دورگەی کیپرۆس Κύπρος (قوبرس) و هەندێ زانیاری

 

باوکم کە لە ساڵەکانی ١٩٤٣ – ١٩٤٦ دا لە کیپرۆس بووە لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت ” بەکاتی ٩ی سەرلەبەیانی گەیشتینە بەندەری شاری فامەگۆستە کە شارێکی دورگەی قوبرسە. شارێکی خنجیلانە و جوان بوو. هەستمان لە خەڵکەکەی ڕاگرت بە یۆنانی و تورکی قسەیان دەکرد. ئێمە لەناو خۆماندا گوتمان زۆرباشە لێرە تورک هەن کە سەر بە ئایینی خۆمانن و زۆریشمان تورکی دەزانین کەواتە پەکمان ناکەوێ لە شتکڕین و پێویستیتر. بەڵام ڕاستیەکەی بەپێچەوانەوە بوو چونکە یۆنانیەکان لە هەموو ڕووێکەوە لە تورکەکان باشتربوون بۆ ئێمە”…

گریکەکان (یۆنانەکان) خۆیان بە قوبرس دەڵێن کیپرۆس، بۆیە منیش ئەو ناوەم پێ پەسندە و بەکاریدەهێنم. بەگشتی پێموایە خەڵکی وڵاتەکە چۆن ناوی وڵاتی خۆیان دەهێنن پێویستە ئەو ناوەش بۆ وڵاتەکەیان بەکاربهێندرێت.

باوکم (قادر شۆڕش) لە ساڵانی ١٩٤٣- ١٩٤٦ وەک سەربازی ئینگلیز لە دورگەی کیپرۆس بووە، ئەو سێ ساڵە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لسەر ژیان و داهاتووی ئەودا نواندووە. باوکم زۆر بەرز دەیڕوانیە خەڵکی کیپرۆس، بە دەستپاکی و ساکاری ئەوان سەرسام بوو. خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان دژی دەسەڵاتی داگیرکەری ئینگلیز جێگەی گرنگی پێدان و سەرنجی ئەو بووە. گریکە کیپرۆسەکان هەستی ڕزگاریخوازیان بەو بەخشیووە و لەوانەوە  فێری خەبات دژی داگیرکەران بوو. بۆیە هەمیشە ئارەزووی ئەوەم کردووە کە سەردانی ئەو دورگەیە بکەم و بیبینم. خۆشبەختانە لە کۆتایی مانگی مایدا ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێکەوت. دیارە جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو سەردەمەدا هەیە و گۆڕنکارای زۆر ڕوویانداوە.

ڕووبەری کیپرۆس ٩٢٥١ کیلۆمەتری دووجایە. ژمارەی دانیشتوانی کیپرۆس ٩٤٧٠٠٠ کەسە، سەدا ٧٥ گریکن، سەدا ١٠ ی تورکن (بێ تورکە جێنیشکراوەکان) و سەدا ١٥ی سەر بە نەتەوەی دیکەن. تورکی کۆنی کیپرۆس پاشماوەی عوسمانیەکانن. بەنیازی چارەسەر و یەکگرتنەوە دوای ڕێکەوتنێک لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە نێوان سەرانی هەردوو بەشدا، هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پێکهاتەی دانیشتوانی دورگەکە ٧٨،٥ لەسەدای گریکە، ٢١،٥ لەسەدای تورکە.

