تاوانی گەلکوژی دەرسیم

رژێمی تورکیا یاسای راگواستن و نیشتەجێکردنەوەی لە ساڵی ١٩٣٤ دەرکرد. لە ساڵی ١٩٣٦ دا ناوی دەرسیم گۆڕدرا بە تونچەلی و حکومەتی تورکیا هەرێمی تونچەلی وەکو هەرێمێکی تورکی و دانیشتوانەکەشی بە تەنها تورک ناساند. قافلەی سەربازی رووی لە ناوچەکە کرد و ژەنەراڵ عەبدول عەلا ئەلبدۆغان کرایە سەرۆکی. بەهەزاران سەرباز دەوری هەرێمی دەرسیمیان گرت. دەرسیمیەکان دژی راگوستن وەستان و بەهیوای چارەسەرێک بوون کە رێگە بدات لە زێدی باپیرانیان بمێننەوە، بۆیە نوێنەریان ناردە لای سەرۆکی ویلایەت، بەڵام سەرۆکی ویلایەت داواکەی رەتکردنەوە و نوێنەرەکانی کوشت.

تاوانی گەلکوژی دەرسیم

ئەو وتارە کورتەی پێشەکی کتێبی کوشتارەکەی دەرسیمە  The Dersim Massacre کە بە زمانی ئیگلیزی لە ساڵی ٢٠١٣ دا چاپکرا لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی هاوڕێی ماندونەناس کاک عەلی مەحمودە.

لە سەدەی بیستەمدا زۆر تاوانی کۆمەڵکوژی، پاکتاوی رەگەزی و گەلکوژی (ژینۆساید) لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە دژ بە کەمینەی نەتەوەیی و ئایینی ئەنجامدران. هەروەکو رووداوەکان دەیسەڵمێنن کیشەی ناوخۆیی ئێتنی و نەتەوەیی درێژخایەن لە نێو وڵاتدا لەباری تایبەتدا دەکرێ ببێتەهۆی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی یا تەنانەت تاوانی گەلکوژی، لەبارێکدا کە نەتەوەی باڵادەست و فەرمانڕەوا لەسایەی ئایدۆلۆژیا و بڕوای ناسیونالیستانە یا ئایینی لەناوبردن و نەهێشتنی کەمینەی نەخوازراو لە کۆمەڵگە و وڵاتدا وەکو چارەسەری کۆتایی دەبینێت.  هەروەکو بیروئایدۆلۆژیای ناسیونالستی تووندڕەو کار بۆ کۆمەلگەیەکی یەکرەنگ و یەک نەتەوە دەکات، بەمجۆرە هەوڵی لەناوبردنی هەموو ئەو گروپ و کەمینانە دەدات کە جیاوازن، ئەوجا جیاوازیەکە دەکرێ نەتەوەیی یا ئایینی بێت. کوردەکانی دەرسیم لەساڵی ١٩٣٧ – ١٩٣٨ دا بوونە قوربانی ئەو جۆرە بیرکردنەوە تووندڕەو و ناسیونالیستیە کە بە کەمالیزم ناسراوە.

ناسیونالیزمی رەگەزپەرستی تورکی لە ساڵانی کۆتایی ئیمپراتۆری عوسمانی گەشەیکرد و دواتر لە ژێر فەرمانڕەوایی ئەفسەرە گەنجەکاندا گەیشتە لوتکە و بووەهۆی لەناوبردنی گەلی ئەرمەن لە ساڵی ١٩١٥ دا. مستەفا کەمال کە ئەوسا ئەفسەرێکی گەنج بوو، کەوتبووە ژێر هەمان کاریگەری ناسیونالیزمی رەگەزپەرستانەی تورکی. تێگەیشتنی مستەفا کەمال کە دواتر بە کەمال ئەتاتورک ناسرا، وە تورکە ناسیونالیستەکانی دەوروبەری لەگەڵ پێناسەکەی نوسەری ناسیونالیست محەمەد زیا[i] کە بە (Ziya Gökalp  زیاگۆکەلپ) ناسراوە و خاوەنی کتێبی “پرەنسیپەکانی تورکیزم” یەکدەگرنەوە. هەروەکو محەمەد زیا کاریگەری دیاری لەسەر تورکە ناسیونالیستەکان هەبوو. محەمەد زیا پێیوایە “نەتەوە گروپێکی رەگەزی، ئەتنی، جوگرافی، رامیاری یا ئارەزوومەند نییە، بەڵکو پێکدێ لە تاکەکان کە زمانی هاوبەش، ئایینی هاوبەش، مۆرال یا بەهای هاوبەشیان هەیە، واتە ئەوانەی کە هەمان خوێندنیان وەرگرتووە”.

