پەکەکە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری

سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٩ وە و ڕەنگبێ زووتریش داوای وازهێنان لە خەباتی چەکداری و برایەتی کورد و تورکی کردووە. هەرچۆنی بێت بڕیاری پەکەکە لە چەکدانان و گۆڕینی شێوەی خەبات بڕیارێکی دروستە و لە شوێنی خۆیدایە. شەڕی پارتیزانی دژ بە هێزی داگیرکەری تورکیا ناتوانێ گوند و شارەکانی کوردستان ڕزگار بکات یا چۆک بە دوژمن دابدات و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، جگە لە زیانەکانی کە بە کوردستان و خەڵکەکەی دەگەیەنێت. دۆزی کورد لە باکوردا چۆتە ئاستێکی باش، هوشیاریی خەڵک سەبارەت بە پرسە دیموکراسیەکانی و مافەکانی مرۆڤ و کێشەی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو چۆتە پێش….

لە ڕاستیدا خەباتی چەکداریی دەمێکە کاتی بەسەرچووە و ناتوانێ دژ بە وڵاتانی داگیرکەری بەهێز سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بە پێچەوانەوە بەهۆی خەباتی چەکدارییەوە ژیانی بەهەزاران کەس دەکرێتە قوربانی، گوندەکانی کوردستان وێران دەکرێن، زیان بە گوزەرانی خەڵک و پێشکەوتنی کوردستان دەگەیەنێت، جگەلەوەی ئەگەری دەرئەنجامی کارەساتئامێزی لێ ڕەچاو دەکرێت وەکو لە ڕابردوو لە باشووردا تاوانی گەلکوژیی لێ کەوتەوە. وڵاتانی داگیرکەر بەهێزن، خاوەنی هێزی سەربازیی گەورە و تەکنەلۆژیای پێشکەتوون. ئەگەر سەیری هێزی تورکیای داگیرکەر بکەین ئەوا زلهێزێکی هەرێمەکەیە و لە لایەنی سەربازیی و هەواڵگریی و تەکنەلۆژیاوە بەهێزە، کارگەی پێشکەتووی دروستکردنی درۆنی هەیە، کە دژی خەباتی پارتیزانی کاریگەرانە بەکاری دەهێنێت. کاتێ وڵاتی ڕەگەزپەرست و فاشی خاوەنی توانا و هێزی سەربازیی گەورەیان هەیە، سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە و بوونی گروپی بەرهەڵستکار چەکدار وەکو بیانوو بۆ پاکتاو و کۆمەڵکوژیی و گەلکوژیی بەکاردەهێنن. نەتەوەی داگیرکەر ڕابوونی چەکداریی نەتەوەی ژێردەست بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان بەکار دەهێنن، سەرکوتی زیاتری خەڵکی کوردستان دەکەن و هەنگاوەکانی تواندنەوە لەناوبردن پەرە پێدەدەن. بۆیە خەباتی چەکداریی نەک گەلی کورد لە لەناوچوون ناپارێزێت بەڵکو بووژانەوە و پێشکەوتن دەوەستێنێت، وڵات وێران دەکات و بەرەو لێواری مەرگ پەلکێشی دەکات. پێویستە بیر لە جۆری دیکەی خەباتی سەردەمیانە بکرێتەوە، خەباتێک نیشتیمان و خەڵکەکەی خۆش بوێت، ئاوەدانی کوردستان، پەروەردە و گەشەکردن و پێشخستنی خەڵک بکاتە ئامانج. پێویستە بیر لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی خەڵک بکرێتەوە. بێگومان بەپێچەوانەی ئەوەی لە باشووردا ڕوو دەدات.

سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٩ وە و ڕەنگبێ زووتریش داوای وازهێنان لە خەباتی چەکداری و برایەتی کورد و تورکی کردووە. هەرچۆنی بێت بڕیاری پەکەکە لە چەکدانان و گۆڕینی شێوەی خەبات بڕیارێکی دروستە و لە شوێنی خۆیدایە. شەڕی پارتیزانی دژ بە هێزی داگیرکەری تورکیا ناتوانێ گوند و شارەکانی کوردستان ڕزگار بکات یا چۆک بە دوژمن دابدات و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، جگە لە زیانەکانی کە بە کوردستان و خەڵکەکەی دەگەیەنێت. دۆزی کورد لە باکوردا چۆتە ئاستێکی باش، هوشیاریی خەڵک سەبارەت بە پرسە دیموکراسیەکانی و مافەکانی مرۆڤ و کێشەی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو چۆتە پێش. چل ساڵ بەر لە ئێستا لە باکوردا تاک و تەرا نوێنەری کوردەکان دەیانتوانی بچنە پەرلەمان، هەموو شتێک و مافێک لە کوردەکان قەدەغە بوو، ئەمڕۆ لە باکوردا ئاستی هوشیاری خەڵک باشە، پارتێکی ڕامیاریی نوێنەریی کورد لە پەرلەمان دەکات، تاڕادەیەکیش کرانەوەیەک سەبارەت بە مافە کەلتوریەکان ڕوویداوە. کوردەکان چیتر تورکی کێوی نین بەڵکو کوردن و جیاوازن لە تورک. قەوارەی باکوری کوردستان و دانیشتوانەکەی بەگەورەیی خۆی قەبارەیەکە ترسی خستۆتە دڵی تورکە ڕەگەزپەرستەکان چونکە دەزانن ئازادی ئەوان لە دەست دەرچووە و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە ماوەیەکی کەمدا شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنە ژێر هەژمونی پەیەدە و یەپەگە، کە وایان کرد هەرێمەکە لە شەڕی ناوخۆ بپارێزن و پراکتیزەی بیروهزری ئاپۆ لە بۆتەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بکەن، ڕۆڵی گرنگ بە ژنان ببەخشن و ستاتوسی ژن بەرز بکەنەوە، گرنگی بە ژینگە بدەن، پارێزگاریی لە کەمینەکان بکەن و بیانکێشنە ناو سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆیان. تورکیا هەموو هێزی خۆی خستەگەڕ بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاڤا، جارێک تیرۆرستانی داعشی بەگژوەنان، جارێ تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و قاعیدەی بە گژوەنان،  ئەوە جگە لە هێرشی ڕۆژانەی دڕندانەی لە ڕێگەی تۆپبباران، فڕۆکەی جەنگی و دڕۆنەکانیەوە. خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان گەورەترین و دیارترین سەرکەوتنی کوردەکانە کە بۆ پەکەکە و بیروهزری ئاپۆ دەگەڕێتەوە. ڕاستە دەسەڵات لە ژێر چنگی پەیەدە و ڕێخکراوە سەربازییەکانی ئەوان دایە، بەڵام دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و هێزی سوریای دیموکرات لەلایەن کوردەوە خۆی بنیاتنرا، توانیان نموونەیەکی پێشکەوتووانە و ژینگەدۆست، هەروەها ئازادی و توانای ژنان لە جەنگ و خۆبەڕێوەبەریدا بە جیهانی دەرەوە پیشان بدەن. بەهۆی ئەم هاوکارییە گرنگەی ئەم خۆبەڕێوەبەرییە بۆ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە دژی هێزی تیرۆری ئیسلامی داعشدا کردی، وایکرد ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەستی پێوە بگرن و لە لەناوچوون بیپارێزن.

