ژینۆساید: کۆمەڵکوژی, ڕەشەکوژی یا گەلکوژیی؟

ئایا وشەی “کۆمەڵکوژی” وشەیەکی گونجاوە؟ گەلێجار وشەی کۆمەڵکوژی لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکارھاتووە و بەکاردەھێندرێت, من خۆم پێشتر ئەو وشەیەم بۆ ئەو مەبەستە بەکارھێناوە. دیارە تاوانی ژینۆساید وەکو گوترا تاوانی لەناوبردنی گروپێکی نەتەوەیی یا ئایینی یا جودا و تایبەتە, کوشتن و لەناوبردنی گروپە قوربانیەکەش بەکۆمەڵە. بەو واتایە ژینۆساید خۆی لەخۆیدا کۆمەڵکوژییە, ھەروەھا کۆمەڵکوژی دیاردەیەکی یا تایبەتمەندیەکی ژینۆسایدە. کێشەی بەکارھێنانی ئەو وشەیە ئەوەیە…..

ژینۆساید: کۆمەڵکوژی, ڕەشەکوژی یا گەلکوژیی

شاخەوان قادر شۆڕش

2006.2.3

ئەو وتارە مەبەستی ئەوەیە بە وردی تاوتوێی چەمکی ژینۆساید بکات, لە واتای وشەکە و شێوەی بەکارھێنانی وردبێتەوە, ھەروەھا گونجاوی یا ناگونجاوی ئەو وشە کوردیانەی تا ئێستا بەرامبەر ئەو چەمکە بەکارھاتوون تاوتوێ بکات. ئەوەی لێرەدا کراوە بەمەبەستی ڕوونکردنەوە و تاوتوێی ھەڵبژاردنی وشەیەکی گونجاوی کوردی بۆ چەمکی ژینۆساید کراوە. ئەو وتارە وشەی “گەلکوژیی” کوردی لەبەرامبەر چەمکی “ژینۆساید”ی ئەنترناسیونال بە گونجاو دادەنێت, دیارە ئەوەش تەنھا پێشنیارێکە.  پێویستە بگوترێت بەکارھێنانی وشەی ژینۆساید یا ژینۆساید بەشێوە ئۆرگینالەکەی کارێکی باشە.

ژینۆسایدGenocide  وشەیەکی لێکدراوی گریکی و لاتینیە و لە دوو وشە پێک دێت, وشەی genos لەگریکیەوە ھاتووە و واتە ڕەگەز یا جۆر, ھەروەھا وشەی  cide  لەوشەی لاتینی  cider  ھاتووە و واتە کوشتن . ئەو وشەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن شارەزای پۆڵۆنی “ڕافایل لێمکین” کە لەلایەن زۆر کەس وەکو دامەزرێنەری لێکۆڵینەوەی ژینۆساید دەناسرێت, لەساڵی ١٩٤٤ دا بەکارھاتووە. بەپێی لێمکین, ناوکی تاوانی ژینۆساید بوونی مەبەستی لەناوبردنی گروپێک مرۆڤە. لێمکین دەڵێ: “ژینۆساید واتە نکۆڵیکردنی مافی بوون و ژیانی تەواوی گروپێکی مرۆڤ ئەوەش بەھەمان ئەو واتایەی کوشتنی کەسێک دێت کە نکۆڵیکردنە لە مافی بوون و ژیانی ئەو کەسە”.  ھەروەھا دەڵێت: “ژینۆساید تێکشکاندن و لەناوبردنی ناوکی بنچینەیی ژیانی گروپێکی ناسیونالە (نەتەوەیەک یا گەلێک), بە ئامانجی نەھێشتنی ئەو گروپە .

شارەزای لێکۆڵەر ھەنری ھەتێنباخ پێناسەیەکی کورتی چەمکی ژینۆساید دەکات و دەڵێت, “ژینۆساید واتە ھەر کردەوەیەک کە ھەڕەشە لە بوونی یا مانەوەی گروپێک (نەتەوەیەک یا کۆمەڵگەیەک) دەکات” .

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتنامەی ژنێفی ژینۆسایدا جەخت لەسەر ھەبوونی ویست یا مەبەستی لەناوبردنی ھەموو یا بەشێکی ناسیۆنێک, گروپێکی ئایینی یا ئێتنی دەکاتەوە . لێرەدا سەڵماندنی بوونی مەبەستی لە ناوبردن ھەروەھا چەندایەتی و گرنگی بەشە لەناوبراوەکە بۆ بوونی ناسیۆنەکە یا گروپەکە خاڵی گرنگ و بنچینەیین بۆ ھەبوونی ژینۆساید.

