لەسەر دەسەڵاتی هەولێرە چاڵاکوانان بێ یەکودوو ئازاد بکات

ئەو مرۆڤانە تەنها بە ئەرکێکی مرۆڤدۆستانە و کوردپەروەرانە هەلساون، دەبوایە بەڕێزەوە سەیرکرێن  و رێزیان بگیرێت نەک زیندانی بکرێن و مافەکانیان پێشێل بکرێت.  گرتنی ئەو مرۆڤانە بێتاوان، کۆمەڵێ گومان و پرسیار دروست دەکەن، کە دەکرێ لە دەستێوەردانی رژێمی ئێران بەدەر نەبێت، ئەگینا ئەو گیران و مامەلە بەعسیانەیە بۆ؟

خۆپیشاندان لە شاری هەولێر دژی لە سێدارەدانی کوردان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، دەربڕینی نارەزاییە بەشێوەیەکی مۆدێرن و مافی رەوای مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیە. لە خۆپیشانداندا دەکرێ گرژی و پێکهەلپژان رووبدات، ئەوەش لە زۆر لە خۆپیشاندانەکان دەبیندرێت. لەئەگەری نەبوونی مۆڵەتی خۆپیشانداندا جا لەبەر ئەوەی دەسەڵات مۆڵەت نادات یا بارەکە ناکاییە، لەسەر دەزاگاکانی دەسەڵاتە کە هەم خۆپیشاندەران یا لایەنی دژ پارێزگاری بکات. لەئەگەری گرتنی کەسێک یا چەند کەسێک بەهۆی پێکهەلبژان دەبێ ئەو کەسانە مسۆگەری ئاسایشیان بکرێت و بەزووترین کات ئازاد بکرێن، چونکە ئەوانە پیادەی مافی خۆیان کردووە، ئەگەر سەرکێشیەکیش روویدابێت، ئەوە لەسەر دەسەڵاتە بارەکە هێورکاتەوە و خۆپیشاندەران ئازاد بکات. گریمان ئەگەر سنوربەزاندن بە ئاستی زیانگەیاندن بە ئاسایش بێتەئاراوە، رێگەی مرۆڤانە و گونجاو ئەوەیە کە دەسەڵات بە سزایەکی کەم و بەخێرایی بڕیار بدات. کە کار گەیشتە زیندانکردن لەسەر دەسەڵاتە لە ماوەی ٢٤ یا ٤٨ کاتژمێردا لە کێشەکەی کۆڵیبێتەوە و بڕیاری ئازادکردن یا دروستکردنی کەیس بەبوونی بەڵگەی زیندوو بدات. هێشتنەوەی بێ لێپرسینەوە، یا بزرکردنی کەسانی زیندانیکراو لە کەسوکاریان، پێشێلکردنی کوشندەی مافەکانی ئەو مرۆڤانەیە. ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بەو مرۆڤە چاڵاکوانانە ئەنجام دەدرێت. ئەو جۆرە گرتنە و بزرکردنە لە کۆمەڵگە نائازادەکاندا هەن، چونکە لە کۆمەلگە ئازادەکاندا دەسەڵات زاتی ئەوە ناکات پێشێلکاری لەو شێوەیە ئەنجام بدات لەبەر بوونی دڵنیایی داددا.

لەسەر دەسەڵاتدارانی هەولێرە چیتر سستی لێنەکەن و ئەو مرۆڤانە ئازاد بکەن، هەروەکو ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداریان کردووە گەواهی بێتاوانی ئەو چاڵاکوانانە دەدەن. ئەو مرۆڤانە تەنها بە ئەرکێکی مرۆڤدۆستانە و کوردپەروەرانە هەلساون، دەبوایە بەڕێزەوە سەیرکرێن  و رێزیان بگیرێت نەک زیندانی بکرێن و مافەکانیان پێشێل بکرێت.  گرتنی ئەو مرۆڤانە بێتاوان، کۆمەڵێ گومان و پرسیار دروست دەکەن، کە دەکرێ لە دەستێوەردانی رژێمی ئێران بەدەر نەبێت، ئەگینا ئەو گیران و مامەلە بەعسیانەیە بۆ؟  واپێدەچێ دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر دەیەوێ دڵسۆزی خۆی بەرامبەر ئێران پیشان بدات، ئەگەرنا هیچ پاساوێک بۆ زیاتر هێشتنەوەی ئەو گیراوانە نییە.

لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردە جا لەژێر هەر ناوێک و فۆرمێکدا بن، دژی لەسێدارەدان و کوشتن لەسەر ئازادی دەربڕین، داوای ئازادی و یا هەر جۆرە تاوانێک کە دەخرێتە پاڵ کوردان بوەستنەوە. ئەوە ئەرکێکی بێئەملاوئەولای هەر دەسەڵاتێکی کوردییە.

دەکرێ بپرسین کوا گوشارەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆسەر ئێران بەرامبەر بە کوشتن و لەسێدارەدانی بێجیاوازیی مرۆڤەکان؟ کوا هەڵوێست و چالاکیەکانی لەمبارەیەوە؟ بەداخەوە نەک هیچ نابیندرێت، ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەولێر دەیکەن لەبەرژەوەندی رژێمی ئیران، رژێمی سێدارە و ئازادران دایە.

شاخەوان شۆرش

2013-11-18