کیپرۆس دورگەیەکی خنجیلانەیە و بەگردۆڵکە و چیا دەوڵەمەندە، کەنارەکانی درەوشاوە و ڕوون و سەرنجڕاکێشن. کیپرۆس پڕە لە داری جوانی جۆراو جۆر، ڕەزی زۆر کە ترێی جۆراوجۆر دەگرنە خۆیان، هەروەها پڕە لە  گوڵ و پنچکی سەرنجڕاکێش و جوان. دارەکانی وەکو پالمە، زەیتون و پرتەقاڵ و لیمۆ و هەندێ داری دیکە (ناوەکانیان نازانم) زۆر دەکەونە بەرچاو. پنچک و دار تارکی سپی، پەنبە و سور لە زۆر ڕێگە و کەنار ڕێگەکاندا بە بەرزی جیاوازەوە دەبیندرێن. دەگوترێت ٥٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا شەراب لە کیپرۆسدا بەرهەم هێندراوە. دورگەکە بە شوێنەواری سەردەمی رۆمەکان دەوڵەمەندە و لە چەندین شوێندا دەبیندرێن.

سەرەتای ژیانی مرۆڤ لە دورگەی کیپرۆسدا بۆ ٨٠٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٢٠٠ی پێش زایندا گریکەکان لەوێ جێگیربووین و خۆبەڕیوەبەری شار بنچینەی دادەڕێژرێت. لە ماوەی ٧٠٩ تا ٣٣٣ ی پێش زاین لەلایەن ئاسوری، میسری و فارسەکانەوە داگیرکراوە. دوای ئەوە لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە خراوەتە سەر یۆنان. لە ٥٨ ی پێش زاین تاکو ٣٣٠ زاین هەرێمێکی سەر بە ئیمپراتۆری رۆم بووە. لە ساڵی ٤٥ ی زاین وەکو یەکەم هەرێمی رۆمەکان دینی کریستیانی (مەسیحیەت) لە خۆ دەگرێ. لە ساڵانی ٦٤٧ تا ٩٦٥ لەلایەن لەشکری عەرەبەکانەوە گەلێجار تاڵان دەکرێت. لە ساڵی ١٥٧١ دا لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە داگیردەکرێت و تا ١٨٧٨ لەژێردەستی تورکاندا دەمێنێتەوە. پاشان ئینگلیز داگیری دەکەن. لە ساڵی ١٩٢٣ دا لە ڕێکەوتنامەی لۆزاندا تورکیا دەستبەرداری هەموو داواکاریەکانی لەسەر کیپرۆس دەبێت (ئەو ڕێکەوتنەی بە زیانی کورد و ئەرمەن تەواو بوو و ناپاکیان لێکرا). بەمجۆرە کیپرۆس دەکەوێتە ژێردەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالستی ئینگلیز تاکو ڕزگاربوونی لە ساڵی ١٩٦٠دا.  بەڵام بەداخەوە لە ٢٠ ژولای ١٩٧٤دا لەلایەن تورکیاوە سەرووی دورگەکە داگیردەکرێت و ٣٧ لەسەدای خاکی دورگەکە تا ئەمڕۆش لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری تورکیادایە. ئەو بەشە لەژێرناوی “کۆماری تورکی باکوری قوبرس” سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە، بەڵام جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێک دانی پێنانێت. لە لایەن یوئێنەوە هێلێکی چۆڵ بەپانتایی جیاوازەوە لە نێوان سنوری هەردوو لادا چاودێری دەکرێت.

مۆرکی داگیرکاری تورکە عوسمانیەکان بەسەر دورگەکەوە دیارە، بۆنمونە کەنیسا گەورەکەی نیکۆسیا و فامەگۆستە هەردووکیان کراونەتە مزگەوت. عوسمانیەکان سەریان تێکداون و لە شوێنی تێمپلە کرستیانیەکەدا گومبەت و مینارەیان بە ئەندازیاریەکی هەژارانەوە دروست کردووە و کردوویانەتە مزگەوت. شێواندنێکی پێکەنیناویە کە کەم کارامەیی و بێشەرمی خۆسەپاندنی تورکەکان وێنە دەکات. کورد دەڵێ “سەر قۆزی بن ئاڵۆز” بەڵام ئەوەیان “بن قۆزی سەر ئاڵۆزە” لە راستیدا.  لە ژێرەوە کارامەیی ئارتیتێکتۆری کۆنی ڕۆمەکان بە بیناکەوە دیارە و لە سەردا گومبەت و مینارەیەکی ناشیاوی بەسەردا سەپێندراوە. کەنیساکەی فامەگۆستە لەبنچینەدا ناوی کەتەدرال ساینت نیکۆلاسە دوای داگیرکاریەکە ناوی کراوەتە  مزگەوتی لالە مستەفا پاشا، ئەو سەرلەشکرە تورکەی کە دورگەکەی داگیر کردووە. ئەوەی نیکۆسیا کراوەتە مزگەوتی سەلیمیە کە لە بنچینەدا ناوی کاتەدرال ساینت سۆفیایە.