دەگوترێت لەژێر چاودێریی وڵاتێکی زلهێزی وەکو ئەمەریکا ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام دراوە. ئەوە گرنگیی پرۆسەکە بۆ هەرێمەکە و جیهان دەردەخات. وەکو لەلایەن بەرپرسانی هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا پێشوازیی لێکرا. پەکەکە ئامادەیی وازهێنان لە خەباتی چەکداریی پەسند کردووە، لە بەرامبەردا بەپێی ڕاگەیاندنی ئەوان دەبێ تورکیا هەنگاوی دیموکراتیزەکردن بنێت، یاسای تیرۆر هەڵبوەشێنێتەوە، زیندانیە ڕامیارییەکان ئازاد بکات، ستاتوسی هاوڵاتی کورد بە ستاتوسی تورک یەکسان بکات، دان بە زمانی کوردی بنێت، دەستور هەموار بکرێت و هەردوولا بۆ وڵاتێک تێبکۆشن کە هی تورک و کورد بێت، دەبێ کورد وەکو برا سەیری تورک بکات و وە بەپێچەوانەوە. پەکەکە بە کردەوە گوێڕایەڵی سەرۆکی پارتەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بووە و کۆنگرەی گرێداوە، ئامادەیە چەکەکان دابنێن، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەن تورکیا هەنگاوی بەرامبەر بنێت.

وەکو هەندێ لە بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتی پێشوازی لە نامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژەیان بە چارەسەری کێشەی کورد و دانپێنان بە مافی کەلتوری کوردەکان کرد و ئەو ئومێدەیان خواست. ئەگەر بتواندرێ مافی کەلتوری کوردەکان مسۆگەر بکرێت کە بێگومان پێویستی بە هەموارکردنی دەستور هەیە، بەرەوپێشچوونێکی گرنگە بۆ دۆزی کورد لە باکوری کوردستاندا. ئەگەر ئەوە ڕووبدات سەرکەوتنە بۆ پەکەکە و کورد لە باکوردا. هەنگاوێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە کە دەکرێ وەکو شکاندنی بەستەڵەکی سەدساڵەی کەمالیزم سەیری بکرێت.

دیارە بە ئەگەری زۆر چەکدانانی پەکەکە یا دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی پەیوەندی بە مانەوە و ڕزگارکردنی خۆسەری ڕۆژئاڤا هەیە، بەمجۆرە ڕێککەوتنێکە کە لەلایەک هەوڵی مسۆگەرکردنی مافی کەلتوری کورد لە تورکیادا دەدات، لە لایەکی دیکەدا هەوڵی مانەوە و ڕزگارکردنی خۆسەری ڕۆژئاڤا دەدات و مسۆگەری بەردەوامی ئەم خۆسەرییە و ڕێچکەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەیەوێ بکات.

نەمانی شەڕ و پێکدادان، نەمانی هێرشی وڵاتانی داگیرکەر بۆ سەر شاخ و دۆڵی کوردستانە، وادەکات تورکیا بیانووی داگیرکاریی بەدەستەوە نەمێنێت و ناچاری کشانەوە ببێت. دوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا هەموو گوندە جێهێڵدراو و چۆڵکراوەکان لە سنوورەکاندا ئاوەدان دەکرێنەوە، دانیشتوانی گوندەکان خانوبەرەیان چاک دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئاژەڵداری و کوشتوکاڵ دەست پێدەکاتەوە و باغ و باخچەکان دەژیێنەوە. ئەوەش دەبێ گرنگیەکی زۆر لەپێشی بۆ دەسەڵاتی هەرێم هەبێت و هەموو هاوکارییەکی خەڵکەکە لەم بارەیەوە بکات.

بەڵام دەکرێ چەکدانانی پەکەکە لەبەرژەوەندی هەندێ لایەن نەبێت، بۆیە لە دژی ئەم هەنگاوەی پەکەکە بجووڵێنەوە یا هەوڵی سەرنەکەوتنی پڕۆسەکە بدەن. ئەو لایەنانەش تورکیا و ئێران بەتایبەتی دەگرێتەوە، هەروەها سەبارەت بە پارتیش باری ئێستا دەگۆڕێت و ڕەنگبێ بەربەست بۆ بەرژەوەندیەکانی دروستکەن.

