رۆژگار دروست بووه‌. گه‌ره‌که‌کان که‌ له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌راتی هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی جیاجیادا و له‌گه‌ل زۆربوونی دانیشتوان ورده‌ ورده‌ دروست بوون، تایبه‌تمه‌ندیان به‌ شاره‌که‌ داوه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ هزر و بیرکردنه‌وه‌، که‌لتور و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ولێریه‌کان له‌ کۆنه‌وه‌ تێکه‌ڵ بووه‌ و بۆته‌ به‌شێک له‌ سه‌رمایه‌کی که‌لتوری شاره‌که‌ و دانیشتوانه‌که‌ی. خه‌ڵکی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ کۆڵان، شه‌قام، چایه‌خانه‌ و گازینۆ، بازار و گه‌ره‌که‌کانیان ئاشنایه‌تی دێرینیان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش واتایه‌کی گرنگی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ له‌ بواره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاجیاکاندا هه‌یه‌. ئه‌م گه‌ره‌کانه‌، بازار و شوێنه‌ ناسرا‌وه‌کانی شار بۆ پێدانی سیمایه‌ک که‌ له‌گه‌ڵ کۆنی و ناو و ده‌نگی شاره‌که‌دا گونجاوه‌ گرنگی تایبه‌تیان هه‌یه‌، چونکه‌ که‌لتور و شارستانیه‌تی شاره‌که‌یان ده‌وله‌مه‌ند کردووه‌. راسته‌ جگه‌ له‌ قه‌رات ئه‌م گه‌ره‌ک و شوێنانه‌ هێده‌ کۆن نین و ته‌مه‌نیان ره‌نگه‌ له‌ سه‌د ساڵ تێپه‌ر نه‌کات، دیاره‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م بواره‌دا به‌گشتی هه‌ژاره‌ و که‌م وایه‌ له‌ شارێکدا گه‌ره‌کی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست مابن. ئێستا شاری هه‌ولێر خاوه‌نی ئه‌م‌ گه‌ره‌ک و شوێنانه‌یه‌ که‌ مێژوویه‌کی نزیکه‌ی سه‌دساڵی شاره‌که‌یان پێک هێناوه‌ و ئێستا به‌ گه‌ره‌کی  کۆن و بازاری کۆن داده‌ندرێن. له‌به‌ر ئه‌م گرنگییه‌ مێژوویی، که‌لتوری و کۆمه‌لایه‌تییه‌ که‌ ئه‌م شوێنانه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ گرتووه‌، ئه‌گه‌ر بیر له‌ ده‌ستکاری بکرێته‌وه‌، ده‌بێ بیر له‌‌ پارێزگاری، پاراستن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ بکرێته‌وه‌‌ نه‌ک تێکدان و له‌ناوبردنی مێژوویه‌کی له‌نرخنه‌هاتوو. چونکه‌ شاری هه‌ولێر به‌م گه‌ره‌کانه‌وه‌ به‌های که‌لتوری و شارستانی کۆنی خۆی و به‌ها مێژووییه‌که‌ی خۆی به‌ته‌واوی ده‌رده‌خات.‌ تێکدانی ئه‌م گه‌ره‌ک و بازاڕ و شوێنه‌وارانه‌ی‌ شاری هه‌ولێر، دروستکردنی پارک و بازار و سه‌نته‌ری نوێ له‌شوێنیاندا، واده‌کات شاره‌که‌ زیاتر له‌ شارێکی شێوه‌ نوێی بێ که‌لتور و مێژوو بچێت. تێکدانی ئه‌م سه‌رمایه‌ که‌لتوریه‌ که‌ کۆمه‌ڵێ واتای گرنگی بۆ مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، رامیاری و جوگرافی شاره‌که‌ هه‌یه‌، ده‌رهێنانی گیانی کۆنایه‌تی پیره‌ هه‌ولێره، چونکه‌ له‌ گۆرنانی روخساری کۆنی شار، بیره‌وه‌ری و دیارده‌ که‌لتوری و کۆمه‌ڵایتیانه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ شاره‌که‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ مۆدێلی دوبه‌ی له‌سه‌ر هه‌ولێر و کوردستان تاقیکه‌نه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانن، هه‌ولێر و کوردستان دوبه‌ی و ئیمارات نین، هه‌ر شوێنه‌ و خاوه‌نی فاکته‌ر و تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی‌. هه‌روه‌ها هاوته‌بایی له‌ لێکدانه‌وه‌ و هه‌لسوکه‌وتی هه‌ردوو فه‌رمانره‌وا‌ی باشوری کوردستان و ئیمارات مۆری ره‌واکردنی لاساییکردنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه،‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی جیا له‌ عه‌ره‌به‌کانی ئیمارات و که‌نداو له‌ ژیان و پێشکه‌وتن و داهاتوو ده‌روانن. باشتره‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ بچن سه‌ردانی شاره‌کانی جیهانی پێشکه‌وتوو و خاوه‌ن شارستانی بکه‌ن، له‌م شارانه‌دا ده‌یبینن که‌وا شوێنی کۆنی شار چه‌نده‌ بۆ شار گرنگه‌، چۆن که‌لتوری شاره‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌، چۆن روویه‌کی گرنگ و زیندووی بوونی شارستانییه‌تی شاره‌که‌ن، مێژووه‌که‌ی چه‌ند به‌رز ده‌نرخێندرێت، چۆن به‌رنامه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ و پاراستن به‌ به‌رده‌وامی بۆیان هه‌یه‌.