مستەفا کەمال کە بەر لە دامەزارندی تورکیای نویدا سەرپەرشتی شۆڕشی ڕزگاری تورکیای دەکرد، کوردەکانی لەڕێگەی بەڵێنی بۆش و ساختەوە بۆخۆی ڕاکێشا و دژی دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بەکاریهێنان. ئەوسا لە سەپتەمبەری ١٩١٩ دا گوتی “تورک و کورد بەیەکەوە دەمێننەوە و بەیەکەوە دەژین و برای یەکن لە دەوری دامەزراوی خەلیفەدا، شورایەکی لەشکاننەهاتوو دژی دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکی بەرزدەکرێتەوە”.  کاتێ مستەفا بەهێز بوو لە ساڵی ١٩٢١ دا گوتی: “تەنها یەک جۆری نەتەوە لە ناو سنورەکانی ئێمەدا هەن، ئەوانە تورکن، چەرکەس و کۆمەڵی ئلیمێنتی موسوڵمانن، بەپشتیوانی خودا کاتێ بوونی خۆمان پاراست، ئەوە لەنێوان براکاندا چارەسەر دەکرێن.”. ئیتر ناوی کورد لە گوتنەکانیدا نەمان. لەژێر سەرکردایەتی مستەفا کەمالدا تورکە رەگەزپەرستەکان دەستیان بە پرۆژەی تواندنەوە و لەناوبردنی ئلیمێنتە موسوڵمانەکان لە بۆتەی کۆمەڵگەی تورکیدا سەرسەختانە دەستپێکرد.

دوای سەرکەوتنی تورکیا دەسەڵاتی ناسیونالیستی تورکیا پلانی پاکتاو و لەناوبردنی بۆ کوردەکان بەگشت و کوردەکانی دەرسیم رێکخراوانە داڕشت. بەهەمان رەوتی پاکتاو و لەناوبردن کە دژ بە ئەرمەنیەکان بەکار هات لەگەڵ کورداندا جوڵانەوە. باڵوێزی ئینگلیز جۆرج کلێرک لە ساڵی ١٩٢٧ دا لە نوسراوێکدا دەڵێ: “راگوستنی ژمارەیەکی زۆری کوردان و خەڵکی دیکە لە ویلایەتەکانی رۆژهەڵات.. حکومەت لە ئێستاوە مەبەستی ئلیمێنتە کوردەکانە.. ئەو سیاسەتەی کە سەرکەوتووانە دژی کەمینەی ئەرمەن بەکارهات، ئەوسا کوردەکان فەرمانبەر و کارمەندی تورک بوون و هاوکاری تورکیان لە راگواستنی ئەرمەنیەکان کرد، ئێستا لە مەترسیدان و هەمان ئازار و چارەنوس وەکو ئەرمەنیەکان چاوەڕوانیانە”.

خەڵکی دەرسیم بەشی گرنگی خەباتی رزگاریخوازی کورد بوون و دژی دەسەڵاتی عوسمانی و پاشان تورکە ناسیونالیستەکان دەجەنگان، جگەلەوە ئەوان رۆڵی گرنگیان لە رزگارکردنی زۆر لە ئەرمەنەکان گێڕا. تورک هەرگیز نەیانتوانی بەتەواوی دەرسیمیەکان بخنەژێر رکێفی خۆیان. خەڵکی دەرسیم موسوڵمانی عەلەوی شیعەن، ئەوەش بۆ ناسیونالیزمی پشووتەنگی تورکی قوت نەدەدرا. بۆیە لای تورک کوردەکانی دەرسیم بەدوو جۆر بۆ کۆمەڵگەی تورکی میکرۆب و نەخۆشی بوون، لەلایەک کوردی سەرکێش و یاخی بوون، لەلایەک موسڵمانی سوننە نەبوون.

یەکێ لە بەرپرسە باڵا دەستە تورکەکان “دەلی فەخری” بانگی “نوری دەرسیمی” کارمەندێکی دەرسیمی ئەو سەردەمە دەکات، هێرش دەکاتە سەر کوردان و بە یاخی و چەتە ناوی کوردەکان دەهێنێ و دەست بۆ سەری دەبات و تاڵە مووێک لە سەری خۆی دەکاتەوە و بە نوری دەرسیمی دەڵێ، ئەوەت بینی؟! ئەوە دەرسیمە دەرسیم! سەرم کۆماری تورکیایە، کاتێ ئەو تاکە مووەم دەرهێنا، هیچ ئازارم پێ گەیی!؟ سەرم هیچی لەدەست دا؟! نەتەوەی تورک پێویستی بە هیچ خزمەتێکی دەرسیمیەکان نییە هتد..”