ئەگەر بێ گوێدانە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی تورکیا و پارتی سەیری بارەکە بکەین، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە نەمێنن، تورکیا زوو یا درەنگ ناچاری کشانەوە دەبێت، چونکە هیچ بیانووەکی مانەوەی نامێنێت و دەبێ خاکی داگیرکراوی باشوور جێبهێڵێت. بەمجۆرە دەبێ سەدان بنکەی سەربازیی تورکی لە باشووری کوردستاندا چۆڵ بکرێن. بوونی تورکیا لە قووڵایی باشووری کوردستاندا دەکەوێتە ژێر پرسیار و ناچاری ڕۆیشتن دەکرێت. دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ڕۆچوونی لە باشووری کوردستاندا وەکو پێشوو بنەمایەکی گونجاوی نامێنێت و بۆ میتی تورکیا ئاسان نابێت وەکو پێشوو بڕیاردەر بێت. تورکیا ئەم بیانووەی لەدەست دەدات کە لە ڕاست و چەپدا لە باشوور و باکور و ڕۆژئاوادا بەئارەزووی خۆی کورد بکوژێت، گوند و دۆڵ و شاخ بسووتێنێت. بوونی هێزی چەکداریی گەریلاکانی پەکەکە ئەو بیانووەی داوەتە دەست تورکیا کە هەموو ئەو سوود و دەرفەتانەی بۆ بڕەخسێت. جگە لەوە نەمانی پەکەکە وادەکات زیان بە بەرژەوەندی ناسیونالیستی فراوانخوازی تورکیا بگات. تورکیا دەیهەوێ وەکو زلهێزێكی هەرێمەکە بڕیاردەر بێت، ئەوەش دەخوازێت دەست بخاتە نێو کاروباری وڵاتانی لاوازی دراوسێ و بڕیارە چارەنوسسازەکان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. بێگومان خەرجی هێزی سەربازیی و ئەو هێرشانە ملیۆنەها دۆلارە، کە ئەگەر تورکیا خاوەنی دەسەڵاتێکی نیشتیمانی گونجاو بێت، هەوڵی ڕشت دەدات تاکو ئەو خەرجییە زەبەلاحە لەسەرخۆی لابدات و لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ناوخۆ خەرجی بکات. بەڵام ئەگەر ئەردۆگان یا بەرپرسانی دیکە هیچ گوتنێکی ئەرێنی سەبارەت بە پڕۆسەکە ناکەن و تەنها گوتن لە نەهێشتنی تیرۆر دەکەن و فەرمانی چەکدانان دەردەکەن و هەڕەشە دەکەن، ناڕاستەوخۆ نکۆڵییە لە پڕۆسەکە و ئارەزووی سەرکەوتنی ناکەن. لە ئاستی ناوخۆدا ئەردۆگان هەمیشە هەستی ناسیونالیستی تورکەکان بە دۆزی کورد دەجوڵێنێت و پاڵەوانیی خۆی لە بەرگریی لە تورکیا بۆ لایەنگرانی دەردەخات. دیارە ئێستا ئەردۆگان ئەم هەنگاوە بۆ خۆی و مەبەستی خۆهەڵبژاردنەوەی بەکاردەهێنێت و بانگاشەی چارەسەری کێشەی تیرۆر دەکات. جیا لە هەموو ئەوانە دیموکراسی بوون مەرگی دەسەڵاتداریی ئاوتۆریتاریانەیە کە  ئاکەپە و ئەردۆگان پەیڕەوی دەکەن.