دیارە پێناسەی شارەزایانی دیکەش ھەن, کێشە و مشتومڕ و ناتەباییش سەبارەت بە پێناسەکەی UN ھەیە, بەڵام ئەوە مەبەستی ئەو وتارە نییە, بۆیە لێرەدا وازی لێ دەھێنم.

بەگوێرەی زۆربەی پێناسەکان سەبارەت بە گروپی ناسیونال, ئەو کوشتارە یا کۆمەڵکوژیە دەکرێ بە ژینۆساید دابندرێت, کە بە مەبەستی لەناوبردنی گەلێک یا نەتەوەیەک ئەنجام دەدرێت. ئەگەر وەکو پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان چەندایەتی و گرنگی بەش لەبەرچاو بگرین, کاتێ دەکرێ کوشتاری بەشێک لە گەل بە ژینۆساید دابندرێت, ئەگەر ئەو بەشەی لە ناودەبردرێت ھێندە زۆربن یا بۆ مانەوە و بوونی گروپێک ھێندە گرنگ بن کە توانیبێتی ھەڕەشە لەسەر بوونی نەتەوەکە یا گەلەکە دروست بکات. بۆنمونە کۆفی ئەنان پێیوایە ئەگەر چەندایەتی ئەو بەشە لەسەدا ٣٠ یا ٤٠ تێپەڕی, ئەوە گومان لە بوونی ژینۆسایددا نییە . بەکورتی ژینۆساید واتە کوشتار بە مەبەستی لەناوبردنی گەلێک. بەشێوەیەکی دیکە کە دەگوترێت تاوانکاری ژینۆساید بەرامبەر بە نەتەوەیەک کراوە واتە ئەو نەتەوەیە ھەوڵی لەناوبردن, ڕەشکردنەوە و تۆوبڕینەوەی دراوە.

بەھێزترن نمونەی ژینۆساید لە مێژووی نوێدا کوشتاری ئەرمەنیەکان و جووەکانە. ئەرمەنیەکان بوونیان وەکو گەل لە تورکیادا بەتەواوی ڕەشکرایەوە. جووەکانی ئەڵمانیا بوونیان وەکو گەل یا گروپێکی ئەتنی لە ئەڵمانیادا نەھێشترا. کوشتنی نزیکەی یەک ملیۆن توتسی لە ڕاوەندا نمونەیەکی دیکەی زیندووی تاوانکاریە کە بەمەبەستی لەناوبردنی گەلێک ئەنجام درا.

ھێرشەکانی ئەنفال ھەروەکو لەلایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و دادگای ھای ھۆڵاندی بە ژینۆساید ناسراوە, چونکە ئەوان سەڵماندویانە, ڕژێمی ئێراق مەبەستی لەناوبردنی ناسیۆنی کوردی ھەبووە.

بەکورتی لەو نمونانە و نمونەی دیکەدا لە کاتێکدا کە تاوان و کارەساتەکە بەسەر گروپێکی نەتەوەیی یا ئەتنی ھاتووە, دەردەکەوێت ژینۆساید واتای لەناوبردنی یا ھەوڵی لەناوبردنی نەتەوەیەک یا گەلێک بووە.

دیارە مەبەستی ئەو وتارە ھەڵسەنگاندن و تاوتۆکردنێکە سەبارەت بە خودی وشەکە “ژینۆساید” لە ڕووی زمانەوانیەوە, بۆیە بەباشی دەزانم لە چەند لایەنێکەوە لەو وشەیە و چۆنیەتی بەکارھێنانی, ھەروەھا واتای ئەو وشە کوردیانەی لەبەرامبەر چەمکی ژینۆساید بەکارھاتوون بدوێم و ڕوون بکەمەوە.