مارشاڵ فەوزی چەکماک بەرپرسی گشتی سەربازی لە دەرسیم ئاماژە بە ترسناکی دەرسیمیەکان بۆسەر نەتەوەی تورک دەکات و دەلێ:  “ئەو کوردە عەلەوی و چەتانە و کوردە کارمەندەکان گوندەکانی تورک بە کوردی دەکەن و زمانی کوردی لە تورکیا بڵاودەکەنەوە و مەترسی دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی ئەرزنجان هەیە”.

حەمید بەگ بەرپرسێکی دیکەی تورک سەبارەت بە دەرسیمەیکان لە ساڵی ١٩٢٦ دا دەڵێ: “دەرسیم وەکو قونێرێکی کوشندەیە بۆ حکومەتی کۆماری تورکیا، کارکردن لەسەر ئەو قونێرە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئازار پێوستیەکی بێ ئەملاوئەولایە بۆ رزگارکردنی نەتەوە. هەوڵەکانی بەسڤیلکردن وەکو کردنەوەی کارگە و کارپێدان، رێگەوبان دروستکردن و کردنەوەی خوێندگە، هەمووی خەیاڵن”.

ئەوەی لێرەدا ئاماژەمان بۆ کردن تەنها مشتێکی خەروارێکن. تورکە ناسیونالیستە رەگەزپەرستەکان بوونی کورد بەگشتی و خەڵکی دەرسیم بەتایبەتی وەکو نەخۆشی و دەرد بۆ کۆمەلگەی تورکی دەبینن، بۆیە نەهێشتنی ئەو نەخۆشی و دەردە بۆ نەتەوەی تورک بە چارەسەری بنچیەنەیی و گرنگ دەزانن. تورکەرەگەزپەرستەکان خۆیان وەکو قوربانی ناساندووە و کوردەکانیان وەکو ئلیمێنتێکی دڕندە و زیانبەخش، بەجۆرێک واپیشان دەدەن ئەگەر کاردانەوەیان نەبێت ئەوا کوردەکان لەناویان دەبەن. نەهێشتنی کوردەکان بەمجۆرە وەکو پێداویستی لەپیش سەیردەکەن. لە دیدی ئەواندا پاکبوونەوەی نەتەوەی تورک لە نەخۆشی کورد و کۆمەڵگە غەیرەتورکەکان بوونی ژیان و بوونی نەتەوەی تورک مسۆگەر دەکەن. بەمشێوەیە پرۆسەی پاکتاو و لەناوبردن راشیونالیزە دەکەن و وەکو پێداویستی هەرەگرنگ سەیری دەکەن. ئەو جۆرەی لێکدانەوەیە لە زۆر لە تاوانی گەلکوژیەکاندا بەدی دەکرێت، لایەنی دەسەلاتدار و تاوانکار کەمینە یا گروپی نەخوازراو بە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەدا دەبینێ و خۆی وەکو قوربانی و لێقەوماو دەناسێنێ.  

رەتکردنەوەی پەرپێدان و پێشخستنی هەرێمی کوردان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ناسیونالیستە تورکەکان دژی پێشکەوتنی کوردەکان بوون و کوردیان بەهیچ شێوەیەک پێ قبووڵ نەبووە. پێکچواندنی کوردەکان وەکو قونێر و دەرد یا وەکو تاڵە موو یا چەتە و رێگر، هەمووی دەچنە خانەی هەوڵەکانی نامرۆڤاندنی کوردەکان و پێویستبوونی لەناوبردنیان لە دەرفەتی گونجاودا. 

رژێمی تورکیا یاسای راگواستن و نیشتەجێکردنەوەی لە ساڵی ١٩٣٤ دەرکرد. لە ساڵی ١٩٣٦ دا ناوی دەرسیم گۆڕدرا بە تونچەلی و حکومەتی تورکیا هەرێمی تونچەلی وەکو هەرێمێکی تورکی و دانیشتوانەکەشی بە تەنها تورک ناساند. قافلەی سەربازی رووی لە ناوچەکە کرد و ژەنەراڵ عەبدول عەلا ئەلبدۆغان کرایە سەرۆکی. بەهەزاران سەرباز دەوری هەرێمی دەرسیمیان گرت. دەرسیمیەکان دژی راگوستن وەستان و بەهیوای چارەسەرێک بوون کە رێگە بدات لە زێدی باپیرانیان بمێننەوە، بۆیە نوێنەریان ناردە لای سەرۆکی ویلایەت، بەڵام سەرۆکی ویلایەت داواکەی رەتکردنەوە و نوێنەرەکانی کوشت. کوردەکان وەڵامی ئەو کارەی تورکەکانیان دایەوە و بۆسەیەکیان بۆ سەربازە تورکەکان نایەوە و ژمارەیەک سەربازیان کوشت. سوپای تورکیا بە بەرفراوانی و لە هەموولایەکەوە هێرشی بێبەزەییانەی بۆسەر کوردەکان هێنا.