هەروەها ئێران دژی تورکیایە، ئەو نوێنەری شیعەیە و تورکیا نوێنەری سوننەیە. تورکیا ڕۆڵی گرنگی لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەبوو و زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییە فراوانخوازەکانی ئێران لە سوریادا گەیاند. تورکیا لە کۆمەڵکوژیی عەلەویەکاندا بەرپرسیاریی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەوەش بۆ ئێران شاراوە نییە. ئێران ئەو لێدان و دوژمنایەتیەی تورکیای لەبیر ناچێت و دەست بۆ هەر کارتێک دەبات کە بتوانێ تۆڵەی خۆی لە تورکیا بکاتەوە. بۆیە ئێران گەرەکیەتی سوود لە بوونی پەکەکە لە دژی تورکیادا وەربگرێت. دەگوترێت پەیوەندی لەنێوان ئێران و پەکەکەدا هەیە. ئەگەر سەیری سیاسەتکردنی پەکەکە بکەین، ئەگەر و بوونی پەیوەندی لە نێوان ئێران و پەکەکەدا ڕێی دەچیتێ. ئێران وەکو تورکیا زلهێزێکی هەرێمەکەیە و ئاراستەیەکی فراوانخوازانەی هەیە. ئێران لە ڕێگەی شیعەکانەوە دەستی خستۆتە ناو کاروباری عێراق و بڕیاردەرە، لە ڕێگەی یەکێتیەوە دەستی خستۆتە ناو باشووری کوردستان و کاریگەریی قورسی بەسەر یەکێتیەوە هەیە. دیارە بنەماڵەی تاڵەبانی/ یەکێتی پەیوەندیی بازرگانیی، سەربازیی و هەواڵگریی لەگەڵ ئێران بەهێزە. ئێران دژی هەژموونی سوننەیە لە هەرێمەکەدا و کار بۆ بنیاتنانەوەی ئەم پێگەیە دەکات کە ڕووخانی سوریا و دەستوەشاندنی ئیسرائیل لە حەماس و حیزبوڵا دایان ڕماند.

کشانەوە و نەمانی هێزی سەربازیی تورکیا لە باشووری داگیرکراودا بێگومان بۆ بووژانەوەی ناوچە سنووریەکان زۆر گرنگە، بەڵام ئایا تورکیا هەموو هێزەکانی دەکێشێتەوە؟ ئایا چاڵاکیە هەواڵگرییەکانی دەوەستێنێ؟ بە ئەگەری زۆر نەخێر، چونکە پەیوەندیی بەهێز لە نێوان تورکیا و پارتیدا هەیە، تورکیا لە بەرەی زەردا خزیوەتە نێو قووڵایی کۆمەڵگەی باشوور و بڕیاردەرە. تورکیا لەڕووی بازرگانی و کۆنتراکتی نەوتەوە سوودی زۆر لە باشوور وەردەگرێت، بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی پارتیش سوود لە تورکیا وەردەگرن. بنەماڵەی بارزانی بۆ مسۆگەریی مانەوەی خۆیان و پارێزگاریی لە بەرژەوەندیەکانیان جگە لە خۆسەپاندن و قۆرغکردنی سەرچاوە گرنگەکانی ژیان و کۆمەڵگە، پشت بە هێزەکانی تورکیا دەبەستن. تاچەند پارتی بۆی دەچێتەسەر پەیوەندییە هەواڵگریی و سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا درێژە پێ بدات، پەیوەندی بە چۆنیەتی دەسەڵاتداریی لە هەرێمی کوردستان و ئاستی بەهێزیی دەسەڵاتی بەغداوە هەیە. تاکو دەسەڵاتداریی بەم شێوەیەی ئێستا بێت بنەماڵەی بارزانی ئەوە دەکەن کە لە بەرژەوەندیان دایە و ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ تورکیا درێژە پێدەدەن، بێگومان لەسەر حسابی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکانی کوردستان.