ژینۆساید یا ژینۆساید یا جینۆساید؟  وشەی ژینۆساید یا ژینۆساید وشەیەکی ئەنتەرناسیونالە و لەلایەن ھەندێ لە زمانە دەوڵەمەندەکانی بۆنمونە ئینگلیزی وەکو genocide, فەرەنسی وەکو génocide=jénosid, ئەڵمانی وەکو genozid, ئیسپانی وەکو genocidio بەکاردەھێندرێت. بۆیە ژینۆساید, ژینۆساید, ژینۆسید یا شێوەیەکی دیکەی نزیک لەو گوتنە ئاماژە بە بەکارھێنانی ھەمان وشە دەکات بەڵام بە گوتن و فۆنەتیکی جیاواز. بەکارھێنانی شێوەی وەکو “ژینۆساید” کە من زیاترم بەکارھێناوە, کتومت وەکو گوتنە ئینگلیزیەکەیە, دیارە بە ئینگلیزی پێتی G بە (ژ) ناخوێندرێتەوە بەڵکو بە (گ) واتە (گ) ی قەڵەو دەخوێندرێتەوە. گەلێ لە زمانناسەکانی کورد پیتی (ژ) یان لە جیاتی G بەکارھێناوە, ئەوەش وادیارە دەکرێ لەبەرئەوەبێت زمانی کوردی پیتی (ژ) ھەیە و لە پیتی (ج) بەگونجاوتر داندراوە, یان دەکرێ لەبەر کاریگەری زمانی فەرەنسی بەسەر ئەو زماناسانە بووبێ, یان دەکرێ بۆئەوە بووبێت لاسای زمانی عارەبی نەکرێتەوە. دیارە زمانی عارەبی پیتی (ج) لەبەرامبەر G ی ئینگلیزی یا لاتینی بەکاردەھێنن, چونکە زمانی عارەبی پیتی (ژ) یا (گ) ی تێدا نییە. ئەگەر وەکو زمانی عارەبی پیتی (ج)  لەجیاتی G ی ئینگلیزی بەکاربھێندرێت, ئەوە لاساییکردنەوەیەکی بێ لێکدانەوە و بێ ھەڵسەنگاندنە, بەبێ ئەوەی زمانی کوردی ھەمان کێشەی زمانی عارەبی ھەبێت. زمانی کوردی ھەردوو پیتی (ژ) و (گ) تێدایە, بۆیە لەبەرڕۆشنایی ئەو ڕوونکردنەوەیەدا بەکارھێنانی پیتی (ژ) یا (گ) – گ بەشێوەی قەڵەو – لە جیاتی G ی ئینگلیزی یا لاتینی گونجاوە و دەکرێ بەکاربھێندرێن. بەمجۆرە بەکارھێنانی ژینۆساید یا ژینۆساید, گینۆساید یا گەنۆساید دەکرێ گونجاوبن, تا ئەو کاتەی زمانی ستانداردی کوردی دروست دەبێت و وشەکە بەشێوەیەکی دیاریکراو بەتەواوی دیار دەکرێت.

ئەگەر بیر لە وشەیەکی کوردی بۆ وشەی ژینۆساید بکەینەوە, دەکرێ بپرسین چ وشەیەک ھەڵبژێرین؟ چ وشەیەک دەتوانێ مەبەست بپێکێت؟ چ وەرگێڕانێک بۆ ئەو وشەیە بکرێت؟ ئایا وەرگێڕانی وشەیی گونجاوە یا باشترە بیر لە مەبەستی وشەکە بکرێتەوە؟ ئایا باشتر نییە وشەکە وەکو خۆی بەشێوە ئۆرگینالەکەی بەکاربێھنین؟ ھتد.

سەبارەت بە وشە داتاشین, وەرگێڕان یا دۆزینەوەی وشەی کوردی بۆ وشەیەکی بێگانەی لاتینی یا ئەنتەرناسیونال یا ھەر زمانێکی دیکەی ئەوڕوپایی باشتروایە: یەکەم: وەرگێڕانەکە یا وشە دۆزراوەکە وەرگێڕانێکی وشەیی نەبێت بە جۆرێک کە نەتوانێ مەبەست بپێکێت, وەرگێران تەنھا دەکرێ گونجاو بێت ئەگەر مەبەست بپێکێت. دووەم: وەرگێڕانێک نەبێت کە لە وشەیەکی وەرگێڕدراوی عارەبیەوە سەرچاوە بگرێت. سێیەم: وشەیەک نەبێت لە زمانی عارەبیەوە ھێنرابێت. چوارەم: وشەکە مەبەستی بنچینەیی وشە ئۆرگینالەکە بپێکێت. شایانی گوتنە لەزۆرباردا بەکارھێنانی وشەکە وەکوخۆی و بەشێوە ئۆرگینالەکەی دەکرێ باشترین ڕێگاچارەبێت. چونکە گەلێ لە وشە ھاتووەکان نوێن و لەگەڵ گۆڕانکاریە نوێکان ھاتوون و لە بنچینەدا نە لە زمانی کوردی یا لە زمانی دیکەدا بوونیان نییە, بۆیە ئەگەر وشەیەکی زۆرگونجاو نەبێت یا ئەگەر وشە داندراوەکە نەتوانێت مەبەست بەتەواوی بپێکێت, باشترە وشەکە وەکوخۆی بەشێوە ئۆرگینال و ئەنتەرناسیونالەکەی بھێندرێتە ناو زمانی کوردی.