هێرشی لەناوبردنەکە نمونەیەکی دواتری ئەو جۆری تاوانی لەناوبردنەبوو کە بەرامبەر بە ئەرمەنیەکان روویدا. سوپا گوندەکانی سوتاند، دانیشتوانی گوندەکانی گرت و ناردنی بۆ شوێن و چارەنوسی نادیار. لێدان و ئازاردان و دەستدرێژی بەبەرفراوانی هەبوون. ئەو خێزانانەی کە هەڵاتن و روویان لە ئەشکەوتەکان کرد، هێرشیان بە چەکی قورس و گازی ژاراوی کرایەسەر و بە کۆمەڵ کوژران. ئەوانەی لە ئەشکەوتەکان لە برسان و لە تێنان هەڵاتن هێرشیان کرایەسەر و هەمووی کوژران. سەرۆکی دەرسیمیەکان سەید رەزا و هەندێ لە هاوڕێکانی ناچاری خۆدانەدەست کران، کە گیران و دواتر لەنێوبردران. هەڵمەتی گەلکوژکارانەی لەناوبردنی کوردانی دەرسیم لە پایزی ساڵی ١٩٣٨ کۆتایی هات. بەپێی سەرچاوەکان ژمارەی قوربانیانی تاوانی گەلکوژی دەرسیم ٤٠ تا ٥٠ هەزار کەس بووە. زۆرینەی دانیشتوانی دەرسیم لەو تاوانەدا لەناوچوون. 

 

شاخەوان شۆڕش

٢٩/١١/٢٠١٥



[i]محەمەد زیا لە شاری دیاربەکر لەساڵی ١٨٧٦ لەدایک بووە، کۆمەڵناس، شاعیر و نوسەر بوو، لە کاتی شۆڕشی ئەتنۆ ناسیونالیستانەی گەنجە تورکەکان لە ساڵی ١٩٠٨ دا ئەندامی بزوتنەوەی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن بوو، لە شاری سالۆنیک لە یۆنان مامۆستای دواناوەندی بوو و وانەی فەیلەسوفیا و کۆمەڵناسی دەگوتەوە. محەمەد زیا ناسراوترین گوتەبێژی بزوتنەوەی ناسیونالیستی تورک بوو. سەیری ئینسکلۆپێدیای بەریتانی لەو لینکەدا بکە: http://global.britannica.com/biography/Ziya-Gokalp

 

 

 

بۆخوێندنەوەی زیاتر

 

Beshikchi, Ismail, 1992, The Tunceli Act (1935) and Dersim Genocide (1937-38), Yurt Books-Publications.

Cengiz, Seyfi, 2005, DERSIM/ZAZANA – AN INTERNAL COLONY OF THE TURKISH STATE

Dogan, Erdal  & Eren Keskin, 2012, The Dersim Genocide and Ongoing Cultural Genocide. In The Dersim Massacre 2013 by Ali Mahmud and Shakhawan Shorash (ed).

Kieser, Hans-Lukas, 2012, Case Study: Dersim Massacre, 1937-1938, available at Online Encyclopedia of Mass Violence: http://www.massviolence.org/Dersim-Massacre-1937-1938

KILIÇ ABDULLAH & AYÇA ÖRER, 2011, The Upper Echelons of the State in Dersim, available at http://www.timdrayton.com/a55.html
Mango, Andrew, 2004, Atatürk, London.

Mahmud, Ali & Shakhawan Shorash (ed), 2013, The Dersim Massacre, Erbil.

McDowall, David, 2000, A Modern History of the Kurds.

Shorash, Shakhawan, november 2011, Erdogan´s apology between recognition and denial, available at http://kadirshorsh.com/?p=416

Van Bruinessen, Martin, 1994, Genocide in Kurdistna? The supression of the Dersim rebellion in Turkey (1937-1938) and the chemical war against the Iraqi Kurds (1988), in George J. Andreopoulos (ed), Conceptual and historical dimensions of genocide. Unversity of Pennsylvania Press, 1994, pp. 141-170.

White, Paul 2006, Etnic Differention omong the Kurd: Kurmancî, Kizilbash and Zaza

Wikipedia, The Dersim rebellion, http://en.wikipedia.org/wiki/Dersim_rebellion

Encyclopædia Britannica, Ziya-Gokalp: http://global.britannica.com/biography/Ziya-Gokalp