 

هه‌ر بۆ نمونه‌،شاری کۆنی وارشو هه‌مووی له‌گه‌ڵ بۆردوومان و هێرشی ئه‌لمانه‌ نازیه‌کان له‌گه‌ڵ خاکدا ته‌خت بوو و هیچی نه‌ما، دوای رزگاربوونی پۆلۆنیا له‌ دوای کۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، ته‌واوی شاری کۆنی وارشۆ وه‌کو خۆی دروستکرایه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌وان ئه‌م کاره‌یان کرد، له‌ کاتێکدا جه‌رگیان بۆ شاری له‌ ناوچووی کۆنیان ده‌سووتا.

له‌ سه‌رایڤۆی بۆسنیا دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگ له‌گه‌ڵ سرب و کرواتیه‌کان، شاری کۆن نۆژه‌نکرایه‌وه‌ و ئێستا به‌شێکی شاره‌ کۆنه‌که‌ وه‌کو گه‌ره‌ک و بازارێکی سه‌رنج راکێش له‌ چه‌قی شاردا شاره‌که‌ی رازاندۆته‌وه‌.

له‌ شاری ئۆرهوس له‌ دانیمارک شاره‌ زۆر کۆنه‌که‌ کراوه‌ته مۆزه‌خانه و به‌رده‌وام له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ دان و روخساری خۆیان پاراستووه‌.

هه‌موو شاره‌ کۆنه‌کانی ئه‌وروپا شانازی به‌ کۆنی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، شانازی به‌ گه‌ره‌ک، شوێنه‌وار و بازاره‌ کۆنه‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ به‌رنامه‌ ده‌یانپارێزن و نۆژه‌نیان ده‌که‌نه‌وه‌. تێکدانی شوێنه‌واره‌ کۆنه‌کان یا گه‌ره‌که‌ کۆنه‌کان، پرسیارێک نییه‌ بتوانێ بێته‌ پێشه‌وه‌، چونکه‌ تێکدان وه‌کو تاوان به‌رامبه‌ر به‌ شاره‌که‌ سه‌یر ده‌کرێت. له‌ نه‌خشه‌ی شاردا له‌ زۆربه‌ی باره‌کاندا شوێنی شاره‌ کۆنه‌که‌ به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان دیارکراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێبواران شاری کۆن و نوێ له‌یه‌کتر جودا بکه‌نه‌وه‌. ‌‌ گه‌ره‌ک و شوێنه‌واره‌ کۆنه‌کان وه‌کو گه‌نجینه‌ یا سه‌رمایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و که‌لتوری سه‌یریان ده‌کرێت.

 

له‌ سه‌رده‌می به‌عسی عه‌ره‌بی داگیرکه‌ردا رژێمی به‌عس هات ده‌رگایه‌کی به‌ئاره‌زووی سه‌دام حوسێن بۆ قه‌راتی هه‌ولێرێ دروستکرد، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێزێک بۆ شێوه‌ی پێشووی ده‌رگا‌ی قه‌رات یا دانیشتوانی شار دابنێت. ئه‌م ده‌رگه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ کۆنی قه‌راته‌وه‌ نییه‌ و دیوارێکه‌ به‌عس به‌سه‌ر قه‌راتیدا داسه‌پاند.