ئایا وشەی “کۆمەڵکوژی” وشەیەکی گونجاوە؟ گەلێجار وشەی کۆمەڵکوژی لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکارھاتووە و بەکاردەھێندرێت, من خۆم پێشتر ئەو وشەیەم بۆ ئەو مەبەستە بەکارھێناوە. دیارە تاوانی ژینۆساید وەکو گوترا تاوانی لەناوبردنی گروپێکی نەتەوەیی یا ئایینی یا جودا و تایبەتە, کوشتن و لەناوبردنی گروپە قوربانیەکەش بەکۆمەڵە. بەو واتایە ژینۆساید خۆی لەخۆیدا کۆمەڵکوژییە, ھەروەھا کۆمەڵکوژی دیاردەیەکی یا تایبەتمەندیەکی ژینۆسایدە. کێشەی بەکارھێنانی ئەو وشەیە ئەوەیە, ھەموو کۆمەڵکوژیەک ژینۆساید نییە. کۆمەڵکوژی بۆ کوشتنی بەکۆمەڵی ژمارەیەک کەس بەبێ گوێدانە چەندایەتی کوژراوان گونجاوە بەکاربھێندرێت. دەکرێ ژمارەی ئەو کەسانە ٥ یا ١٠ یا ١٠٠ یا زیاتر بن. کوشتنی ئەو کەسانە بەیەکەوە بێگومان کۆمەڵکوژییە. بەڵام ئەو کۆمەڵکوژییە ژینۆساید نییە. دەکرێ کوشتارەکە لە ئەنجامی کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانێکدا ڕووبدات, ڕاستە ئەوە کۆمەڵکوژییە بەڵام دیسان ژینۆساید نییە. چونکە کوشتنی بەکۆمەڵی ژمارەیەکی کەمی مرۆڤ ناچێتە خانەی ژینۆساید, تەنھا ئەگەر ئەو گروپە ئەتنیە ژمارەیان زۆر ناسروشتیانە کەم بێت, ئەوەش سەختە نمونەی ھەبێت.

دەکرێ کوشتارەکە چەند ھەزار کەسێک بگرێتەوە, دەکرێ ئەو مرۆڤانە سەربەگروپێکی جودا بن و بەھۆی ڕوداوێکی ڕامیاری بەیەکەوە کوژرابن, بەڵام لەلایەک ڕادەی چەندایەتی و تایبەتمەندی ئەوانە بۆ تەواوی گروپەکە گرنگە, لەلایەکی دیکە دەبێ مەبەستی لەناوبردنی گروپی دیاریکراو بسەڵمێندرێت. ئەوە جگەلەوەی پێناسەکەی UN گروپی ڕامیاری لەخۆی ناگرێت و بەمجۆرە کوشتاری بەکۆمەڵی گروپێکی ڕامیاری بەپێی ئەو پێناسەیە ژینۆساید نییە (دیارە زۆر لەشارەزایان ڕەخنەیان لەوە ھەیە و ئەوە بە ڕاست نازانن).

کۆمەڵکوژی دەکرێ دەیان ھەزار کەس بگرێتەوە و بە تاوانی ژینۆساید دانەندرێت, بۆنمونە کوشتاری بەکۆمەڵی دەیان ھەزار لە زیندانییە کۆمۆنیستەکانی سەربە نەتەوە جیاوازەکان لەلایەن نازیەکانی ئەڵمان لەکاتی جەنگی جیھانی دووەمدا بە ژینۆساید دانەندراوە.

زۆرجار کوشتاری بەکۆمەڵی بەسەدان کەس یا چەند ھەزارکەس وەکو پاکتاوی ڕەگەزی, تاوان دژی مرۆڤایەتی یا تاوانی جەنگ دەناسرێت. چونکە بەبێ بوونی مەرجەکانی تاوانی ژینۆساید کوشتاری بەکۆمەڵ بە ژینۆساید داناندرێت.

ئایا وشەی “ڕەشەکوژی” وشەیەکی گونجاوە؟ ھەندێجار وشەی ڕەشەکوژی لەجیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەھێندرێت. وشەی ڕەشەکوژی زیاتر واتای کوشتارێکی کوێرانە, بێ جوداکاری یا بێ پلان دەگرێتەخۆی. ڕەشەکوژی دەکرێ کوشتارێک بێت بۆ تاوانی کوشتاری کوێرانەی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانێک لەلایەن چەند چەکدارێکەوە, بەکار بھێندرێت, کوشتارەکەش ڕەنگە لەسەروەوە فەرمانی بۆ نەدرابێت یا ڕەنگە لەلایەن سەرووەوە فەرمانەکە ھاتبێت. ئەوە بێگومان لەھەردوو باردا ڕەشەکوژییە و کۆمەڵکوژییە.