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە، ڕژێمی تورکیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتەکەی داوە، تورکی لە تورکیاوە گواستۆتەوە کیپرۆس و نیشتەجێی کردوون و رەگەزنامەی ئەوێی داونەتێ. ئەو پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە، بەجۆرێک تورکە کۆنەکانی کیپرۆس ئێستا کەمینەن و کێشە و ناکۆکیان لەگەڵ تورکە جێنیشکراوەکاندا هەیە. دەگوترێت لەوبەشە داگیرکراوەدا ئێستا  ٣٥٠،٠٠٠ تورک هەن.  تورکیا بەمجۆرە پێشێلی ماددەی ٤٩ رێککەوتننامەی ژەنیڤی کردووە و دەکات. جگەلەوە ئێستا لە سایەی سیاسەتی ئەردۆگانەوە هەوڵی ئیسلامیزەکردنی خەڵکەکە دەدرێت، بۆ نمونە لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندگەی قورئان و سەپاندنی پرەنسیپەکانی شەریعە. دەگوترێت تورکە کۆنەکان کێشەیان لەگەڵ ئەو بە ئیسلامکردنەدا هەیە، بەڵام دژ بە سیاسەتی تورکیا بێدەسەڵاتن. ئەو سیاسەتە ئاتۆریتاری و سەپێنەرەی تورکیا وایکرد کە تورکە کیپرۆسەکان لە ٢٢ ژانیوەری ٢٠١٨ دا بڕژێنە سەرشەقام و خۆپیشاندان دژی ئەو سیاسەتە بکەن.

باوکم کە لە ساڵەکانی ١٩٤٣ – ١٩٤٦ دا لە کیپرۆس بووە لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت ” بەکاتی ٩ی سەرلەبەیانی گەیشتینە بەندەری شاری فامەگۆستە کە شارێکی دورگەی قوبرسە. شارێکی خنجیلانە و جوان بوو. هەستمان لە خەڵکەکەی ڕاگرت بە یۆنانی و تورکی قسەیان دەکرد. ئێمە لەناو خۆماندا گوتمان زۆرباشە لێرە تورک هەن کە سەر بە ئایینی خۆمانن و زۆریشمان تورکی دەزانین کەواتە پەکمان ناکەوێ لە شتکڕین و پێویستیتر. بەڵام ڕاستیەکەی بەپێچەوانەوە بوو چونکە یۆنانیەکان لە هەموو ڕووێکەوە لە تورکەکان باشتربوون بۆ ئێمە”… پاشان دەنوسێت، “پەلەکەی ئێمە کە ٣٥ کەس بوو ناردراین بۆ شاری کەرینیە (ئێستا تورکیا داگیریکردووە)، لە نزیک ئەو شارە لەگەل هەندێک سەربازی ئینگلیز بۆ ماوەی شەش مانگ ماینەوە… خەڵکی شارەکە هەموویان یۆنانی بوون تاک تاکەی تورک تێدا بوو”… دوای مانەوەمان بۆ شەش مانگ لە شاری کەرینیە گوستراینەوە بۆ شاری مۆرفۆ. شاری مۆرفۆ دەکەوێتە رۆژئاوای نیکۆسیا (پایتەختی کیپرۆس) دوو کیلۆمەتر لە دەریاوە دوورە و دەکەوێتە کلکەی چیای کەرینیە… خەڵکەکەی هەمووی یۆنانی بوون ٥ تا ١٠ مال تورکی تێدا بوو”… هەروەها دەنوسێت “ئەوکاتە دورگەی قوبرس لە ژێر دەستی ئینگلیز دابوو کە لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازی ئینگلیز بەڕێوە دەچوو، بۆیە یۆنانەکان خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگی ئینگلیز. میللەتی قوبرس کوردیان زۆر خۆش دەویست ڕێک بە پێچەوانەی تورکەکان. یۆنانەکان حەزیان بە دۆستایەتیمان دەکرد، فێریان دەکردین کە گەڕاینەوە کوردستان خەبات بکەین بۆ خۆڕزگارکردنمان لە چنگی ئینگلیز و داگیرکەران”…. “هەمیشە هانیان دەداین کەوا بگەڕێنەوە کوردستان و بەشداری شۆڕشی کورد بکەین، پێیان دەگوتین، “ئێوەش وەک ئێمە ژێردەست و چەوساوەن”. بەڵام تورکەکان بە پێچەوانەی ئەوان بوون، زۆربەیان سیخوڕی ئینگلیز بوون و دژی یۆنانەکان بوون، هیچ نیشتیمانپەروەری و مرۆڤایەتیان پێوە دیار نەبوو، بەڵکو دژی هەموو جۆرە کارێکی مرۆڤانە بوون، هەموو شتێکیان و کارێکیان لە پێناو پارە پەیداکردن بوو”…