ئێستا گوایه‌ ده‌سه‌ڵات کوردیه‌، که‌چی ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌یه‌کی خراپتری له‌ده‌ست دایه‌ و ده‌یه‌وێ هه‌ر به‌ جارێک هه‌رچی شوێنه‌واری کۆن هه‌یه‌ رایماڵێ. ئه‌مه‌ تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ کۆنی ئه‌م شاره‌ و شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانی ده‌کرێت. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رگه‌یه‌ی به‌عس دروستیکرد تێکیدا و ده‌رگه‌یه‌ک له‌ شێوه‌ کۆنه‌که‌ دروستکاته‌وه‌، گه‌ره‌ک و بازاره‌کۆنه‌کان نۆژه‌نکاته‌وه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌ک روخسار و شێوه‌ ئه‌ندازیاریی پێشوویان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.

 

ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر بێ پرسی خه‌ڵکه‌که‌ و بێ وه‌رگرتنی ته‌بایی خه‌ڵکه‌که‌ پلانه‌که‌ی خۆی ده‌ستپێکردووه‌، هه‌روه‌کو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌‌ هه‌روا کاری کردووه‌، فه‌رمان له‌ سه‌رووه‌وه‌ دێت و جێبه‌جێ ده‌کرێت. وه‌کو خه‌ڵکه‌ به‌رکه‌وتووه‌که‌ ده‌یگێرنه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر “نه‌وزاد هادی” کۆمه‌ڵێک له‌ خه‌ڵکه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌م شوێنانه‌ی بانگهێشت کردووه‌، داوای لێکردوون که‌ سه‌رپێچی نه‌که‌ن و یارمه‌تیان ده‌درێت، ئه‌گه‌رنا ده‌رده‌کرێن و زیانیشیان پێ ده‌که‌وێت. 

خه‌ڵکه‌ به‌رکه‌وتووه‌که‌ دژی ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێرن، چونکه‌ خه‌ڵکێکی زۆر ژیان و گوزه‌رانی به‌م ناوچه‌یه‌وه‌ به‌نده‌، ئه‌وه‌ی دوکان و کاری له‌م ناوچانه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ماڵ و خانووی هه‌یه‌، یا ئه‌وه‌ی کرێچییه‌ و له‌ کونجێکی ئه‌م شاره‌ له‌م ناوچانه‌دا خه‌ریکی جۆره‌ کارێکه‌.  وه‌کو ده‌گێرنه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ده‌سه‌لاتی هه‌ولێر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی دوکانیان هه‌یه‌ یا خاوه‌نی خانوو و زه‌وین، قه‌ره‌بوو ده‌کرێنه‌وه‌ و له‌ بازاری نیشتیمانی نێچیره‌و‌ان بارزانی دوکانیان به‌کرێ ده‌ده‌نێ. ئه‌وانه‌ی کرێچین، یا ژیانی کارکردنیان به‌م شوێنانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی دوکان یا شتیتر بن، ئه‌وانه‌ هیچ مافێکیان له‌ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ و یارمه‌تی نییه‌ و ده‌بێ له‌ گوپی خۆیان بده‌ن.

ئه‌م خه‌ڵکه‌ به‌رکه‌وتووه‌، له‌ چه‌ند رێگه‌یه‌که‌وه‌ پرۆتستۆی ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێریان کردووه‌، چوونه‌ته‌ به‌رده‌می په‌رله‌مان و داوایان بۆ په‌رله‌مان به‌رزکردۆته‌وه‌، خۆپیشاندانیان کردووه‌ و چوونه‌ته‌ لای قایمقام، به‌شێوه‌ی دیکه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م کاره‌ بوه‌ستێنن، به‌لام هیچ سوودی نه‌بووه‌ و هیچیان بۆ نه‌کراوه‌. ده‌ڵێن کاکی قایمقام “نیهاد له‌تیف قۆجه”‌ خه‌ڵکه‌که‌ی زۆر بێمنه‌ت کردووه، له‌ کاتێکدا خه‌ڵکه‌که‌ پێیان گوتووه،‌ “ئێمه‌ ئێوه‌مان هێنایه‌وه‌ و کردنمانه‌ ده‌سه‌ڵادار، ئێستا ئێوه‌ شارمان لێ تێک ده‌ده‌ن”، کاکی قایمقام ‌له‌ وه‌ڵامدا پێی گوتوون، ” ئێوه‌ چین! برۆن ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئێوه‌ نییه‌!”