ڕەشەکوژی دەکرێ کوشتاری کوێرانەی بێجیاوازی کۆمەڵێک کەس بێت کە ژمارەکەیان لە ٥, ١٠ یا ٢٠ کەس تێنەپەڕێت, بەڵام دیارە ئەوە ژینۆساید نییە. ڕەشەکوژی دەکرێ واتای کوشتاری کوێرانە و بێ پلانی گروپێکی دەسەڵاتدار بەرامبەر بە گروپێکی بێ دەسەڵات بێت, ئەوە نابێتە ژینۆساید ئەگەر ژمارەی کوژراوان وەکو پێویست زۆر نەبن, یان مەبەستی لەناوبردن نەسەڵمێندرێت. جگەلەوەی مەبەستی لەناوبردن لە زۆربەی ژینۆسایدەکاندا سەرچاوە لە کوشتارێکی پلانبۆکراو و ئۆرگانیزەکراودا دەگرێت, بۆیە کوشتارەکە ڕەشەکوژی نییە بەڵکو کوشتارێکی پلانبۆکراوە و سیستەماتیکیە. ڕەشەکوژی وەکو کۆمەڵکوژی دەکرێ کتوپڕ و لەناکاو ڕووبدات, بەبێ بوونی مەبەستی لەناوبردن یا بەبێ ئەوەی پرۆگرامکراو بێت. شایانی گوتنە بەپێی زۆربەی ژینۆسایدەکان, کوشتارەکان لەناکاو نەبووین و کتوپڕ نەھاتوونەتە ئاراوە.

دەکرێ ڕەشەکوژی دیاردەیەکی یا تایبەتمەندیەکی تاوانی ژینۆساید بێت, بەو واتایە دەکرێ ژینۆسایدەکە لە ھەندێ بەشدا کوشتاری کوێرانە بگرێتەخۆی, وەکو بۆنمونە لە کوشتاری “توتسیەکان”ی ڕاوەندا لە ھەندێ ناوچەدا “ھوتوەکان” ھەرکەسە و لەلایەن خۆیەوە دەستی بە کوشتنی ڕاستوچەپی دراوسێ توتسیەکانی خۆی بە تفەنگ, بە دەمانچە, بە بیور و تەورداس کرد, بەڵام ئەو کوشتارەش لەخۆیەوە دروست نەبوو, بەڵکو پرۆگرامێکی ژینۆسایدانەی لەپشتدابوو. کوشتنی بێ جوداکاری بەواتای کوشتنی گەورە و بچوک, ژن و پیاو بێگومان کوشتارێکە دەکرێ ناوی ڕەشەکوژی لێ بندرێت, وە ئەوە یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی تاوانی ژینۆساید, بەڵام وەکو گوترا ئەو کوشتارە بێ جوداکاریە مەرج نییە بچێتە خانەی تاوانی ژینۆساید, بۆیە ھەموو ڕەشەکوژییەک ژینۆساید نییە.

بەکورتی ھەموو کۆمەڵکوژیەک یا ڕەشەکوژیەک تاوانی ژینۆساید نییە, بۆیە بەکارھێنانی ئەو وشانە واتای ژینۆساید یا واتای تەواوی تاوانی ژینۆساید نادەنە دەست, مەبەستی چەمکی ژینۆساید ناپێکن, پەیامی چەمکەکە ناگەیەنن, ھەروەھا جۆرە چەمکێکن پانوپۆڕن و دەکرێ چەندین واتا بگرنە خۆیان یا بۆ کوشتاری جیاواز بەکاربھێندرێن.

