ئایا قاسماغای کۆنە جاش دەگیرێت

“دادوەر بە پشتبەستن بە سكاڵای كەسوكاری پێشمەرگەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا دەردەكەوێت قاسم ئاغای کۆیە بە یاوەری هێزێکی سوپاس عیراق و ژمارەیەك لە جاشەکانی فەوجەکەی پێشمەرگەیەكیان بەدیلگرتووە، بڕیارەكەی دەركرد”، سەرچاوەكە جەختیكردەوە “دادگا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی بونی بەڵگەی تەواو لە دژی، هەروەها داواکاری گشتی-یش داوای تاوانبارکردنی کرد و کۆتایی بە دادگایی کردنەكە هات كە سزای زیندانیی هەتاهەتاییە بۆ قاسم ئاغای كۆیە”.

دادگای سلێمانی لەسەر کەیسی گرتن و گیانبەختکردنی چەند پێشمەرگەیەک لە ساڵی ١٩٨٨ دا سزای تاهەتایی بەسەر قاسماغا کە لای خەڵکی کۆیە وەکو قاسمە کۆر بانگ دەکرا سەپاند. بەڵام ئەم سزایە کۆمەڵی پرسیار لەخۆ دەگرێت. چونکە ئەو بە بزریی سزا دراوە و چاوەڕوانیش ناکرێت بگیرێت چونکە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی پەنایداوە و دەیپارێزێت.
دەبوایە قاسماغا لەسەر هەموو تاوانەکانی دۆسیەی تایبەتی بۆ کرابایەوە، تاوانی کوشتنی 18 پێشمەرگە لە قوڕەبەرازە، تاوانەکانی دیکەی کوشتن و گرتن و رادەستکردنی پێشمەرگە و سەربازی ڕاکردوو، وە دۆسیەی زۆر تایبەتی لەسەر بەشداری ئەو لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا بۆ بکرێتەوە و سزای ڕەوای خۆی وەرگرێت.
دادگای سلێمانی لە بزریی ئەودا بە دادگاییەکە هەڵساوە، خۆ ئەگەر ئەو وەکو مەلاعوزێر سەر بە بەرەی یەکێتی بوایە ئەوەش نەدەکرا، چونکە دادگای سلێمانی بە هەوای یەکێتی دەژی و دادگای هەولێریش بەهەوای پارتی. لە هەولێر سەرۆکجاشەکان هایلایڤ دەژین و لە سلێمانیش هەروا. هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیاگەرا لە پێناو بەرژەوەندییە خێڵەکی و نانیشتیمانیەکانیان هەموو سەرۆکجاش و بەرپرسانی بەعسیان پاراست، ئەوان دژی بەدادگاییگەیاندنیان وەستانەوە. ئەوان ڕێگربوون لە گەیشتن بە دادوەریی لە دۆزی تاوانەکانی گەلکوژی ئەنفالدا، لە دۆزی پێشمەرگە قوربانیەکان و قوربانییە سڤیلە بێتاوانەکان.
چونکە ئەگەر ڕاست دەکەن و پرسەکە وەکو پرسی کوردستان سەیر دەکەن وە ملکەچی یاسا و دادوەرین، زۆربەی سەرۆکجاشەکان بڕیاری گرتنیان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە لە کەیسی ئەنفالدا هەیە، کەوایە بۆ نایانگرن و بیاندەنە دادگا. لە جیاتی سکاڵایەک دەیان و سەدان سکاڵاش هەن.
سەیری هەواڵەکە لە خوارەوە بکە:
قاسم ئاغای کۆیە؛ سەرۆك جاش وموستەشاری سەردەمی بەعس، بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادرا
سەرچاوە:
سایتی کەرکوك ناو ـ KirkukNow
…………………………………………
سەرۆك جاش و مستەشاری سەردەمی بەعس قاسم تاهیر مسته‌فا ناسراو بە (قاسم ئاغای كۆیە)، بە بڕیاری دادگایەكی سلێمانی بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.
دادگاییكردنەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی تشرینی یەكەم، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 بەڕێوەچوو، ئەوەش لە دانیشتنێكی نائامادەییدا و لەسەر سکاڵای كەسوكاری پێشمەرگەیەک.
سەرچاوەیەك كە لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا ئامادەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت “دۆسییەكە بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە، كاتێك قاسم ئاغای كۆیە و جاشەكانی، پێشمەرگەكە بە برینداری بەدیلدەگرن، دواتر پێشمەرگە گیانلەدەستدەدات”.
“دادوەر بە پشتبەستن بە سكاڵای كەسوكاری پێشمەرگەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا دەردەكەوێت قاسم ئاغای کۆیە بە یاوەری هێزێکی سوپاس عیراق و ژمارەیەك لە جاشەکانی فەوجەکەی پێشمەرگەیەكیان بەدیلگرتووە، بڕیارەكەی دەركرد”، سەرچاوەكە جەختیكردەوە “دادگا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی بونی بەڵگەی تەواو لە دژی، هەروەها داواکاری گشتی-یش داوای تاوانبارکردنی کرد و کۆتایی بە دادگایی کردنەكە هات كە سزای زیندانیی هەتاهەتاییە بۆ قاسم ئاغای كۆیە”.
هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا كە تیمی (كەركوك ناو) بینیویەتی و دادوەر وەك بەڵگە بۆ بڕیارەكەی پشتی پێبەستووە، پێشمەرگەیەكی تر كە رون نییە كوژراوە یان بریندارە لەسەر زەوی كەوتووە.
قاسم ئاغا و ئەفسەرێكی سوپای عیراق بە پلەی مقەدەم هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا وتە لە پێشمەرگە بریندارەكە وەردەگرن و داوای ناونیشانی ماڵ و گەڕەك و ئەو لایەنەش دەكەن كە پێشمەرگەكە پەیوەندی پێوەكردون.
قاسم تاهیر مسته‌فا ئاغا ناسراو بە قاسم ئاغای کۆیە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو فەوجێكی لەلایەن رژێمی پێشوی بەعس، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بۆ كرابۆوە و تۆمەتبارە بە هاوكاریكردنی ئەو رژێمە لە پرۆسەی ئەنفال و راگواستنی خەڵكی گوندەكان، كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 180 هەزار كەس لە پرۆسەی ئەنفالدا لەناوچون.
هەرچەندە لە سەروبەندی راپەڕینی گەلی كورد دژی ئەو رژێمە لە ساڵی 1991دا بەرەی كوردستانی – هێزە كوردییەكان پێكیانهێنابوو- لێبوردنی گشتییان دەرکرد بۆ سەرۆک جاش و موستەشارەكان، بەو مەرجەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام قاسم ئاغا داواكەی رەتكردەوە و تا روخانی رژێمی بەعس لە بەغدا بوو.
لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس، دادگای باڵای تاوانه‌کانی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد و لە دادگاكانی كوردستانیش دەیان سكاڵای لەدژ تۆماركرا، بەڵام ناوبراو عیراقی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێهێشت و شوێنی نیشتەجێبونی ئێستای رون نییە.