دیاره‌ پاریزگار و قایمقام، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیان له‌ ئاست بازرگانه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌وره‌کاندا نییه‌، ئه‌وان فه‌رمانی سه‌روو بێ پرسیار جێبه‌جێ ده‌که‌ن. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ بۆ پاراستنی کورسیه‌کانی خۆیان ئاماده‌ نین پرسیار به‌رامبه‌ر به‌ داوای ئاغاکانیان دابنێن. هه‌روه‌ها پارله‌مانیش له‌ ئاست ئه‌م بازرگانانه‌ بێده‌سه‌ڵاته‌ و ناتوانێ خۆی له‌م کارانه‌ هه‌لقورتێنێ.

 

خه‌ڵکه‌ به‌رکه‌وتووه‌که‌ زۆر له‌م کاره‌ بێزارن، هه‌ریه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌ک بێزاری خۆی ده‌رده‌برێ، یه‌کێ ده‌ڵێ، “که‌ دوکانم به‌سه‌ردا ده‌روخێنن، ئیدی چیدی کار ناکه‌م و واز له‌ کاردن دێنم”، هه‌یه‌ ده‌ڵێ، “نازانم دوای ئێره‌ چی ده‌که‌م و ژیانم چن ده‌بێت”. یه‌کێ ده‌ڵێ، “هه‌موو ژیانم لێره‌بووه‌، ئێستا ئه‌وانه‌ دێن ژیانم لێ تێک ده‌ده‌ن، هه‌ر بمانکوژن باشتره”‌. یه‌کێ ده‌ڵێ، “ئه‌وانه‌ له‌ به‌عس خراپترن و هیچ رێزێک له‌خه‌ڵک ناگرن و خه‌ڵک به‌هیچ نازانن”، هتد. ئه‌وه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌که‌ که‌ له‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌م بیستووه.

 

به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی خه‌لکه‌که‌، ئه‌م کاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ جوانکردنی شاره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بازارگانیانه‌ی زلبه‌رپرسه‌کانه‌. ئه‌م به‌رپرسانه‌ سه‌نته‌ر و بازاڕیان دروست کردووه‌، به‌لام بازاریان نییه‌، چونکه‌ که‌س توانای کرین یا کرێی زۆری دوکانه‌کانی ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ی ئه‌وانی نییه‌، ئێستا بازاره‌ کۆنه‌کان تێکده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ناچار بکه‌ن بچنه‌ ئه‌م بازارانه‌ی خۆیان و خه‌ڵکه‌که‌ش بکه‌نه‌ کرێچی خۆیان. هه‌روه‌ها ده‌لێن، “کۆمه‌ڵێ زه‌وی زۆریان له‌م سه‌ینوبه‌ینه‌دا ده‌ست ده‌که‌وێت و به‌ ئاره‌زووی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارانه‌ی خۆیان به‌کاری ده‌هێنن، ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک دروست بکه‌نه‌وه‌ ده‌بێته‌ هی ئه‌م به‌رپرسانه‌ی که‌ ئێستا مۆنۆپۆلی بازرگانی و بازاری هه‌ولێریان کردووه”‌.

 

به‌کورتی نه‌بووه‌ و نه‌بیسراوه‌ ده‌سه‌لات خۆی بێت، شوێنه‌واری کۆن و دێرینی شاره‌که‌ی بداته‌به‌ر شۆفه‌ل و له‌گه‌ڵ خاکدا ته‌ختی بکات، له‌ ئه‌گه‌ری بوونی ئه‌م دیارده‌ هاوتایه‌دا بێگومان گومان له‌ پاکی و ره‌وایی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ دروست ده‌بێت. ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر که‌ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی سه‌رووه‌، له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ زیانبه‌خشه‌، یه‌که‌م، له‌ناوبردنی گه‌ره‌ک و شوێنه‌واره‌ کۆنه‌کانی شاری هه‌ولێره‌، که‌ له‌ناوبردنی به‌شێکی زیندووی که‌لتور و مێژووی شاره‌که‌یه‌. دووه‌م، پاوانکردنی زیاتری زه‌وی و بازاڕه‌کانی شاری هه‌ولێره‌، وه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ ژێرده‌سته‌کردن و به‌کرێچیکردنی خه‌ڵکه‌ کارکه‌ره‌که‌ له‌ بازاره‌کانی خۆیاندا. ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌، مێژوو و که‌لتوری شاره‌که‌ ده‌کرێت.

 

شاخه‌وان شۆڕش

3 ی ژانیوه‌ری 2009