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە خەڵکە یۆنانەکە ڕادەکەن و شارەکانی کەرینیا، مۆرفۆ و فامەگۆستا و شارەکانیتر جێدەهێلن، ئێستا هەموو دانیشتوانی ئەو شارانە تورکن. دەگوترێ چەند سەد کەسێکی یۆنانی کیپرۆسی لەوێدا ماون کە قبووڵی چۆلکردنی زێدی خۆیان نەکردووە. لەشاری لیمەسۆل لەو هوتێلەی لێی ماینەوە لەوی لە دوکانێکی هوتێلەکەدا کە ژنێک سەرپەرشتی دەکرد لەگەڵیدا کەوتینە گفتوگۆ، خۆشحاڵبوو کە زانی کوردم، هەرزوو گوتی: “ئێمە دوژمنمان هاوبەشە! بەداخەوە خراپترین دوژمنمان هەیە لە هەموو جیهاندا!” گوتی “من یەکێکم لە هەڵاتووەکانی ناوچەی کەرینیا کە بە منداڵی لەوێوە لەگەڵ دایکوباوکم رامکردووە. ئێمە خانوو و زەوی و زارمان هەبوو و دەوڵەمەند بووین بەڵام هەمووی داگیرکرا. لێرە وەکو پەنابەر بێ ماڵ و سامان ماینەوە. وڵاتمان ناڕەوا داگیرکرا. تورکیا بۆ وا دەکات!؟ ئەو هەموو خاکەی هەیە بۆ چاوی بڕیوەتە ئەو وڵاتە بچوکەی ئێمە! دوای ئەو هەموو ساڵە چارەسەرێک نییە! زۆر ناڕەوایە! بەداخەوە واهەست دەکەم ژیانی من فەوتا! راستە ئێستا ژیانمان باشە و خاوەنی خانووی خۆمم، بەڵام ئێمە وەکو ئێوە لە دڵەوە بریندارین!”.  دواتر گوتی “من لەگەڵ چارەسەری یەکگرتنەوەدام، هیوادارم ئەوە سەربگرێت”.