دیارە تاوانی ژینۆساید پاکتاوی گروپێکە, بەمجۆرە پاکتاوی ڕەگەزییە ئەگەر گروپەکە گروپێکی ڕەگەز یا نەتەوە جودا بێت. بەڵام مەرج نییە پاکتاوی ڕەگەزی, ئایینی یا ڕامیاری ژینۆساید بێت. بەو واتایە ھەموو پاکتاوێکی ڕەگەزی یا ئایینی ژینۆساید نییە. دیارە پاکتاوکردن دەکرێ بە ھۆی ڕاگواستن یا توانەوە یا ناسنامەگۆڕین لە بۆتەی کۆمەڵگەی باڵادەستدا ئەنجام بدرێت. تاوانی ڕەنۆساید واتە لەناوبردن و تۆوبڕینەوە نەک ڕاگواستن یا تێکەڵبوون و توانەوە. شایانی گوتنە ژینۆساید دڕندانەترین جۆری پاکتاوکردنە. پێویستە بگوترێت گەل ھەبووە بە ڕێگای تواندنەوە و تێکەڵکردن لەبۆتەی نەتەوەی زۆرینەدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لەسەرەخۆ (بەپرۆگرام یا بێ پرۆگرام) لەناوبردراوە یان لەناوچووە, ئەو گەلە لەو بارەدا تووشی پاکتاو یان توانەوە ھاتووە, کە بە تواندنەوە یان ئەسیمیلاسیۆن assimilation ناسراوە, نمونەی ئەو گەلانەی ئەوھایان بەسەرھات بریتۆنەکانی فەرەنسا یەکێکن لەو گەلانە. بێگومان پاکتاوی ڕەگەزی گەلێجار واتای کوشتاری بەکۆمەڵی گروپێکی دیاریکراوی نەتەوەیەک بووە, بەڵام بەبێ بوونی بەڵگەی مەبەستی لەناوبردن, ھەروەھا بەبێ بوونی ڕێژەیەکی بەرزی ژماری کوژراوان کە کاریگەری بەجۆرێ لە جۆرەکان لەسەر بوونی ئەو گەلە ھەبێت, ئەو تاوانە بە تاوانی ژینۆساید ناناسرێت.

ئەگەر وەرگێڕانێکی وشەیی بۆ ژینۆساید genocide بکرێت, ئەوا وشە وەرگێڕدراوەکە دەبێتە ڕەگەزکوژی/ جۆرکوژی یا کوشتنی ڕەگەز / کوشتنی جۆر. ئەوە ئەگەر بەگوێرەی وشە لێکدراوە گریکی genos و لاتینیەکە   cide و ھەروەھا واتای کتومتی ئەو دوو وشە سادەیە وەگێڕانەکە بکەین. دەکرێ بەکارھێنانی وشەی ڕەگەزکوژی لە جیاتی ژینۆساید زۆر ناگونجاو نەبێت, چونکە لە ڕاستیدا تاوانی ژینۆساید واتە لەناوبردنی گروپێک کە زۆرجار وابووە ئەو گروپە گروپێکی ڕەگەز جودا بووە و لەناوبردنیان ڕەواکراوە. بەڵام وەکو لە پێناسەکەی UN, پێناسەی لێمکین و شارەزایانی دیکە مەبەست لە ژینۆساید ھەر بەتەنھا لەناوبردنی ڕەگەز نییە, دەکرێ ئەو گروپەی بەر ژینۆساید دەکەوێت گروپێکی ئایینی بن کە سەر بەھەمان ڕەگەزی گروپی تاوانبار بن. گروپی لەنێوبردراو دەکرێ سەر بە نەتەوەیەکی تایبەت و جیاواز بن یا گروپێکی ئەتنی جیاواز بن. پێویستە بگوترێت, چەمکی “ئەتنی” و “نەتەوەیی” (ناسیونال) دەکرێ یەک واتا بدەنەدەست و ھەردوو وشە دەکرێ بۆ گروپی ناسیونال بەکار بھێندرێن. لەڕاستیدا ھەموو ناسیۆنێک خاوەنی ناسنامەی ئەتنی (ناسیونالی) تایبەت بەخۆیانن.

ئایا وشەی “گەلکوژیی” وشەیەکی گونجاوە؟ لەبەرچی وشەی گەلکوژیی دەکرێ وشەیەکی گونجاوی کوردی بێت و گونجاوە لەبەرامبەر وشەی ژینۆساید بەکاربھێندرێت؟ شێوەیەکی ئەو وشەیە یا چەمکە لەلایەن گەلانی دیکە بەکاردەھێندرێت؟ ڕەخنە لەو چەمکە چییە, ئەگەر ھەبێت؟

وشەی یا چەمکی “گەل” واتایەکی فراوانتر لە ناسیۆن/نەتەوە دەداتە دەست, بۆنمونە گەلی کوردستان ھەموو ئەو خەڵکەی لە کوردستان دەژین دەگرێتەوە. ھەروەھا چەمکی گەل جۆرە مۆرکێکی پۆزەتیڤ بەخۆوە دەگرێت و گوزارشت لە کۆی خەڵک دەکات. لەلایەکی دیکە دەکرێ “گەل” بەواتای نەتەوە یان ناسیۆن بەکاربھێندرێت, بۆنمونە کە دەگوترێت “گەلی کورد” یا گەلی فەرەنسایی مەبەست ناسیۆنی کورد یا ناسیۆنی فەرەنساییە. ھەروەھا چەمکی “گەل” دەکرێ بەواتای “خەڵک” بەکاربھێندرێت, بەو واتایە گەلی کوردستان بەواتای خەڵکی کوردستان دێت, ئەوەش وەکو people ی ئینگلیزی و  volk ی ئەڵمانیی یا folk ی دانیمارکییە.