بەڵام گەیشتن بە برایەتی کورد و تورک و چارەسەری کێشەکە بە هێنانەکایەی سیستەمێکی دیموکراسی پێشکەوتووخوازانە کە کورد وەکو هاوڵاتی پلە یەک لە تەک تورکدا پەسند دەکات و هەردوولا دەست لە ملی یەکتر دەکەن، دەکرێ وەکو گەشبینی و خۆشباوەڕیەکی ناڕیالیستانە سەیری بکرێت، ئەگەر سەیری مێژووی خوێناوی ڕابردوو و رق و ڕاسیزمی سەد و پەنجا ساڵەی تورک بەرامبەر بە کورد بکەین. تورکیا تا ئێستا لە پیادەی ڕیال پۆلیتیک بەردەوامە و هەنگاوەکانی ئاراستەیەکی وەکو پێشوو ڕەگەزپەرستانەی هەیە.  هەموو هەوڵ و کاری تورکیا بۆ نەهێشتنی پەکەکە و ڕێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکەن.

هەموو ئەو گوتن و دروشمانەی سەبارەت بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەگوترێن، جوان و سەرنجڕاکێشن، بەڵام ئایا تورکیا دەبێتە ئەو بەهەشتەی ئاپۆ دەیخوازێت؟ بە ئەگەری زۆر نەخێر. بەڵام وەکو گوتمان ئەگەر مافی کەلتوریی کوردەکان دانی پێدانرێت بۆ ئێستا سەرکەوتنە، بەڵام ئەوە مسۆگەری پیادەکردنی ئەو بیر و ئایدۆلۆژیایە ناکات کە ئاپۆ دەیخوازێت. ئەم مۆدێلەی چارەسەر، تەنها مۆدێلێکە لە نێو مۆدێلەکانی چارەسەری کێشە ئەتنی و نەتەوەییەکانی نێو دەوڵەت. وەکو ئایدۆلۆژیا تەنها ئایدۆلۆژیایەکە لە نێو ئایدۆلۆژیاکاندا. لە لایەکی دی ئەو مۆدێلەی برایەتی و هاوڵاتیبوون کە زیاتر نزیکە لە چارەسەری ئینسترومینتالیستەکان، ئەو مۆدێلە بنچینە لەسەر مافی هاوڵاتی و ئازادی تاکەکان دەگرێت. دژی دابەشکردنی وڵاتە لەسەر بنچینەی نەتەوە و گروپی ئەتنی، وە دژی مافە ئەتنی و نەتەوەییەکانی کەمینەکانن لەسەر بنچینەی دابەشکردنی خاک و هەرێم. بۆیە ڕەخنەیەکی دیکە کە دەکرێ لەم مۆدێلە بگیرێت ئەوەیە مافی نەتەوەیی کوردەکان ڕەت دەکاتەوە و لە بۆتەی مافی هاوڵاتی بوون و برایەتی لە وڵاتێکی “دیموکراسیدا” ملکەچی دەکات. لەم بارەدا چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی هەر هەوڵێکی ئازادیی نەتەوەیی وەکو هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکرێت، ڕێگەی لێ دەگیرێت و سەرکوت دەکرێت. دەکرێ لایەنگرانی بیری ئاپۆ بڵێن ئاخر دەوڵەتێکی ئەوهای ڕەگەزپەرست نامێنێت تاکو سەرکوتی هیچ نەتەوەیەک لە نێو تورکیادا بکات، تورک وەکو ئەوانی دی تەنها هاوڵاتییە و وەکو نەتەوە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر کوردا نابێت. کێشەی ئەو وەڵامە ئەوەیە ئایا تورکیا ئامادەیە ئەوە بکات؟ ئایا کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و کراوە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و ئازادی تاکەکان بە یەکسانی مسۆگەر بکات لە تورکیای ڕەگەزپەرست و تێنوو بە خوێنی کوردان ڕێگەی دەچتێ؟ ئەگەر سەیری هۆش و جووڵە و هەڵسوکەوتی سەرانی تورکیا بکەین، ئەوا گومان لەوەدایە ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکالانەیە ڕوو بدات.

 

شاخەوان قادر شۆڕش

٢١/٥/٢٠٢٥