ئێمە بەسەردان چوینە پایتەختی کیپرۆس کە شاری نیکۆسیایە لەوێدا پەڕینەوە بەشە داگیرکراوەکەی شارەکە کە هەموو دانیشتوانەکەی ئێستا تورکن. جوداییەکی زۆر لە نێوان بەشی خواروو و سەروو بەدی دەکرێت. بەشی خواروو کە لەلایەن کیپرۆسە گریکەکاندایە پێشکەوتنی بەرچاوی پێوەدیارە، هەرچی بەشە ژێردەستەکەیە بەو شیوەیە نییە، خانوو و شەقامەکان بێخزمەت و کۆنن، وە دواکەوتوو دەکەوێتە بەرچاو. ئەو جوداییە بە خەڵکەکەشەوە دیارە لەبەری گریکەکاندا خەڵک ئازاد و گەشاوە و کراوەن، بەڵام لەبەشە ژێردەستەکەدا داخراوی دیارە و بەدی دەکرێت.

داگیرکردنی ئەفرین و بەرگری تورکە چەپەکان لە خەڵکی ئەفرین: کە شاری کوردانی ئەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا رۆژنامەیەکی تورکە چەپەکان بە ناوی “ئەفریکا” دژی داگیرکاریەکە وتارێکی دابەزاند و لەژێر سەردێڕەکەدا نوسی “داگیرکردنێکی دیکەی تورکیا”،  بەراوردی داگیرکاریەکەی بە داگیکردنی کیپرۆس لە ساڵی ١٩٧٤دا کردبوو. ئەردۆگان وتارەکەی بە بێمۆڕال و بێشەرم ناوبرد و هانی لایەنگرانیدا کاردانەوەی پێویست بەرامبەر بە ڕۆژنامەکە ئەنجام بدەن. سەدان کەس لە تورکە رەگەزپەرستەکانی سەربە گورگەبۆرەکان کۆبوونەوە، ئاڵای تورکیا و کیپرۆسی باکوریان بەرزکردەوە و بەدروشمی ئەڵاهوئەکبەر چوونە بەردەم ئۆفیسی رۆژنامەکە، بە بەرد و هێلکە و بتلی شوشە هێرشیان کردەسەر شوێنەکە. ناونیشانی رۆژنامەکەیان لە بچمی خانوەکەدا هێنا خوارەوە و هەندێ هەوڵیاندا بچنە ژوورەوە و بگەنە ستافی رۆژنامەکە. تورکیا هەرەشەی دادگاییکردنی سەرنوسەری رۆژنامەکە شێنەر لەڤێنت و نوسەرەکە عەلی عوسمانی کرد. شێنەر لەڤێنت کە هەوڵی سوتاندن و کوشتنی درا، وە سەگێکی کوژرایان خستە بەردەرکی ماڵەکەی، وەڵامی تووندی ئەردۆگان و تورکیای لە وتارێکدا دایەوە و سیاسەتی تورکیای بە ئیمپریالیستی و عوسمانی نوێ ناوزەدکرد و نوسی: “جێگە سەرسوڕمانە کە پیاوێکی ئەوها گەورە و دەسەڵاتدار لە ڕۆژنامەیەکی ئەوها بچوک دەترسێ”… هەروەها ئەوە دووپات دەکاتەوە کە “خەباتیان لە دژی سیاسەتی ئیسلامی فاشیستانەی ئەردۆگان بەردەوام دەبێت” و لە کۆتاییدا دەنوسێت “ئێمە لە گوتنی راستیەکاندا هەر بەردەوام دەبین”.

گەشتەمان تەنها بۆ هەفتەیەک بوو و کورت بوو، هیوادارم جارێکیتر بتوانم بچمەوە ئەوێ و سەردانی شوێنەکانیتری ئەو دورگە جوان و مێژوو دەوڵەمەندە بکەم.

شاخەوان شۆڕش

3-6-2019

 

سەرچاوەکان:

  1. https://en.wikipedia.org/wiki/CyprusCyprus:
  2. Krogh, Dorte, Turen går til Cypern, Politikens rejsebøger, 2018
  3. قادر شۆڕش، چل ساڵ خەبات و تێکۆشان، ٢٠٠١: http://kadirshorsh.com/Kadir%20Sh..A4.pdf