دیارە گەل وەکو وشەیەکی سادەی پێشگر یا پاشگر دەکرێ وەکو “کۆ” , “کۆمەڵ” یان “زۆر” لەتەک وشەیەکی سادەی دیکەدا بەکاربھێندرێت, بۆنمونە کە دەگوترێت “پرسیارگەلێک” واتە “کۆمەڵێ پرسیار” یان “زۆر پرسیار”, یان کە دەگوترێت “گەلێجار” واتە “زۆرجار”. بەکورتی وشەی گەل وشەیەکی فرەواتایە و واتاکانی خەڵک و نەتەوە دەگرێتەخۆی و وەکو پێشگر یا پاشگر ھێما بۆ کۆی دیاردەیەک دەکات.

دەکرێ ڕەخنە لە چەمکی گەلکوژیی بگیرێت و بگوترێت, گەلکوژیی واتا کوشتنی ھەموو ئەو خەڵکەی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەژین, ئەوە ئەگەر وشەی گەل تەنھا وەکو واتا بەرفراوانەکەی سەیر بکرێت و بە ناوچەیەکی سنورداری دیاریکراوی وەکو تەواوی وڵات (ستات) ببەسترێتەوە. لەو دیدەوە لەلایەک “گەل” گشتگرانە وەکو گەلی وڵاتێک بەھەموو جۆرە گروپە ئەتنی و ئاینییەکانەوە سەیر بکرێت, لەلایەکی دیکە وەکو نەتەوە یا گروپێکی یا کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراو و تایبەت سەیر نەکرێت. لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر بڵێین گەلکوژیی دژی گەلی کوردستان کراوە واتا ھەوڵی کوشتنی ھەموو ئەوانەی لە کوردستاندا دەژین بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین دراوە. دیارە دەکرێ ژینۆساید ھەبێ و مەبەست کوشتنی ھەموو گروپە ئەتنیەکانی ناوچە بەرکەوتووەکەی نەبێت, بەڵکو تەنھا گروپێکی تایبەت و دیاریکراو بگرێتەوە. لەو بارەدا لەناوبردنی نەتەوەیەک یا گروپێکی ئەتنی تایبەت لەئارادایە. ھەروەھا ڕەنگە نمونەی ئەوھاش نەبێت یا وا ڕێک نەکەوتووە ژینۆساید بە مەبەستی کوشتنی خەڵکی تەواوی وڵاتێک (لەوەتەی ستاتی ناسیونال دروست بووین) بەھەموو ڕەگەز و کەلتورەکانیەوە ئەنجام درابێت. لەو گۆشەنیگایەوە ئەگەر کوشتارەکە دژ بە تەواوی پێکھاتەکانی گەل ئەنجام درا و ھەموو جۆرە گروپەکانی گرتەوە, ئەوە وشەی گەلکوژیی گونجاوە ئەگەرنا ناکرێ بەگونجاو دابندرێت.

بەڵام ئەگەر گەل بە ناوچەیەکی سنورداری دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە, لێرەدا مەبەست لە ناوچەیەکی دیاریکراو ستات نەبێت بەڵکو بەشێکی ستات یا ھەرێمێک بێت, دەکرێ ئەو ناوچە تایبەتە بەھەموو دانیشتوانەکانیەوە بەر گەلکوژیی بکەوێت و تەواوی خەڵکی ئەو ناوچەیە بکەونە بەر شاڵاوی لەناوبردن, بۆنمونە وەکو ئەو پاکتاوەی کەمالیستەکان دژی خەڵکی ناوچەی دەرسیم لەساڵی ١٩٣٧ دا ئەنجامیاندا. شایانی گوتنە زۆرجار لە تاوانکاری پاکتاوی ڕەگەزیدا ناوچەیە کێشەی لەسەرە و مەبەستی تاوانکار پاکتاوی تەواوی ناوچەیەکی دیاریکراوە لە خەڵکە نەخوازراوەکان. لەلایەکی دیکە دەکرێ کۆی خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراو بەھەموو ڕەگەز و نەتەوەکانیەوە لەسەر بیرباوەڕی ئایینی یا ڕامیاری تایبەت بەبێ گوێدانە جودایی ئەتنی خەڵکەکە, بەر شاڵاوی لەناوچوون بکەون. لەو بارەدا ڕەگەز یا ئەتنیاتی گرنگ نییە, بەڵکو بیروباوەڕەکەیە ناوکی کێشەکەیە, بەمجۆرە بەھۆیەوە گەلێک لەناودەبردرێت. ئەو دیاردەیە لەگەڵ پاکتاوی ئایینی یا ڕامیاریدا گونجاوە.

بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین کەوا ئەگەر گەل گشتگرانەش بۆ خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراو بەکار بھێندرێت, ڕێی دەچیتێ لەگەڵ چەمکی گەلکوژیی لەھەندێ باردا گونجاوبێت. ھەروەھا ھەروەکو پێشتر گوترا چەمکی گەل نە تەنھا بۆ کۆی مرۆڤەکانی ستاتێک بەکاردەھێندرێت, بەڵکو وەکو نەتەوە یا خەڵک بەھەمان شێوە بەکاردەھێندرێت.

بەگوێرەی مێژوو, زۆربەی ژینۆسایدەکان دژی گەلێکی جودا ئەنجامدراون, بەو واتایە دژی ناسیۆنێک یا خەڵکی سەربە ڕەگەزێک یا بیروباوەڕێکی جودا ئەنجام دراون. بۆیە دەکرێ وشەی گەل کە واتای نەتەوە, خەڵک یا کۆی کۆمەڵێک مرۆڤ لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەگرێتەخۆی لەو ڕوانگەیەوە واتایەکی داپۆشەرانەی ھەبێت. پاشان چەمکی “گەلکوژیی” واتاکەی کوشتنی گەلە, واتە ئەگەر لەناوبردنەکە لەناوبردنی نەتەوەیەکی تایبەتە, خەڵکێکی تایبەتە یا کۆی کۆمەڵێک مرۆڤی تایبەتە, ئەوا دەکرێ وشەی گەلکوژیی بۆیان گونجاو بێت.

دەکرێ وشەی گەلکوژیی وەکو وشەیەکی وەرگێردراوی ڕاستەوخۆی چەمکی volkermord ی ئەڵمانی یان folkemord ی دانیمارکی یا سکاندەناڤی سەیربکرێت. وشەی volk ی ئەڵمانی و folk ی سکەندەناڤی بەواتای “ناسیۆن” یا “خەڵک” واتە nation  یا people ی ئینگلیزیەوە دێن و دەکرێ بەکاربھێندرێن. دیارە چەمکی “گەل” وەکو ئەڵمانیەکە یان دانیمارکیەکە بۆ ھەمان مەبەست و واتا بەکاردەھێندرێت. چونکە وەکو گوترا وشەی “گەل” لەزمانی کوردیش, دەکرێ وەکو ناسیۆن یا خەڵک لێکبدرێتەوە. دیارە گەلانی ئەڵمان و دانیمارکی ئەو وشانە لەبری ژینۆساید بەکاردەھێنن, ئەوەش چەمکێکی تاڕادەیەکی زۆر گونجاوە. وشەی “گەلکوژیی” وشەیەکە لەو وشانە سودی وەرگرتووە و دەکرێ چاکترین وشەی گونجاوی کوردی بەرامبەر وشەی ژینۆساید بێت.

شایانی گوتنە کە دەگوترێت “گەلکوژیی” ھیچ گومان لە تاوانی کوشتنی گەل نامێنێتەوە, بەو واتایە ئاماژە بە تاوانکاریەک دەکرێت کە واتای لەناوبردنی گەلێک دەگەیەنێت. ئەو لەناوبردنەش بە دڕندانەترین شێوە ئەنجام دەدرێت. پێویستە بگوترێت, ژینۆساید کۆمەڵکوژییە, ڕەشەکوژییە, ھەرەوھا پاکتاوکردنە, ھەروەھا ئەوانە لەھەمان کاتدا دیاردە و تایبەتمەندین لە ژینۆسایددا ھەن. بەڵام پاکتاوکردن, کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژی لەھەموو بارێکدا ژینۆساید نیین. گەلکوژیی وشەیەکە وەکو وشەی کۆمەڵکوژی یا ڕەشەکوژی ناتوانرێ گشتگیرانە بەکاربھێندرێت, بەمشێوەیە بۆ یەک جۆری تاوان بەکاردەھێندرێت کە ئەویش تاوانی ژینۆسایدە, بۆیە دەتوانێ مەبەست و پەیامی چەمکە ئۆرگینالەکە تاڕادەیەکی گونجاو کتومت بداتە دەست.